لەهەڵەبجەی تازە زیرەكیی منداڵێك 125% تێدەپەڕێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

نزا بەكر ئەو منداڵەی رێژەی زیرەكییەكەی 125%ە لەدایكبووی 1/1/2015 یەو دانیشتووی هەڵەبجەی تازەن، بەوتەی پزیشكەكەی بە 25 خولەك كتێبێكی خوێندووەتەوە و شەوانەش كتێب دەخوێنێتەوە، وەزیری پەروەردەش بەڵێنی پێداوە لەكۆلێژی زانكۆی كامبریج لەسلێمانی بەردەوامی بەخوێندنەكەی بدات.

چۆن زیرەكیەكەی ئاشكرابوو؟

زیرەكی ئەو منداڵە كاتێك ئاشكرابووە كەبەهۆی كەمی كێشیەوە دایكی بردوویەتیە لای پزیشك، بەڵام لەچاوەڕوانی تەواوبوونی پشكنینەكەی كە 25 خولەكی خایاندووە كتێبێكی خوێندووەتەوە.

پاشان پشكنینی زیرەكی بۆ كراوە و دەركەوتووە ئاستی زیرەكییەكەی 125% زیاترە و وەزیری پەروەردە قسەی لەگەڵ دایكی منداڵەكە كردووەو بڕیاریداوە بینێرێتە كۆلێژی زانكۆی كامبریج لەسلێمانی.

پزیشكەكەی وردەكاریەكەی ئاشكرادەكات

كۆچەر عومەر، پزیشكی پسپۆڕی مناڵان یەكەمجار پشكنینی بۆ منداڵەكە كردووە بەهاوڵاتی وت: «ئەو منداڵەی كە پشكنینی  IQی بۆ كراوە یەكێكە لە نەخۆشەكانم، تەمەنی تەنها حەوت ساڵە و دەیان كتێبی خوێندووەتەوە، لەپێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب یەك عەرەبانە كتێبی كڕیبوو، هەرزوو هەمووی خوێندبووەوە، زیرەكییەكی لەڕادەبەدەری هەیە و ئاستی زیرەكی (125%) زیاتریشە».

وەك ئەو پزیشكە دەڵێت « كێش و خواردنی كەم بوو و لەم نەخۆشخانەیەدا چیرۆكێكی منداڵانم پێدا بیخوێنێتەوە بەڵام وتی من ئەو چیرۆكانە ناخوێنمەوە، پاشان چیرۆكێكی دیكەم پێدا كە بۆ منداڵی نۆ ساڵ دەبێت، بەڵام تا پشكنینەكەی تەواو بوو كە 25 خولەكی پێچوو ئەویشی خوێندەوە».

«هەر منداڵێك دێتە لام چیرۆكێكی دەدەمێ تا پێوەی سەرقاڵ بێت ئەو چیرۆكەی من پێمدا بۆ تەمەنی خۆی بوو وتی ئەوە بۆ من هیچ نییە بۆیە چیرۆكێكی دیكەم پێدا، ئەویشی بەكەمتر لەنیو كاتژمێر خوێندەوە منیش بەلامەوە نائاسایی بوو، دوای گفتوگۆ لەگەڵ دایك و باوكی بۆم دەركەوت منداڵێكی نائاساییە بەتایبەت بۆ وڵاتی ئێمەو لەدەرەوەی شاریش». د.كۆچەر عومەر وای وت.

بەوتەی د.كۆچەر عومەر :»بەهۆی گومانی لەزیرەكی ناسروشتی منداڵەكە ناردوویەتی بۆلای د.ئەفرام تا پشكنینی زیرەكی بۆ بكەن و ئەویش كە پشكنینەكەی بینیوە سەری سوڕماوە لەئاستی زیرەكی و ناسروشتی منداڵەكە».

كوێستان ئەحمەد دایكی منداڵەكە بەهاوڵاتی وت «تەمەنی حەوت ساڵەو دەرچووە بۆ پۆلی دوو، هەموو شەوێك كتێب دەخوێنێتەوەو لەپێشانگای نێودەوڵەتی رۆشتووە زۆرترین كتێبی كریوە».

بەوتەی دایكی :»پێشتر زانیویانە منداڵەكەیان زیرەكە، بەڵام نەك بەو ئاستە، بۆیە كاتێك پزیشكەكە گومانی كردووە بۆیان دەركەوتووە ئاستی زیرەكی زۆر بەرزە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار