نووسینەوەی دەستور؛ لایەنەكانی هەرێم كۆدەكاتەوە
پەرلەمانی كوردستان لەدوای 18 مانگەوە كار بۆ پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستور دەكاتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پەرلەمانی كوردستان بڕیاریداوە دوا وادە بۆ فراكسیۆنەكان 18ی ئەم مانگە دەبێت كە تێڕوانینی خۆیان بۆ نووسینەوەی دەستور ئامادە بكەن و دواتر لیژنەی نووسینەوەی دەستور بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان پێكدەهێنێتەوە.
نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم لەخولی پێشووی پەرلەماندا 57 ماددەی لێ پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كارەكانی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور راگیرا.
نووسینەوەی دەستور لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بووەتە پرسی رۆژ و تائێستا كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بۆ ئەنجامدراوەو بڕیارە سەرجەم فراكسیۆنەكان تا 18ی ئەم مانگە بۆچوون و تێڕوانینی حزبەكانیان بدەنەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، پەرلەمانی كوردستان برڕیاریداوە لەدوای 18ی ئەم مانگەوە دوای وەرگرتنی رای لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، لیژنەی نووسینەوەی دەستور بەگەڕ بخاتەوە تا لەماوەی سێ مانگدا پرۆژەكە بەتەواوی ئامادەبكرێت و پەسەند بكرێت لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوەو دواتر كاتێكی بۆ تەرخان بكرێت و بخرێتە راپرسییەوە.
سێی تشرینی دووەمی 2021 یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبونی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوەچوو بۆ كاركردن لەسەر پڕۆژە یاسای دەستور.
لەكۆبوونەوەدا بڕیار درا هەریەك لەفراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان تێبینی خۆیان بنووسن و بیدەنەوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام هەریەك لەفراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتوو و سەربەخۆكان بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد.
فراكسیۆنی یەكێتی: گرنگە كوردستان ببێتە خاوەنی دەستور
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەم كۆبوونەوەیەدا كاتێك دیاریكرا بۆ ئەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان تێبینی خۆیان لەسەر دەستور بخەنەڕوو كە دوا وادە 18ی ئەم مانگە دەبێت».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی لەوەكردەوە:» بەلامانەوە گرنگە دەستورێك بنووسینەوە، دەستوری هاووڵاتیان بێت، هەموو هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان خۆی بەخاوەنی ئەم هەرێمە بزانێت».
زیاد جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد نووسینەوەی دەستورێكی هاووڵاتیان پێویستی بەسازانێكی نیشتیمانی هەیەو وتیشی:» پێویستە هەمومان پێكەوە ئامادەكاری بكەین و هەموو لایەنەكان بەشداربن بۆ رازیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت نەك تەنیا بۆ رازیكردنی هێزێكی سیاسی».
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: دەستور زەمینەسازی سیاسی تەواوی دەوێت
زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد هەرزوو تێبینیەكانی خۆیان وەك فراكسیۆنی پارتی داوەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
وتیشی:» دەستور پێویستی بەزەمینەسازیەكی سیاسی و دروستكردنی مەدبەخێكی سیاسی لەسەرۆكایەتی حكومەتدا هەیە».
زانا خالید هێمای بۆ ئەوەشكرد كردەیەكی كرداری پەرلەمان و وەرگرتنی پێشنیارەكان لەكۆبوونەوەی 18ی مانگدا تاووتوێدەكرێت.
18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و تێبینی هەریەك لەفراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان وەردەگرێت لەسەر نووسینەوەی پڕۆژە یاسای دەستور.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە:» هەر فراكسیۆنێك بەرپرسیارە لە رای فراكسیۆن و حزبەكەی خۆی، بەڵام ئەوەی گرنگە دەستورەكەیە كە بۆ خەڵكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە هەر لایەنێك كەدەستوری لا گرنگ بێت بۆ هەرێمی كوردستان واباشترە لەپەرلەماندا بەشداربێت لە نووسینەوەی».
كۆبوونەوەی سێی ئەم مانگە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوو و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بەشدار نەبوون.
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێمە راستە بەشداری كۆبوونەوەكە نەبووین وەك هەڵوێستێك بەرامبەر ئەو بێڕێزیەی بەرامبەر پەرلەمان كرا لە كۆبوونەوەكانی پێشوودا».
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی خستەڕوو دیار نیە بەشداری كۆبوونەوەی دواتر دەكەن یان نا، چونكە پێكەوە فراكسیۆنە بەشدار نەبووەكان هەڵوێستێكی هاوبەشیان دەبێت.
پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ كە لەكۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشداربووە دەڵێت:»تا هەرێم بەدامەزراوەیی نەكرێت هیچ زەمانەتێك نییە دەستور هاوشێوەی یاساكان پێشێل نەكرێت».
كاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» پێویستە دەزگاكانی حكومەت بەهێز بكرێت و یاسا سەروەر بكرێت، چونكە ئێستا چەندین یاسای باش هەیە بەڵام پێشێل دەكرێت، بۆیە چ زەمانێك هەیە كە دەستورت هەبێت و پێشێل نەكرێت».
كاوە عەبدولقادر پێشیوابوو تا هەرێمی كوردستان بەدامەزراوەیی نەكرێت، یاسا سەروەر نەبێت، دەسەڵاتی دادوەری نەكرێتە سەربەخۆو جیانەكرێتەوە هیچ زەمانێك نیە دەستور پێشێل نەكرێت.