بۆمبی تێرمۆباریک؛ لەئۆکرایناو کوردســــتان لەنێوان ئـــیدانەکردنو بێدەنـگیدا
3 ساڵ لەمەوپێش
رەزا مەنوچەهری
لەکاتی روودانی جەنگ لەنێوان دەوڵەتەکان و هێزە جۆراوجۆرەکاندا هەریەک لەلایەنەکانی جەنگەکە هەوڵ دەدەن زیانی گەورە بەدوژمنەکەیان بگەیەنن و سەرکەوتنی خێرا بەدەستبهێنن. بۆ ئەوەش پەنا بۆ پلان و تاکتیکی نوێی سەربازی و بۆمبە جۆراجۆرەکان دەبەن. لەجەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایندا بەکارهێنانی بۆمبێک بەناوی تێرمۆباریک لەلایەن رووسەکانەوە بەخێرایی کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوەو ژمارەیەکی بەرچاو راپۆرت و هەواڵی لەسەر بڵاوکرایەوەو لە دوای بۆمبی ئەتۆم بەترسناکترین بۆمبی رووسیا پێناسەیان کرد.
بۆمبی تێرمۆبارک و زیانەکانی
وشەی تێرمۆباریک (Thermobaric) ریشەکەی بۆ دوو وشەی یۆنانی تێرمۆس بە مانای گەرماو باروس بە مانای گوشارو پەستان دەگەڕێتەوە. واتە بۆمبی گەرماو گوشار، یان گوشاری گەرما. لە زمانی عەرەبیدا پێی دەڵێن (قنبلە فراغیە) و لە زمانی فارسیشدا پێی دەوترێت (گەرما فشاری یان بۆمبی خەلەئـ). بۆمبی تێرمۆباریک بە بۆمبێکی هۆشمەند دەناسرێت و وەک موشەک لەسەر زەوی و لەلایەن فڕۆکەوەو لەسەر کەشتییەوە دەهاوێژرێت.
لەکاتی لێدان لە ئامانجەکەی و یەکەم تەقینەوەدا بەخێرایی هەموو ئۆکسیجنی شوێنی ئامانجەکە و تەنانەت هەموو ئۆکسیجنی ناو سیی بوونەوەرەکانی شوێنی ئامانجەکە هەڵدەمژێت و زۆر بەخێرایی ماددەی ئاگرین و ژەهراوی لە شوێنی ئۆکسیجنەکە رەوانەی شوێنە بۆشەکانی ئامانجەکە دەکات و لەگەڵ تەقینەوەی خێراو بەهێزی دووەمدا بازنەیەکی نزیکەی ٤٠٠ مەتری لە تۆپەڵەیەکی ئاگرین دروست دەکات و بە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی ئاگرین، بازنەی ئامانجەکەی پڕ دەکات لەگەرمایەکی زۆر و ماددەی ژەهراوی و دوکەڵی کیمیایی و ئەوەی لەو بازنەیەدا بێت لەناوی دەبات.
بەو هۆیەوە سیی بوونەوەرەکان لە ناوەوە بەگوشاری ئاگرو هەوا و ماددەی ژەهراوی پارچە پارچە دەبێت، گوێ و مێشکی کەسەکان دەتەقێت. هێزی تەقینەوەکە لە بازنەی خۆیدا بە ئەندازەی هێزی بۆمبێکی ئەتۆمییە بەبێ ئەوەی زیانەکانی دوای تەقینەوەکەی وەک بۆمبێکی ئەتۆمی بێت، چونکە یورانیۆم و ماددەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی (رادیۆ ئەکتیڤەی) تیادا بەکارنەهاتوە تاوەکو بۆ چەندین ساڵ زیان بە بوونەوەرەکان و سروست بگەیەنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا وەک ئەتۆم بۆمبێکی ترسناک و وێرانکەرە.
بەکارهێنەرانی بۆمبەکە
بۆمبی تێرمۆباریک بۆ یەکەمجار لەجەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن دەوڵەت و سوپای نازیی ئەڵمانیاوە بەکارهێنرا. لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم بۆمبەکە لەلایەن سوپای ئەمریکاوەوە پەرەی پێدراو ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٩٦٠ و ١٩٧٠کاندا لە جەنگەکانی ڤێتنام و کۆریادا بەکاری هێنا.
سۆڤیەتیش لەساڵانی ١٩٨٠ لە ئەفغانستان و لەدوای رووخانی سۆڤیەتیش، رووسیا لەشەڕەکانی چیچان لە (١٩٩٤ – ١٩٩٦ / ٢٠٠٠ – ٢٠٠٩) بەکاری هێنا. جگە لەوانەش رووسەکان لەسوریا لە دژی گروپە جیهادی و توندڕەوو تیرۆریستییەکان بەکاری هێناوە.
لەدوای ١١ سپتەمبەری ٢٠٠١ ئەمریکا لەجەنگی ئەفغانستان و لە دژی تونێل و ئەشکەوتەکانی تۆرابۆراو لەعێراقدا بەکاریهێناوە.
بەهێزترین بۆمبی تێرمۆباریک بۆمبی واکیومە، کە لەلایەن رووسەکانەوە دروستکراوە. جگە لەوانە ئەو بۆمبە مۆدێل و نمونەی جۆراجۆری زۆری هەیە.
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆو لەوانەش تورکیا ئەو بۆمبەیان هەیە و لەدژی کورد بەکاری دەهێنێت. بەلانیکەمەوە تورکیا لەساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەو بۆمبە لەدژی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و تەنانەت شارەکانی باکووری کوردستان بەکاردەهێنێت.
ماددەکانی ناو کڵاوەی بۆمبەکە و کاریگەرییەکانی
کڵاوەی بۆمبی تێرمۆباریک بە پێچەوانەی بۆمبە باوەکان، پڕ دەکرێت لەمادەی کیمیایی و ئاگرین و ژەهراویی زۆر بەهێزی وەک ئیتیلین و پرۆپیلین، کە لەگەڵ گەیشتنی بە ئامانجەکەی بەدروستکردنی شەپۆلێکی بەهێزو گەورە لەئاگرو ژەهرو دوکەڵ کەسەکان دەخنکێنێت و ئەو بۆشاییە، کە بەهۆی هەڵمژینی ئۆکسیجنەکەوە دروستیکردووە پڕ دەکات لەو ماددە ژەهراوی و کیمیایانە و لە دوای تەقینەوەی خێرای دووەم لە کڵاوەکەدا، گوشارو پەستانی شەپۆلێکی ئەوەندە بەهێز دروست دەکات، کە هەموو شتەکانی بازنەی شەپۆلەکە تێکدەشکێنێت و دەیاکات بە خۆڵ و دووکەڵ.
ئەگەر بۆمبێکی تێرمۆباریک لەکۆڵانێک، یان شەقامێک بتەقێتەوە، بەپێی جۆری بۆمبەکە بازنەیەکی ٥٠ بۆ ٤٠٠ مەتری بە دەوری خۆیدا کاول دەکات. واتە لە یەک تەقینەوەیەدا لە ٥ ەوە بۆ ٤٠ خانوو و دوکان، یان چەند باڵەخانەیەکی گەورە خاپوور دەکات. جگە لەو ماددانە دەکرێت ماددەی ژەهرای و ئاگرینی تریش بکرێتە ناو کڵاوەکەوە بۆ ئەوەی زیانەکانی زیاترو کوشندەتر بن.
ئامانجەکانی بۆمبی تێرمۆباریک
بۆمبی تێرمۆبارێک لەبەر تایبەتمەندیی هەڵمژینی ئۆکسیجن و خنکاندنی کەسەکان و دروستکردنی شەپۆلی بەهێزی تەقینەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەشکەوتەکان، تونێلەکان، سەنگەرەکان و دیوارە راگرەکان زۆر کاریگەرە، چونکە لە توانایدایە ئۆکسیجنی ناو ئەشکەوتێک، یان تونێلێک هەڵبمژێت و تونێل و ئەشکەوتەکە پڕ بکات لە ماددەی ئاگرین و ژەهراوی و بەئەنجامدانی تەقینەوەی بەهێزی دووەم هەموو ئەشکەوت و تونێل و سەنگەرەکان بەهۆی شەپۆلی بەهێزی تەقینەوەکەیەوە لەناو ببات، یان کەسەکانی ناو ئەشکەوتەکە بخنێکێنێت. جگە لەوەش بۆ باڵەخانەکان و کاروانە سەربازییەکان و ژێرزەمینەکانیش بەکاردەهێنرێت. ئەو بەکارهێنانانە هەموویان بۆ ئەوەن، زۆرترین زیان و کوشتاری پێ ئەنجام بدرێت.
بۆمبی تێرمۆباریک یەک بەکارهێنانی هەیە، کە بۆ پاراستنی مرۆڤەکان و بوونەوەرەکان بەکاردەهێنرێت، ئەویش تەقاندنەوەی گۆڕەپانە بۆمبڕێژکراوو ناوچە مینڕێژکراوەکانە. ئەو بۆمبە بەهۆی دروستکردنی شەپۆلە بەهێزەکەیەوە لە توانایدایە ناوچەیەکی مینڕێژکراو لەمین پاک بکاتەوە و هەموو مینەکان بتەقێنێتەوە. بەکارهێنانی تێرمۆباریک بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان تێچووی پاککردنەوەی ئەو ناوچانە ١٠ هێندەی شێوازە کۆنەکان بۆ سوپاکان و دەوڵەتەکان کەم دەکاتەوە.
بۆمبی تێرمۆباریک و چەکە کۆکوژەکان
بۆمبی تێرمۆباریک لە چوارچێوەی چەکێکی کۆکوژی ترسناک و کیمیایی و ئاگریندا پێناسە دەکرێت. بۆ ئەوەش جارێکیتر هەڵدانەوەی دۆسیەی چەکە کۆکوژەکان و بەکارهێنیان دێتە پێشەوە. یەکەم چەکی ئەتۆم لەمێژووی مرۆڤایەتیدا لەلایەن ئەمریکاوە لەجەنگی جیهانیی دووەمدا لە دژی هێرۆشیماو بە دوای ئەویشدا لە شاری ناکازکایی ژاپۆن بەکارهێنران. لەو کاتەوە لە هیچ شوێنێکی دونیادا لەلایەن هیچ دەوڵەت و هێزێکەوە چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنراوە، بەڵام پەرە دراوە بە جبەخانەی چەکی ئەتۆمی و تەنانەت چەکی ئایدرۆجینش دروستکراوە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا چەکی بایۆلۆژی و کیمیایی و هێشوویی و فسفۆڕی دروستکراون و لە چەند ناوچەیەکیش بەکارهێنراون. سەرباری ئەوانەش بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە پەرە بەچەکی پێشکەوتوی بەهێزو ورد و هۆشمەند دراوە، کە مرۆڤی بردووەتە قۆناغێکی ترەوە.
بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان لەدژی کورد
گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بەپشتیوانی، یان چاوپۆشیی زلهێزەکان چەندینجار بەچەکی کیمیایی و کۆکوژ هێرشکراوەتە سەری و لەچەند ناوچەیەکی کوردستاندا کوشاری بەکۆمەڵ و جینۆسایدیان لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە.
سلێمانی لەلایەن بەریتانیاکانەوە
بەریتانیەکان لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی راپەڕینەکانی شێخ مەحمودی حەفید (١٩١٩ - ١٩٣٠) بۆ یەکەمجار لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە بەچەکی ژەهراوی و کیمیایی سلێمانییان بۆردومانکرد. بەوەش یەکەم بۆردومانی ژەهراوی و کیمیایی کوردستان لەلایەن بەریتانیەکانەوە ئەنجامدرا. ئەوە دواتر بووە شێوازێک لە بۆردومانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەدژی گەلی کورد. وەک لیام ئەندەرسن – گاریس ستانسفێڵد لە کتێبی «ئایندەی عێراق دیکتاتۆری، دیموکراسی یان دابەشبوون» دا نووسیویانە، لە راستیدا سەدام حوسێن خۆی خاوەنی هیچ رێگاو شێوازێک لەشەڕانگێزی نەبووە، بەڵکو پەرەپێدەری شێوازەکانی پیش خۆی بووە بۆ سەرکوتکاری و شەڕانگێزی. لەوانەش شێوازی بەریتانییەکانی لە بۆردومانکردنی کیمیایدا لەدژی گەلی کورد بەشێوەی پێشکەوتو پەرە پێداو بەکاری هێنا.
راپەڕینەکەی سەید رەزا لە دێرسیم
کاتێک گەلی کورد لەدوای سەرکوتکاریی کۆماری تورکیا بەسەرۆکایەتیی مستەفا کەمال لەساڵی ١٩٣٧ بە سەرۆکایەتیی سەید رەزا راپەڕین، دەوڵەتی تورکیا جگە لەشێوازەکانی پیلانگێڕی، فێڵ و درۆ بۆ فریودانی سەید رەزاو لەئەنجامدا سەرکوتی راپەڕینەکە لەسێدارەدانی سەید رەزاو هاوڕێکانی، بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەی کورد لەدێرسیم دەستی بە کوشتار و بۆردومان و دەرکردن و راگواستنی کورد کرد.
بۆ یەکەمجار لە دێرسیم سەبیحە گۆکچە وەک فڕۆکەوانێکی ژن خەڵکی ئاوارە و لێقەومای دێرسیمی لەدۆڵ و دەشتەکاندا بۆردومان کرد.
جگە لەوەش ئەو کەسانەی پەنایان بردبووە بەر ئەشکەوتەکان و خۆیان تیادا حەشار درابوو، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە بۆمبی خنکێنەر و کیمیایی هەڵدرایە ناو ئەشکەوتەکان و دەرگای ئەشکەوتەکانیان بەدیوار هەڵچنی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دێرسیمیان بەو شێوەیە کۆمەڵکوژ کرد. وەک خۆیان دەڵێن، «هەموویان بە دەرمان وەک مشک کوشتووە». ئەو فڕۆکە و چەک و بۆمب و ماددە کیمیایانەی لەو کاتەدا، کە تورکیا بەکاری هێنابوو، چەک و کەرەستە و فڕۆکەی ئەڵمانی بوو، کە دەوڵەتی تورکیا لەو وڵاتەی کڕیبوون.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشت
رژێمی بەعس بەسەرۆکایەتیی سەدام حوسێن و پێش ئەوەی لەساڵی ١٩٨٨دا دەست بە پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکات، سیاسەتی راگواستن و بە عەرەبکردن و بە بەعسکردنی لە زۆربەی ناوچەکانی کەرکوک و گەرمەسێرو خانەقین لە دژی گەلی کورد ئەنجامدابوو.
لەساڵی ١٩٨٨ رژێمی بەعس لە پرۆسەی ئەنفالدا ١٦ جار هێرشی کیمیایی لە دژی گوند و ناوچەکانی کوردستان ئەنجامدا. گەورەترین هێرشی کیمیایی سەدام بۆ سەر شاری هەڵەبجە بوو، کە بەلانیکەمەوە بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی ٥ هەزار کەس و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی تر.
رژێمی سەدام هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان شارو ناچەکانی سەردەشت، بانە، مەریوان و نەوسود و زەردەی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد، کە بووە هۆی شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوونی چەند هەزار کەسی تر. زۆربەی کەرەستە و چەک و ماددە کیمیاییەکانی رژێمی سەدام حوسێنیش ئەڵمانی بوون.
چەکی قەدەغەکراوو هێشووی و کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە
لەساڵانی ١٩٩٠ و لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی چەکداریی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەوڵەتی تورک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی گەریلا لەشاخ و ئەشکەوت و دۆڵەکاندا لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان لەوانە، دێرسیم، ئامەد، گارزان، شرنەخ و جۆلەمێرگ گازی خنکێنەرو کیمیایی بەکارهێنا. ئەنقەرە جگە لەوانەش بۆمبی هێشووی و فسفۆڕی و قەدەغەکراوی لەو شەڕەدا بەکارهێناوە، کە بەپێی یاساکانی شەڕ و رێککەوتننامەکانی جنێڤ بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە.
بەکارهێنانی چەکی تێرمۆباریک لەکوردستان
لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕی نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا شێوازەکانی شەڕ گۆڕانکارییان بەسەردا هات و سوپای تورکیاش چەکی کوشندەترو مەترسیدارتری بەکارهێنا. پەکەکە بۆ خۆپاراستنی لە بۆردومانی بەهێزی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا و موشەکەکانیان ژمارەیەکی زۆر ئەشکەوت و تونێلی لە شاخەکانی کوردستان دروستکردووە. دەوڵەتی تورکیاش هەوڵیداوە بەچەکی زۆر بەهێزو کوشندە لەو ئەشکەوت و تونێلانە بدات و زیان بەگەریلا بگەیەنێت. تورکیا جگە لە بەکارهێنانی بۆمبی فسفۆڕی و ناپاڵم و هێشوویی و کیمیایی بۆمبی تێرمۆباریکیشی بەکارهێناوە.
دژی ناوەندی راگەیاندنی پەژاک
لە ١ی ئایاری ٢٠٠٨دا ناوەندی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەیەکێک لە ئەشکەوتەکانی دۆڵە کۆکە لەقەندیل بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا. لەو ساڵانەدا تورکیا لە بۆردومان و هێرشەکانیدا بۆمبی زۆر بەهێزو هۆشمەندی بەکاردەهێنا. ئەوە شێوازێکی تازە بوو، کە تورکیا لەو قەبارە و ئاستەدا ئەو جۆرە هێرشانەی ئەنجام دەدا. وەک لە راگەیاندنەکان و هەواڵەکانی ئەو کاتی پەژاک و پەکەکەدا دەردەکەوێت، لە بۆردومانی ناوەندی راگەیاندنی پەژاک دا ٦ کادێری ئەو حزبە شەهید بوون. فڕۆکەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو بۆردومانە چوونەتە ئاسمان و خاکی ئێران لەئاسمانی ئێرانەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە ئەوەش بە رەزامەندی، یان خواستی ئیران ئەنجامدراوە. تەرمی ئەو راگەیاندکارانە پارچەی بۆمب یان گولـلەیان پێوە نەبوو، بەڵکو جلوبەرگەکانیان و پێستیان سوتابوو و رەنگی سەروچاویان رەش داگیرسابوو و چەند دڵۆپ خوێن بەدەم و گوێیانەوە بووە. حاڵەتی خنکان و سوتان بەتەرمەکانەوە دیار بووە. هەموو کەلوپەلی ناو ئەشکەوتەکەش سوتابوون، یان تەقیبوونەوە، یان هەڵوەشابوونەوە. هەموو ئاماژەکانی ئەو بۆردومانەو شوێنەوارەکانی دوای بۆردمانەکە نیشانەیە لەبەکارهێنانی بۆمبی تێرمۆباریک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.
بەکارهێنانی بۆمبی تێرمۆباریک لەشارەکانی باکووری کوردستان
لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥ و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان پەکەکەو تورکیا، گەنجانی کورد لەباکووری کوردستان لە شارەکانیاندا خۆبەڕێوەبەرییان راگەیاندو دەستیان کرد بە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی تورکیا. سوپای تورکیا لە شەڕی شارەکاندا نەیتوانی بەشێوەی ئاسایی بەرەنگاری گەنجانی کورد بێتەوە، بۆ ئەوەش پەنای بردە بەر بەکارهێنانی تانک و تۆپ و بۆردومانکردنی شارەکان لە رێگەی فڕۆکەی ئێف ١٦ و کۆپتەری جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
ژێرزەمینەکانی جزیرو نسێبین
دەوڵەتی تورکیا لەشەڕی شارەکاندا شێوازەکانی بەدەر لە پێوەرەکانی شەڕی بەکارهێناو بەپێی راپۆرتەکانی ئەوکاتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تورکیا تاوانی جەنگ و کوشتاری بەکۆمەڵی ئەنجامداوە.
لەشارۆچکەی جزیر لە پارێزگای شرنەخ ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری گەلی جزیر لەلایەن محمەد تونجەوە سەرۆکایەتی دەکراو بەتەواوەتی بەرەنگاریی سوپای تورکیایان دەکرد. سوپای تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی جزیر لەساڵی ٢٠١٦ دەستیکرد بەکارهێنانی بۆمبی ئاگرین و خنکێنەر. لە ژێرزەمینەکانی جزیردا بەهۆی بەکارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبانەوە زیاتر لە ١٣٧ کەس کۆمەڵکوژکران. ئەو کەسانە سوتاوی بە پێست و جەستەی زۆربەیانەوە دیاربوو. دەموچاویان رەش داگەڕابوو و نیشانەی خنکاندنیان پێوە دیار بوو، کە هەموو نیشانەکانی بەکارهێنانی بۆمبی تێرمۆباریکیان پێوە دیار بوو. هاوکات سوپای تورکیا لەشاری نسێبین کۆڵانەکان و شەقامەکانی بە جۆرێک بۆمب بۆردومان دەکرد، کە ئاگرێکی بەهێزو شەپۆلێکی بەهێزو دوکەڵێکی چڕیان هەبوو. بەهێزیی ئەو بۆمبانە بۆ رووخان و تێکدان لە بۆمبە ئاساییەکان زیاتر بوون. شێوازی رووخاندنی خانووەکان و دیوارو راگرەکان هەموو نیشانەکانی بەکارهێنانی بۆمبی تێرمۆباریکیان تیادایە.
ئەشکەوتەکانی شاخە سوور
سوپای ئەنقەرە لەمانگی نیسانی ٢٠٢١دا زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکرد. یەکێک لەو ناوچانە، کە شەڕی زۆر گەورە و بۆردومانی زۆر بەهێز تیایدا روویدا شاخەسوور (تەپەسۆر/ گرێ سۆر) لە ئاڤاشین بوو. گەریلاکان لەساڵی ٢٠١٤ەوە زنجیرەیەک تونێل و ئەشکەوتی چەند نهۆمییان لەو شاخەدا دروستکردبوو بۆ ئەوەش سوپای تورکیا هێرشێکی چڕی کردبووە سەر ئەو شاخە.
لەئەشکەوت و تونێلەکانی شاخە سووردا ١٠ گەریلا هەبوون و ماوەی ٨٠ رۆژ بەرەنگارییان کرد. لە کۆتایدا ٧ گەریلاکان شەهید بوون و ٣ کەسیان بە فەرمانی فەرماندەیی سەرووی خۆیانەوە لە ئەشکەوت و تونێلەکان کشانەوە. ئەو ٣ گەریلایە لەچاوپێکەوتن و گێڕانەوەکانیاندا بە وردی باسیان لەشەڕو هێرشەکانی ئەو ٨٠ رۆژە کردووە. بە وتەی ئەو گەریلایانە، سوپای تورکیا چەند جۆر چەکی کیمیایی بە رەنگی جۆراوجۆر و بۆنی جۆراوجۆر بەکارهێناوە. لەدوای چەند خولەک لەهەر هێرشێکی کیمیایی بۆ ناو ئەشکەوتەکان هێرشێک بە بۆمبێکی زۆر بەهێز ئەنجامدراوە، کە ئاگرێکی زۆر گەورەی لێکەوتووەتەوە و شەپۆلەکانی زۆر بەهێزبوون. ئەوەیان بۆ ئەوە بەکارهێناوە، کە شەپۆلە بەهێزەکان پاڵ بە گازە کیمیاییەکانەوە بنێت تاوەکو ئەو گازە بگاتە قوڵایی ئەشکەوتەکان.
وەک ئەو گەریلایانە دەیگێڕنەوە لەیەکێک لەهێرشەکاندا لەرینەوە و هەژاندێک وەک بومەلەرزە لە شاخەکەدا روویداوە. لەدوای ئەوە دەنگی گەریلاکان لەنهۆمی سەرەوەی ئەشکەوتەکە نەماوە و وەڵامی بێتەلیش نادنەوە. کاتێک ئەمان دەڕۆن بۆ نهۆمی سەرەوە ئەوە دەبینن، کە گەریلاکان هەر یەکەیان بەلایەکدا کەوتوون و رەش داگیرساون و وەک ئەوە وابوون، کە خنکابن. هیچ پارچە بۆمبێک، یان فیشەک بە جەستەیانەوە نەبووە. هەموو شتەکانی ناو ئەو ئەشکەوتەی نهۆمی سەرەوە بەسەریەکدا کەوتبوون. کەلوپەلی بەر دەرگای ئەشکەوتەکە پەڕیبوو بۆ ئەو سەری ئەشکەوتەکە، تەنانەت خواردنەکانی ناو چێشتخانەی گەریلاکان تێکەڵ بە یەک ببوو. ئەوەی ئەو گەریلایانە پێناسەی دەکەن ناکرێت هیچ بۆمبێکی تر بێت جگە لە بۆمبی تێرمۆباریک.
سوپای تورکیا ئەو شێوازەی لەهەموو شەڕەکان لەناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ، حەفتانین، گارە، خواکورک و هەموو ئەو شوێنانە کە ئەشکەوت و تونێلی گەریلا تیادا بووە بەکارهێناوە، بەڵام رەنگە گەریلا رێگای خۆپارێزییان بەرامبەر بە شەپۆل و گازی ئەو بۆمبە دۆزیبێتەوە، کە سوپای تورکیا ناتوانێت بەئاسانی ئەشکەوتەکانیان بگرێت.
ژمارەیەکی تر لەگەریلاکان و تەنانەت پزیشکی هێزەکانی گەریلا باسیان لەوە کردووە، کە سوپای تورکیا بۆمبی کیمیایی و گازی ژەهراوی بەکاردەهێنێت. موراد قەرەیلان لە دوای شەڕەکەی گارە لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢١دا رایگەیاند، دیلەکانی ناو ئەو ئەشکەوتەکە بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو تیمە لەگەریلاکانیان لەو شوێنەدا شەهید بوون، هیچیان شوێنەواری گولەو پارچەی بۆمب بە جەستەیانەوە نییە. سوپای تورکیا جۆرێک لەچەکی کیمیایی بەکارهێناوە و داوای کرد لیژینەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بڕواتە شوێنی ئەشکەوتەکەو شەڕەکەو لێکۆڵینەوە لەئەشکەوتەکەو تەرمەکان بکات.
ئیدانەکردنی چەکی تێرمۆباریک
بۆمبی تێرمۆباریک تائیستا بە فەرمی وەک بۆمبێکی قەدەغەکراو نەناسێنراوە، بەڵام کاتێک رووسیا لەچیچان ئەو بۆمبەی بەکارهێنا رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بەکارهێنانەکەی ئیدانە کرد. ئێستاش بە نیگەرانییەوە باس لەبەکارهێنانی ئەو بۆمبە لە ئۆکراین دەکرێت. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ داوایکردووە ئەو بۆمبە قەدەغە بکرێت.
کورد لەکاتی بۆردومانکردنی سلێمانی و دێرسیم و هەڵەبجەو شارو شاخەکانی باکووری کوردستانەوە بە چەکی کیمیایی و ئاگرین و ژەهراوی داوا دەکات بەدەمیەوە بچن و بەکارهێنانی ئەو بۆمبانە لەدژی گەلی کورد قەدەغە بکەن، بەڵام هیچ کاتێک لەکات و سەردەمی خۆیدا باس لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لەدژی گەلی کورد نەکراوە. جگە لە چەند دەنگێکی لاواز و کەم هیچ دەنگێک ئەو تاوانکارییانەی ئیدانە نەکردووە.
تەنانەت کاتێک گەنجانی کورد بۆ ئیدانەکردنی بەکارهێنانی بۆمبی ژەهراوی و کیمیایی سوپای تورکیا لەشەڕەکانیدا لە سەرێکانی و عەفرین و زاپ و ئاڤاشین، لەمانگی تەمموزی ٢٠٢١دا لەشاری لاهای هۆڵەندا لەبەردەم بارەگای رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی چالاکیی ناڕەزایەتیان ئەنجامداو داوایانکرد، ئەو رێکخراوە بەئەرکی خۆی هەستێت و سەردانی بەرەکانی شەڕ بکات و لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیای بکات و بەکارهێنەرەکانی ئیدانە بکات و رێوشوێن و سزای پێویستیان لەدژ بگیرێتەبەر، بەڵام ئەوەی روویدا هێرشی هێزەکانی پۆلیسی هۆڵەندا بوو بۆ سەر چالاکوانانی کوردو ٥٥ گەنجی چالاکوانی کوردیان بەتوندترین شێوە دەستگیرکردو هیچ کارێکیشیان بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام نەدا.