تێڕامانێك لەئاشتی، دۆخی هه‌نووكه‌یی هه‌رێم‌و به‌غدا
2 ساڵ لەمەوپێش
حەكیم عەبدولكەریم
هەندێک لەتیۆرە سیاسییەکان لەڕوانینیاندا بۆ ئاشتی وا باسیدەکەن کە ئاشتیی بریتیه له(ئایدۆلۆژیایی بەرژەوەندی). ئەوەش لەو سۆنگەیەوە دێت کە شتێک نییە ناوی بنێین ئاشتی نموونەیی، ئاشتییه‌كی ئایدیاڵ و ته‌واوه‌تی. ئاشتی خۆی كرۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه، تەنانەت لەو کاتانەش کە ئامادەییه‌كی زۆر هەیە بۆ قوربانیدان لەپێناو ئاشتیدا، ئەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی ئاشتی كه سیاسییه، ئاشتی خۆی پێش هه‌رشتێك پرۆسه‌یه‌كی سیاسییه، هه‌روه‌ك سیاسەت بۆخۆی زۆرجار بەوجۆرە وەسف دەکریت کە خاڵییە لەچاكهخوازی (فەزیلەت)، بەواتای ئەوەی سیاسەت به‌تایبه‌ت له‌ڕه‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تی و ههرێمیهكهیدا هەندێک جار لەدەرەوەی ئەخلاق کاری پێدەکریت و نزیک دەبیتەوە لەپراگماتیک و جۆرێك له‌دیدی مهكیافیلیانه، کە سودگه‌رایی خودیی باڵاده‌سته. هەرەها وا له‌سیاسەت ده‌ڕوانرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی جۆرێك بێت لەجەنگ. چۆن هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی خوددایه، ئاشتیش هه‌ر بهئامانجیی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی خودییه، به‌ڵام به‌بێ هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی ئه‌ویتر، له‌شه‌ڕدا ئامانج به‌رزكردنه‌وه‌ی خود‌و وێرانكردنی ئه‌ویتره، له‌ئاشتیدا ئامانج به‌رزكردنه‌وه‌ی خود و داننانه بهئهویتریشدا.
ئاشتی پەیوەندی بەدەوڵەتان یان یەکە سیاسییەکانەوە هەیە، لەکۆتایدا ئاشتی بۆخۆی ئامانجێکی سیاسییە. بەڵام وەک ئەوەی سپینۆزا باسی دەکات: «ئاشتی تەنها نەمانی شەڕ نییە، بەڵکو ئاشتی چاکەیە، ئاشتی دۆخێکی هزرییه، هه‌روه‌ها ویستێکە بۆ بەدەستهێنانی چاكه«.
لەکاتێکدا كه ئاشتی بوو به‌ئامانجێکی سیاسی! کەوایە هەوڵیکە بۆمانەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ‌و دەرەوەی یەکە سیاسییەکان. بۆیە تیگەشتن لەئاشتی لەدەرەوەی مەرجە مێژووییەکان ئه‌سته‌مه؛ چونکە چالاکی دۆخی ناوخۆیی یەکە سیاسییەکان هەمیشە لە ئەگەری گۆڕاندایە لەماناو جێگەی هێزدا، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی گۆرینی باڵانسی هیز. گومان لەوەدا نییە کە گۆڕینی باڵانسی هێز هەمیشە سەرچاوەی هەموو ناکۆکییەکان بووە. بۆیە گەر ویستی ئاشتی هەبێت، ناکریت لەدەرەوەی ئەنالیزەکردنی توانا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی یەکە سیاسییەکان و دوور لەهەڵسەنگاندنی باڵانسی هێز باس لەدەسکەوتی ئاشتی بکرێت. پێش هه‌ر هه‌نگاونانێك بۆ ئاشتی گرنگه له‌توانا خودییه‌كانی خۆمان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا بنواڕین، گرنگه ئاستی هێزی خۆمان و پێگه‌ی خۆمان بزانین، له‌هیچ هه‌لومه‌رجێكی ئاشتیدا لاوازه‌كان ناتوانن مه‌رجی خۆیان به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ردا بسه‌پێنن، له‌هیچ هه‌لومه‌رجێكی ئاژاوه‌ی ناوخۆیی و لاوازی ناوخۆیی و پهرتهوازییدا ناتوانرێت ئاشتییه‌كی شایسته به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بهسهپێنیت یان به‌ده‌ستی بهێنیت. ئایا ئێسته هه‌رێم له‌دۆخێكدایه كه ئه‌وانی تر ناچار بكات ئاشتییه‌كی شایسته‌ی پێ ره‌وا ببینن؟
ئه‌مڕۆ كه دۆخی قه‌یراناوی په‌یوه‌ندی نێوان هەریمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ئارادایه ده‌كرێت بپرسین تێگه‌شتنی ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان لەکوێی ئەم خوێندنهوانهدایه له‌باره‌ی بژارده‌كانی شه‌ڕو ئاشتی لەئەگەری جیبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراقدا سه‌باره‌ت به ناده‌ستووری بوونی مامه‌ڵه‌كردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی هه‌رێم به سامانی سروشتی خۆیه‌وه. دۆخی ناوخۆیی كوردستان له‌چ ئاستێكدایه؟
ئەوەی روونه ئه‌وه‌یه کە ناوەند پاساوی دەستوری هەیە لەئەگەری هەرجوڵەیەک بەجوڵهی سەربازیشەوە بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا چه‌كی یاسایی به‌ده‌ست ناوهندهوهیه، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم مامه‌ڵه‌یه‌كی فهرامۆشكاری و گوێپێنه‌دانی ده‌ستپێكردووه كه نازانین له‌م مامه‌ڵه‌یدا پشتی به‌چ هێزێك به‌ستووه؟ له‌كاتێكدا به‌غدا هێزی یاسایی و دەستوری پارادیمی کارەکانیانە. ئه‌وه‌ی له‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی هه‌رێمدا ده‌یبینین شتێك له‌پرۆسه‌ی ریفراندۆممان بیرده‌خاته‌وه.
بۆیە گرنگە مامەڵە لەگەڵ هێزی دەوڵەتی عێراق بەژیرییەکی لۆژیكی بکریت، چونکە لەمێژووی دورو نزیکدا زۆرن ئەو هەوڵە ئاشتیانەی لەبری جێبەجێکردنی پرینسیبەکانی ئاشتی بەڵکو تەسلیمبوونی هێناوه‌ته ئاراوە، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و سه‌رنجانه‌ی كه له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه هه‌مانه، به‌ڵام ریفراندۆم ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییانە بوون كه نەبوونی ستراتیژ‌و دووربینی سیاسی کاربەدەستانی هەرێم بۆ ئەوساو ئێستا‌و ئایندەی سیاسی و جیۆسیاسی ناوچەکەو خۆناسینمان چه‌نده به‌زیان كه‌وته‌وه، کە دەکرێت مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه له‌گه‌ڵ ئه‌م قەیرانەشدا دەرەنجامە نێگەتیڤەکانی کەمتر نەبیت بۆ ئایندەی قەوارەی دەستوری هەریم. بۆیە گرنگه پێش ئه‌وه‌ی به‌غداو هه‌رێم بگه‌نه خاڵێك نه‌توانن به ئاسانی بگه‌ڕێنه دواوه، پێوسته كار بۆ ئاشتی بكرێت.
روونە سروشتی ئاشتی بۆ خۆی پەیوەندیەکی سیاسییە، هەربۆیە وەک جەنگ پێویستی بەدوو رکابەر هەیە، بەڵام ئەوەی ئاشتی لەجەنگ جیادەکاتەوە بڕیاری ئاشتی وەک بڕیاردان نیە لە جەنگ «جەنگ کردەیەکی توندوتیژییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان و ملکەچکردنی بەرامبەرو سەپاندنی ئیرادە بەسەر ئەویتردا»، لەکاتێکدا ده‌شێت بڕیاری جەنگ له‌یه‌ك لایه‌نه‌وه بدرێت، به‌ڵام هه‌میشه ئاشتی پێویستی بە رەزامەندی دوو لایه‌نه‌یه. بەم روانینەوه دەکرێت بڵێین گوتارە سیاسییەکانی هەرێم و بەغداد ئاماژەگەلێکن بۆ چوون بۆ گرژیی و ئاڵۆزی. لەنەبونی کاری دیبلۆماسی سەرکەوتوو بەرەو شەڕچوون بژارەدی زاڵ دەبیت.
بۆیە لێرەدا دەخوازم ئەوە بڵێم ویستێکی سادە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان چارەسەر ناکات، هه‌روه‌ها نابێتە هۆکارێک بۆ نەهیشتنی دوژمنکارییەکان، بەڵکو دەبیت لەکاتی ویست بۆ دانوستاندا رەچاوی هێزو گەرەنتی بەهێزی ئاشتی ناوخۆیی و سەقامگیری سیاسی کرابێت. لەئەگەری شەڕو رۆشتن بۆ ئاشتی؛ سازان یەکێك لەهه‌ر گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتن دەبێت، بەواتای پێداگری لایەنێک لەسەر داخوازییەکانی یەکەم جاری بیگومان ئاستەنگی ئاشتی دەبێت، بەو پێیەی کەهەرێم و بەغداد ئێستا لەهەلومەرجێکی سیاسی ئاڵۆزدان، بەتایبەت لەسەر دۆسییەی نەوت، دەزانین کەئەو هەلومەرجەی بۆ سەرکەوتن لەدانوستاندا دەبێت هەبێت لەلای هەریم لاوازترە لەوەی لەناوەند دەبینرێت؟ ئەگەرچی هێشتا بابەتەکە لەناکۆکیدایەو نەگەیشتووە بە دۆخی شەڕ.
رسته‌یه‌كی ناپلیۆن ده‌شێت بۆ ئه‌مه كۆمه‌كمان بكات، ئه‌و كاتێك له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه تووشی شكست هات، و سواری كه‌شتییه‌ك كرا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فی بكه‌ن بۆ دوورگه‌ی «سانت هیلین» «ئەو دورگەی کە سەربەشانیشینی بەریتانیایە و لە زه‌ریای ئەتلەسییە لە ساڵی ١٨١٥ز ناپلوێنی بۆنەفیکراو هەتا مردنی ساڵی ١٨٢١لەو دورگەیهدا مایەوە»، كاتێك ناپلیۆن بۆ کۆتا جار تەماشای کەنارەکانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی دژبه‌یه‌كی بەریتانیا و فەرەنسای دەکرد گوتبووی:
«چەند شتی گەوره هەبوو کە دەمانتوانی بیکەین، هه‌روه‌ها چەندە خراپەمان بەرامبەر بە خۆمانکرد»، ئایا ئه‌گه‌رێك هه‌یه ئێمه‌ش سبه‌ینێ وا له‌خۆمان و به‌غدا بنواڕین؟