ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامەكانی شەنگال رەتدەكەنەوە

پارتی سێ كورسی قەزاكەی بردەوەو كورسی كۆتاش بۆ حزبێكی ئێزیدی چووە

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز. نەینەوا

رێژەی بەشداریكردنی خەڵكی شەنگال لەدەنگدانی گشتی لەسەدا 30% تێنەپەڕاندو بەو هۆیەوە یەكینەكانی پاراستنی شەنگال نەیانتوانی كورسیی بەدەستبهێنن و پارتی سێ كورسی قەزاكەی بەدەنگدانی ئاوارەكانی كە لەدهۆكن بردەوەو كورسی كۆتایی ئێزیدیەكانیش بۆ حزبێكی كۆنی ئێزیدییەكان بووە.

قەزای شەنگال سێ كورسی بۆ دیاریكرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ كورسییەكی كۆتا بۆ ئێزیدییەكان، بۆ سێ كورسییەكەی شەنگال پارتی و یەكێتی یەكینەكانی پاراستنی شەنگال و چەند حزبێكی دیكە كاندیدیان هەبوو، بۆ كورسی كۆتاش حەوت حزبی دیكە كاندیدیان هەبووە.

ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی دەستەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « 83 هەزار كەس لەسنوری قەزای شەنگال مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە تەنیا 13 هەزار كەس دەنگیاندا، خەڵك سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردبوو، بەڵام كێشە لەشوێنی ناوەكانیاندا هەبوو لەكاتژمێر 8ی بەیانی تا 11ی بەیانی ئامێرەكانی دەنگدان كەزیاتربوون لە 30 بنكەی سنوری قەزاكە ئیشیان نەكردووە».

ئازاد حسێن وتیشی: «كاندیدەكەمان دوو هەزارو 13 دەنگی هێنا، بەو ئەنجامانە رازی نین، لەسەر هەموو پێشێلكاری و كێشەكان ئوفیسی نەینەوامان ئاگاداركردووە، هەر شتێك لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵكی ناوچەكە بێت  بەتایبەت لەبواری سیاسی قبوڵ ناكەین».

«خەڵك حەزیدەكرد دەنگی خۆیان بدەن، بەڵام كۆمسیۆن بەشێوەیەكی ناڕاستەخۆ حەزیان نەدەكرد خەڵكی شەنگال دەنگ بدەن، جارێك ئامێرەكە لەكار دەكەوت جارێك دەیانووت ناوەكەت لەتۆماری دەنگداندا نەهاتووە یان ئامێرەكە پەنجەی دەنگدەرانیان نەدەخوێندەوە، ئەمانە هۆكاری كەمی رێژەی دەنگدانە كە 70 هەزار كەس دەنگیان نەدا كە ئەمەش زیانێكی گەورە بوو  بۆ هەموو پارت و هێزەكان ناو قەزاكە « ئازاد حسێن وا دەڵێت.

ئازاد حسێن پێشیوابوو دەنگدانی تایبەتی ئاوارەكان كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە «دەیان فێڵ و ساختەی تیادا كراوە» ،  ئەو ئەنجامانەی كەڕاگەیەنراون راست نین ، بەهیچ شێوەیەك پەسەندی ناكەین».

سێ كاندید نزیك بوون لەبەدەستهێنانی كۆرسی كۆتا، كاندیدی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی نزیكەی سێ هەزار دەنگی هێناوە، كاندیدی پارتی دیمۆكراتی ئێزیدی سەر بە حەیدەر شەشۆ  2 هەزار و 600 دەنگی هێناوە، بەڵام هێشتا لەچەند بنكەیەك هەژمار نەكراون، كاندیدی حزبی پادێ نزیك لە یەبەشە 2 هەزارو 13 دەنگ .

بەپێی راگەیاندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە بازنەی شەنگال پارتی هەرسێ كورسی بازنەی شەنگالی بەدەستهێناوەو  كورسی كۆتاش بۆ پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بووە.

سەعید بەتۆش، سەرۆكی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەكاتی دەنگدان چەند كێشەیەكی بچووك دروستبوو لەكاركەوتنی ئامێری خوێندنەوەی كارتی بایۆمەتری لەچەند بنكەیەك، دوای چەند كاتژمێرێك چارەسەركران، كێشەی هەرە گەورە بایكۆتی خەڵك بوو، هیچ كەسێك چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد خەڵك بەم رێژە كەمە بەشداربن، ئەگەر خزمەتی خەڵك نەكرێت بێگومان ئەوانیش دەنگ نادەن.»

سەعید بەتۆش باسی لەوەشكرد بەپێی راگەیاندراوی كۆمسیۆن كاندیدەكەیان دەرچووە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان 2 هەزارو 900 دەنگی هێناوە، بەڵام هێشتا لەزۆر شوێن هەژماریان نەكردووە، لەوانەیە دەنگەكانمان بگاتە زیاتر لەسێ هەزار دەنگ.

قایمقامی قەزای شەنگال بەشدارینەكردنی هاووڵاتیان لەپرۆسەی هەڵبژاردن بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەڕێنێتەوە.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە  حەوت ساڵە هیچ كێشەیەك بەتەواوی چارەسەرنەكراوەو تائێستا دوو ئیدارەیی هەیەو گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوەو ناوچەكە ئاوەدان نەكراوە، وتیشی:»خەڵك باوەڕیان بەحكومەتی عێراق نەماوە شتێك لەبەرژەوەندی خەڵكی شەنگالدا بكات، بۆیە ئەمڕۆ سزای بەرپرسەكانی عێراقیان دا « .

لای خۆیەوە حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان  و سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد هیچ تێبینی و كێشەیەكیان لەگەڵ دەنگدان نەبووەو كاندیدەكەیان دوو هەزار و 600 دەنگی هێناوە ، بەڵام  زۆر بنكەی دەنگدان ماوە، لەگەڵ دەنگەكانی دەنگدانی تایبەت.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار