پێشمەرگە داوای كەرەستەی نوێی سەربازی دەكات بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە: کامێرای حەراری لەبەردەستدا نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم دەڵێت: هاوپەیمانان دووربینی حەرارییان داوە بەپێشمەرگە، بەڵام بەكەڵك نایەت، داعش لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، چوار جار هێرشیكردووەتە سەر ناوچە كوردنشینەكان و پێشمەرگە لەكەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەو بەهۆیەوە 22 پێشمەرگەو چەند هاووڵاتییەك شەهیدبوون و چەندین پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنی دیكەش برینداربوون، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
رۆژی 2/11/2021، چەكدارانی داعش پەلاماری گوندی «خدرجیجە»یان دا كەدەكەوێتە بناری چیای قەرەچوغی سەر بەقەزای مەخمووری پارێزگای هەولێر، لەئەنجامدا 13 پێشمەرگە شەهیدبوون، كە سێ لەشەهیدەكان برا بوون.
پێشتریش لەشەوی 27ی مانگی رابردوو، لەناحیەی كوڵەجۆی گەرمیان داعش هێرشیكردەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لەكاتێكدا یارمەتی بۆ هێزەكان رۆشتبوو بۆمبێك بەئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوەو پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون. هەروەها لە 29ی مانگی رابردووشدا، لەسنووری كفری لەلایەن چەكدارانی داعش هێرشكرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و لەئەنجامی هێرشەكەشدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
لەماوەی دوو هەفتەدا داعش چوارجار هێرشی بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ناوچە كوردییەكان لەسنووری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامداوە، لەچوار هێرشەكەدا 22 پێشمەرگە شەهیدبوون و 15 پێشمەرگەش برینداربوون، جگە لەشەهید و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەكی مەدەنی.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەندێك كەلوپەلی سەربازی پێویستە بۆ شەڕی دژی داعش كێشەی كەمیی ئەو كەلوپەلانە هەیە، بەڵام كەمیی چەك بوونی نییە، ئەوەی پەیوەستە بەوەزارەت لەئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكدا كەموكورتیمان نییە».
هەروەها وتیشی:» شەڕی ئێستا پێویستی بەهەندێك تەكنەلۆجیای سەربازی پێشكەوتوو هەیە، تەنها دووربینی حەراری نییە كە پێشمەرگە پێویستیەتی، ئەو چەك و پێداویستیانەش وەكو پێویست دەستناكەوێت، زۆر شتی دیكەش هەیە كە نییە، بەڵام لەبەر باری ئەمنیی ناكرێت بووترێت، بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش پێویستمان بەهەندێك تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو هەیە كەدەبێت حكومەتی هەرێم بێتە سەرخەت و دابینی بكات».
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەشڵێت:»چەندین جار داوای دووربینی حەراریمان كردووە، هەرچەندە پێشتر هاوپەیمانان بۆی هێناین بەڵام بێ كەڵكە، ناتوانی 10 مەتری پێ ببینی لەو ناوچانەی پێشمەرگەی تێدایە، پێویستە بینینەكەی كیلۆمەترێك كەمتر نەبێت».
«دووربینی حەراری جۆری زۆرە، لەسەر چەك هەیە جێگیر هەیەو جوڵاویش هەیە، بەڵام ئایا ئێمە هەموویمان هەیە نەخێر نیمانە، جگە لەوەش هەندێك دووربینی حەراری لەتوانای حكومەتی هەرێمدا نییە، رەنگە نەهێڵن بگاتە دەست پێشمەرگەو لەڕووی ئەمنییەوە قەدەغەی لەسەرە»، لیوا قارەمان وای وت.
لیوا قارەمان ئەوەشی خستەڕوو كەهاوپەیمانان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش رانەگرتووە، ئەو شەوەی لەكوڵەجۆ شەڕ روویدا هاوپەیمانان فڕۆكەیان هەستاندووە، هەركاتێك پێشمەرگە و سوپای عێراق داوا بكەن هاوپەیمانان فڕۆكە هەڵدەستێنن دژی داعش. پێشمەرگەیەك: چەكی قورسمان «بی كەی سی»یە رێكان تاریق، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی لەسنووری ناوچەكانی شەڕ لەگەڵ داعش یەكەكەیان جێگیربووە، بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە داعش تاكتیكی شەڕی گۆڕیوە و شەڕی پارتیزانی دەكات، لەڕەبیەیەك دەدات و دەگەڕێتەوەو زیاتر لەنزیك پردێ و كفری و قەرەچوغ پەلامار دەدەن یا لەچەم و ژاژو قامیشەڵانەكاندا. ئەو پێشمەرگەیە باسی لەوەشكرد كە لەڕووی چەكەوە ئەو باشە نین، چەكی قورسیان پێ نییە، وتیشی:» رەبایەكانیشمان باش نییەو نزمە، چەندین جار داوای دابینكردنی پێداویستییەكانمان كردووە بەڵام بەدەممانەوە نەهاتوون، جگە لەوەی چەكی قورسمان (بی كەی سی)یە».
هەروەها كۆسرەت مەدحەت، لەسنوری داقوق پێشمەرگەیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو چەكانەی قورسن و بەكەڵك دێن لەلای هێزەكانی 70 و 80 ن كەهێزی تایبەتی یەكێتی و پارتین، تەنانەت هەموو ئۆتۆمبێلە چاكەكان كەزۆربەیان درعن لەلای ئەو هێزانەن، ئێمەش ئۆتۆمبێلەكانمان بەرگەی بۆمبێكی چێندراو ناگرێت و ژیانی خۆشمان دەكەوێتە مەترسییەوە».
رۆژی دووشەممە، 6/12/2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی سەربازی كرد كەتیایدا جێگرانی سەرۆك، وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆ، فەرماندەی یەكەكانی حەفتاو هەشتاو فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەرەكان بەدرێژایی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا، بەشداربوون.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كەدۆخی سەربازی و بەرەكانی بەرگری هەڵسەنگێنران و تیایدا فەرماندەی میحوەرەكان پوختەیەكیان دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی بەرەكان و پێداویستییەكانیان خستەڕوو، وەزیری پێشمەرگەش باسی لەپلان و وردەكاریی هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییە سەربازییەكان كردووە.
جەبار یاوەر وتیشی: «وەك لەڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە نێچیرڤان بارزانی فەرمانیدا بەپەلە پێداویستییە خێراكان، بۆ داهاتووش پێداویستییەكانی دیكەی پێشمەرگە دابین بكرێن و فەرماندەو لایەنە پەیوەندارەكانی راسپارد بەخێرایی دۆخی بەرەكان و خاڵەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان رێكبخرێنەوە و كەموكوڕیی و كەلێنەكان پڕ بكرێنەوە».
وەزیری پێشمەرگە داوایكردووە هاوكاریەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكرێت پێش كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ وەزیرو فەرماندەكانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆلۆنێل دۆگڵاس بەرپرسی تیمی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم كۆبووەوە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، تاووتوێی دوایین پەلامارە تیرۆریستیەكانی داعشیان لەناوچە جیاجیاكان كردووە.
لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئێستای داعش، وەزیری پێشمەرگە داوای كردووە قەبارەو جۆری هاوكارییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكرێت. لەلایەن خۆشیەوە بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم، پشتگیری و بەردەوامی هاوكارییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردووەتەوە.
رێكخراوی چەكداریی داعش لەساڵی 2014 توانیان دەست بەسەر رووبەرێكی فراوان لەخاكی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بەهاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەساڵی 2017 حكومەتی عێراق شكستپێهێنانی گروپەكەی لەخاكی عێراق راگەیاند، لەكۆتایی مانگی 3ی 2019ش دوایین پێگەی چەكدارانی داعش لەسوریاو بەدیاریكراوی لەناوچەی باغۆز لەلایەن شەڕڤانانی كوردو بەهاوكاری هاوپەیمانان كۆنترۆڵكرا.