ئـــۆپـراسـیۆنی «چــنــگی قـوفڵ»؛ پـــارتـەكــــەی ئــەردۆغانو ئابــووریی توركیا كڵۆم دەدات
تورکیا ٣٥هەمین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنووری بۆ سەرخاکی باشوور دەستپێکرد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای تورکیا بەفەرمی شەوی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ لە دوای زنجیرەیەک بۆردومانی چڕی ئاسمانی و هێرشی تۆپخانەکانی ئۆپراسیۆنی هاوکاتی زەمینی و ئاسمانیی بۆ سەر چیای رەش، کوڕژارۆ و شکەفتا بریندران لە زاپ و بەدوای ئەوانیشدا هێرشی بۆ سەر ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئەم ئۆپراسیۆنەی سوپای تورکیا دەبێتە ٣٥هەمین ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، کە هەموو ئۆپراسیۆنەکان لەساڵی ١٩٨٣ەوە تا ئێستا بە ئامانجی لە ناوبردنی پەکەکە ئەنجامدراون.
ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا
لە ١٩٨٣ەوە بۆ ١٩٩١
تورکیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە لە دژی پەکەکە ئۆپراسیۆنەکانی «دەرەوەی سنوور» ئەنجام دەدات. یەکەم ئۆپراسیۆنی «دەرەوەی سنوور»ی تورکیا لەدوای واژۆکردنی «رێککەوتننامەی هاوکاری و ئەمنیی سنوور» لەسەردەمی کەنعان ئەڤرەن دا لەگەڵ حکومەتی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنجامدرا. ئۆپراسیۆنەکە ٢٥ی ئایاری ١٩٨٣بە بەشداریی ٧ هەزار سەرباز بەڕێوەچوو. تورکیا تا ساڵی ١٩٩١ و لەساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٦دا دوو ئۆپراسیۆنی تری ئەنجامدا. لە ئۆپراسیۆنەکەی ساڵی ١٩٨٦دا بنکەکانی پارتیش بۆردومان کران و ژمارەیەک لەپێشمەرگەکانی پارتی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا.
ئۆپراسیۆنەکان لە ١٩٩١ەوە بۆ ١٩٩٧
لەدوای شەڕی کەنداوو داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدام حوسێنەوەو راپەڕین لە باشووری کوردستان و دەرکردنی سوپای عێراق لەهەموو ناوچە سنووریەکانی نێوان عێراق و تورکیا، تورکیا بەخێرایی دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور. تەنها لەساڵی ١٩٩١دا سێ ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا، کە دوو لە ئۆپراسیۆنەکانی بەهاوکاریی بەرەی کوردستانیی ئەوکات، کە پارتی و یەکێتیی زۆرینەی ئەو بەرەیە بوون، ئەنجامدرا.
تورکیا هاوکات لەگەڵ ئەو ئۆپراسیۆنانەدا لەساڵی ١٩٩١ەوە لە ناوچەکانی بادینان دەستیکرد بە دروستکردنی کەمپی هەواڵگری و چاودێری. هاوکات لەگەڵ پەیامی تورگوت ئۆزال بۆ ئۆجالان، کە داوایکردبوو «شەڕ کەم بکەنەوە» و هەوڵ دەدرا دۆخی گفتوگۆ بۆ کێشەی کورد بڕەخسێت، سوپای تورکیا لە ٦ی ئایاری ١٩٩٢دا ئۆپراسیۆنی هەشتەمی دەرەوەی سنووری بەناوی «دزەکردن» ئەنجامدا. دوای ئەوەش لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا تورکیا ئۆپراسیۆنێکی تری بە بەشداریی ١٥ هەزار سەرباز، تانک، تۆپخانە، کۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی ئەنجامداو ماوەی ٢٠ رۆژی خایاند.
ئۆپراسیۆنە هاوشێوەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٩٣ و ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ و ٦ی شوباتی شوباتی ١٩٩٤ و نیسانی ١٩٩٤ بەردەوام بوون.
سوپای تورکیا ساڵی ١٩٩٥ و لەدوای ئامادەکارییەکی زۆر دەستی بەهێرشێکی بەرفراوانکرد. ناوی ئەو ئۆپراسیۆن و هێرشە «ئاسن» بوو. دەوڵەتی تورکیا لەو کاتەدا رایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنە لەدوای ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی قوبرس گەورەترین ئۆپراسیۆنی «دەرەوەی سنوور» بووە. ئۆپراسیۆنەکە بە بەشداریی ١٣ جەنەڕاڵ، ٣٥ هەزار سەرباز لە رۆژی ٢٠ی ئاداری ١٩٩٥ لە حەفتانین دەستیپێکرد. پارتی پشتیوانیی لەو ئۆپراسیۆنە کردو ئۆپراسیۆنەکە ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو.
سوپای تورکیا دوای ساڵێک لەو ئۆپراسیۆنە ٣ جاریتر ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا. ئامانجی ئۆپراسیۆنی یەکەمی لە ٦ی ئاداری ١٩٩٦ کۆنترۆڵکردنی هێڵی سەرحەد، حەفتانین و کێلەڕەش بوو. ئۆپراسیۆنەکەی تر ناوی «زلـلەی هەڵۆ» بوو و هاووڵاتییانی مەدەنیی ناوچە سنوورەکانی کردبووە ئامانج. لەکانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا و رۆژانی کۆتایی ئەو ساڵەدا سوپای تورکیا و پارتی لە باشووری کوردستان دەستیان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی تر کردەوە.
ئۆپراسیۆنەکانی ١٩٩٧ تاوەکو ٢٠٠٧ و دروستکردنی بنکەی سەربازی لەخاکی باشوور
سوپای تورکیا لەگەڵ تێپەڕینی کات ژمارەی سەربازەکانی زیاد دەکردو تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوتری لەئۆپراسیۆنەکانیدا بەکاردەهێنا. لە ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسیۆنی «چەکوش»ی ئەنجامدا. ئۆپراسیۆنەکە لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ بە بەشداریی ٥٠ هەزار سەرباز دەستیپێکرد. دوای ئەوە ٢ کۆپتەری سوپای تورکیا خرانە خوارەوەو فەرماندەکانی ئۆپراسیۆنەکە لەناو کۆپتەرەکاندا کوژران، ئۆپراسیۆنەکە کۆتایی پیهات.
سوپای تورکیا جارێکیترو لەمانگی ئەیلولی هەمان ساڵ بە ١٠٠ تانک و ١٠ هەزار سەرباز دەستی بەئۆپراسیۆنێکی تری «دەرەوەی سنوور» کردەوە. ئەو ئۆپراسیۆنەش، کە پارتی تیایدا بەشدار بوو ناوی «لێدانی چەکوش» بوو. دوای ئەو ئۆپراسیۆنە دەوڵەتی تورکیا ناوەندی هەواڵگریی خۆی لەزاخۆ کردەوە. هاوکات لەناوچەکانی باتوفا، کانی ماسی، بامەڕنی و شیلادزێ بنکەی سەربازیی کردەوە و تانک و تۆپ و چەکی قورس و ژمارەیەکی زۆر سەربازی تیایاندا جێگیر کرد.
سوپای تورکیا بەهاری ساڵی ١٩٩٨ بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپراسیۆنێکی تری بەناوی «موراد» ئەنجامدا، کە دەوترێت ئامانج لە ناوی ئۆپراسیۆنەکە بۆ دەستگیرکردن، یان شەهیدکردنی موراد قەرەیلان سەرکردەی دیاری پەکەکە بووە، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا.
سوپای تورکیا لەساڵی ١٩٩٩ و بۆ ٢٤هەمین جار دەستیکردەوە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک بە ناوی «ساندویچ»، کە مەبەست ئەوە بوو پەکەکە بکەن بە پاروویەک و بیخۆن. دوای ئەوەش سوپای تورکیا لەگەڵ پارتی لە ٤ی ئایاری ٢٠٠٠دا لە حەفتانین دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن، بەڵام لەدوای ٤ رۆژ ناچار بەکشانەوە کرا.
ئۆپراسیۆنەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ سەر زاپ
سوپای تورکیا لە دوای ٧ ساڵ و لەکانوونی یەکەمی ٢٠٠٧دا بە فەرمی ٢٥هەمین ئۆپراسیۆنی «دەرەوەی سنوور»ی بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی ئەنجامدا، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
دوای ئەوە لە رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٠٨ دا ئۆپراسیۆنێکی تریان بەناوی «خۆر» بۆ سەر زاپ دەستپێکرد. یاشار بیوک ئانت سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا، گەرچی زۆر باسی گرنگی و بەهێزیی ئۆپراسیۆنەکەی دەکرد، بەڵام لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی سەختی گەریلاکانی پەکەکەدا دەیان سەربازی تورکیا کوژران و کۆپتەرێکیان خرایە خوارەوە. سوپای تورکیا ناچار بوو لە دوای ٨ رۆژ و ٢٩ی شوباتدا بکشێتەوە.
لەو کاتەدا لەدژی ئۆپراسیۆنەکە خەڵکی ناوچەی بامەڕنی و کانی ماسی راپەڕین و ئەوەش بووە دروستکردنی پشتیوانییەکی بەهێزو رۆڵی هەبوو لەتێکشکاندنی سوپای تورکیادا، چونکە سوپای تورکیا نەیتوانی لەبنکە سەربازییەکانییەوە لەباشووری کوردستان هێز بۆ ناوچەی ئۆپراسیۆنەکە بنێرێت.
ئۆپراسیۆنەکانی دوای کۆتایهێنان بەپرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا
لەدوای بەردەوامیی شەڕ لەباکوری کوردستان و بەدوایدا دەستپێکردنی پرۆسەکانی ئاشتیی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١و دیسانەوە دەستێپکردنەوەی شەڕ لە ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣ و دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ و کۆتایپێهان بەو پرۆسەیە لە ٢٠١٥دا، دەوڵەتی تورکیا شەوی ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ بە ٨٠ فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی گەریلا لەسنووری هەر سێ پارێزگای دهۆک و هەولێرو سلێمانی. هاوکات شەڕێکی قورس لە ناوخۆی باکووری کوردستان و لەشارەکان و شاخەکاندا لەدێرسیمەوە بۆ سەرحەد، لەئەمانوسەوە بۆ مێردین، لە ئامەدەوە بۆ جۆلەمێرگ، لە ئاگرییەوە بۆ کاتۆ دەستیپێکرد.
شێوازەکانی شەڕ لەدژی پەکەکە
بەپێی لێدوان و وتەی بەرپرسانی تورکیا، دەوڵەتی تورکیا بڕیاریداوە کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت. دەوڵەتی تورکیا تائێستا چەند مۆدێلی جەنگی لەدژی پەکەکە بەکارهێناوە. ئەو جەنگانە بەپێی شێوازی جەنگ لەوڵاتانی تردا بۆ تێکشکاندنی گروپە بەرهەڵستکارەکان گرتووەتەبەر. ئەو شێوازانەش بریتین لە، داخستنی باڵە یاساییەکانی نزیک لەو هێزە، زیندانیکردنی دۆست و لایەنگرانی ئەو هێزە و دوورخستنەوەیان لەکاری سیاسی و مەدەنی و رێکخراوەیی.
هاوکات لەگەڵ ئەو شێوازەدا لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە کاری بۆ تیرۆکردنی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پەکەکە کردووە تاوەکو ئەو حزبە لەڕووی سەربازی و تۆڕی رێکخستن و بەڕێوەبردنەوە لاواز بکات. بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە مۆدێلە سەربازییەکانی شەڕی دژ بەپڵنگەکانی تامیل، کە بووە هۆی کۆتایهاتن بەو گروپە، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە دژی پەکەکە بەکار دەهێنێت. هاوکات شێوازی جەنگی ئەمریکا لەناوچە شاخاوییەکانی ئەفغانستان لەدژی پەکەکە بەکار دەهێنێت. شێوازی جەنگی ئیسرائیل لەدژی گروپە چەکدارەکان و دروستکردنی ناوچەی چۆڵ و بەدەر لەدانیشتوان و هێرشی قورس بەڕێوەدەبات. لەگەڵ ئەوانەدا دەیەوێت بە مۆدێلی شەڕی دژ بەداعش پەرە بەشەڕ لە دژی پەکەکە بدات. لەو مۆدێلەدا دەیەوێت هاوپەیمانییەک بۆ لێدانی پەکەکە دروست بکات، لەوەشدا تاڕادەیەک سەرکەوتو بووە، هەموو هێرش و ئۆپراسیۆنەکانی بەڕەزامەندی ئەمریکا و ناتۆ بە هاوکاریی گروپە چەکدارە جیهادییە توندڕەوەکانی سوریا، بە رەزامەندیی حکومەتی بەغدا و بەبەشداریی پارتی و بەبێدەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبات.
هاوکات لەگەڵ گرتنەبەری ئەو شێوازانەدا تورکیا لەڕووی تەکنەلۆژیای سەربازی و جەنگییەوە گەیشتووەتە ئاستێک، کە زۆر متمانەی بە خۆی هەیە و لەو بڕوایەدایە دەتوانێت بەو شێوازانە و بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییە پێشکەوتوانە پەکەکە لەناوببات، کە ئەو تەکنەلۆژیا سەبازییانە خۆی لە بۆمبی هۆشمەند و پێشکەوتوو و بەهێز، بۆمبی کیمیاوی و گازی ژەهراوی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ هێرش و چاودێری، بەکارهێنانی تۆڕی هەواڵگریی خۆجێیی لە ناوچەکانی نزیک گەریلا و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف ١٦ و تۆپخانەی جۆراجۆر و کامێرای حەراری و رادار و... هتددا دەبینێتەوە. تورکیا لە شەڕەکانی لیبیاو سوریاو ئەرمینیا بەهێزی تەکنەلۆژیای سەربازیی خۆی نیشاندا، بۆیە بە پێداگرییەوە دەڵێت، دەیانەوێت پەکەکە لە ناوببەن.
هەر ئەوەش وایکرد، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا چەندجار لەسەر یەک رایبگەیەنێت و بڵێت، «لە ساڵی ٢٠١٧ هیچ شتێک نامێنێت بە ناوی پەکەکە و ئیتر کەس نامێنێت ناوی پەکەکەی بە زماندا بێت و قەندیل بەتەواوەتی لەناو دەبەین»، بەڵام تورکیا تا ئێستا بەو ئامانجەی نەگەیشتووە. سەرباری هەموو هەوڵ و پلانەکان و پشتوانییەکان لەتورکیا و بەکارهێنانی زۆر رێگا هێشتا نەیانتوانیوە هیچ یەک لەسەرکردە دیارەکانی پەکەکە وەک جەمیل بایک، موراد قەرەیلان، دوران کاڵکان بکاتە ئامانج. ئەوەش دەریدەخات، پەکەکە و سەرکردەکانی پلانی باشیان بۆ بەرگریکردن لە خۆو خۆپاراستنی خۆیان هەیە.
ئۆپراسیۆنەکان لەساڵی ٢٠١٧ەوە
لە بەردەوامیی ئەو دۆخەدا و پێداگریی تورکیا بۆ کۆتایهێان بە پەکەکە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا دەستیکرد بە ئۆپراسیۆن بۆ سەر ناوچەی برادۆست. لەساڵی ٢٠١٨دا سوپای تورک رۆیشتە ناوچەکانی چیادیل و بەرمیزە و بەهۆی پشتیوانیی پارتییەوە بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچەیە پێشوازییان لەو سوپایە کردو خوانیان بۆ رێکخستن. ئەندامێکی دیاری پارتی لەو ناوچەیە بە ناوی ئەرشەد حسێن محەمەد ناوسراو بە ئەرشەد لۆلانی وەک وەرگێڕ لەگەڵ سوپای تورکیادا بوو. رەنگە ئەوەش بووبێتە هۆی ئەوە، کە ئەرشەد لەساڵی ٢٠١٨ لەسەر لیستی پارتی بە دەنگی ٨٤٢٦ کەس کرابێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
تورکیا تاوەکو ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٦ بنکەو بارەگای لە ناوچەی برادۆست کردەوە. هەروەها لەساڵی ٢٠١٩ ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆ لەخواکوڕک بە پشتیوانیی پارتی بەڕێوەبرد. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئۆپراسیۆنی چەنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگی پێکەوە بۆ سەر حەفتانین و شەنگال دەستپێکرد. لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١دا ئۆپراسیۆنێکی بۆ سەر گارە دەستپێکرد، کە ئەو ئۆپراسیۆنە بە قورسی تێکشکا و ژمارەیەک فەرماندەی سوپای تورکیا کوژران. لە دوای ئەوە لە ٢٣ی نیسان ئۆپراسیۆن بۆ سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکردو ژمارەیەکی زۆر شەڕی قورس بۆ ماوەی ٨ مانگ لەناوچەکانی زەندورا، وەرخەل، شاخەسوور، شاخی سولەیمان، مام رەشۆ، دۆڵی ماران، دۆڵی کۆنفرانس و.... هتد بەڕێوەچوو. گەرچی ئێستا ٦ ساڵ بەسەر قسەکەی سولەیمان سۆیلوی وەزیری ناوخۆدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا پەکەکە و گەریلاکانی لەشەڕدان و قەندیل و ئەو ناوچانەش بۆ سوپای تورک نەگیراون و هەر باسکردن لەپەکەکە و شەڕی پەکەکە گەرمە.
ئۆپراسیۆنی چەنگی قوفڵ
گەرچی دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر کەم گەریلای پەکەکە ماون، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ شەڕەکان قورستر و ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە بەرفراوانتر دەبن. ئەگەر ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا ئەنجامیان هەبوایە پێویستی نەدەکرد بەو چڕی و قورسییە و بەو خێرایی و بەرفراوانییە درێژە بە ئۆپراسیۆنەکانیان بدەن. هەر خۆی بەردەوامیی شەڕ نیشانەی ئەوەیە، هێشتا پەکەکە بەهێزە و سوپای تورکیا و ئەنقەرە بە مەترسیی گەورەی بۆ سەر خۆیان دەزانن، کە بەو ڕادەیە هێزو تەکنەلۆژیا و بودجە لەدژی پەکەکە بەکاردەهێنن و خەرج دەکەن.
جەنگی کوردستان سەرچاوەی قەیرانی ئابووریی تورکیایە
دوران کاڵکان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری تورکیا بۆ خەرجییەکانی شەڕی کوردستان دەگەڕێتەوە. دەوڵەتی تورکیا بودجەیەکی زۆری بۆ شەڕو سەرکەوتکردنی کورد تەرخانکردووە. هەموو شەڕەکان تێچوویەکی زۆری بۆ تورکیا هەیە. تەنانەت ئەو گوشارە ئابوورییە بەڕادەیەک زۆر بوو، کاتێک بۆ ماوەیەک لە تورکیا قەیرانی پیاز هەبوو و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی جەماوەریی حزبەکەیدا لە پارێزگای ریزە وتی، نابێت هیچ کەس ناڕەزایەتی دەرببرێت، ئێوە دەزانن فیشەکێک چەندی تێدەچێت؟ باسی ئەوەیکرد، ئەوان لە شەڕدان و دەبێت هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا یارمەتیی دەوڵەت بدات. بێگومان شەڕ ئابووریی وڵات هەڵدەلوشێت و کار و وەبەرهێنان و ئاوەدانی کەم دەبێتەوە و قەیرانی ئابووری و بە دوایدا قەیرانی سیاسی و سەربازی دروست دەبن. ئێستا لە تورکیا ئەو قەیرانانە بە روونی دەبینرێن.
ناوی ئۆپراسیۆنەکە ئاماژەی کۆتاییە!
ئۆپراسیۆنی ئەمساڵ ناوەکەی سەرنجڕاکێشە، «چنگی قوفڵ» رەنگە لەهەناوی ئەو ناوەدا پەیامی کۆتا ئۆپراسیۆنی تورکیا هەبێت. پەیامەکەش ئەوە بێت، کە دەیانەوێت بە چنگی خۆیان هەموو شتێک قوفڵ بدەن و کۆتایی بەهەموو شتێک بهێنن و هەموو شتێک دابخەن. لەبەر ئەوەش ئەم ئۆپراسیۆنە لەئۆپراسیۆنەکانی ساڵانی تر قورسترو چارەنووسسازتر دەبێت. ئەگەر ئەمساڵ تورکیا بە ئەنجام نەگات و وەک خۆی دەڵێت، ئەگەر نەتوانێت پەکەکە لە ناو ببات، ئەوا ئەگەری زۆر ئەوەیە، کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەهۆی دۆخی ناوخۆی تورکیا و هەڵبژاردن و قەیرانی سیاسی و ئابووری و گۆڕینی هێزو هاوسەنگیی هێز لەتورکیا، نەتوانێت ئۆپراسیۆنی وەک ئەمانەی ئەم چەند ساڵە لەدەرەوەی سنوور ئەنجام بدات. رەنگە ناوی ئۆپراسیۆنەکە ئەو پەیام و مەدلولاتانەی تیادا بێت.
ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا زیانی سەربازی و مەدەنیی زۆریان لێکەوتووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کۆماندۆی تورکیا و فەرماندەکانیان لەو شەڕەدا کوژراون. لە بەرامبەریشدا ژمارەیەکی زۆر گەریلا و فەرماندە و بەرپرسی پەکەکە لەو ئاکامی ئەو شەڕەدا گیانیان لە دەستداوە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا تەنها لە ٢٠١٧ەوە تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتیی باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە کراونەتە ئامانج و شەهید کراون. ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان، کە لەسەروو ١٠٠ گوندەوە دەبن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کراونەتە ئامانج و بەشێکی زۆریان چۆڵیان کردووە. سوپای تورکیا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان باخ و رەزو ئۆتۆمبێل و ماڵی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج و زیان بەهاووڵاتیانی هەرێم دەگەیەنێت.
درێژە کێشانی ئەم شەڕەو بەردەوامی بەرەنگاریی گەریلاکانی پەکەکە نیشانی دەدات، پلانی تێکشکاندنی پڵنگەکانی تامیل، شەڕی ئەفغانستان و ... هتد لەدژی پەکەکە کاریگەریی نەبووە. ئەم ئۆپراسیۆنەی ئێستا چارەنووسی دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی و بەئەگەری زۆریش کێشەی کورد لە تورکیا یەکلایی دەکاتەوە، بۆ ئەوەش قورسترین ئۆپراسیۆن دەبێت و قورسترین شەڕ و بەرەنگاریی تیادا روودەدات.