کوشتاری هاووڵاتیانی مـەدەنی لەسیاسەتی تورکیدا

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

 

کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی یەکێک لەکۆڵەکە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە. ئەو دەوڵەتە لەڕۆژی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە بەردەوامی و لەچواەچێوەی پلانێکی وردی ئەمنی، سیاسی، ئایدۆلۆژی و هەواڵگریدا هەمیشە هاووڵاتیانی مەدەنی و بێ دیفاع و بێ چەکی کۆمەڵکوژ کردووە.

 هەموو جومگەکان و دامەزراوەکانی وەک حکومەت، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگای هەواڵگری، سوپا، پۆلیس، دادگا، راگەیاندن، ئۆپۆزسیۆن، سەرمایەدارەکان و هاوبەشانی بازرگانی و سیاسی و ئابوریی دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆی تورکیا و لەناوچەکە و ئەوروپاو جیهان یەک دەنگ و لەپێناو کوشتارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا پاڵپشت و یارمەتیدەرو داپۆشەرو پاکانەکاری دەوڵەتی تورکیا بوون.

 هیچ حکومەت و حزبێکی دەسەڵاتدار لەتورکیادا نییە، کە بەشداریی لە پرۆسەی جینۆساید و کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنیدا نەکردبێت. جا بەشداریکردنەکەی بەشێوەی سەربازی، یان راگەیاندن و پاساوهێنانەوە، یان بێدەنگە لێکردن بووبێت هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە لەیەکێک لە رەهەندەکانەوە بەشداریی لەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتیدا کردووە.

لەمێژووی دەوڵەتی تورکیادا دەیان کۆمەڵکوژی و سڕینەوەو پاکتاوکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبینرێن. هەموو کۆمەڵکوژیەکان لەڕوانگەی نەتەوەپەرستی تورکی و ئیسلامی تورکییەوە بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی و ترسناکرترین شێوازەکانی کوشتن و سڕینەوەی ئیتنی و ئایینی ئەنجامدراون.

نەریتی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەعوسمانییەکانەوە بە شێوەیەکی وردو رێکوپێک گواستراوەتەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا، چونکە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لەکوشتار، کۆمەڵکوژی، تاڵانی، داگیرکاری، توندوتیژیی زۆر بێوێنە و خوێنڕشتنی بەردەوام و بێ راوەستان. دەوڵەتی تورکیای ئەمڕۆ ئەزموون و میراتی کۆمەڵکوژکردنی ئەلبانییەکان، یونانییەکان، بۆسنییەکان، هەنگارەکان، مەجەڕەکان، ئەرمەنییەکان، ئێزدییەکان، سوریانی و ئاشوریەکانی و میرایەتییە کوردیەکانی زۆر بە باشی لەعوسمانیەکانەوە وەرگرتووە، درێژەیان پێدەدات، کاریان پێدەکات، شێوازەکانی ئەنجامدانی دەوڵەمەند دەکات و ئەوپەڕی تەکنەلۆژیا و توندوتیژی و چەکی قورس، ناپاڵم، موشەک، تۆپخانە، چەکی کۆکوژ، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەکی فسفۆڕی، چەکی کیمیایی، چەکی تیرمۆباریک و چەکی ئەتۆمی تاکیتکی بۆ ئەنجامدانی کوشتارەکانی بەکاردەهێنێت.

لێرەدا بەشێک لەو کوشتارو کۆمەڵکوژکردنەی هاووڵاتییانی مەدەنی، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لەباکووری کوردستان و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان روویانداوە دەخەینەڕوو.

 

کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا

کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان لەڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیراندا

لەشوباتی ١٩٢٥دا دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لەناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان بە ٥٢ هەزار سەربازو چەکدارەوە هێرشی کردەسەر ١٥ هەزار چەکداری کوردو لە ئاکامدا جگە لە جەنگی نێوان چەکدارەکان، سوپای تورکیا لەناوچەکانی پارێزگای ئامەدو پارێزگاکانی هاوسنوری ئامەد نزیکەی ٥٢ هەزار هاووڵاتیی مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد.

 

کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان

سوپای تورکیا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری بەسەرۆکایەتیی ئێحسان نوری پاشا، لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ هێرشی کردە سەر دۆڵی زیلان لەناوچەی ئەردیشی پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کۆمەڵکوژکردو ٤٤ گوندی ئەو سنورەشی بە تەواوەتی خاپوورو تاڵان کرد. رۆژی ١٦ی تەمموزی ١٩٣٠ رۆژنامەی جمهوریەت، رۆژنامەی فەرمیی ئەوکاتی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە «ئەو گوندانەی لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەی لەئۆپراسیۆنی زیلاندا لە ناوبران زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. پێنج یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان رادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکی گەورەو فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم».

سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک عیسمەت ئینۆنو لە ٣١ی ئابی ١٩٣٠ دا بە رۆژنامەی میللیەتی ئەوکاتی راگەیاندبوو «لەوڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانی خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە. ئەوانە  بەپڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و رێگایان لێ تێکچووە، تورکە رۆژهەڵاتییەکانن». دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەموو هاتۆچۆکردن و سەردانکردنێک بۆ دۆڵی زیلان قەدەغە کرد.

دەوڵەتی تورکیا لەساڵی ١٩٧٨دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لەدۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکی زۆی لەگۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بەژێر ئاوەوە. هەروەها لەساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کردو سیاسەتی بەتورککردنی ناوچەکەی بەڕێوەبرد و ئەو تورکە قڕقیزانەشی کرد بە جەردەوان لەدژی کورد شەڕی پێکرد.

 

کۆمەڵکوژیی دێرسیم

دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی مەستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئینونو بۆ سەرکوتکردنی کوردە راپەڕیوەکانی دێرسیم بەسەرۆکایەتیی سەید رەزای دێرسیمدا دەستیانکر بەهێرشکردنە سەر دێرسیم. جگە لەکوژران و لەسێدارەدانی سەید رەزاو هاوڕێکانی، دەوڵەتی تورکیا ٧٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی خەڵکی دێرسیمی کۆمەڵکوژکرد. خەڵکی دێرسیممان لەدۆڵەکاندا کۆدەکردەوە و لەئاسمانەوە بۆردمانیان دەکرد، کە سەبیحە گۆکچەی کچی هەڵگیراوەی ئەتاتورک وەک یەکەم ژنە فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، رۆڵی گەورەی لەکوشتاری هاووڵاتییانی دێرسیمدا بینی. سوپای تورکیا هاووڵاتیانیان لە ئەشکەوتەکاندا کۆمەڵکوژ دەکرد، دەرگای ئەشکەوتەکانیان دەتەقاندەوەو گازی کیمیایی ئەڵمانییان دەکردە ئەشکەوتەکان و بەدوکەڵ ئەشکەوتەکانیان پڕ دەکردو بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لەئەشکەوتەکاندا بخنکێن و کۆمەلکوژ بکرێن. ئەشکەوتی کورتوزیکداغ لە دۆڵی ئیسکۆلار، کە ٢ هەزار و ٥٠٠ ژن و منداڵی تیادا بوو، یەکێکە لەو نموونانە. دەوڵەتی تورکیا خۆی باسی ئەوە دەکات، کە ١٣ هەزار و ١٦٠ کەسی مەدەنی لە دێرسیم کوژراون، ئەردۆغان لەو ساڵانەی دەسەڵاتەکەیدا کە پێویستی بەزۆری بە دەنگی کورد داوای لێبوردنی لەو کۆمەڵکوژییە کرد، بەڵام دواتر خۆیشی درێژەی بەسیاسەتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئنونو لە دژی کورد لە دێرسیم و سەرتاسەری کوردستان دا. جگە لەوانەش دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد لە دێرسیم ١١ هەزار و ٨١٨ کەسی لە دێرسیم بە زۆر بۆ ناوچە تورکییەکان راگواست و منداڵە دێرسیمیەکانی بە بنەماڵە تورکەکاندا تاوەکو بیانکەن بە تورک.

 

کۆمەڵکوژیی قەلقەلیی وان ناسراو بە ٣٣ گولـلە

خەڵکی گوندەکانی سەر سنووری ناوچەی پایزئاوا و قەلقەلیی پارێزگای وان لەگەڵ پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی دێرین کاری سەر سنوریان دەکرد، بەڵام ٢٨ی تەمموزی ١٩٤٣دا جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی ژنەڕاڵ مستەفا موغالی هەڵیکوتایە سەر گوندەکان و ٤٠ کەسیان لە عشیرەتی میلان دەستگیرکرد. بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیان وتبو، لەدوای دوو بۆ سێ رۆژ ئازادیان دەکەن، بەڵام ٣٣ کەسیان دەبەن بۆ سەر سنوورو کۆمەڵکوژیان دەکەن. ئەو تاوانە بە ناوی ٣٣ گولـلە لەمێژوودا ناوبانگێکی زۆری هەیە. وەک نموونەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەهاووڵاتییانی مەدەنی باس دەکرێت.

 

کۆمەڵکوژیی مەرەش (مەرعەش)

دەوڵەتی تورکیا لەچوارچێوەی پلانی شەرق ئیسڵاحاتەکەی لەساڵی ١٩٢٦ەوە کاری بۆ سڕینەوەی کورد لە رۆژئاوای رووباری فورات دەکرد، بەڵام بەهۆی بیری پێشکەوتوخوازی و شۆڕشگێڕی و هۆشیاربوونەوەی خەڵک، ئەو دەوڵەتە نەیدەتوانی هەموو پلانەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە بە کردنەوەی دەرگا بۆ نەتەوەپەرستەکان و گروپە میلیشایی و فاشیستەکان دەستیکرد بەکۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی کورد لەمەرەش، کاتێک لەئێوارەی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ لە سینەمای چیچەک لەمەرەش فیلمی «زەینەل و ڤەیسەل « نمایش دەکرا، لەناکاو لەسینەماکەدا فیلمێکی نەژادپەرەستەکانی تورک و مەهەپەی هاوپەیمانی ئێستای ئاکەپە و ئەردۆغان بەناوی «رۆژ کەی هەڵدێت» پەخشکرا، کە لەفیلمەکەدا سوکایەتیی زۆر بە کۆمۆنیزم  دەکرا و لە رێگەی فیلمەکەوە پەیامێکیان بۆ چەپەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردەوە. هاوکات لەو ساڵانەدا پەکەکە لەو ناوچانەدا گەشەیەکی بەرچاوی کردبوو. کاتێک گەنجانی نەتەوەپەرست سەیری فیلمەکەیان دەکرد، بۆمبێکی دەنگی کەزیانی زۆر کەمبوو تەقێنرایەوە. قەرەباڵغی سینەماکەی شێواند و یەکێک هاتەدەرەوەو وتی «چەپەکان بۆمبیان هەڵداوەتە سینەماکە». ئەو قسەیە بەخێرایی و لەماوەیەکی کەمدا بەشارەکەدا بڵاوبوویەوە. چەند گروپێک رژانە شەقامەکان و دروشمی «ئێمە عەلەوییەکانمان ناوێت»یان بەرزکردەوە و هەوڵیاندا گەل دنە بدەن. ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرست (UDG) لە ناوچەکانی ترەوە هێنران بۆ ناو شارەکە و بەو شێوەیە ژمارەی فاشیستەکان زیادیکرد. بەدروشمی «خوێنیشمان بڕژێت سەرکەوتن هەر بۆ ئیسلامە» دەستیان بەهێرشەکانیان کرد.

رۆژی دوای ئەوە، فاشیستەکان چەکیان هەڵگرتبوو و دەیانوت «عەلەوییەکان هێرش دەکەن» و بەشێوەی بەربڵاو چەک لەگەڕەکە سونەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو کاتە بە دواوە کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد. بەبێ هۆ هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیست، چەپەکان و عەلەوییەکان. تێکدان و رووخاندن، ئاگرتێبەردانیان ئەنجام دەداو هەرکەسێکێش بهاتایەتە سەر رێگاکەیان دەیانکوشت. محەمەد لەبلەبیجی سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی نەتەوەپەرستی قارەمان مەرەش (مەرەش) و موستەفا کانلدەرەیی جێگری، سەرۆکایەتیی ئەو هێرشانەیان دەکرد. دواتر ناوی ئەو کەسانە لە ناو رووداوە سیاسییەکاندا زۆر بیسترا. ئەوەی بۆمبەکەی لە سینەماکەدا تەقاندبووە کەسێک بوو بەناوی ئۆککەش کەنگەر، کە یەکێک لە ئەنجادەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش بوو، نەک چەپەکان. ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بۆمبێک لە قاوەخانەی عەلەوییەکان تەقێنرایەوە. دەیان کەسی بریندار کرد، بەڵام هاووڵاتییان لەترساندا نەیاندەوێرا بڕۆن بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم ٢ مامۆستا کوژران. لەمەراسیمی بەخاکسپاردنی مامۆستاکاندا مستەفا یڵدز مەلای مزگەوتی باغلار باش، کە تەرمەکان لەمزگەوتەکەیدا دەبران بۆ گۆڕستان خوتبەیەکی داو وتی «بە رۆژووبوون و بە نوێژکردن مرۆڤ نابێت بەحاجی. کێ عەلەوییەک بکوژێت ئەوەندە خێری دەگات، کە وەک ئەوە وایە پێنج جار چووبێت بۆ حەج. دەبێت هەموو برا ئاینییەکانمان لە دژی حکومەت، کۆمۆنیزم و بێ دینەکان راپەڕن. ئێمە عەلەوییەکان و سونە بێ ئیمانەکان لەدەورووبەری خۆمان پاک دەکەینەوە». و وتیان، «نابێت نوێژ لەسەر تەرمی عەلەوییەکان بکرێت» و هێرشیان کردەسەر تەرمەکان و بەرەو ناوەندی شارەکە رۆیشتن سێ کەسی تریان کوشت. هاوکات نەژادپەرستەکانیان بە لۆری بۆ شارەکە دەهێناو سوپاو جەندرمە رێگایان نەدەدا کەسی تر بڕوات بۆ شارەکە.

فاشیستەکان لەهەموو لایەکەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی یەنی محەلە، سەرین تەپە، ماگارالی، قەرەمەرەش و یۆرویوک هەموو گەڕەکە عەلەونیشینەکانی شارەکە. سەرەتا ماڵە عەلەوییەکانیان دیاری دەکرد، یانی دەرگا و دیوارەکەیان بۆیاخ دەکرد یان شتێکیان لەسەر دەنووسی، بە دوای ئەوەدا بەدەستڕێژی گولـلە هێرشیان دەکردەسەر ماڵەکە، بۆمبیان هەڵدەدایە ناو ماڵەکە و ئاگریان تێبەردەداو تاڵانیان دەکرد. لەبەرئەوەی بەهاناوە هاتن و هاوکاری نەبوو، بریندارەکان لەشوێنەکانی خۆیان گیانیان لە دەستدەدا. ئەوانەی هەوڵیان دەدا بچن بۆ نەخۆشخانەکان دەبوونە ئامانجی گولـلەی فاشیستەکان. رێگا نەدەدرا تەرمەکان لەسەر شەقام  و کۆڵانەکان کۆبکرێنەوە. ژن، منداڵ، گەنج، بەتەمەن، دووگیان، نەخۆش و هەموو مرۆڤەکان یەک بەیەک خرابوونە ژێر چەپۆکەی مەرگەوە.

بەپێی ئاماری فەرمی، لەو کۆمەڵکوژییەدا ١١١ کەس کوژران، بەڵام بەپێی سەرچاوەی نافەرمی بەلانیکەمەوە ٥٠٠ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و ٧٠ کارگە خاپوورکران. رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم ئیتر تەنها یەک عەلەویش لەشارەکەدا نەمابوو. ئەوەی بە زیندوویی رزگاری بوو لەشارەکە رایکردبوو.

دوای کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش، گۆڕینی دیموگرافیاو باری دانیشتوان لە رۆژئاوای فورات و ناوچەکانی کوردانی عەلەوی، بە شێوەیەکی وردو بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانی عەلەوی بەڕێوەچوو. کوردانی عەلەویی شارەکانی مەرەش، مەلاتییە، سیواس، سەمسوور، ئەرزینجان و دێرسیم و شار و شارۆچکەکانی تر سەدان هەزار کوردی عەلەوی ناچار بوون کۆچ بۆ گەورە شارەکانی تورکیا بکەن و لەوێشەوە لە رێگەی میتەوە دیسانەوە ناچار کران روو لەئەوروپا بکەن. پێش کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش لەساڵی ١٩٧٨دا لە رۆژئاوای فورات زۆرینەی دانیشتوان کوردانی عەلەوی بوون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژییەکە کوردانی عەلەوی بوونە کەمینە.

دۆسیەی کۆمەڵکوژیی مەرەش تاوەکو ساڵی ١٩٩١ بەردەوامیی هەبوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس دادگایی کران. تاوانباری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە ئۆککەش کەنگەر (دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ شەندیللەر)، هەروەک ئەوەی بەشداریی لەپێکهەڵپژانێکی ئاسایی لە گەڕەکێکدا کردبێت پارێزگاریی لێکرا و ئازادکرا. لەساڵی ١٩٩١ لەلایەن حزبی رەفاوە بۆ پەرلەمان پاڵێورا و بووە پەرلەمانتاری قەهەرەمان مەرەش. ئەو کەسە هەموو کات وەک مەکینەی کۆمەڵکوژی و وەک کەسێکی بکوژ ناوی دەبرا. هاوڕێکانیشی بوونە دەسەڵاتدار. ئونال عوسمان ئاغا ئۆغڵو، هالوک کرجی، بونیامین ئادانالی، ئەحمەد ئەرجومەنت گەدیکلی... هتد. بەپێی بەڵگەکان، ئەوان لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا لەمەرەشدا بوون، بەڵام ناویان لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەدا شاردرایەوە. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش ئەو دۆسیەیە داخرا.

 

کۆمەڵکوژیی مادیماکی سیواس

دوای ٢ ساڵ لە داخستنی دۆسیی کۆمەڵکوژیی مەرەش ئەمجارە لە ٢ی تەمموزی ١٩٩٣دا رۆشنبیران و هونەرمەندانی عەلەویی بانگهێشتکرا بۆ ئاهەنگی پیر سوڵتان ئابداڵ لە ئۆتێل مادیماکی سیواسدا کۆمەلکوژ کران. ئوتێلی ئەو رۆشنبیرو هونەرمەندانە لەلایەن ئیسلامییەکان و فاشیستەکانەوە بە دروشمی ئەڵاهوکبەر هێرشی کرایە سەر و بە بەنزین و تینەر و بۆمب و دەستڕێژی گولـلە ئاگریان لەئۆتێلەکە و میوانەکانی ناوی بەردا و لەپەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا ئەو ٣٣ کەسە کۆمەڵکوژکران. سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا لە کاردانەوە بەرامبەر بەو تاوانەدا وتی، «پۆلیس رووبەڕووی گەل نەکەنەوە، وروژاندنێکی گەورە لەگۆڕێدایە». تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکات وتی، «هاووڵاتیانی بەشدار بوو لەڕووداوەکەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە!». ئەرداڵ ئینۆنۆ جێگری سەرۆک وەزانیر وتی، «نیگەران نەبن، هێزە ئەمنییەکان لە رێدان». مەسعود یڵماز سەرۆکی حزبی راستڕەوی دایکی نیشتمان وتی، «پێویست بەگەورە کردنەوە ناکات، دەکرا لەپێشبڕکێیی دوگۆڵیشدا ئەوندە کەس بمرن!». محەمەد قازی ئۆغڵو وەزیری ناوخۆش وتی، «ئۆتێلەکە لەلایەن خاوەنی ئۆتێلەکەوە ئاگری تێبەردراوە».

 

کۆمەلکوژییەکەی گەڕەکی گازیی ئیستانبول

لەدوای کۆمەلکوژییەکانی دێرسیم، مهرهش و سیواس ئەمجارە له ١٢ی ئادار ی ١٩٩٥ لەگهڕهکی گازیی ئهستهمبۆل قاوهخانهیهک بهناوی (دۆستلهر یاوز قارداشلهر)، که هاووڵاتیانی عهلهوی هاتوچۆیان دەکرد، درایه بهردهستریژی گولهو لهئاکامدا شێخی عهلهوییهکان بە ناوی خهلیل  کایا کوژراو ٢٥ کهسی دیکهش برینداربوون .هێرشبهران به تهکسییهک لهناوچهکه ههڵهاتن، بەڵام لە دوای هەڵهاتنەکەیان شۆفێری تهکسیهکهشیان کوشت و ئاگریان لهتهکسیهکه بهردا .

خهڵکی گهڕهکی گازی بۆ شهرمهزارکردنی هێرشهکان بهرهو بنهکی پۆلیسی گهڕهکهکه دهستیان به رێپێوان کرد، بەڵام لهلایهن هێزهکانی پۆلیسەوە دهستڕێژی گولـلهیان لێکراو کهسێک بهناوی مهحهمهد گوندوز کوژرا . هاووڵاتییان توڕە بوون و لەدژی ئەو تاوانە دهیان ههزار کهس بۆ دهربڕینی ناڕهزایی بهرهو بنکهکانی پۆلیس دهستیان به رێپیوان کردهوه، بەڵام پۆلیس دووبارە دهستڕیژی گولهی لێکردنەوەو لهئاکامدا ١٢ کهسی دیکه لەهاووڵاتییانیان کۆمهڵکوژ کرد. پاش ئهم کۆمهڵکوژیهش ههم لهگهڕهکهکه و ههم له دهڤهرهکانی دیکهی ئهستهمبۆل راپەرینی گەل بەردەوام و لەوانەشدا پێنج هاووڵاتی تریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. بەگشتی ٢٣ کهس کوژران و سهدانی دیکهش برینداربوون.

لەدوای دوو ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەو لەساڵی ١٩٩٧ دۆزو سکاڵا لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەڕەکی گازیی ئیستەنبول کرایهوه،  بهڵام دۆزهکه هیچ ئهنجامێکی نەبوو. ئەو ٢٠ پۆلیسهی  لهسهر کۆمهڵکوژییهکان دادگایی کران هیچیان سزا نهدران و کۆمهڵکوژیهکه پهردهپۆش کرا.

 

بێسەروشوێنکردنی ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و ٦٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان

لەساڵانی ١٩٩٠دا دەوڵەتی تورکیا لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەزاران گوندی باکووری کوردستانی کاول و خاپور کرد. لەو پرۆسەیەدا زیاتر ١٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەستگیرو بێسەروشوێنکران، بەڵانیکەمەوە ٦٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو هاووڵاتیانە دەستنیشانکراون.

کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ٩٥ رۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە

دەوڵەتی تورکیا جگە لەهاووڵاتییانی ئاسایی و ژنان و منداڵانی بێ تاوان ئەو کەسە مەدەنیانەش دەکاتە ئامانج، کە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی و ژینگەپارێزی و گەنجان دەکەن. لەساڵانی باکووری کوردستان ٧٦ رۆژنامەنووس و کارمەندنی راگەیاندنی رۆژنامەکانی ئۆزگیو گیوندەم و ئولکە و وڵاتی کوشتوە. لە کۆمەڵکوژییەکەی ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧یشدا لەهەولێر ١٩  رۆژنامەنووس، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون کۆمەڵکوژکران. ئەو رۆژنامەنووسانە لە رۆژنامەکانی وڵات، وڵاتی رۆژ، گۆڤاری رۆژو گۆڤاری ژنی ئازاددا کاریان دەکرد.

 

کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی

فڕۆکە جەنگییە ئێف ١٦ەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا کاروانی کاسبکارانی گوندی رۆبۆسکی ناوچەی قلابانی وان بۆردومان کردو ٣٤ کەسی کۆمەڵکوژکردن، کە زۆرینەیان مێردمنداڵ بوون. سەرباری بوونی ڤیدیۆ، بەڵگە، دیمەنی بۆردومانی خودی فڕۆکەکان، وتەی تیمی چاودێریی فڕۆکەخانەکان و کامێراکان، بەڵام هیچ یەک لەفەرمانپێکەران و ئەنجامدەرانی ئەوکۆمەڵکوژییە سزا نەدران.

 

کۆمەڵکوژیی پرسوس (سروج)

هاوکات لەگەڵ بەرەنگاریی بێوێنەی شەڕڤان لەدژی ئەفسانەی تۆقاندن و تیرۆری داعش لەکۆبانێ، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی سۆسیالیستی حزبی چەوساوەکان ناسراو بەئەسەپە کاروانێکی هاوکاریی مرۆییان لەتورکیاوە بەرەو کۆبانێ بە رێکخست. کاتێک کاروانی ئەو ٣٣٠ گەنجانە لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥دا گەیشتە ناوەندی رۆشنبیریی ئامارا لەناوچەی پرسوس (سروج)ی پارێزگای رحا (ئورفا) لەسەر سنوری کۆبانێ، کاروانەکە لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٣٣ چالاکوانی مەدەنیی کۆمەڵکوژ کردو زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریشی بریندار کرد. گەرچی ئەو خۆکوژە داعش بووە، کە گەنجانی کردووەتە ئامانج، بەڵام زۆرێک لەسەرچاوەکان و ناوەندەکان باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژەی داعش بە ئاسانکاری و رێنمانیی دەوڵەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی ئەو دەوڵەتە ناوسراو بەمیت ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە، چونکە جەخت لەوە دەکرێتەوە تورکیا هاوپەیمان و یارمەتیدەری داعشە و بۆ ئەوەش هەموو کارێکی کردووە تاوەکو کۆبانێ بکەوێت و داعش داگیری بکات. لەبەرئەوەش رێگریی لەوە کردووە ئەو گەنجانە هاوکاریی مرۆیی بەکۆبانێ بگەیەنن.

 

کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی شەنیاشار لەپرسوس

لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨داو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، بنەماڵەی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پاڵێوراوی ئاکەپە لەو ناوچەیە وەک پیشەی دێرینەیان سەردانی دوکاندارەکان و کاسبکارەکان دەکەن تاوەکو لە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەدا دەنگ بەپاڵێوراوەکەی ئاکەپە بدەن، کاتێک کوڕەکانی بنەماڵەی شەنیاشار داواکەیان رەتدەکەنەوە و گرژی دروست دەبێت، دەیان کەس لەخزمان و پاسەوان و کەسوکاری پاڵێوراوەکەی ئاکەپە هێرش دەکەنەسەر دوکانەکەی شەنیاشارەکان و لەوێدا جەلال شەنیاشار دەکوژن و شەڕ روودەدات و ٣ کەسیش لەهێرشبەرەکان دەکوژرێن و نۆ کەس بریندار دەبن. هەروەها محەمەد شەنیاشاری برای جەلال و فەریدو فازڵ بریندار دەبن. کاتێک حاجی ئەسوەد شەنیاشارو ئامینە شەنیاشاری باوک و دایکیان لە هێرشەکە ئاگادار دەکرێنەوە دەڕۆن بۆ دوکانی کوڕەکەیان، بەڵام خەڵک گواستونیانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک دایک و باوکیان دەڕۆن بۆ نەخۆشخانەی حکومیی پرسوس بۆ هەواڵی کوڕەکانیان، دیسانەوە بنەماڵەی یڵدزی ئاکەپە هێرش دەکەنە سەریان و بەبرینداری جەلال دەکوژن و بەشوشەی بتڵی ئۆکسیجنی نەخۆشخانەکە قوڕگی دەبڕن، هەروەها بتڵی ئۆکسیجن بەسەری حاجی ئەسودی باوکیاندا دەکێشن و ئەویش دەکوژن و بەشوشە قوڕگی دەبڕن. سەرباری ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆی و دەیان شایەتحاڵ هیچ یەک لەتاوانباران و پلاندانەرانی هێرشەکە دەستگیر نەکران و سزا نەدران، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە. بەڵام فازڵ شەنیاشاری کوڕی حاجی ئەسوەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ٣٧ ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەردۆغان خۆی لەبارەی ئەو رووداوە وتی، «ئەوە بنەماڵەیە تیرۆریستن!» ئیدی لەوکاتەوە کەس ناتوانێت لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکات و تاوەکو ئێستا شەش داواکاری گشتی بۆ دۆسیەکە گۆڕدراوە. بنەماڵەی شەنیاشار لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لەبەردەم دادگای رحا لەچالاکیدان بۆ دادگای عادیلانەی تاوانباران، بەڵام ئاکەپەو ئەردۆغان تاوانبارەکان دەپارێزن.

 

کۆمەڵکوژکردنی ئاشتیخوازانی لەبەردەم میترۆی ئەنقەرە

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لەلایەن دوو خۆکوژەوە، کە دوو بۆمبیان لەناو ئاپۆرای رێپێوانی «ئاشتی بۆ دیموکراسی» دا لەبەردەمی میترۆی ئەنقەرەدا بەخۆیاندا و ئاشتیخوازاندا تەقاندەوە ١٠٢ کەسی مەدەنییان کۆمەڵکوژکردو زیاتر لە ٢٥٠ کەسی تر لەئاشتیخوازەکان بریندار کرد. ئەو ئاشتیخوازانە ئەندامی حزبی سۆسیالیستی چەوساوەکان و بندەستانن، کە لە ٢٠ تەمموزدا لەکاتی بردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ لەلایەن خۆکوژێکی داعشەوە ٣٣ ئەندام و لایەنگرایان کۆمەڵکوژ کرابوون. ئەم کۆمەڵکوژییەش بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی پرسوس ئەنجامدرایەوە. سەرچاوەی هەواڵیی ئەحوال و ناوەندی هەلومەرج و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا باس لەوە دەکەن، ئەو خۆکوژانەی داعش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو میتەوە پلانیان بۆ دانراوەو ئاڕاستەکراون تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدەن. دۆسیەکە ٣٦ تاوانباری هەیەو ١٩ کەسیان لەزینداندان و هێشتا دەوڵەتی تورکیا یەکلایی نەکردووەتەوە.

 

کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکانی جزیر

دەوڵەتی تورکیا لەهێرشەکانیدا بۆ سەر شارەکانی باکووری کوردستان لەدوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا هێرشی کردەسەر شارۆچکەی جزیر لەپارێزگای شرنەخ و لەناوەڕاستی ٢٠١٦ دا تەواوی شارۆچکەکەی کۆنترۆڵ کرد. دەوڵەتی تورکیا لە سێ ژێرزەمینی جزیردا ١٣٧ هاووڵاتی و کەسانی مەدەنی، کە لەشارەکەدا مابوونەوە کۆمەڵکوژکرد. زەید عەبدولحسەین ریپۆرتەری ئەوکاتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد.

دەڵەتی تورکیاو سوپاکەی لە بەردەوامیی تاوانەکانیدا دژ بەهاووڵاتییانی مەدەنیدا، سەربازەکانی تەرمی هاووڵاتی حاجی لوقمان بیرلیک لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دا لەشرنەخ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەیاندا راکێشا. لە ٤ی کانونی دوەمی ٢٠١٦ هەریەک لە خانمە چالاکوانەکان لەسلۆپی، پاکیزە نایرو سێوە دەمیر و فاتمە ئۆیار-یان گرت و کۆمەڵکوژیان کردن.

 

کوشتن بەزرێپۆش و کوشتنی منداڵان

سوپای و جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا جگە لە کوشتن بە چەک و بۆردومان، بەزرێپۆشیش هاووڵاتیان دەکەن بە ژێرەوە و دەیانکوژن، بە گشتی نزیکەی ٧٠ هاووڵاتیی مەدەنییان بەزرێپۆش کردووە بە ژێرەوە و کوشتنیان. هەروەها نزیکەی ٥٢٠ منداڵیان بەتەقە و بۆمب کوشتوە.

 

گیان لەدەستدان لەزیندانەکاندا

دەوڵەتی تورکیا جگە لە زیندانیکردنی نزیکەی ١٢ هەزار کوردو گەنج و چالاکوان و تێکۆشەری سیاسی، لە زیندانەکانیشدا ئەو کەسە مەدەنییانە دەکوژێت. سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٨٠٠ زیندانیی نەخۆشیی قورسیان هەیەو دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام ئازادیان ناکەن تاوەکو بەدەم نەخۆشییەوە لەزینداندا گیان لەدەستدەدەن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢دا بە گشتی ٨٧ زیندانی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، گیان لەدەستدانی ١٧ کەس لەو زیندانیانە «بە شێوەی گوماناوی» بووە.

 

کوشتنی کەسایەتییەکان

وەدات ئایدن، ساواش بوڵدان، موسا عەنتەر، تاهیر ئەلچی و لیستێکی سەدان کەسیی لەو شێوەش لەکەسایەتییەکان هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار