دانوستان لەگەڵ رژێمی ئێران دژی بەرژەوەندی گەلانی ئێرانە!
عەبدولڕەحمان گەورکی
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولڕەحمان گەورکی
لاپەڕەکانی مێژوو گەورەترین و گرینگترین شایەتحاڵن بۆ ئەو رووداوانەی کە لەهەناویدا تۆمارکراون و بۆ نەوەکانی دواتر ماون کە داوەری بکەن بەسەر رووداوو دۆسێیەکاندا. یەکێک لەگرنگترینەکانی لەمێژووی ئێراندا بریتییە لە (پرسی دانوستان) لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێران!
دانوستان یەکێکە لەڕێگە لۆژیکییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دوو لایەنی تر یان زیاتر. بەدرێژایی مێژوو هەبووە بەئێستایشەوە. بەڵام مەرجی پێویست بۆ رەوایەت و سەرکەوتن لەدانوستانەکاندا، باوەڕی پتەوی لایەنەکانە بەدانوستان. ئەگینا، نەک کێشەکە بەچارەسەر ناگات، بەڵکو فۆرمێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت. لەئێرانی ئەمڕۆدا، دانوستانەکانی رژێم لەگەڵ لایەنانی تر درۆزنانەیەو دانوستانی لایەنی بەرانبەریشی، یاریکردنیەتی لەسەر زەویی رژێمی ئێراندا. بۆچی؟
ئەوەی بەدرێژایی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران سەلمێندراوە و بووە بەئەزموون ئەوەیە کەڕژێمی ئێران لەئاستی ئێران و دەرەوەی ئێرانداو لەبنچینەدا، باوەڕی بە «دانوستان» نەبووە و نییە. بەتایبەتی لەو کاتەوە کە خومەینی، وەک دامەزرێنەری ئەم رژێمە، بەشەخسی فتوای کوشتنی دژ بەخەڵک و موقاوەمەتی سەرتاسەری ئێران دەرکرد!
ئاماژەدان بەچەند نمونەیەک لەم بوارەدا، دەمانباتە سەر ئەو راستییەی کە دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە جووڵەیە لەسەر هێڵی مانەوەی رژێمی ئێران و خۆبەدەستەوەدانی لایەنی بەرانبەری رژێم:
لەناو ئێران: لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی رۆژی 20ی حوزێرانی 1981 (30ی جۆزەردانی 1360 خۆری) لە تاران کە بەفەرمانی خومەینی خۆی، (500) هەزار کەس لەخەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە خرانە بەر دەستڕێژی گولە، هەموو رێگەیەکی هێمنانەو سیاسی و لەوانە دانوستانکاری، بەڕووی گەل و لایەنە جەماوەری و شۆڕشگێڕو نەتەوەییەکانی ئێراندا داخران. لەو کاتەوە خاڵی کۆتایی دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە دەرکەوت و خومەینی بژاردەی سەرکوت و بەکارهێنانی هێزو زۆرداری خستە بەردەم خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگا. ئەوەیش واتە بژاردەی ملکەچبوون و خۆبەدەستەوەدان.
کەواتە لەو کاتەوە، هەر دانوستان و دانوستانێک لەگەڵ ئەم رژێمە، وەک پێشێلکارییەکی بنەڕەتی و هێڵی سووری نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئایینی لەئێران دیاریکراوە و لەلایەن هەموو لایەنە سیاسیەکانیشەوە قبووڵ کراوەو (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)یش لەسەر هەمان هێڵی سوور دامەزراوە. چونکە ئەم ڕژێمە هیچ باوەڕێکی بدانوستان و گفتوگۆو پێکەوەژیان و قبووڵکردنی ناڕازییان و نەیاران و (تەنانەت رەخنەگران) نەبووە و نییە. کارنامەی 43 ساڵەی رژێمی ئێران بەڵگەی ئەو راستییەیە و تیرۆرکردنی دوو سکرتێری گشتیی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) لەلایەن تیمە تیرۆریستیەکانی ئەم رژێمەوە لەوڵاتانی ئەوروپایش هەم لەو رێڕەوەدایەو لێکدانەوەی بۆ کراوە.
لەئاستی ناوچەکەدا: لەم دواییەدا عەبدوڵڵا ئەلموعەلیمی، نوێنەری سعودی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (عەرەب نیوز)ی سعودیدا رایگەیاند کە «هیچ ئەنجامێکی گرنگ بەدەست نەهاتووە لەپرۆسەی دانوستانی نێوان هەردوو وڵات». بەرپرسێکی ئێرانی بەڕۆیتەرزی راگەیاند کە کۆبوونەوەکە فەرمی نەبووە و هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بەشدارنەبووە لەکۆبوونەوەکەدا.
لەڕووی جیهانییەوە: دوای ئاشکراکردن و خستنەڕووی زانیارییەکانی تایبەت بەپرۆژە ئەتۆمییەکانی رژێمی تیرۆریستیی ئیران لەلایەن موقاومەتی ئێرانەوە، کۆمەڵگای جیهانی بەپیلانە ترسناک و مەترسیدارەکانی رژێمی ئێرانی زانی!
لە رۆژی 9 ی ئازاری 2003 ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران، دوا بڕیاری رژێمی ئێرانی ئاشکرا کرد لەمەڕ چەکی ناوەکی. دوابەدوای ئەم بڕیارە و لەکۆبوونەوەیەکی نهێنیدا، بە سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی رژێمی ئێران بڕیاری دەرکرد کە بەنهێنیکاری و گفتوگۆکردن و فێڵکردن و پاساوی دانوستاندن، پرۆژەی پیتاندنی یورانیۆم بە مەبەستی درووستکردنی بۆمبای ئەتۆم بە ئەنجام بگەیەنێت و بەو رێگەوە، بەزمانی زبرو هەڕەشە قسە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات. بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!
بەردەوامبوونی خستنەڕووی زیاتری پڕۆژە ناوکییەکانی رژێمی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێرانەوە، مەترسییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی زیاتر دەرخست بۆ دەوڵەتانی جیهان. بەجۆرێک کە لەبەرزترین ئاستی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیشدا دانی پێداهێنراو رۆڵی موقاومەتی ئێران لەخستنەڕووی پرۆژە ناوەکییەکانی رژێمی ئێران پشتڕاست کرایەوە.
بەڵام بەرهەم و دەرهاویشتەی زاڵبوونی سیاسەتی سازشت و موداراکردن بەسەر حکومەتەکانی رۆژئاواوە تایبەت بەڕژێمی ئێران، ملکەچبوونی ئەو حکومەتانە بوو لەهەمبەر دانوستان لەگەڵ رژێمی ئێڕان و لەهەنگاوی دواتردا چارەنووسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستە مەترسییەوە. هەرچەندە کشانەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەدانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ رژێمی ئێران، لەسەردەمی سەرۆکایەتیی پرێزیدێنت دۆناڵد ترەمپ، هەنگاوێکی دوورکەوتنەوە بوو لەدانوستاندن، بەڵام بەهاتنە سەرکاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا، رژێمی ئێران توانی سەرلەنوێ و لەژێر ناوی (دانوستان) پرۆسەی بەدەستهێنانی بۆمبای ئەتۆم دەستپێبکاتەوە.
ئێستا ئەوە حکومەتەکانی ئەوروپاو ئەمریکان کە دەڵێن رژێمی ئێران دانوستان هەڵناگرێت و قابیلی گفتوگۆکردن نییە. چونکە رژێم بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە «کات» بکڕێت تا بۆمبای ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت!. لە راستیدا رژێمی ئێران توانیویەتی لەژێر سایەی دانوستان و گفتوگۆکردندا، تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە کە بێگومان بەر لەهەر هەمووان، خەڵکی ئێران و موقاوەمەتی ئێران تیایدا زەرەرمەند بوون.
کەوایە بە پشتبەستن بەمێژوو و زۆرێک بەڵگەی حاشەهەڵنەگر، ئێستا دەبێ کاتی کۆتاییهاتن بێت بەدانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە. وەک چۆن موقاوەمەتی ئێران بە بەردەوامی رایگەیاندووە، تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران، زمانی زبرو سیاسەتی بڕەڕە بەرانبەر بەو رژێمە. ئاسەوارە زیانبەخشەکانی بەردەوامبوون لە دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە، ئێستا بۆ هەمووان دەرکەوتووەو درێژەدان بە دانوستاندن لەگەڵ ئەم رژێمە، بەتایبەت کە ئاستێ ئێراندا، لەهەموو کاتێکی تر مەترسیدارترە.
دوا خاڵ
ئێستا بەو ئەزموونانەی لەمەڕ کارنامەی رژێمی ئیران تایبەت بە»دانوستان» بەدەستهاتووە و هەمووان دانی پێدادەنێن، هەر چەشنە دانوستانێک لەگەڵ رژێمدا لەسەر ئاستی ئێران و ناوچەکەو جیهان لەگەڵ رژێمی ئێران بێ ئەنجام و بێ مانایەو یەکەم سوودمەندیش تیایدا، هەروەک ڕابردوو، ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی ئێرانە. دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە بە پێچەوانەی داخوازی و راپەڕێنەکانی خەڵکی ئیرانە لە پێناو کۆتاییهێنان بە رژێمی ئیران.