لەكوردستان گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستی هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
مافی نەخۆش لەهەرێمی كوردستاندا وەك زۆربەی مافەكانی تری هاوڵاتی پێشێلدەكرێت و رەخنەی ئەوەش دەگیرێت لەناو كەرتی تەندروستیدا بایەخی تەواو بەمافی نەخۆش نادرێت، پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئەیلولی 2020ەوە یاسایەكی تایبەتی سەبارەت بەماف و ئەركەكانی نەخۆش پەسەندكردووەو سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت» پێویستە نەخۆش هۆشیاربێت و بزانێت مافی چییە»، پزیشكێكیش دەڵێت» لەكوردستان گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیە «.
سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بە (هاوڵاتی) راگەیاند «لەكوردستاندا یاسایەكی بەو شێوەیە رێكوپێك نەبووەو پێشتریش پشت بەیاسای تەندروستی عێراقی بەستراوە».
هەروەها وتیشی»یاساكە زۆرباشەو نزیكەی دوو ساڵ خەریكی ئەو یاسایە بووین و لەئێستادا لەناوەندە تەندروستیەكاندا جێبەجێدەكرێت و تاڕادەیەكیش جێبەجێكردنەكەی دەكەوێتە سەر هۆشیاری نەخۆش».
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی باسی لەوەشكرد « حكومەت بواری داوەتە كەرتی تایبەت تاببێتە یارمەتیدەری كەرتی گشتی بەمەبەستی ئەوەی بەشێك لەهاووڵاتیان بچنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان و قەرەباڵغی زۆر لەسەر نەخۆشخانە حكومیەكان نەمێنێت، بەڵام بەشێك لەو نەخۆشخانانە خەرجیەكی زۆر دەخەنە سەر هاووڵاتیان.»
لەلایەكی ترەوە د.كۆچەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان لەلێدوانێكدا بە(هاوڵاتی) وت: « ئێمە گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیەو بەشێكی هاووڵاتیانیش مافەكانیان بەشێوەیەكی نەرێنی بەكاردێنن، چونكە هەستیارییان بەرامبەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستی هەیە «.
وتیشی» كۆمەڵێك كەس بەناوی شێخ و پزیشكی دەرمانی گیاییەوە خەڵك و پڕۆسەی تەندروستیان ئیستیغلال كردووەو هاووڵاتیانیش متمانەیان پێیانەو خەڵكیش لەبەردەستیاندا دەمرێت و كەسیش قسەناكات و خەڵكەكە ناچێت سكاڵایان لەسەر تۆماربكات، كەئەمەش ناهۆشیاری تەندروستیە كەتاكی كورد نازانێت ماف و ئەركی چیە.»
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی ئەو پزیشكە پسپۆڕە باسی لەوەكرد: «كە پێویستە سیستەمی تەندروستی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەیەكی گرنگی بنچینەیی بۆبكرێت و كۆی سێكتەرەكانی تەندروستی رێكبخرێتەوەو بەشێوازێكی مۆدێرن دابڕێژرێتەوە كەئەمەش ئەركی حكومەتە بەتایبەت دابینكردنی بیمەی تەندروستی كەهۆكارێكی نەفەوتاندنی مافی هاووڵاتیانە.»
سێوە فاتیح، كارمەندی پێشووی تەندروستی لەكوردستان كەئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئایسلاندایەو لەكەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەدا كاردەكات لەلێدوانێكدا بۆ (هاوڵاتی) راگەیاند:» لەكوردستاندا نەخۆش یان وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام نەخۆشییەكەی لەبیردەكەن، یان وەك نەخۆشییەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و خودی نەخۆشەكە لەبیردەكەن، ئەم حاڵەتەش زیاتر لەنەخۆشخانە حكومیەكاندا روودەدات و كاتێكیش لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەكاندا قسە دەكەیت كۆمەڵێك بیانووی هەیەو ئەرك و بەرپرسیارێتی پاراستنی مافی نەخۆش لەسەر خۆی لادەبات.»
سەبارەت بەنۆرینگەكان ئەو كارمەندەی تەندروستی باسی لەوەكرد «كە لەكوردستاندا پزیشك هەیە رۆژانە نزیكەی 50 نەخۆش دەبینێت، كە ئەمە نایاساییە كاتێكیش پێیدەوترێت ئەمە یاسایی نییە دەڵێت، كلینیكی خۆمەو نەخۆش دەتوانێت سەردانم نەكات».
نەخۆشانیش رۆژانە لەنەخۆشخانەكاندا رووبەڕووی كۆمەڵێك گیروگرفت دەبنەوەو بەشێكیشیان گلەیی كەمی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەدەرمان لەنەخۆشخانەكاندا نییە، دەبێت بچیت لەدەرەوە بیكڕیت.
مینا حسێن، نەخۆشێكی تەمەن 23 ساڵە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سەردانی پزیشكی كردووە، لەو بارەیەوە قسەی بۆ بەهاووڵاتی كردو وتی: «خزمەتگوزاری نەخۆشخانەكان لەكوردستاندا بەپێی شوێن و ئەزموونی كارمەندەكان و نەخۆشخانەكە دەگۆڕێت و ئەو نەخۆشخانانەی كارمەندیان زۆرترەو ئامێری پێشكەوتوویان هەیە خزمەتی نەخۆش زیاتر دەكەن و نەخۆشەكان كەمتر چاوەڕێ دەكەن».، وتیشی»نەبوونی دەرمانی پێویست كاریگەری لەسەر نەخۆشخانەكان دەكات».
نەخۆشێكی دیكەش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەهیچ زانیاریەكی لەسەر یاسای ماف و ئەركی نەخۆش نییە.