ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 101 رۆژی تێپەڕاند
بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان پێگەی دەسەڵات و بەهای دراوی وڵاتەی دابەزاندوە
2 ساڵ لەمەوپێش
لە شارەکانی سەقز و سنە و ماڵێ میر(ئیزە) و دەشتی هورموزگان رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی کوژراوان بەڕیوچو و ژمارەیەک گەنجی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران سەرەڕای سەرکوت و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکانیش ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە.
ئەمڕۆ بە بەشداریی جەماورێکی زۆر یادی چلەی مەرگی ئارام حەبیبی لە شاری سنە کرایەوە و یەکێک لە ئامادەبوانیش لە وتارەکەیدا وتی ئینشاڵا گردبونەوەی داهاتومان بۆ ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت و خوێنی هیچ شەهیدێک بەفێڕۆ ناڕوات"
لە شاری سەقز هاوشێوەی سنە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی مەرگی دانیاڵ پایبەندی تەمەن 17 ساڵ، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە گۆڕستانی ئایچی و لە شوێنی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچو و دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە.
لە شاری مالێ میر (ئیزە) کە دانیشتوانەکەی زۆربەی لوڕ-ن بە بەشداریی جەماوەریی چلەی مەرکی کیان پیرفەلەک،بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا، کیان لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 10 ساڵ بو و باوکیشی بەسەختی برینداربو و دوای 40 رۆژ بە مەرگی رۆڵەکەی زانی .
لە چلەی مەرگی کیان دروشم بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و دروشمی " لە ئیزە تا کوردستان گیانم فیدای ئێران" وترایە.
لە شاری دەشتی، پارێزگای هورموزگان لە باشوری ئێران بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی حامید مەولایی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەشداربوانیش دوای یادەکە رێپێوانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.
لە شاری بۆکان خوێندکارانی کچ لە خوێندگەیەکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و دروشمی " بۆکان شەهیدی داوە لە مردن نەترساوە"یان وتەوە.
لە مەهاباد ، سنە ، بۆکان و هەرسین و پاوە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆش زیاتر لە نۆ گەنجی ئەو شارانە دەستگیر کران و چارەنوسی ئەوانیش هاوشێوەی زۆربەی دەستگیرکراوانی 20 رۆژی رابردو نادیارە.
هاوژین و کچی عەلی دایی، ئەستێرەی ناوداری مێژوی تۆپی پێی ئێران ئەمڕۆ لە ناو فڕۆکەی گەشت بۆ دوبەی گەڕێنرانەوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و پێیان راگەیەنرا بە بڕیاری دادگا و بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی گەشتیان لێ قەدەغە کراوە.
ئاژانسی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوژینی عەلی دایی ویستویەتی بەرەو دوبەی و دواتر بچێت بۆ ئەمریکا بەڵام بە بڕیاری دادگا رێگەی گەشتی پێنەدراوە.
ئەمڕۆ دوشەممە نرخی هەر دۆلارێک زیاتر لە هەزار تمەن بەرزبوە و تمەن دابەزینی دیکەی لە بەرامبەر یۆرۆ و پاوەن تۆمار کرد و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بە زیاتر لە 42 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا و نرخی هەر پاوەنێکی بەریتانی بۆ زیاتر 50 هەزار تمەن بەرز بوەوە.
بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و لاوازبونی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران و زیادبونی سزا و ئابڵۆقەکانی سەر ئەو وڵاتە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تمەن.
ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت.
ئەو داوای لە هاوڵاتییانی بەریتانی-ئێرانی و هاوڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد بە زوترین کات ئێران جێبهێڵن چونکە ئەگەر لەو وڵاتە بمێننەوە دەبێت دڵنیابن کە دەستگیر دەکرێن و لە لایەن تارانەوە هاوشێوەی یاریی شەترەنج مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەمزوانە لەندەن سەرجەم ئەندامان و دامەزراوەی سوپای پاسدارانی ئێران سزا دەدات.
لێدوانی ئالیشا کرن لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لقێکی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی لە ئێران راگەیاند و وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.