نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی گەیشتە 150 هەزار دینار

پارێزگاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی: چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراقین بڕی پێویستی نەوت بنێرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی سەرما  نرخی‌ نەوتی‌ سپی‌ لەبازاڕەکانی‌ هەرێمی به‌رزبوه‌وه‌ و  پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" چاوەڕوانی  وەزارەتی نەوتی عێراقین بۆ ناردنی  نەوتی سپی".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراقین ئەو بڕەی كە بڕیاریداوە  بینێرێت، بەڵام تائێستا بەدەستمان نەگەیشتووە".

پارێزگاری سلێمانی وتیشی:" تەنیا سەرچاوە بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان ئەوەیە لە حكومەتی عێراقیەوە بێت بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە".

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند رێككەوتن كراوە و ناوەراستی ئەم مانگە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی نەوتی سپی".

ساڵی رابردوو نرخی نەوت بە 110 هەزار دینار بوو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 150 هەزار دینار. هەروەها یەک تۆن گازوایل بۆ 500 دۆلار بەرزبووەتەوە.

هەرچەند حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو لەم مانگەدا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکات، بەڵام خەڵکی ترسیان لە دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتە و هەروەها گرانی نرخەکەیەتی، بۆیە لە زۆر ناوچەدا دیسان پەنا بردراوەتە بەر بڕینی دارە خۆرسکەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار