کورد لەسوریا؛ مێژووەکەی، کاریــگەری، تێکــــۆشانەکەی، دەستکەوتەکانیو رێگاچارەکانی
3 ساڵ لەمەوپێش
رەزا مەنوچەهری
سوریا وەک بەشێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتەیەکی گرنگ، دێرین، لانکی شارستانیەتە جۆراوجۆرەکان، فرە پێکهاتەیەی و کولتوریی دەوڵەمەندی لە خۆگرتووە. لە رووی ئایینەوە هەر سێ ئایینی ئیسلام، مەسیحی و جووی تیادایە. لە رووی ئایینزاکانەوە سوننە، عەلەوی، شیعە، مەسیحی، ئیسماعیلی، ئێزدی و کلدانی و ژمارەیەک تەریقەتی جۆراوجۆری تیادایە. لە رووی نەتەوەییەوە عەرەب، کورد، ئاشووری، دروزی، ئەرمەنی، تورکمەن و چەرکسی تیادایە. کورد لە سوریا لە رووی میژوویی، شارستانی، جوگرافی، سیاسی، ئابووری، سەربازی و کولتورییەوە پێکهاتە و بونیادێکی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە.
کورد لەمێژووی سوریادا
بەشێک لە مێژوونوسان میتانییەکان بە باپیرە گەورەی کورد دەزانن. میتانییەکان لە ناوچەکانی کوردستان و بەشی رۆژئاوای کوردستان و تاوەکو سنووری میسر دەسەڵاتیان هەبووە. ناوەندەکەیان بە ناوی واشۆکانی دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان. هەروەها گۆتییەکان و مانائییەکان و میدییەکان و... هتد لە ناوچەیەدا هەبوون.
لەزۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان چەندین شوینەواری گرنگ و گەورەی مێژوویی هەیە، کە قەڵای نەبی هوری، شێرە بەردینە رەشەکەی باشووری عەفرین (شێری بازلتی)، قەڵای کوردان لە باکووری حەڵەب، قەڵای دووسەر (جەعبەر) لە باکووری رەققە و شوێنەواری مێژوویی کانی دارا، کە لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی جیهانی تۆمارکراوە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەوە پێش بەشێکن لەو شوێنەوارانە. هاوکات شوێنەواری مێژوویی یونانییەکان و ئێرانییەکان و رۆمییەکان لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە.
کورد لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا لەناوچەکانی باکووری سوریا و دەرووبەری رووباری خابوور و رووباری فورات، چیای کورمێنج، کە لەدوای داگیرکاریی عوسمانییەکانەوە پێی دەوترێت کوردداغ، کە دەکاتە عەفرینی ئەمڕۆ، نیشتەجێ بوون. لە سەردەمی ئەیوبییەکان ژمارەیەکی زۆری کورد چوونەتە ناوچەکانی سوریا لە حەڵەب و دیمەشق و حەما نیشتەجێ بوون. هەروەها لە سەدەی ١٦ەوە بەهۆی داگیرکاری و کوشتاری عوسمانییەکانەوە شەپۆلێکی تری کۆچی کورد لە ناوچەکانی تری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان رۆیشتوون. کورد لەو قۆناغە مێژووییانەدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبردووە. بەشێکی گرنگ بوون لەوەی پێی دەوترێت شامات.
کورد لەسوریای دوای جەنگی جیهانیی یەکەم
کاتێک ئیمپراتۆریی عوسمانی هەڵوەشایەوە ژمارەیەک وڵاتی نوێ دامەزران، کە سوریا، عێراق، ئوردون و لوبنان بەشێک لەو وڵاتانە بوون. سوریا کەوتە ژێر دەسەڵات و ئینتدابی فەرەنسیەکان. بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٥ سوریا لەلایەن فەرەنسییەکانەوە وەک ٥ حکومەت (حکومەتی دیمەشق، حکومەتی حەلەب، حکومەتی عەلەوییەکان، لوبنانی گەورە، جەبەل دروز) و ناوچەی خۆبەڕێوەبەر بەڕێوەدەبرا، کە حەڵەب گەورەترین ناوچەی بوو و زۆربەی کوردەکانیش لە دەوڵەتی حەلەبدا بوون.
لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی ژوردی تژل دا هاتووە، کورد وەک هێزی سەربازی و بازرگانی و بەشداریکردن لە حکومەت و وەزارەت و نوێنەرایەتییەکانی سوریادا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازییان پێکدەهێنا. تەنانەت سێ سەرۆک وەزیرانی سوریا لەو کوردانە بوون، کە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی فەرەنسادا کاریان کردبوو و بە سێ دیکتاتۆرەکەش دەناسرێن و بریتین لە حوسنی زەعیم لە خێزانێکی کورد – عەرەب لە حەلەب (١٨٩٤-١٩٤٩)، ئەدیب شیشکلی لە خێزانێکی کوردی حەما (١٩٠٩ - ١٩٦٤) و سامی حەناوی لە خێزانێکی کوردی حەلەب (١٨٩٨-١٩٥٠).
لەماوەی ئینتیدابی فەرەنسیدا دۆخێکی نیچمە ئازاد بۆ کارو چالاکییە جۆراجۆرەکان هەبوو و سیاسەت سڕینەوە و قەدەغەکاری و پاکتاوکردن لەدژی هەبوونی نەتەوەیەک بەڕێوەنەدەبرا. ئەو دۆخە وایکرد کوردەکان لەسوریا هەم خۆیان رێبکخەن و ژمارەیەک رێکخراو و ناوەند دابمەزرێنن، هەم هاوکاریی پارچەکانی تری کوردستان بکەن.
رێکخراوی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری
رێکخراوی خۆیبوون لە ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە دامەزراو تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام بوو. ئەو رێکخراوە لە حەلەب، شام (دیمەشق) و لوبنان و باکووری کوردستان کاری گرنگی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد. تەنانەت لەو سەردەمەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئازادیخوازی سلێمانی دا دروستکردبوو. خۆیبون پاڵپشت و قەڵای سێ شۆڕشەکەی ئاگری بە سەرۆکایەتیی ئێحسان نووری پاشا بوو، کە لە دوای سەرکوتی راپەڕینەکەی شیخ سەعیدی پیران شۆڕشەکەی ئاگری گرنگترین بوژانەوەی هەست و هزری نەتەوەیی کورد بوو.
گۆڤاری هاوار
بنەماڵەی بەدرخان بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان و پەیوەندییەکانیان بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی نەتەوەی کوردو بەدەستهێنانی مافەکانی. لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا گۆڤاری هاوار بۆ یەکەمجار لەمێژووی کورددا لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ بە ئەلف و بێی کوردیی لاتین بڵاوکرایەوە. گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی ئەدەبی و وێژەیی و سیاسی بووە و تا ١٥ی ئابی ١٩٤٣ واتە بۆ ماوەی نزیکەی ١١ ساڵ بەردەوامبووە. چەند ژمارەی سەرەتای گۆڤارەکە بە هەر دوو زمانی کوردی و فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە و دواتر هەمووی بووە بە کوردی. بەگشتی ٥٧ ژمارەی لێ دەرچووە و هەموو لاپەڕەکانی ئەو ٥٧ ژمارەیە، ٨٠٨ لاپەڕەیە.
لەدرێژەی ئەو رەوتە لە رۆژنامەگەریی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد و گەیاندنی دەنگ و خواستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەدوای راپەڕینی گەلانی سوریا و ئازادکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆژی ٥ی ئابی ٢٠١٢ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانەها) دەستی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر رووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردو ئێستا ئەو ئاژانسە بە ٦ زمان کە بریتین لە، کوردی (شێوەزاری کرمانجی و بە ئەلف و بێی لاتین)، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، رووسی و ئیسپانی هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە.
کوردی پارچەکانی تری کوردستان و رۆڵیان لە رۆژئاوای کوردستان
لەدوای هەر سەرکوتکاری و کوشتارێک لە باکووری کوردستان ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی کورد روویان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە. جگە لە رۆڵ و کاریگەریی بنەماڵەی بەدرخان هەر یەک لە جگەر خوێن، عوسمان سەبری، نوری دێرسیمی، قەدری جان... هتد لەو کەسانە بوون رۆژئاوای کوردستانیان کردبووە لانکەی تێکۆشانیان.
لەدوای دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەشاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەساڵی ١٩٤٦، لە باشوورو باکووری کوردستانیش ئەو حزبە دروستکران. لە رۆژئاوای کوردستانیش لەساڵی ١٩٥٧ پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دامەزرا. کوردی بەشەکانی تری کوردستان و لەوانە عەبدولڕەحمانی زەبیحی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەدا لە رۆژئاوای کوردستان بە مەحمود حەسەن شنۆیی دەناسرا رۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریادا هەبوو. تەنانەت کتێبێکی بە ناوی رەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم لەدژی ئەو کەسانە نووسی، کە لەژێر کاریگەریی شیوعیەتدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، خەبات لە دژی ئیمپرالیزم گرنگە و خەبات بۆ نەتەوەیەک و لەناویشیدا بۆ کورد بە رەوا نەدەزانی و لەو رێگەوە رێگرییان لە خەبات و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکرد.
کۆماری سوریا
لەدوای ئەوەی فەرەنسیەکان لە ساڵی ١٩٣٦ لەگەڵ سوریەکان رێککەوتنی سەربەخۆیی سوریایان واژۆ کرد. کۆماری سوریا دامەزرا. فەرەنسییەکان هێشتا دەسەڵاتی زۆریان بەسەر سوریاو هەبووە لە ساڵی ١٩٣٩ لیوای ئەسکەندەرویان لە مامەڵەکەیدا بە تورکەکان دا. لە ١٩٤١ سوریا سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. لەساڵی ١٩٤٦ دوا سەربازی فەرەنسی لە سوریا کشایەوە. ساڵی ١٩٤٦ تاوەکو ساڵی ١٩٦٣ قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێش و کودەتا و ململانێی جۆاروجۆر بوو.
هاتنە سەرکاری بەعسییەکان و دامەزراندنی کۆماری عەرەبیی سوریا
لەساڵی ١٩٦٣ بەعسییەکان لەسوریا لە رێگەی کودەتایەکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست. لەو سەردەمەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەگەشەدا و جەمال عەبدولناسر کاریگەریی لەسەر بزاوتی ناسیۆنالیستیی عەرەبی هەبوو. پلانی ئەوەیان هەبوو کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لە نێوان میسر و سوریا و ئوردن دا دابمەزرێنن. تاوەکو ساڵی ١٩٧٠ ئەو دۆخە بەردەوام بوو، کە حافز ئەسەد لەو ساڵەدا بەکودەتایەک هاتە سەر کورسیی دەسەڵات و تا ئێستا بنەماڵەکەی دەسەڵاتداری سوریان. بەوەش کۆتایی بەو پلانەی هات و لەئەنجامدا لە سوریا کۆماری عەرەبیی سوریا راگەیەندرا. سیاسەتی تەعریب و سڕینەوەی گەلان و پێکهاتەکانی سوریا بە تایبەتی کورد دەستیپێکرد.
لەکتێبی کورد لەسوریا لە نووسینی کەریم یڵدز دا هاتووە، لە ساڵی ١٩٦٢ دا سەرژمێری لە حەسەکە کراو سەرژمێرییەکە هاووڵاتیانی لێ ئاگادار نەکرابوویەوە. سەر ژمێرییەکە لە ناکاو بوو هەر هاووڵاتییەک لەو رۆژەدا بەڵگەنامەکانی خۆی پێشکەش نەکردایە مافی هاووڵاتیبوونی سوریای پێنەدەدرا. لەوەدا ژمارەیەکی زۆری کورد لەمافی هاوڵاتیبوون بێبەشکران. لەساڵی ١٩٦٣ ئەفسەر محەمەد تالیب هیلال سەرۆکی ئەمنیی پارێزگای حەسەکە لە نووسراوێکی نهێنی دا و لەچەند خاڵێکدا داوا دەکات کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان رابگوێزرێن، رێگا بە خوێندنیان نەدرێت، ئەو کوردانەی تورکیا داوای کردوون رادەست بکرێنەوە، پڕوپاگەندە لەدژی کورد بڵاوبکرێتەوە، مەلایانی ئایینی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان بهینرێن، عەرەب لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بکرێن و سیاسەتی بەگژیەکدا کردن لەدژ کوردەکان بەکاربهێنرێت.
لەدرێژەی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا لە ساڵی ١٩٧٣ پشتێنەی عەرەبی بەدرێژایی ٩١١ کیلۆمەتر لەگەڵ سنوری تورکیا بۆ بەعەرەبکردنی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ناوی شوێنە کوردییەکان گۆڕدرا، مافی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و زەویی لە ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی لە حەسەکە لە کورد قەدەغە کرا. کوردە بێ ناسنامەکان ئیدی نەدەکران بەهاووڵاتی، خانو و موڵک نەدەکرا بەناویانەوە، ناسنامە و پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێرییان پێ نەدەدرا.
کوردەکان بەناچار کۆچیان بۆ حەلەب، دیمەشق و رەققە و ناوچەکانی تری سوریا دەکرد. زۆربەیان کاری سەخت و کرێکاری و دەستگێڕییان دەکرد. گەرچی چەند سەد ساڵە کورد لەدیمەشق و زۆر زیاتر لەوەش لە حەڵەبدایە، بەڵام بۆ بۆ مانەوەیی خۆیان لەدیمەشق گەڕەکێکیان بەدزییەوە و بەشەودا بە ناوی زۆرئاوا دروستکرد. هاوکات کوردەکان لە حەڵەب لەناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەمانەوە، کە ئەو دوو ناوچەیەی ناو شاری حەڵەب زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کوردی تیادا بوو.
رۆژئاوای کوردستان کۆڵەکە و پردی پەیوەندی و پەڕینەوە
سیاسەتەکانی رژێمی بەعسی سوریا کاریگەریی زۆری لە پەراوێزخستن و گەشە نەکردنی ژێرخانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش رۆژئاوای کوردستان هەر پێگەی گرنگی خۆی بۆ شۆڕشی کورد لەدەست نەدا. لەو رۆژگارە سەختەدا رۆژئاوای کوردستان پردی پەڕینەوە بۆ شۆڕشەکانی باکووری کوردستان و باشووری کوردستان بوو.
لەدوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە قاوەخانەی تولەیتولەی دیمەشق و بەهۆی ململانێی نێوان بەعسی سوری و عێراقی دەرچەیەک بۆ هاوکاریی کوردانی باشوور کرایەوە. هەروەها بەهۆی مملانێی سوریا لەگەڵ تورکیا دەرچەیەکیش بۆ پشتیوانی لەخەباتی باکووری کوردستان کرایەوە.
کاتێک ژمارەیەک لە کادێر و سەرکردەی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٠ بەرەو بوقاع لە باشوری لوبنان رۆیشتن، لەلایەن جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە و بزووتنەوەی فەتحەوە هاوکاری کران. لەو سەردەمەدا باشوری لوبنان ناوەندی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕ و چەکدارەکانی جیهان بوو، لەسوپای سوری ژاپۆنەوە بۆ بریگاردی ئیتاڵیا و بۆ چەپەکانی تورک و بۆ هەندێک هێزی ئیسلامی، هەموویان لەوێ کۆبوونەوەو کاری راهێنان و چەکداری و داڵدەدانیان دەکرا.
پەکەکە بەهۆی دۆخی مێژوویی و پەیوەندی قوڵی نێوان گەلی رۆژئاوا و باکوور هێدی هێدی کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژئاوای کوردستان زۆر کرد. زیاتر لە ٤ هەزار رۆڵەی تێکۆشەری کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ریزەکانی پەکەکە لە جەنگ لەدژی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوون. زیاتر لەو ژمارەیەش برینداریان هەیە و زیاتر لەوەش کادێر و ئەندام و رێکخستنیان هەیە. کوردی رۆژئاوا کۆڵەکەیەکی گرنگ و سەرەکیی خەباتی باکووری کوردستان بووە. ئەوەش بەهۆی جۆرێ رێکخستن و پەروەردەو پڕوپاگەندە و شۆربوونەوە بۆ ناو هەموو چین و تووێژەکانی کۆمەڵگە لەلایەن پەکەکە و بەتایبەتی عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئەنجامدرابوو. لەساڵانی ١٩٩٠دا رێکخستن و پڕوپاگەندەیان بە رادەیەک بڵاوکردبووە، کە گەیشتبونە ناوچەی تەبقە لەپارێزگای رەقە و لە ناو کوردەکانی ئەو ناوچەیەدا رێکخستنیان هەبوو و گەنجان بووبونە گەریلا و شەهیدیان هەبوو.
ئاستی بەشداریی هەمەلایەنە و گرنگی رۆژئاواییەکان بووە قۆناغێکی نوێ لە خەبات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ کوردی ئەو بەشەی کوردستان. گەرچی رژێمی ئەسەد زۆر هەوڵی دابوو ناسنامەی کوردی رۆژئاوا بەتەواوەتی بسڕێتەوە، بەڵام جۆری کارو رێکخستنی پشکۆی ژێر خۆڵەمێشی پەکەکە هێزی مانەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی راگرتبوو. راپەڕینی کورد لەساڵی ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ و هەروەها شۆڕشی گەلانی سوریا لەساڵی ٢٠١١ بۆ کوردی رۆژئاوا بووە قۆناغێکی نوێی مێژوویی.
شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و گەشەسەندنەکانی
هاوکات لەگەڵ تەشەنەی بەهاری عەرەبی بۆ سوریا و راپەڕینەکان لەساڵی ٢٠١١دا کوردیش دەستی بە راپەڕین کرد. لەدوای دەستپێکردنی راپەڕینەکان لەسوریا، پەیەدە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی لە ٤ی نیسانی ٢٠١٢دا دامەزراند، کە رۆڵی گەورەیان بینی لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢دا شاری کۆبانێ و بە دوای ئەوەشدا شارەکانی عەفرین و دێرک و عامودێ ... هتد رزگارکران.
کورد هاوکات لەگەڵ شەڕ لەدژی گروپەکانی بەرەی نوسرە و دوای ئەوەش داعش، کە هێرشیان کردبووە سەر رۆژئاوای کوردستان، هەوڵی دامەزراندن و سەقامگیرکردنی سیستمێکی سیاسی و ئابووری و مۆدێلێک لە چارەسەری و بەڕێوەبردن دەدا. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان دامەزرا. لەدوای ئەو پێشهاتەش ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی سوریا دیموکراتیک، ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) راگەیەندرا. مەسەدە نوێنەرایەتیی سیاسیی هەسەدە دەکات.
پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، کە لە ٢٠ ئەیلولی ٢٠٠٣ دامەزراوە. لە کۆنگرەی سێیەمیدا لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژە و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کردە ستراتیژی ئەو حزبە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەش هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەدوای ئازاکردنی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێوەچوون.
لەدرێژەی ئەو رەوتەدا و دوای گەشەسەندنی زیاتری پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کانتۆنی جزیرە لەڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا. دوابەدوای دامەزراندنی کانتۆنی جزیرە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤دا کانتۆنی کۆبانێ راگەیاندرا، هەروەها لەڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ کانتۆنی عەفرینیش دامەزرێندرا.
لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەباکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی دیموکراتیکی باکووری سوریا لەڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ و لە سێیەمین دانیشتنیدا، یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریاو یاسای دابەشکردنی بەڕێوەبەرێتییەکانی ئەو ناوچانەی پەسەند کرد. بەپێی ئەو یاسایە سیستمی فیدڕاڵیی دیموکراتیکی باکووری سوریا کرا بەسێ هەرێمی جزیرە، کە پێکهاتووە لە کانتۆنەکانی قامیشلۆ و حەسەکە، هەرێمی فورات پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی کۆبانێ و گرێ سپی، هەرێمی عەفرین پێکهاتووە لەکانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا.
پرۆژەی چارەسەریی کورد بۆ کێشەکانی رۆژئاواو سوریا
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا لەقامیشلۆ دامەزرا. ئەو ئەنجومەنە خۆی خستووەتە پاڵ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و کۆنگرەی نیشتمانی سوریا و لەناو شاندەکانی ئەو رەوتانەدا کەسێک بەناوی ئەوانەوە بەشداری لەدانیشتنەکانی پەیوەند بەکێشەی سوریاوە دەکات، بەڵام تائێستا دانیشتنەکانی جنێڤ، ئاستانا، سۆچی و ریاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەهەموو ئەو دانیشتنانە بێبەشکراوە، بەڵام ئەو ئیدارەیە لەخستنەڕووی رێگا چارەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رانەوەستاوە. بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم)، کە ساڵی ٢٠١١ لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە و هەریەک لە پێکهاتە و نەتەوەکانی کورد، عەرەب، سوریانی، ئاشووری و مەسیحی و تورکمانی لە خۆ گرتووە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پشتبەستوو بە تێزی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی و ژینگەپارێزیی عەبدوڵا ئۆجالان، کاریکردوە بۆ دابینکردنی مافی نەتەوە و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان. مەزڵوم عەبدی و پۆڵات جان لەکتێبی پرۆژە پراکتیکییەکانی بونیاتنانی خۆبەڕێ بەریدا باسی ئەوە دەکەن، کە بەدامەزراندنی سیستمی کۆمین لەناو کۆمەڵگەدا دەیانەوێت هەموو پێکهاتەکان بەشداریی راستەوخۆ لەخۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بکەن. بۆ ئەوەش جگە لەکۆمینەکان، ئەنجومەنی ناوچەکان، ئەنجومەنی شارەکان، ئەنجومەنی گشتیی رۆژئاوا (باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا)یان بەهاوبەشی لەگەڵ نەتەوەکان و پێکهاتەکان دامەزراندووە.
لەو چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا گەل خۆی بەشداری دەکات لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان و تەندروستییەکان، یاسایی و مافەکان، چاکسازیی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، پرسە کولتوری و نەتەوەییەکان. هەروەها بابەتی گەشەدان بەزمان و کولتوری کوردی و کولتوری پێکهاتەکانی تر لەسیستمی بەڕێوەبەریی و پەروەردەدا کارپێکراوە. کاریش بۆ ئەوە کراوە هەمووان بەشداری لەپرۆژەی ئاوەدانکردنەوە، بەرگری و خۆپاراستندا بکەن.
ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ئەوە مۆدێل و شێوازە بەچارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە دەزانێت. جگە لەوەش لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ روسەکان و سوریەکان و رۆژئاواییەکاندا رایانگەیاندووە، سوریا بکرێتە کۆماری سوریا، بەشێوەی نا ناوەندی بەڕێوەببرێت، تایبەتمەندیی ناچەکانی خۆبەڕێوەبەری لە رووی سەربازی و ئاسایش و پەروەردەیان وەک خۆی بمێنێتەوە، یان لە چوارچێوەی نیشتمانی وەک بەشێک لەئاسایش و ئارامی و پەروەردەی سوریا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لەمامەڵەکردن لەگەڵ سامانی نیشتمانیی بەتایبەتی نەوت و گازدا، جەختی لەوە کردووەتەوە ئەوە سامانی هەمو گەلانی و سوریایەو پێویستە بەشێوەیەکی دادمەندانە بۆ هەموو سورییەکان بێت، نەک وەک پێشتر گەلانی سوریا لێی بێبەش بن. جگە لەوەش یەکگرتوویی سوریا لەسوریایەکی دیموکراتیک و ئازادو ناناوەندی و هاوبەشدا دەبینین. خۆیان بەهەڕەشە بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد نازانن و پێداگری لەوە دەکەن، کەپرۆژەکەیان چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی سوریا.