دەستەی وەبەرهێنان: ئەم مانگە دەست بە دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەم مانگەدا (ئاب) لەتەواوی هەرێمدا دەست بە دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەکرێت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دابوو.

لەوبارەیەوە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 08-08-2022  بەمیدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە "بڕیارە ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە بکرێت و هەوڵدەدرێت بە کەمترین ماوە تەواوبن".

وتیشی: "یەکە نیشتەجێبوونەکان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەن و بەیەکەوە دەست بە دروستکردنیان دەکرێ".

سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کردووە: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت."

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ." 

بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار