تورکیا سەدان سەرباز لە ڕۆژئاڤا جێگیر دەكات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تورکیا سەدان سەربازی لە باکوری سوریا لە دژی هێزە کوردییەکان بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەی چەند ناوچەیەک لە باشوری کۆبانێ کۆنتڕۆڵبکات و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات بەیەکەوە ببەستێتەوە.
ماڵپەڕی بلومبێرگ لەسەر زاری دوو بەرپرس، کە نەیانویستووە ناویان ئاشكرابکرێت بڵاوی کردووەتەوە،دەڵێن تورکیا چەند ئامانجێکی لەو هێرشەدا هەیە، دەیەوێت پاڵپشتی نێوخۆیی بەدەستبێنێتەوە، گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و رووسیا بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هێزە کوردییەکان دابنێن، هاوکات ئامانجێکی دیکەی گرتنی بنکەی ئاسمانی منخە لە نزیک شارۆچکەی ئەعزاز، کە بەدەست یەپەگەوەیە و تورکیا بە شوێنی دەستوەشاندن و خۆحەشاردانی شەڕڤانانی ناودەبات.
سەرەتای ئەم مانگە دوو ئەفسەری پۆلیسی تورکی لەسەر سنووری سوریا لە بۆردوومانێکدا کوژران، دوای ئەم هێرشە ئەنقەرە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی یەپەگە چڕکردەوە، ئەمریکا سەرکۆنەی کوژرانی دوو ئەفسەرە تورکەکەی کرد، بەڵام داوایکرد لایەنەکان رێز لە ئاگربەستی شەڕ بگرن.
دوای ئەو هێرشانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە پلانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دا، ئێستاش کە هێز لە باکوری سوریا کۆدەکاتەوە، بەردەوامە لە هەڕەشەکانی.
لە 2019د ئەنقەرە لەگەڵ روسیا و ئەمریکا رێککەوت هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان رابگرێت بەو مەرجەی یەپەگە لە تەواوی سنورەکانی بە درێژایی 30 کیلۆمەتر بکشێنەوە، بەڵام ئێستا تورکیا هەردوولا بەوە تۆمەتباردەکات، کە یەپەگەیان بەو بەڵێنانەی پابەند نەهێشتووەتەوە.