چارەنوسی دیناری عێراقیی

2 ساڵ لەمەوپێش



د. نیاز نەجمەدین


بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا، واتە ئەگەر شتی تر روونەدات، باوەڕ ناکەم لە شەش مانگی داهاتوودا دراوی عێراقیی وەک دراوی لوبنان و ئێرانی بەسەر بێت، بەڵام گومانم هەیە لەوەی بانکی مەرکەزیی سەرکەوتوو بێت لەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە ١٤٧ دا جێگیر بکاتەوە مەگەر بە شێوەیەکی کاتیی، یان لە دەرەوەی هاوکێشەکەی ئێستا شتی تر رووبدات (بۆ نمونە نرخی نەوت بفڕێت).
بۆچی پێشبینیی هەرەسی خێرای دیناری عێراقیی ناکەم؟ لەبەرئەوەی بانکی مەرکەزیی دۆلاری پێیە. ئەو دێت دۆلار دەخاتە بازاڕەوە تا دینار راکێشێتەوە و نرخەکەی لە ئاستێکدا راگرێت، ئەمەش بوو وایکرد لە ساڵانی رابردوودا بە رێژەیی ئامانجی خۆی بپێکێت و خەڵکیش متمانەی پێ بکەن. لە رووی سیاسییشەوە، ئەمریکا رەنگە نەیەوێت پێی بڵێن " تۆ عێراقت وێران کرد". 
بەڵام سیستمێکی نەخت(واتە دراو)ی لەم چەشنە لە بونیادەوە لاوازیی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی بەبێ دۆلار ئیشەکەی مەیسەر نابێت. ئەی ئەگەر دۆلار نەما؟ بێگومان بەهای دینار هاڕڕە ئەکات، بەتایبەت ئەگەر ئابووریی عێراق هەر وەک ئێستا لەسەر نەوت بژی و نرخی نەوت بشکێت و توانای هەناردەی شمەکی تری نەبێت و ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی باشتر نەبووبێت، یان ململانێ سیاسییەکانی قورستر ببنەوە. روونتر، حکومەت سیاسەتی دەعم(هاوکاری)ی دینار بەکارئەهێنێت. لە بازاڕی ئازاددا دینار خۆی زۆر هەرزانترە لەوەی حکومەت بە زۆر بەهایەکی بەرزتری پێ بەخشیوە. دڵەڕاوکێی من لێرەدا ئەوەیە کە سیاسەتی دەعمی هەر شتێک سودیشی هەبێت توانای بەردەوامبوونی ئەبەدیی نییە. لای کەم، بانکی مەرکەزیی جگە لە خستنەڕووی دۆلار تەکنیکێکی زیاتری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خستنەڕووی دینار گەشە پێ نەداوە. 
سیستمێکی لەم چەشنە بە ئاسانیی یاریی پێ ئەکرێت. تۆ کە خاڵی لاوازی کەسێکت دەستکەوت، ئیتر دەتوانیت یاریی پێ بکەیت. ئەمەش وایە. بەشێک لەو دۆلارەی عێراق دەیخاتە بازاڕەوە خۆی ئەکات بە ئێراندا، هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕووی دینار لە ناوخۆدا تێک ئەدات، نرخ ئەخاتە هەلەکەسەما.
مەسەلەکە زیاترە لە سنورداریی توانای بانکی مەرکەزیی، یان رۆڵی یاریزانە جیهانییەکان، پێشبینیی ئێمەش (تاک و خێزانەکان، وەبەرهێنەران) رۆڵی خۆی هەیە. کاتێک پێشبیینیمان کرد دینار ئامرازێکە لاوازە لە پاراستنی سەروەتەکانمان و ئەبینین بەهاکەی دادەبەزێت، یەکسەر دەچین بۆ بازاڕ و شمەک دەکڕین لە شوێنی. لە لایەکەوە، ئەگەر نادڵنیاییەکە زیادی کرد، ئەوا بەزمەکە ئەقەومێت: دەماودەم قسەوباس ئەڕوات کە "ئەڵێن دینار زیاتر ئەشکێت"، خەڵک خێراتر ئەگەنە بازاڕ و شمەک ئەکڕن، بۆیە خستنەڕووی دینار زیاد ئەکات.
لە لایەکەی ترەوە، یەکێک لەو کاڵایانەی ئەیکڕین دۆلارە، چونکە ئەو گرەنتیی زیاترە سەروەتەکەمان بپارێزێت. دۆلار دێتە گیرفانمان و نامانەوێت بە ئاسانیی لە دەستمان بڕوات، چونکە پێشبینیی ئەکەین نرخی بەرزتر ببێتەوە (واتە ئەیشارینەوە). لە پرۆسەی کڕینی دۆلار لە بازاڕی دۆلارەکەدا جارێکی تر دینار ئەخەینەوە بازاڕ و دۆلار رائەکێشینەوە، جگە لەوەی بەشێکی مامەڵەکانیشمان بە دۆلارە(واتە خواست زیاد ئەکات لەسەری). ئەمانەش وائەکەن پێچەوانەی سیاسەتەکەی بانکی مەرکەزیی کە ئەیەوێت خستنەڕووی دۆلار زیاد بکات، بجوڵێینەوە.
بۆ نەگبەتیی دینار، جگە لە خۆمان، خەڵکی بیانییش زۆر پێویستیان پێی نییە لەبەرئەوەی ئیشێکی ئەوتۆیان بە عێراق و هەرێمەکەی نییە تا بیکڕن (واتە خواست بکەنە سەری). بە ناشوکوری نەبێت، نە لە شوێنێک ئەژین بە کەڵکی ئەوە بێت بە سەفەر سەردانمان بکەن و لە کرانەوەی کەلتورمان و بە سەلامەتیی پیاسەکردن بە سروشتە جوانەکەماندا چێژ وەرگرن، نە شتێکمان هەیە لە بازاڕدا لێمان بکڕن و هاوردەی لای خۆیانی بکەن (واتە هەناردەی نانەوتییمان لاوازە).
کەواتە چی؟
بانکی مەرکەزی ناتوانێت بە کەیفی خۆی کاربکاتە سەر نرخی دینار، متمانەشی بەرەو پوکانەوە دەچێت. دۆلاریش بەم نزیکانە هەیمەنەی خۆی لە دەست نادات. بۆیە بە هەڵەدا دەچیت تەواوی پلانی خۆت سەبارەت بە دینار و دۆلار لەسەر بانگەوازەکانی بانکی مەرکەزیی عێراق داڕێژیت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار