ئەحلام مەنسور ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی بوو

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
نۆ ساڵ لەمەوبەر ئەحلام مەنسور پارێزەری مافەكانی ژنان، ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و دۆستی رۆژنامەی هاوڵاتی كۆچی دوایی كرد.

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەحلام مەنسور، كە بە یەكێك لە ژنە قەڵەم بەدەستە بوێر و یاخییەكان لە دژی چەوساندنەوەی ژنان دادەنرێت، لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

ئەحلام مەنسور، یەكێك بوو لەو نوسەرانەی كە دۆستی رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، زۆرینەی وتارەكانی كەتایبەت بوو بە ئەدەب و بەرگری كردن لەمافی ژنان لە رۆژنامەكەماندا بڵاودەكرەوە.
ژیانی ئەحلام مەنسور:
لە ساڵی 1951 لە شارۆچكەی ‌خانەقین لەدایكبووە.
لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا وەك ژنێكی ئازا و پێشەنگ هاتە ناو دنیای ئەدەب و نووسینەوە، وەك چیرۆكنووس، ڕۆماننووس، نووسەر و ڕۆژنامەنووس خزمەتی كردووە.
لە ساڵی 1974 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی زمان و ئەدەبی كوردی لە زانكۆی بەغدا و لە 1999 بڕوانامەی ماستەری لە كورتە چیرۆكدا لە هەمان زانكۆ بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 1975 لە دەزگای هاوكاریی دامەزراوە ‌و پاشان لە گۆڤاری وعی العمال و دواتر لە فەرمانگەی كشتوكاڵ كاری كردووە ‌و لەدواییدا لە ‌كارەكەی دورخراوەتەوە.

لە 1986 ڕووی لە پاریس كردووە و لەوێ لە زانكۆی سۆربۆن وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی كەمدەرامەتییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت، پاش دوو ساڵ دەگەڕێتەوە، بەگەڕانەوەشی باری دەرونی و تەندروستی تێكدەچێت و ماوەیەكی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشكدا دەمێنێتەوە.
لەدوای ڕاپەرینی 1991 بەیەكجاریی لە شاری سلێمانی جێگیردەبێت و وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی دادەمەزرێت و دواتریش ماوەیەك لە زانكۆی كۆیە وانە دەڵێتەوە.
ئەحلام مەنسور، وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە سەرەتای دەرچواندنی رۆژنامەی هاوڵاتییەوە وتاری ئەدەبی و بەرگری كردن لەمافی ژنان بڵاودەكاتەوەو بۆ ماوەیەكی زۆر لە رۆژنامەكە كار دەكات. 
ئەحلام مەنسور، لەتەمەنی 62 ساڵیدا و لە  10-1- 2013دا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی (خدر زندە) لە خانەقینی زێدی خۆی بەخاك سپێردرا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار