هاوڵاتی ناوی ئەو پرۆژانە بڵاودەكاتەوە لەسلێمانی دەستیانپێكردووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەو 55 پرۆژەیەی قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە دەستیانپێبكرێتەوە تائێستا پێنج پرۆژەیان راگیراون و دەستیان پێنەكراوەتەوەو ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر لەهەزار پرۆژە لەسلێمانی بەهۆی پێنەدانی پارە بەبەڵێندەران راگیراون و نزیكەی هەزار بەڵێندەریش مایەپووچ بوون.

 سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت وەبەرهێنان لەسلێمانی نەوەستاوە،و هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنانیش نرخی راستەقینەی زەویەكەی چەند بێت، دەبێت ئەو پرۆژەیەی كە لەسەری دروستدەكرێت 300%ی نرخی زەوییەكەی بێت ئەگەر وانەبێت لەوەبەرهێنان پەسەندناكرێت.

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەسلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەكۆی 157 پرۆژەی وەبەرهێنان 50 پرۆژە بەفشاری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە».

وتیشی:»لەو 55 پرۆژەیەی بڕیاربوو دەستپێبكرێنەوە، ئێستا 50 پرۆژەیان دەستیان پێكردووەتەوە، پێنجیان بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەرەكان نەهاتوون بەدەم كارەكانیەوە راگیراون».

هەر سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی پرۆژەكان لەسلێمانی، محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بەهاوڵاتی وت:»وەبەرهێنان لەسلێمانی نەوەستاوە، دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی پرۆژەی میران سیتی و پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمم كرد، كە مانگی 10 كۆتایی دێت، پرۆژەی بیناسازی هەیە، بەشێك لەو پرۆژانەی پێشتر پەسەندكرابوون و زەوییان بۆ تەرخانكرابوو و مامەڵەكانیان بۆ رایی نەكرابوون ئەوانە دەستپێكردنیان مابوو، وابڵاوكرایەوە كەڕاگیراون بەڵام رانەگیرابوون تەنها مامەڵەكانیان بەڕێوەنەدەچوو».

وتیشی: «هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان نرخی راستەقینەی زەوی چەند بێت، دەبێت ئەو پرۆژەیەی لەسەری دروستدەكرێت 300%ی نرخی زەوییەكەی بێت، ئەگەر وانەبێت لەوەبەرهێنان پەسەندناكرێت، ئەگەر پێشتریش كرابێت هەوڵدەدەین سەرمایەكەی پێ زیاتربكەین و شتی دیكەی لەگەڵ دروستبكات».

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم باسی لەوەشكرد:» ئەوەی وەزارەتی دارایی پشتیوانی دارایی دەكات پرۆژەی حكومەتە، ئەوەی ئێمەش، كەرتی تایبەت خۆیان دەیكەن و پەیوەندی بەبودجەی حكومەتەوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان نییە، كێشەی سەرەكی ئێمە لەوەبەرهێنان هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنەكانی حكومەت تائەوان ئاسانكاری بكەن مۆڵەتی زیاتر دەدرێتە پرۆژەكان و جێبەجێ دەكرێن».

وتیشی: «لەهەڵەبجە و گەرمیانیش پرۆژەی دیكە هەیە پێویستە جێبەجێ بكرێن، بەڵام هیچ پرۆژەیەك لەهەڵەبجە رانەگیراوە».

رۆژی 4-9-2022 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانیەكانی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان كۆبووەوە، پرسی سەرەكیش ئەو پرۆژانە بوون كە بەهۆی رۆتینانەوە راگیرابوون، لەكۆبوونەوەكەدا بەرێوەبەری فەرمانگەكان راپۆرتی خۆیان داوەتە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

لەو 55 پرۆژەیەی بەهۆی رۆتین و رایینەكردنی كارەكانیان راوەستاون و ئێستا 50  پرۆژەیان دەستیانپێكردووەتەوە لەكۆی زیاتر لە 150 پرۆژە، نزیكەی هەزار پرۆژەش لەسنووری سلێمانی بەهۆی پێنەدانی پارە بە بەڵێندەران، راوەستاون.

 دیارترین پرۆژەی سلێمانی كەباس و خواسی زۆری لەسەرە، شەقامی 100 مەترییە كە لەساڵی 2015وە گرێبەستی واژۆكراو بڕیاربوو لەماوەی 36 مانگدا تەواو بكرێت، بەڵام تائێستاش تەنیا 50%ی كارەكانی تەواوكراون.

هاوڵاتی ناوی ئەو پرۆژانەی لەسلێمانی دەستیانپێكردووەتەوە بڵاودەكاتەوە:

(رۆیاڵ ستی 1 لەگەڕەكی قولەرەیسی)، (رۆیاڵ ستی 2 لەقولەرەیسی)،  (شاستی لەقولەرەیسی)، (شاری سەفین لەقولەرەیسی)، (ئارۆستی لەقولەرەیسی)، (پێشانگەی كۆگای هەمەجۆر لەگوندی كێلەسپی)،  (پرۆژەی ساردەكەرەوەو پێشانگا لەخێوەتە)، (بازرگانی ئاشلی لەكەرتی 1ی مەڵكەندی - دەباشان)، (كۆمەڵگەی گەنجینەی كشتوكاڵی ژاڵە لەبەردەكەڕ)، (كۆگای پترۆكیمیاوی و دەرمان و پێداویستی پزیشكی «مایۆركا» لەسنوری شاری 2020).

(كۆمەڵگەی گەنجینەی گومرگی گۆڵدن زۆن لەشاری 2020)، (نەخۆشخانەی گشتی نیوفۆرس لەئابڵاخ)، (پرۆژەی نیشتەجێبوونی فەرمانبەرانی كشتوكاڵ لەكانی سپیكە)، (كۆمەڵگەی گەنجینەو ساردكەرەوە لەهوانە)، (شاری پارێزەران لەقڕگە)، (كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئاسودە لەهۆمەرە كوێرو قڕگە)، (كۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخ لەوڵوبە)، (پرۆژەی بازرگانی لەناوچەی پیشەسازی یەك لەسلێمانی)، (پرۆژەی سەنتەری بازرگانی لەئابڵاخ)، (پێشانگەی مۆبیلیات و پێداویستی ناوماڵ لەئابڵاخ)، (شاری زەیتوون لەقڕگەو قەرەتۆغان)، (شاری شاد لەقولەرەیسی)، (داون تاون لەمەڵكەندی- دەباشان)، (كۆمەڵگەی گەنجینەی ئاسایی ساردكەرەوە لەهوانە شاری 2020)، (شاری ئارام لەمەڵكەندی- دەباشان)، (بانكی جیهان لەهۆمەرەكوێر)، (ئینفنتی تاوەرز لەكانی سپیكە)، (كارگەی بەرهەمە پلاستیكیەكان لەزۆنی 13ی شاری 2020)، (پێشانگەی كەرەستەی كشتوكاڵی لەژاڵە)، (كۆمەڵگەی كۆگاو ساردكەرەوەو گەنجینە لەزۆنی پێنجی شاری 2020)، (كارگەی راستی بۆ بەرهەمە پلاستیكیەكان لەزۆنی 13ی شاری 2020)، (كۆمەڵگەی گەنجینەی مۆدێرن لەسنوری شاری 2020)، (كۆمەڵگەی گەنجینەی ژاڵەی سەروو لەسنووری شاری 2020) ، (شاری كۆگاو تێرمیناڵی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەزۆنی چواری شاری 2020)، ( ریستۆرانتی كییڤ لەزۆنی یەكی پاركی هەواری شار)، (رۆڤار ستی لەمەلا داود)، (رێستۆرانتی خواردنی كوردی و رۆژئاوایی لەمەڵكەندی- دەباشان)، (پرۆژەی مامۆستایانی پۆلی تەكنیك لەكانی سپیكە)، (ژیانەوە لەقولەرەیسی)، (ئەنجۆمۆڵ لەهۆمەرە كوێر)، (ژیان ستی «كۆمەڵگەی نیشتەجێی زانكۆ» لەئابڵاخ)، (لەكژەری مۆڵ لەمەڵكەندی- دەباشان)، (رێستۆرانت و كافتریای لۆناو تاوەری بازرگانی لەمەڵكەندی - دەباشان)، (كۆمەڵگەی خەونەكان لەمەڵكەندی- دەباشان)، (خوێندنگەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی لەقولەرەیسی و باوەمردە)، (پرۆژەی كۆمەڵگەی بازرگانی نمونەیی لەئابڵاخ)، (كۆمەڵگەی گەنجینەی كەرەستەی بیناسازی لەزۆنی سێی شاری 2020)، (كۆگاكانی نەوزاد لەناوچەی لۆجیستیك زۆن لەشاری 2020)، (پرۆژەی وێستگەی ئیكۆسیم بۆ چارەسەری خۆڵ و خاشاك لەهوانە)، (بریتش تاوەر لەكەڵەكن)، (شاری شەم لەسورگا)، (پرۆژەی ئەی بی سی تاوەر لەهۆمەرەكوێر)، (شاری كرێكاران لەسلێمانی لەكەرتی ئاوبارە)، (میرڤانۆس تاوەر لەخێوەتە)، (سولی سكای لەكەڵەكن).

بەپێی ئەو زانیاریانەی هاوڵاتی لەدەستەی وەبەرهێنان دەستیكەوتوون، بەشێكی زۆر لەو پرۆژانەی دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2020 و ئەوكاتەی بۆ تەواوكردنیان دیاریكرابوو تەواو بووە، كە بەشێكی زۆریان پرۆژەی نیشتەجێبوونن و بەهۆی هاتنی كۆرۆناو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان راگیرابوون.

لەكۆی ئەو 50 پرۆژەیەش كەكاركردن تێیاندا دەستیپێكردووەتەوە، بەشێكی زۆریان پرۆژەی نیشتەجێبوونن و بەشێكیشیان كۆگاو كارگەن.

پێشتر هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە لەسلێمانی نزیكەی هەزار پرۆژەو لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 2500 پرۆژە راگیراون، هەر لەسلێمانی زیاتر لە 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون و زیاتر لە 330 نوسینگەو كۆمپانیاش مۆڵەتی كاركردنیان هەڵوەشاندووەتەوە كە بەوتەی سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی هۆكاری سەرەكی ئەو باجەیە كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خراوەتە سەر كۆمپانیاو نووسینگەكان و كاركردنیانی ئاستەنگ كردووە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار