خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی (مه‌یاده، کیژه‌که‌ی عێراق)
هیوا ناسیح
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
کتێبی (مه‌یاده کچه‌که‌ی عێراق، ژنێک ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه). ئه‌م کتێبه که نزیکه‌ی ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوه‌نده، به‌زمانی ئینگلیزی ساڵی ٢٠٠٣ دوای روخانی رژێم لەنیویۆرک چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه. بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی راستینه و سه‌ربورده‌ی کۆمه‌ڵێک ژن و کچی زیندانیکراوی سه‌رده‌می به‌عس له‌نێو ده‌زگای به‌دناوی ئه‌منی به‌لهدییه له‌به‌غدا له‌ساڵی 1999دا. خانمه رۆژنامه‌نوسی ناسراوی ئه‌مریکی (جین سهسۆن) دایڕشتۆته‌وه و بڵاویکردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش به رێککه‌وتن لهگه‌ڵ مه‌یاده عه‌سکه‌ری، خاوه‌نی گێڕانه‌وه و رووداوه‌کان. یه‌که‌م چاپی ئه‌ڵمانی هه‌مان ساڵ که له‌لایه‌ن چوارکهسهوه وه‌رگێڕراوه له‌ئه‌ڵمانیا بڵاوکراوه‌ته‌وه، تا ساڵی ٢٠٠٨ چاپی پێنجه‌می له‌وێ بڵاوکراوه‌ته‌وه، من ئه‌مه‌یانم خوێندووەته‌وه.
ئه‌م خانمه رۆژنامه‌نوسه ناسراوه که‌نزیکه‌ی ١٢ ساڵ له‌سعودییه ژیاوه، بۆیه باش شاره‌زای ژیان و گوه‌زران و نه‌ریت و به‌هاکانی عه‌ره‌بی و ئیسلامییه، هاوینی ساڵی ٢٠٠٨ سه‌روه‌ختی حوکمی سه‌ددام و گه‌مارۆی ئابوری به‌هۆی سزاکانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عێراق به هۆی بوونی چه‌کی کیمیاوی و بایۆلۆجی، که سه‌ددام نکۆڵی لێده‌کرد، ئه‌م بۆ کاری راگه‌یاندن وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات و له‌وێ مه‌یاده ده‌ناسێت و ده‌بێت به‌وه‌رگێڕی ناوبراو. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک کاره‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌مریکا. به‌ڵام په‌یوهندییهکی زۆر توند‌و رۆحی له نێوانیان دروست ده‌بێت و به نامه‌و ته‌له‌فون به‌رده‌وام ده‌بێت. مه‌یاده ماوه‌یه‌ک ون ده‌بێت و دوای ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی که له‌زیندان بووه، ده‌گاته لای دایکی له‌عه‌ممان و له‌وێوه به‌ش به‌ش چیرۆکی زیندانیکردنی و ره‌وشی قێزه‌ونی ناو زیندانه‌که‌ی بۆ جین ده‌نێرێت، تا له ئه‌نجامدا ئه‌م کتێبه‌ی لێ به‌رهه‌م دێت.
مه‌یاده، که ناوی ته‌واوی (مه‌یاده نزار جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ریی)ه، واته کووڕهزای جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌رییه، که لەساڵانی بیسته‌کانی و سییه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا یه‌ک له که‌سایه‌تییه سیاسی و سه‌ربازییه کاریگه‌ره‌کانی عێراق بووه، ماوه‌یه‌ک وه‌زیری به‌رگری و دووجاریش سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بووه. نوری سه‌عید که ده‌کاته خاڵی باوکی مه‌یاده ساڵانێکی درێژ سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بووه، چونکه جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ریی زاوای نوری سه‌عیدی بووه،. له دایکیشه‌وه مه‌یاده هه‌ر له‌خێزانێکی به‌ناوبانگی به‌غدایه، دایکی ناوبراو ناوی سه‌لوایه کچی (ساتع الحوسری)یه که به دامه‌زرێنه‌رو باوکی بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی داده‌نرێت و نوسه‌رو ئه‌کادیمییه‌کی ناسراوی سه‌رده‌می خۆی بووه، ئه‌م یه‌که‌م جار له‌مێژووی عێراقدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی دروستکردوه و قۆناغه‌کانی خوێندنی عێراقی به پرۆگرام و شێوازی ئه‌کادیمی رێکخستوه، چونکه شاره‌زای ئه‌و بواره بووه، که له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌و پسپۆڕییه زۆر ده‌گمه‌ن بووه. ماوه‌یه‌کیش خۆی وه‌زیر بووه. خێزانی مه‌یاده به‌م هۆیه‌وه یه‌کێك بووه له خانه‌واده ناودارو به‌ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی عێراق. باوکی له‌به‌هاری ته‌مه‌نیدا به‌سه‌ره‌تان کۆچی دوایی ده‌کات، دایکیشی که په‌یوهندییهکی زۆر باشی به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و عه‌ره‌ب و هه‌ندێک دیپلۆماسییه بییانییهکانیشهوه هه‌بووه له عومانی بایته‌ختی ئوردون ژیاوه.
مه‌یاده له‌ئه‌وروپا خوێندویه‌تی و بڕوانامه‌ی زانکۆی هێناوه‌و ئینگلیزییه‌کی زۆر باشی زانیوه، له گه‌نجیدا ده‌ستده‌کات به کاری رۆژنامه‌نوسی و یه‌کێک ده‌بێت له رۆژنامه‌نوسه به‌تواناکانی سه‌رده‌می خۆی له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا و به‌م هۆیه‌وه سه‌ددام دوو جار خه‌ڵاتی ده‌کات (وێنه‌کانی ناوبراو لهگه‌ڵ سه‌ددامدا له کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه). دواتر له‌مێرده‌که‌ی جیاده‌بێته‌وه، ئه‌م که دوو مناڵی هه‌یه، که ناویان عه‌لی و فایه. ئیتر چاپخانه‌یه‌ک له‌به‌غدا ده‌کاته‌وه و چه‌ند که‌سێک کاری تێدا ده‌که‌ن و خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. له‌وێدا کاری چاپکردنی مه‌لزه‌مه و پۆسته‌رو له‌به‌رگرتنه‌وه ده‌کات. رۆژێکی ئاسایی ده‌چێته سه‌ر کار‌و له پڕ دوو کارمه‌ندی ئه‌منی به‌عسی دێن و داوای لێده‌که‌ن له‌گه‌ڵیان بچێت، ئیتر ده‌یبه‌ن بۆ زیندانی بهلهدییات له‌به‌غدا، به‌شی ٥٢ که ته‌رخانه بۆ ژنه زیندانییه‌کان. ئه‌و زیندانه یه‌کێک بووه له به‌دناوترین شووێنی ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئازاری جهسته‌یی و ده‌روونی زیندانییانی سیاسی. ئیتر لێره‌وه چیرۆکه‌که ده‌ستپێده‌کات.
مه‌یاده که نازانێت له‌سه‌ر چی گیراوه له به‌شی ٥٢ی زیندانه‌که له گه‌ڵ ١٧ کچ و ژنی تردا زیندانی ده‌کرێت، که ته‌مه‌نییان له نێوان بیسته‌کان و په‌نجاکاندایه، ئه‌و ژنانه هه‌ندێکیان چه‌ندان مانگ و هی تریان چه‌ندان ساڵه له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌رونی و جهسته‌یی و سه‌ختدان. ئه‌و هه‌موو ناوبانگ و ده‌وڵه‌مه‌ندی و ناسراوی و په‌یوه‌ندییه تایبهتییانهیان لهسهره‌تادا هیچ دادی نادا‌و له هه‌مان دۆخی ئازاراوی و سه‌ختی زیندانه‌که‌دا وه‌ک ئه‌وانی دی ده‌ژی و کات به‌سه‌ر ده‌بات و ئه‌شکه‌نجه‌ی توند‌و بێبه‌زییانه‌ش ده‌درێت. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه رۆژانه گوێیان له ئازار‌و هاوار و ناڵه‌ی زیندانییه‌کان و ئه‌شکه‌نجه‌دانیان ده‌بێت. ئه‌و ژنه له‌به‌ر تاریکی و سامناکی زیندانه‌که له کتێبه‌که‌دا به (ژنانی تارمایی) ناوی هاوزیندانییانی ده‌هێنێت، زۆربه‌یان له‌سه‌ر تاوانی بچوک، که هیچ په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تیشهوه نییه، گومانییان لێکراوه و به سیاسیی تاوانبار کراون. رۆژانه به به‌رنامه بۆ لێکۆڵینه‌وه و ئه‌شکه‌نجه‌دان بانگ ده‌کرێن و دواتر له‌ڕه‌وشێکی ته‌واو بێهێزی و زۆرجار به بێهۆشی به له‌ش و سه‌روچاوی خوێناوییه‌وه ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه زیندانه‌که. هه‌ندێکیان کچی زۆر جوان و دڵگیرن و پێده‌چێت ته‌نها بۆ ملکه‌چپێکردن و تێرکردنی ئاره‌زوو و رابواردنی به‌ڕێوەبه‌رانی زیندان تاوانیان خرابێته پاڵ و زیندانیکرابێتن. هه‌ندێکیان له‌سه‌ر که‌سوکاریان گیراون. مرۆڤ که ئه‌و ئه‌شکه‌نجه و سوکایه‌تییانه ده‌بینێت، که ده‌گاته راده‌ی له‌مرۆڤ خستنی زیندانییان و شکاندنی شکۆو که‌رامه‌تیان، درک به‌دڕندایه‌تی به‌عس و پاسه‌وانانی زیندان ده‌کات، که چه‌نده دڵره‌ق و بێبه‌زه‌یی و نامرۆڤ بوونه! دیاره سه‌رجه‌م ده‌سته‌ڵاته دیکتاتۆرو تاکڕه و پۆلیسییه‌کان هاوشێوه‌ن له‌مه‌دا.
مه‌یاده ده‌ڵێت (کاتی خۆی له رۆمانێکدا خوێندومه‌ته‌وه، که گوێلێبوون له ئه‌شکه‌نجه‌دانی بێبه‌زییانه‌ی که‌سێکی بێ‌تاوان، له‌وه دڵته‌زێن و به‌ئازارتره که خودی خۆت ئه‌شکه‌نجه بدرێی، ئێسته تێگه‌یشتم ئه‌م وته‌یه راسته). له نێو کچه زیندانییه‌کاندا یه‌کێکیان که ناوی (سه‌مارا)یه، ژنێکی زۆر بێوینه‌یه له‌ئیراده و توانا‌و ملکه‌چنه‌بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌شکه‌نجه زۆرانه‌ی خۆی، که‌چی وه‌ک ده‌سته‌خوشکێک و په‌رستیارێک به‌سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی تردا راده‌گات و ته‌داویان ده‌کات، ده‌یانشێلێت، به‌ده‌وریاندا دێت و دڵیان ده‌داته‌وه. ئه‌م ژنانه که له‌چین و تووێژی جیاجیای کۆمه‌ڵگەوه هاتون، هه‌ر یه‌که و چیرۆکی خۆی هه‌یه، رۆژان و شه‌وانی تاریک و سامناک و درێژی زیندان به‌دڵدانه‌وه‌ی یه‌کتری و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک بۆ یه‌کتری به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هه‌ندێک له‌مانه خوێنده‌واری به‌رزن، هه‌یانه دایکی چه‌ند مناڵه‌و هه‌شیانه به‌خێوکه‌ری دایکوباوکه پیره‌که‌یه‌تی. یه‌کێکیان دکتۆره. باسی کچه کوردێک ده‌کات ناوی (سه‌فانه یان زهفانه) و ته‌مه‌نی بیست ساڵ بووه، باوکی له جه‌نگی کوێت کوژراوه، له زانکۆ خوێندویه‌تی و له بانکێک کاری کردوه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به ئیمزای ئه‌مه‌وه پاره به‌ناوی نه‌ناسراوه‌وه وه‌رگیراوه دهسگیرکراوهو ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت، چونکه گومانی سیاسی بوونی کاره‌که ده‌که‌ن.
مه‌یاده کاتێک زۆر بێتاقه‌ت و بێزار ده‌بێت و نازانێت چۆن ئه‌و هه‌موو کاته به‌تاڵه‌ی زیندان پڕ بکاته‌وه، به‌راوردی ده‌کات به‌و رۆژانه‌ی زۆر سه‌رقاڵ و پر کار‌و بێ‌کات بوو ده‌ڵێت (بیرمه پێشتر ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی ژیانم بووم، که سه‌عاته‌کانی رۆژ به‌شی نه‌ده‌کردم، تا ئه‌رکه‌کانم جێبه‌جێ بکه‌م، که‌چی ئێستا له‌م زیندانه‌دا ژیانم به‌شی ئه‌وه ناکات، که سه‌عاته‌کانی رۆژانه‌ی ئێره‌ی پێ پڕ بکه‌مه‌وه!). ئه‌و که‌به‌رده‌وام دڵی لای کچ و کوڕه‌که‌یه‌تی، که ده‌بێت ئێستا لای کێ بن و کێ سه‌رپه‌رشتییان بکات.
ئه‌م چونکه پێشینه‌یه‌کی رۆشنبیری فراوانی هه‌یه، ده‌ستده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی مێژوو بۆ هاوزیندانییه‌کانی، دامه‌زراندنی وڵاتی عێراق، تا مردنی شا فه‌یسه‌ڵی یه‌که‌م ١٩٣٣ له سویسرا، ئینجا شای نوێ و تاڕوخاندنی شا‌و دامه‌زراندنی کۆماریی ساڵی ١٩٥٨. چیرۆکی ژیانی خۆی و باوانی و بنه‌ماڵه‌که‌یان، هه‌روه‌ها چیرۆکی نهێنییه‌کانی ماڵی سه‌دام و په‌یوه‌ندی خراپ و ناکۆکی نێوان سه‌دام و ساجیده‌ی ژنی و هێنانه‌وه‌ی ژن به‌سه‌ریدا له لایه‌ن سه‌دامی مێردییه‌وه. که به‌وردی ئاگاداره و زانیاری هه‌بووه. هه‌روه‌ها باسی فازڵ به‌ڕاک ده‌کات، که سه‌رکرده‌یه‌کی دڵسۆز و وریای به‌عس بووه‌و په‌یوهندییهکی توندوتۆڵی لهگه‌ڵ ماڵی ئه‌ماندا هه‌بووه، ئه‌و پیاوه ده‌گاته سه‌رۆکی گشتی هه‌واڵگریی (ئیستخبارات)ی عێراق و یه‌ک له‌که‌سه هه‌ره نزیک و دڵسۆزه‌کانی سه‌ددام بووه، که‌چی ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره حسابییهکی بانکی له سویسرا ده‌کاته‌وه، دهیخه‌نه زیندان و پاش سوکایه‌تی و ئه‌شکه‌نجه‌دانێکی زۆر ده‌یکوژن. وه‌ک چۆن هیچ ده‌سته‌ڵاتێکی سته‌مکار وه‌فای بۆ که‌سه دڵسۆز‌و هه‌ره نزیکه‌کانی خۆشی نییه و رۆژێک له‌ناویان ده‌بات، که کاری پێیان نه‌ما! ئه‌مه له نێو حزبه کوردییه‌کانیشدا هه‌یه.
له‌باسی دڕنده‌یی سه‌ددامدا ده‌ڵێت، سه‌دام به ئه‌نقه‌ست ده‌رمانی پێویستی نه‌خۆشیی کوشنده‌ی نه‌ده‌نارد بۆ نه‌خۆشخانه‌کان تا زۆرترین مناڵ ببنه قوربانی و له‌میدیای جیهانیدا وه‌ک به‌رئه‌نجامی ئابڵوقه‌ی ئابوری سه‌ر عێراق ده‌نگبداته‌وه، هه‌ر به‌هه‌مان مه‌به‌ست کاروانی ریزی تابوتی به‌تاڵی رێکده‌خست به‌ره‌و گۆڕستان، گوایا مناڵی ساوای مردون له‌به‌ر نه‌بوونی شیر‌و ده‌رمان...هتد. پاشان دێته سه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانی لهگه‌ڵ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و ده‌ڵێت عه‌لی کیمیاوی که‌سێکی زۆر گێل خۆبه‌شتزان و کهمزانیاری بوو به‌ڵام نکۆڵی له ژیانی مناڵێتیی به کوله‌مه‌رگی و هه‌ژاری خۆی نه‌ده‌کرد.
پاش به‌سه‌ربردنی نزیکه‌ی مانگێک ئینجا مه‌یاده تێده‌گات، که هه‌ندێک به‌یاننامه‌ی دژ به رژێم له‌یه‌کێک له‌خانه‌ی چاپ و لهبهرگرتنهوانهی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌غدا چاپکراوه، که‌چی به‌عس دێت بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر هیچ یه‌کێکیان هه‌بێت سه‌رجه‌م خاوه‌نی ئه‌و خانه‌ی چاپکردنانه ده‌سگیرده‌کات و ئه‌شکه‌نجه ده‌دات، ئه‌میش یه‌کێکه له‌و گومانلێکراوانه!
دوای نزیکه‌ی مانگێک دایکی مه‌یاده، که وه‌ک وتمان که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو بووه و په‌یوهندییهکی به‌رفراوانی هه‌بووه، واسیته‌ی بۆ ده‌کات و به‌مۆڵه‌ت و به‌شێوه‌ی کاتیی ئازاد ده‌کرێت، ئیتر دوای ئه‌مه، مه‌یاده که‌ته‌واو بێ‌ئومێد بووه له‌ژیانی عێراق، به یه‌کجاری لهگه‌ڵ مناڵه‌کانیدا به‌ره‌و ئوردن ده‌چێت و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت، وه‌ک به‌ڵێنیشی به‌ژنه زیندانییه‌کان دابوو، هه‌واڵی ئه‌وان بگه‌یه‌نێت بهکه‌سوکاریان له رێگه‌ی ژماره تهلهفونهکانییانهوه، که هه‌ندێکیانی له‌به‌رکردبوو، هه‌ندێکیانیشی له‌سه‌ر دیوی ناوه‌وه‌ی ته‌نوره‌که‌ی نوسیبوو! هه‌روه‌ک په‌یمانیشی پێیان دابوون سه‌رجه‌م چیرۆکه‌کانیان بنووسێته‌وه و بیگه‌یه‌نێته دونیای ده‌ره‌وه، تا چیرۆکی ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌ی نامرۆڤانه و بێبه‌زه‌ییانه‌یان بۆ جیهان ئاشکرا بێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه لێره‌دا، ده‌ڵێت، کاتێک سه‌دان کۆچکه‌ر له‌گه‌راجی گه‌وره‌ی به‌غدا بووین به‌ره‌و عه‌مان بچین، له‌پڕ عوده‌ی به‌خۆی و پڵنگێکه‌وه، که بهزنجیرێکهوه به‌ده‌ستییه‌وه بوو له سه‌یاره دابه‌زی و بهنێوماندا گه‌ڕا، جوێنی ده‌دا و تفی لێده‌کردین و ده‌یگوت: ئێوه ناپاکن، عێراقی خۆشه‌ویست به‌جێدێڵن و ده‌چن بۆ ده‌ره‌وه!
وه‌ک ره‌خنه و سه‌رنج، ناوبراو هه‌رچه‌نده به‌عسی نه‌بووه، به‌ڵام رۆژنامه‌نوسێکی چالاکی ده‌زگای راگه‌یاندنی به‌عس بووه. زۆریش سه‌رسامه بهبیروباوهر و فه‌لسه‌فه‌ی فکریی ساتع ئه‌لحوسریی باپیری (باوکی دایکی)، له کاتێکدا که بیروباوه‌ڕه‌کانی ئه‌و هه‌ندێکیان شۆفێنین، بۆ نمونه باوه‌ڕی وایه سه‌رجه‌م که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌نێو بۆته‌قه‌ی ئوممه عه‌ره‌بیدا بتوێنه‌وه بۆ خزمه‌تی عه‌ره‌ب و عروبه و رای وایه عه‌ره‌ببوون شانازییه و ده‌بێت هه‌موو شتێکی به‌قوربان بکرێت، ته‌نانه‌ت یه‌ک له کتێبه‌کانی به‌ناوی (العروبه اولا)ه‌وه‌یه! ده‌بوو مه‌یاده وه‌ک که‌سێک که له‌ئه‌وروپا خوێندویەتی، ره‌خنه‌ی له‌و بیرکردنه‌وانه‌ی گرتبا. له‌مانه‌ش هه‌موو سه‌یرتر، پاش ئه‌و هه‌موو ئازاردان و سوکایه‌تییانه‌ی پێی ده‌کرێت، ته‌نها ره‌خنه له‌کاروکرده‌وه‌کانی سه‌ددام و به‌عس ده‌گرێت، به‌ڵام نابێته ئه‌ندام له‌حزبێکی نه‌یاری سه‌ددامدا یان دژی رژێم هیچ چالاکییه‌ک ناکات، یان لای که‌می له‌و کتێبه‌دا باس نه‌کراوه، که کارێکی دژ به رژێم کردبێت وه‌ک خه‌بات دژ بهدیکتاتۆرییهت و سه‌رکوتکردن. دواتر چیرۆکی زۆربه‌ی ژنه زیندانییه‌کان ده‌گێڕێته‌وه. له به‌دوادا گهڕانیشم بۆ ئه‌م ژنه، زانیم که ساڵی ٢٠٠٥ به شێرپه‌نجه کۆچی دوایی کردوه.
تێبینی: باسکردن لهزهبروزهنگی به‌عس ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ردیله‌یه‌ک له‌سته‌م و بێدادی و زۆرداری ده‌سته‌ڵاتی کوردی که‌مناکاته‌وه.
سه‌رچاوه:
MAYADA; Tochter des Iraks, Eine Frau berichtet von den Schrecken ihrer Folterhaft, Weltbid, 5. Auflage 2008, ISBN 978-3-89897-832-3