تورکیا چاوی بڕیوەتە کۆبانێ

کۆبانێ؛ ئەو شارەکەی یەکەم شکستی مێژوویی تووشی داعش کرد نایەڵێت تورکیا بخەوێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تورکیا پلانی داناوە بەدەیان هەزار چەکداری گروپە میلیشیاکانەوە هیرش بکاتەسەر کۆبانێ و داگیری بکات هاوشێوەی داگیرکردنی عەفرین لەساڵی ٢٠١٨دا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی تورکیا ئەردۆغان نەیتوانیوە قەناعەت بەبایدن بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو هیرشە سەربازییە.

کۆبانێ نایەڵێ تورکیا بخەوێت

ئاژانسی «بلوومبێرگ» بڵاوی کردوە کەئامانجی تورکیای بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بریتییە لەداگیرکردنی شاری کۆبانێ و بنکەی ئاسمانیی « مینگ» لە رۆژئاوای حەلەب.

ئاژانسەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەی دیبلۆماسیی گواستوویەتییەوە کەدەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، سەدان سەربازیی بەرەو سوریا گواستۆتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو ئۆپراسیۆنەی پلانی بۆدانراوە داخستنی سێیەکی سنووری تورکیاو سوریایە کە 910 کیلۆمەترە، ئاشکراشی کردووە کەئەنکەرە دەیەوێت دەست بەسەر شاری کۆبانێدا بگرێت کە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فوڕات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی بنکەی ئاسمانیی «مینگ» لەنزیک شارۆچکەی ئەعزاز لەگوندەواری رۆژئاوای حەلەب.

ئاژانسەکە جەختیکردۆتەوە کەئەو هەنگاوەی تورکیا لەباریداهەیە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەناوبەرێت، هەروەک رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش دوژمنایەتیی خۆی بۆ واشنتۆن رادەگەیەنێت.

هاوکات پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، چەند سەرکردەیەکی گروپی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجامداوەو ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا.

پێگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تورکیا نزیکەی 35 هەزار چەکداری ئامدە کردووەو پێش ئۆپەراسیۆنەکە لەنزیکەوە چاودێری جموجوڵی ناوچە بەئامانجگیراوەکان دەکات.

ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چاودێری و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان لەماوەی رابردوودا دووجار لەناو شاری کۆبانێ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.

پێگەکە لەزاری یەکێک لەگروپە میلیشیاکانەوە گواستویەتیەوە، کۆبوونەوەی چڕوپڕی نێوان میلیشیاکان و بەرپرسانی سوپای تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچێت بۆ ئامادەکاری بۆ شەڕ دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

باسی لەوەشکردووە کە ئەو دیدارانە ئەنجمادراون لەئەنقەرەی پایتەختی تورکیا یان لەناو خاکی تورکیاو ناوچەکانی ژێر دەستی میلیشیاکان.

یەکێک لەفەرماندە سەربازییەکان وتوویەتی کە سوپای تورکیا ئامادەباشیی کەتیبە سەربازییەکانیان بەرزکردۆتەوەو هێزی سەربازیی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچە سنورییەکان.

مستەفا سێجری، یەکێک لە فەرماندەی ئەو میلیشیایانەیە بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە «ئێمە ئەو مەشق و ئامادەکارییە سەربازییانەی کەپێویستە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی داهاتوو تەواومان کردووەو هەزاران شەڕکەرمان ئامادەن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی».

عەبدولسەلام عەبدولڕەزاق، یەکێکی دیکەیە لەفەرماندە چەتەکان بەئەلمۆنیتۆری وتووە کە ناوچەکانی تەلڕەفعەت و کۆبانێ ئامانجێکی ستراتیژییە بۆ سوپای تورکیاو میلیشیاکان

ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رۆژی جیهانی کۆبانێ کە ساڵڕۆژەکە تایبەتە بەسەرکەوتنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە  بەسەر داعشدا.

ئەو ئامادەکاریانەش دوای ئەوە دێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوەو بە نیگەرانیەوە لەکۆبوونەوەکە هاتە دەرەوە، بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکاش بایدن لەبارەی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاوە رەتیکردووەتەوە رێی بدات هێش بکاتەسەر ئەو ناوچانە.

بایدن ئهردۆغان نائومێد دەکات

رۆژی یەکشەممە 31-10-2021 جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆما کۆبوونەوەو باسیان لە چەند پرسێک کرد.. بەڵام جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا هیچ بهڵێنێكی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نەداوە سەبارەت بەچاوپۆشیکردنی لەهێرشکەرنە سەر رۆژئاوای کوردستان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری تورکیا رایگەیاند «له 16 هەمین لوتکەی سەرکردەکانی G20 کەئیتاڵیا میواندارێتی کرد، لهمیانی كۆبوونهوهم لهگهڵ جۆو بایدن سهرۆكی ئهمریكا دڵگرانی خۆمم لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە لەسوریا پێ راگەیاند».

ئەردۆغان لەبارەی ھاوکاری ئەمریکا بەپێدانی چەک بەپهكهكه و پهیهده وتی: «پێموایە قۆناغی داھاتوو بەم شێوەیە بەردەوام نابێت».

میدیاكانی توركیا دهڵێن «بایدن هیچ بهڵێنێكی دڵخۆشكهری به ئهردۆغان نهداوه لهبارهی پهكهوهو پهیهدهوه، تهنانهت هۆشداری پێداوه لهبارهی كڕینی موشهكی  S400ی روسی و دهستتێوهردانی زیاتر لهسوریا».

هەروەها میدیاكانی ئهمریكاش بڵاویانكردهوه، كه بایدن ئهردۆغانی ئاگاداركردووهتهوه لهسهرهنجامی ئهو ههڵسوكهوتانهی كه بووهته هۆی تێكچوونی پهیوهندییهكانی توركیاو ئهمریكا.

هاوکات کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، بایدن بەئەردۆغانی وتووە کە «ئەمریکا خوازیاری پاراستنی پەیوەندیی بەرهەمدارو هەروەها فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانە لەگەڵ تورکیا».

سەرۆکی ئەمریکا «جەختی لەنەهێشتنی جیاوازییەکان لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە؛ هەردوو سەرکردە تاووتوێی پرۆسەی سیاسیی سوریا، دۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و لیبیایان کردووە.»

بەپیی راگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی «سەرۆک بایدن نیگەرانی خۆی لەکڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی لەلایەن تورکیاوە دەربڕیوەو جەختی لەگرنگی بەهێزیی دامەزراوە دیموکراسییەکان، رێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا کردووەتەوە».

هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، یەکێک لەبابەتەکانی دیدارەکەیان بریتی بووە لەهاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە.

ئەردۆغان دەڵێت، نیگەرانیی خۆی لەوبارەیەوە بە بایدن راگەیاندووەو وتی، «رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو پەکەکەو پەیەدە کە لەسوریادان، بەتایبەتی لەبابەتی ئەو پشتیوانییانەی لەئەمریکاوە پێیاندەگات، جێگەی نیگەرانیی ئێمەیەو نیگەرانیی خۆشمان لەو بارەوە پێ راگەیاند. باسمان لەو نیگەرانییانە کرد کە ئەو بابەتە بۆ ئێمەی دروستکردووە وەک ئەندامی ناتۆ. هەروەها وتمان ئەم هەنگاوانە زیان بەهاوئاهەنگی نێوانمان دەگەیەنێت».

ئەردۆغان رۆژی 24-9-2021 لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بایدن بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لەدۆخێکی هێندە خراپدا نەبووە.

جۆو بایدن لەوەتەی بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، دوو جار لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە. یەکەمیان لەحوزەیرانی ئەمساڵ و لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەپەراوێزی لووتکەی ناتۆدا بوو.

تورکیا هێزی زیاتر رەوانەی سنووری رۆژئاوای کوردستان دەکات

وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، تورکیا هێزی زیاتری ناردە سنووری کۆبانێ و سەرێکانی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ «سوپای تورکیا کاروانێکی نوێی سەربازیی، کە لەبارهەڵگری پڕ لەچەک و تەقەمەنی پێکهاتووە، لەسەر سنوور لەبەرامبەر کۆبانێ کۆکردووەتەوە، هەروەها کاروانێکی سەربازیی ناردووەتە سەرێکانی».

کۆکردنەوەی ئەو هێزە لەکاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەکات، لە رۆژئاوای کوردستان.

رۆژی سێشەممەی رابردوو 26/10/2021، یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ عێراق و سوریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور لەکاتی پێویستدا لەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی «بەڵێ»ی ئاکپارتی، مەھەپە و ئیی پارتی لەبەرامبەر دەنگی «نەخێر»ی جەھەپە و ھەدەپەدا پەسەند کرا.

ئەمجارە جگە لەهەدەپە، بۆ یەکەمجار پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە دووەم پارتی گەورەی تورکیایە لەناو پەرلەمانی تورکیا دژی دەنگدان بوو بەو یاداشتە. بۆیە ئەردۆغان لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی (ئاکپارتی) وتی: «بابەتی گرنگ ئەوەیە جەھەپە کە دووەم گەورە پارتی تورکیایە، خۆی رادەستی هەدەپە کردووە کە یارییەکە بەدەست رێکخراوی تیرۆریستییەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار