دوای هەشت ساڵ دۆخی شەنگال ئاسایی نەكراوتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز 

 

هەشت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت، هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، نزیكەی دوو ساڵە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی بارودۆخی قەزای شەنگال كراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە، قایمقامێك لەناوەندی شەنگال دەوام دەكات و حكومەتی هەرێمیش قایمقامێكی بۆ داناوە، تائێستا دۆخی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری ئاسایی نەبووەتەوەو   70%ی ئاوارەكانی نەگەڕاونەتەوە.

 ئاوارەكان لەترسی بۆردومانی توركیا لەلایەك و لەلایەكی تر ئاوەداننەكردنەوەی ناوچەكەو بوونی چەندین پێكهاتەو گروپی چەكداری جیاجیا لەسنوری قەزاكە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەهەمووشی ناخۆشتر هێشتا چارەنووسی دوو هەزارو 717 رفێنراوی ئێزیدی دیارنیە، ئەمەش برینەكانیانی قوڵتركردووەتەوە.

هەشت ساڵە تەنیا 30% ئاوارەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوانی تر لەهەرێمی كوردستانن.

عیدۆ خەلەف، كە ئاوارەیەكی ئێزیدییە هەشت ساڵە لەگەڵ خێزانەكەیدا لەخێوەتیكدا لەدەرەوی كەمپ و لەناوەندی كۆمەڵگای شاریا دەژین، بەهاوڵاتی  وت:» هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین، لەهاوین بەهۆی گەرمای بەتین  و زستانیش بەهۆی سەرما گوزەرانمان زۆر خراپە، هاوكارییەكانیش زۆر كەمبووە، كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وامان دانابوو كە چەند مانگێكەو دواتر دەگەڕێینەوە زێدی خۆمان، بەڵام هەشت ساڵە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە.

  ئاوارەكانی قەزای شەنگال لە 15 كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆكدا دەژین ، 26 هەزار و 890 خێزان و  135 هەزارو 639 كەسن، 38 هەزارو 230 خێزان و   189 هەزار و 528 كەس لەدەرەوەی كەمپ دەژین.

دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی  وت: « لەماوەی هەشت ساڵی رابوردوودا تەنیا 30% ئاوارەكانی ئێزیدی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان ، 70% لە سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین»، وتیشی: « كەمپەكان داناخرێن و  لە هەمانكاتدا رێگە لەهیچ ئاوارەیەكیش ناگرین كە بگەڕێتەوە».

بەپێی ئامارێكی نووسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، ژمارەی ئێزدییەكان  550000 كەس دەبن ، ژمارەی ئاوارەكانی كەئێستا لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستانن دەگاتە 135 هەزارو 860 ئاوارە، هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەی لەدەرەوەی كەمپن نزیكەی 189 هەزارو 337 كەسن .

هەر بەپێی ئەو ئامارە بەهۆی هێرشەكانی داعش 5000 هاووڵاتی ئێزدی شەهید بوون، دوو هەزارو 745 منداڵا بێ دایك و باوك بوون ، ژمارەی گوڕە بەكۆمەڵەكان ئەوانەی تائێستا دۆزرانەتەوە 83 گوڕی بەكۆمەڵە، لەگەڵ دەیان گوڕی یەك كەسی، ژمارەی مەزارو شوێنە ئایینەكانی  داعش خاپوریكردن  68 شوێنی ئاینییە، نزیكەی 100 هەزار ئێزدی وڵاتیان بەجێهێشتووە.

شەش هەزارو 417 ئێزدی رفێنراون، سێ هەزارو 548 كەسیان لە رەگەزی مێیەو دوو هەزارو 869 لە رەگەزی نێرە، 146 لەو كەسانەی رفێنراون لەلایەن داعشەوە كوژراون.

  لەكۆی ئەو شەش هەزارو 417 رفێنراوە تاوەكو ئێستا سێ هەزارو 454 كەس رزگاركراون و دوو هەزارو 717 هەزار كەسیش چارەنووسیان نادیارە.

خەیری بۆزانی ، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی بەهاوڵاتی وت: « نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی رفێنراوانی ئێزیدی دەگەڕێت، ئەویش بەڕێگای چەند پلانێك و بەهاوكاری حكومەتی هەرێم.

وتیشی:»ئێمە ناتوانین هیچ بەڵێنێك بەكەسوكاری رفێنراوان بدەین، چونكە ئێمە تەنیا هەوڵدەدەین رفێنراوەكان رزگاربكەین».

فەیسەل رەفۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بەقەزای شەنگال ، لە 3ی ئاب 100  كەس لەخێزانەكەی و خزم و كەسوكاری كەوتنە دەستی داعش، دوای هەشت ساڵ 44 كەسیان رزگاركراون و 56 كەسیشیان چارەنووسیان دیارنیە، بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوسەرەكەم لەگەڵ دوو منداڵم هەروەها برایەك و خوشكێك و دایكم و زڕ دایكم  لەگەڵ 37 كەسی تر لەخزم و كەسوكارم ئازادكراون، بەڵام باوكم و 56 كەس دیكە چارەنووسیان دیارنیە».

فەیسەل رەفۆ وتیشی:» هەشت ساڵە چاوەڕێی رزگاركردنی باوكم دەكەم، لەسەر حسابی خۆم رۆیشتم بۆ رۆژئاواو كەمپی هوڵ بۆ سۆراغی باوكم و كەسوكاری خۆمان، بەڵام هیچ شتێكمان دەستنەكەوت، تا دەمرین بێ هیوا نابین.

ئیدارەی شەنگال

 لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر شەنگال دوو قایمقامی هەیە، فەهد حامد  پێنج ساڵە بەوەكالەت لەناوەندی شەنگال وەك قایمقام دەوام دەكات ، ئیدارەی پێش داعش هەشت ساڵە لەپارێزگای دهۆكن و نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی شەنگال.

لە  20-10-2020 لەبارەی دوخی شەنگال لەنێوان بەغدادو حكومەتی هەرێم رێككەوتنێك واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت ئیدارەیەكی نویێ دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هەموو هێزەكان، دوای تیپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر رێككەوتنەكە تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە .

رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بەهاوڵاتی  وت: « رێككەوتنی بەغداو هەولێر تائێستا جێبەجێ نەكراوە و تائەم رێككەوتنەش نەچێتە بواری جێبەجێكردن دۆخی شەنگال ئاسایی نابێتەوە ،  كێشەی شەنگال كێشەیەكی پڕ ئاڵوزو قورسە، هەر ئەوەش وایكردووە كە هیچ قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال دانەنراوە».

جێگری پارێزگاری نەینەوا وتیشی» وەكو ئیدارەی پارێزگای نەینەوا  بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ ئیداری پێش داعش دەكەین كەئێستا لەسنوری پارێزگای دهۆك دەوام دەكەن، پێشتر مەحما خەلیل قایمقام بوو، بەڵام ئەو بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا نایف سەیدۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ كراوە بەقایمقامی شەنگال بەوەكالەت، بەهۆی كێشەی ئیدارەو بوونی چەند هێزێكی ناشەرعی شەنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە».

فەهد حامد ، قایمقامی قەزای شەنگال بەوەكالەت كە لەناوەندی قەزای شەنگال دەوام دەكات بەهاوڵاتی ی وت :» زیاتر لەپێنج ساڵە بەبێ جیاوازی خزمەت بەهەموو خەڵكی شەنگال دەكەین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئیدارەی نەینەوا مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناكات».

« نەگەڕانەوەی ئاوارەكان پەیوەندی بەدۆخی ئەمنی شەنگال نیە، ناوچەكە زۆر ئارامەو لەژێر كۆنتروڵی دەزگا ئەمنیەكاندایە، ئێمە دژی رێككەوتنی بەغداو هەولێرین، چونكە بەهیچ شێوەیەك رای ئێزدییەكانی شەنگال وەرنەگیراوە، هەر جۆرە رێككەوتنێك واژۆبكرێت پێویستە رای ئێمەش وەربگیرێت» فەهد حامد وادەڵێت .

هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی شەنگال

لەناو شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری هێزی حكومەتی عێراق و هێزی پێشمەرگەی سەر بەحكومەتی هەرێم و  ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال بوونیان هەیە.

لەناو قەزای شەنگال هێزەكانی پۆلیس و ئەمنی نیشتیمانی  و سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بوونیان هەیە، لەناحیەو گوندەكان و ناوچەكانی دەوروبەری شەنگالیش هێزی ئاسایشی ئێزدیخان و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، هێزی پاراستنی ئێزدیخان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بەفەرماندەیی حەیدەر شەشۆو هەروەها هێزی فەرماندەی قاسم شەشۆ لەمەزارگای شەرەفەدین سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بوونیان هەیە.

جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان لە لێدوانێكیدا بۆ  هاوڵاتی وت: « هەشت ساڵە حكومەتی عێراق شەنگالی ئاوەدان نەكردووەتەوەو كێشەكانی چارەسەرنەكراون بەپێچەوانەوە زیادبوونە، حكومەتی هەرێم و بەغداد رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگال و دانانی ئیدارەیەكی نوێ ، ئەو رێككەوتنەمان پێ باشبوو ئەگەر جێبەجێكرابا ئێستا بەشێكی زۆر لەكێشەكانی قەزاكە چارەسەر دەبوون، بەڵام بەداخەوە رێككەوتنەكە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوەو جێبەجێ نەكراوە.

جەوهەر عەلی بەگ وتیشی: « بۆ گەڕان و سۆراغی رفێنراوان پێش دوو ساڵ سەردانی رۆژئاوای كوردستانمان كرد، لەوێ لەگەڵ ماڵی ئێزدییان  و زۆر لایەنی تر كۆبوونەوەمان كرد، تاوەكو ئێستا سەرووی سێ هەزار رفێنراو ئازادكران، ئەوەش لەڕێگای نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی سەر بەحكومەتی هەرێم ، بەرپرسانی هەرێم ئەركی خۆیان جێبەجێ  كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەكانمان نەناوەو وەك ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن كەهاووڵاتی ئەم وڵاتە نەبین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار