كۆچكردنی گەنجانی هەرێم بۆ ئەوروپا گەیشتووەتە لووتكە

«لەئەمساڵدا 35 هەزار كەس لەهەرێم كۆچیان كردووەو 11 هەزاریان لەدهۆك بوون»

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

ئامارەكانی كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدارو بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان لەپارێزگای دهۆك ئەوە ئاشكرادەكات لەمساڵدا 35 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوروپا كۆچیان كردووە كە 11 هەزار كەسیان لەپارێزگای دهۆكەوە بووە».

كاروانی كۆچی گەنجان و خێزانەكان لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی بیلاڕوسیا بۆ دڵی ئەوروپا تەشەنەی كردووەو هۆكارەكەشی بۆ خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی هەلی كارو ناسەقامگیری سیاسی دەگەڕێننەوە.

گەنجان كە گرنگترین تووێژی كۆمەڵگەن لەهەموو وڵاتێكدا، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كەمترین بایەخ بەو سەروەتە مرۆییە دەدرێت.

كاروان سادق، گەنجێكی شاری دهۆكە لە 7 تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆچی كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، چەند رۆژێكە گەیشتووەتە وڵاتی ئەڵمانیا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «هیچ هیوایەكەم بەهەرێمی كوردستان نەمابوو، لەهەموویشی خراپتر بەچاوی خۆم بینیم ئەو كەسانەی باسی هەوڵی گوڕانكاری و باشكردنی دۆخی خەڵكیان دەكرد بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەو كەسانە دەكرا».

كاروان سادق ئاماژەی بەوەشكرد كە رۆژێك قەیرانی غاز،  رۆژی دواتر قەیرانی بەنزین و گرانبوونی كەلوپەلی رۆژانەو هەر رۆژەی قەیرانێك دروست دەكرا بۆ دۆخی خەڵك، وتیشی:»ئەگەر 1% هیوایەكم بەهەرێمی كوردستان هەبووایە هەرگیز نەدەچوومە دەرەوەی وڵات، ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت رێژەی كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت».

لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆچكردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات یەكجار زیادبووە، تووێژەرانی كۆمەڵگە بەمەترسییەكی گەورە وەسفی دەكەن و داوای چارەسەری ئەو دۆخە دەكەن.

شەهاب سلێمان، تووێژەری كۆمەڵایەتی باس لەكۆمەڵێك هۆكاردەكات كە وا لەگەنج دەكات روو لەدەرەوە بكات، بەهاوڵاتی وت: « هیچ شتێكی دڵخۆشكەرو هیوا بەخش لەعێراق و هەرێمی كوردستان نەماوە، رۆژانە تەنها گوێبیستی كۆمەڵێك شتی ناخۆش دەبین».

ناوبراو پێشیوابوو هیچ ئاسۆیەك نیە بۆ چارسەركردنی كێشەكان كەگەنج 18 ساڵ دەخوێنێت دواتر لەماڵ دادەنیشێت، هەلی كار لەكەرتی تایبەتیش دەستناكەوێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو هەر رۆژێك قەیرانێكی نوێ لەهەرێمی كوردستان دروستدەبێت ، «گەنج  لەناو ئەم كێشانەدا دەژیت، هیچ هیوایەكی نەماوە ناچاردەبێت كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبژێرێت، بەڵام هیچ كەسێك حەزناكات وڵات و خێزانەكەی بەجێبهێلێت، بەڵام دۆخەكە ئەوەندە خراپە وەسف ناكرێت. «

«چارەسەر زۆر ئاسانە بەڵام حكومەت نایكات، بەداخەوە لەسەر ئاستی باڵاش هیچ رێكارێك یان هەنگاوێك نیە رێگا لەگەنج بگیرێت تا كۆچ نەكەن، ئەگەر تەنها هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكرێت دڵنیام رێگای ئەوروپا هەڵنابژێرن هەر لەناو وڵاتی خۆیان دەمێننەوە و خزمەت بەگەلی خۆیان دەكەن» شەهاب سلێمان وا دەڵێت .

بەپێی جاڕنامەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان مرۆڤەكان ئازادن لەچ شوێنێك ژیان بەسەردەبەن.

حەمدی عەبدولباقی بەرواری، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤ لەپارێزگای دهۆك  بۆ هاوڵاتی، جەختی لەوەكردەوە كە كۆچكردنی هەزاران كەس لەهاووڵاتیانی كورد بەتایبەت كوردانی سنوری پارێزگای دهۆك لەساڵی 2021دا گەورەترین كێشەیە، داخستنی كونسوڵخانەی وڵاتێك  و سنوری نێوان چەند وڵاتێك چارسەر نیە، چونكە دەیان كونسوڵخانە و سنوری تر هەیە كە هاووڵاتیان لەو شوێنانە كۆچ بكەن.

كۆچی بەلێشاوی گەنجان لەهەرێمی كوردستان و عێراقەوە بۆ گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی وڵاتی بیلاڕوسیاوە وایكرد حكومەتی عێراق باڵیۆزخانەو كونوسڵخانەی بیلاڕوسیا لەعێراق و هەرێم دابخات، ئەوەش وەك كاردانەوەی كردنەوەی رێگا بۆ كۆچی گەنجان.

بەیار دۆسكی ، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان لەپارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوەكرد   دوو ئاماریان لەبەردەستدایە ، یەكێكیان ئەوەیە كە لەسەرەتای ساڵی 2021 تا مانگی ئابی ئەمساڵ 25 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

هەروەها لەسەرەتای ساڵی 2021 تائێستا زیاتر لە 35 هەزار كەس كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، لەم ژمارەیە زیاتر لە 11 هەزار كەس دانیشتووی پارێزگای دهۆكن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاودەكرێتەوە گەنجانی هەرێمی كوردستان لەنێوان سنورەكانی بیلاڕوسیاو لیتوانیاو پۆڵەندا تووشی دەیان ناڕەحەتی دەبنەوە و داوایان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە كە رێگەیان لێنەگرن، بەڵام وڵاتی پۆڵەندا زیاتر لە 12 هەزار سەربازو پۆلیسی لەسەر سنورەكان بڵاوەپێكردووەو كۆچبەرانیش دەڵێن ژیانیان لەمەترسیدایە.

بەیار دۆسكی ئەوەی روونكردەوە كە ئەوان لەهەوڵی رزگاركردنی ئەو كەسانەدان  كە لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و لیتوانیا لەدۆخێكی سەختدا دەژین ، وتیشی:» قسەمان لەگەڵ بەشێك لەكۆچبەران كردووە كە رۆژانە رووبەڕووی قسەی ناخۆش دەبنەوە لەلایەن پاسەوانانی ئەو دوو وڵاتە( بیلاڕوسیا، پۆڵەندا) جگە لەمەش كەمی خواردن و سەرمای ئەو ناوچەیە دۆخەكەیانی خراپتر كردووە».

دۆسكی  ئەوەشی دووپاتكردەوە كە داوایان لەحكومەتی هەرێم كردووە كە بەزووترین كات كۆمەڵێك هەلی كار بۆ گەنجان رابگەیەنێت بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەربكات كە بەو هۆیەوە گەنجان كۆچ دەكەن.

بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەیۆنان دەڵێت:» لەتوركیاوە بۆ ئیتاڵیا یان لەتوركیاوە بۆ یۆنان كۆچكردنی گەنجانی كورد بەردەوامە».

حوسێن حەمەساڵح، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەیۆنان لەلێدوانێكدا بە وت:» كۆچكردنی گەنجان و خێزانی كورد لەتوركیاوە راستەوخۆ بۆ ئیتاڵیا لەڕێگەی كەشتی سیاحی و یەختەوە لەڕێگای قاچاغەوە بەردەوامە، بەهەمان شێوە لەتوركیاوە بۆ یۆنان كۆچبەران هەر دێن، بەڵام دوای ئاشكرابوونی رێگای بیلاڕوسیا بۆ ئەوروپا ئێستا زیاتر كورد لەو رێگەیەوە كۆچ دەكات».

ناوبراو پێشیوابوو تاكێشەكان لەهەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە چارەسەر نەكرێت كۆچكردن بەردەوام دەبێت.

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كۆچكردنی گەنجان مەترسییەكی گەورەیەو بەپێی ئامارەكان لەمساڵدا گەیشتووەتە لوتكەو ئاستێكی مەترسیدار، بۆیە داوای لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كرد بەجددی كار لەسەر هاوكاریكردنی گەنجان و دۆزینەوەی هەلی كاربكەن تادۆخی ئابوورییان باش بكرێت بۆ ئەوەی ئاماری كۆچكردن بۆ دەرەوە كەمتر ببێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار