راســتـــکــردنەوە Correction

سامان وەستا بەكر

2 ساڵ لەمەوپێش



سامان وەستا بەكر

ناکرێ سەرۆکی حکومەت بیت و زانیاریت کەمبێت یان زانیاریت هەبێت و بەهەڵە بۆ خەڵکی بگوازیتەوە.

مەسرور بارزانی لەدەرکەوتنێکی لەسەر خۆپیشاندانی فێرخوازانی زانکۆو پەیمانگاکان ئەڵێ،،، (لەهیچ شوێنێکی ئەم دنیایە نیە کە خوێندن بەخۆڕایی بێت و فێرخواز دەرماڵە وەربگرێت)!

بەندە لەسەر وڵاتی سوید ئەدوێم کە زانیارییەکەی سەرۆکی حکومەت هەڵەیە و ئومێدەکەم خەڵکانی تر لەسەر ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن و زانیارییان هەیە زانیاری راست و دروست بنووسن ئیتر ئەگەر پاڵپشتی رژد لەسەر کردنەوەی قسەکانی مەسرور بارزانی بێت یان پێچەوانەکەیبێت.

لەسوید خوێند لەزانکۆکان بەخۆڕاییە و هەر فێرخوازێک مانگانە بڕی ٣٣٦٠ کرۆنی سویدی وەک هاوکاری وەردەگرێ، ئەم بڕە پارەیە بەشی مانگێک دەکات ئەگەر فێرخواز لە شارەکەی خۆی بێت و لەگەڵ دایک و باوک یان هەر شوێنێکی ترا بژی و کرێی خانوو نەدات.

خۆ ئەگەر فێرخواز لەشارێکی دوورتر لەشارەکەی خۆی بخوێنیت ئەوا بۆ ئەوەش چارەسەری بەردەست هەیە و فێرخواز ئەتوانێ مانگانە بڕێک پارە لەپاڵ هاوکارییەکە یا قەرزبکات کەڕێژەی “فائدە» سودی سەر قەرزەکە هێندە کەمە بەراورد بە قەرزکردنی کەسێکی ئاسای لەبانکەکان کە وایکردووە بەشێک لەفێرخوازان ئەو قەرزە وەربگرن و کۆیبکەنەوە و کاتێک خوێندن تەواودەکەن راستەوخۆ بەو بڕە پارەیە پرۆژەیەک دەستپێبکەن.

تێبینی: ئەو بڕە پارەیەی کە بە قەرز وەردەگیرێ سود “فائدە”ی ناچێتە سەر تا کاتی تەواوکردنی خوێندن.

سەرۆکی حکومەت ئەڵێ هیچ حکومەتێک لە دنیادا هاوکاری یان دەرماڵە بە فێرخواز نایات، بەڵکو ئەوە بانکەکانن کە ئەو کارە دەکەن و وەک قەرزێک پێیان دەدەن.

لەمەشیانا مەسرور بارزانی زانیارییەکانی نیمچە راست بوون.

لەوڵاتی سوید حکومەت راستەوخۆ هاوکاری و قەرز بە فێرخواز نادات بەڵام، فەرمانگەیەکی دامەزراندووە بەناوی CSN “سی ئێس ئێن” کەئەم فەرمانگەیە سەر بەدەوڵەتە و راستەوخۆ لەژێر فەرمانی وەزارەتی خوێندی باڵا یان وەزارەتی پەروەردە و زانست”utbildningsdepart” کارەکانی جێبەجێ دەکات، بەواتایەکی تر سەرچاوەی داهاتی ئەم فەرمانگە حکومییە هەر خودی دەوڵەت خۆیەتی و هیچ مەبەستێکی سود و قازانجی بۆ کۆمپانیا یان تاکە ەس تیانیە.

هەر بۆ زانیاری سەرۆکی حکومەت لەسەردەمی رژێمی بەعپی فاشی و دیکتاتۆرە خوێن خۆرەکەیا دەرماڵە بۆ فێرخواز هەبوو کەچی گەل لێی ناڕازی بوو و هەمیشە ئەماتوت بڕوخێ بڕوخێ، چونکە راستە ئەو لایەنی کەمی ژیانی دابین کردبوو و مووچە لەکاتی خۆیدا وەردەگیرا، بەڵام فاشی رەفتار و دژە ئازادی بوو، مەخابن ئەم حکومەتە خۆماڵییە نە لایەنی کەمی ژیانی بۆ خەڵکەکە بۆ دابین دەکرێ نە ئازادیش فەراهم دەکا، ئیتر چۆن خەڵکەکە ناڕەزایی دەرنەبڕێ.

ئەبێ مەسرور بارزانی ئەوەشی بووتایە لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا دوای تەواوکردنی خوێندن راستەوخۆ چەندین هەلی کار بەردەستە و فێرخواز بەدڵخوازی خۆی لەو بوارەدا کارەکات کە دڵگیری خۆیەتی جا کەرتی تایبەتی بوێت یان گشتی، نەک دوای شانزە ساڵ خوێندن نەک هەر هەلی کار نیە بەڵکو ئەگەر هەشبێت هاوتای ئەوە نیە کە فێرخواز پسپۆڕی تیا بەدەستهێناوە.

ئەبوو ئەوەشی بۆ ئامادەبووان روونبکردایەتەوە کە چۆن ئیدریسی کوڕی نێچیرڤان بارزانی بەبێ بوونی دەرماڵە سەرکەوتوو بووە ببێ بەخاوەنی گەورەترین زانکۆی کوردستان و سەرچاوەی ئەو بزنسەی بۆ ئامادەبووان ئاشکراکردایە کە ئیدریس و ئارین بارزانی کردووە بەمۆڵتی ملیاردێر لەسەرەتاکانی بەهاری ژیانیانا!

راستی بابەتەکە بڵاوکرایەوە کە ئەوە فێرخوازان نەبوون ئاڵای کوردستانیان خستۆتە ژێرپێ کەچی لەگەڵ ئەوەشا مەسرور بارزانی سەرلەنوێ باسی ئەوکارەی کردوو و وتی ئەبێ ئەو خەڵکە سزابدرێن، بەڵام ئەوەی سەیر بوو بەوشەیەکیش باسی ئەوەی نەکرد کە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەڕوونی و بەئاشکرا ڕوویکردە کۆی ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکەی و وتی نە لەتورکیا کوردستان هەیە نە لەدەرەوە».

ئەو دەستەواژەیەی خلوسی ئاکار بەکاریهێنا بەواتای سڕینەوەو نەبینینی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد، ئێ کاتێک گەلێکی ٥٠ ملیۆنی رووبەڕووی سڕینەوەو سوکایەتی دەبێت و دەبینێ دەسەڵاتدار و بەناو حکومەتەکەی کوردستان هیچ وەڵامێکی نابێت و لە ترسی پاراستنی شوێن پێی خۆیان و لەدەستنەدانی پارەی دزراوی میللەت کە بەشێکی زۆری لە بانکەکانی تورکیادا هەڵگیراوە ئیتر بڕاوی بەهیچ شتێک نامێنێ، ئێ کە کوردستان نەبوو ئاڵاش نابێ.

کاتێک خاک نەبێ، مرۆڤی کورد بوونی نەبێ و شوێنێک نەبێ بەناوی کوردستانەوە ئیتر ئاڵا چۆن ئەبێ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێم بوێرانە وەڵامی بدەنەوە پێش ئەوەی باس لەپیرۆزی ئاڵا بکەن.

جێگای نیگەرانیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن دەماڵەی فێرخوازان ئامادەبکەن کەچی مووچەیەکی زۆر بۆ بەشێک لەکوردانی تاراوگە بڕاوەتەوە کە زۆربەی ئەو خەڵکە یان خۆیان خاوەن کارن یان مووچەی بێکاری لەوڵاتی خانەخوێ وەرەگرن، کە ئەگەر تەنها مووچەی ئەو سوپا گەندەڵەی لە تاراوگەوە بەپارەی دزراوی میللەت دەیانژێنن تا رووی رەشی دەسەڵات سپی بکەنەوە ببڕن، ئەوا نەک دەتوانن دەرماڵەی فێرخوازانی پێ دابین بکەن، بەڵکو دەتوانن زۆر شتی تریشی پێبکەن.

خەڵکێکی زۆر لەتاراوگەوە بوون بە بەرگریکاری دەسەڵات و هێرش دەکەنە سەر هەرکەسێک کە تەنانەت بیەوێت ناڕاستیەکانی دەسەڵاتداران ئاشکرا بکات کە لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا بەناڕاست بۆ خەڵکی دەگوازنەوە، ئەو سوپا رەشەی هاندەران کە مانگانە مووچەی بندیوار وەرەگرن خۆیان وەڵامی هەموو کۆمێنت و نووسراوێک دەدەنەوە کەچی نایانەوێ لەگوڵ کاڵتر بەدەسەڵات بوترێت.

بەداخەوە،کورد ستراتیژی نیشتمانی نیە بەڵکو لەبری ئەوە ستراتیژی گەورەکردن و باڵادەستکردنی حزب بوونی ھەیە جا بەھەر نرخێکیش بێ.

تیۆری حزبایەتی کوردی لەسەد ساڵی رابردووا ئەوەمان لا رژدو بێگومان دەکاتەوە کە ئەو تیۆریەی حزبی کوردی لەسەر دامەزراوە لەمەودای دوورو نزیکدا نیشتمانی نەبووە، لە ستراتیژی ھیچ یەکێ لەحزبە کوردییەکانی کوردستانی گەورەدا بەکردار کار بۆ تیۆرییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان نەکراوە، جا ئەگەر ئەوە لە کۆنگرە باسی لێوەبکرێ  یان لەپەیڕەوی نووسراوی  هەندێ حزبیش بوونی ھەبێ.

ئامانجی دروستبوونی حزب خۆشبەختی گەلە، نەک داتەپانی ژێرخانی وڵات بۆ گەورەکردنی حزب و دروستکردنی بەرپرسی مۆڵتیملیاردێر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار