ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 128 رۆژە بەردەوامە

پێشبینی سەرهەڵدانەوەی بەرفراوانی خۆپیشاندان لە رۆژهەڵات و ئێران دەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی کۆمار ئیسلامی ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ ژمارەیەک گەنجی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران و فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشایەن لە ئەوروپا و سوپاکانی ئەو وڵاتانە کرد.

دادگایەکی ئێران سزای 16 ساڵ زیندانیی بەسەر حسێن موحسینی تەمەن 17 ساڵدا سەپاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەدا دەستگیر کرابو.

لە سنە و بۆکان و کامیاران و مەریوان دەستگیرکردنی هاوڵاتییان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو و تەنها لە شاری مەریوان سێ کەسی ئەندامانی خێزانێک دەستگیر کران.

دوو رۆژنامەنوسی دیکەی ئێران دەستگیرکران و بەوەش ژمارەی رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان بۆ 79 کەس زیادی کرد.

لەشاری هامبۆرگ لە ئەڵمانیا گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوا و چالاکیی بۆ پشتیوانی لەو کەسانەی بەهۆی گوللـەی ساچمەیی چاوەکانیان لەدەستداوە ئەنجام درا.

 

کەلهوڕ کۆنسێرتەکەی پێشکەشی لەسێدراەدراوێکی ناڕەزایەتییەکان کرد

کەیهان کەڵهوڕ هونەرمەندی و کەمانچەژەنی ناوداری کورد و جیهان لە نوێترین کۆنسێرتی لە شاری لەندەن لە بەریتانیا رایگەیاند؛ کۆنسێرتەکەی پێشکەشی محەمەد حسێنی دەکات کە بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەسێدارەدرا.

کەلهوڕ لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رایگەیاند لەمەودوا هەر کۆنسێرت و بەرنامەیەکی دەکاتە مینبەرێک بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕازیی دژی دەسەڵاتی ئێران.

 

هونەرمەندان بایکۆتی گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی ئێران دەکەن

ئەمڕۆ 41ەمین فێستیڤاڵی شانۆی فەجر لە ئێران دەستی بەکارەکانی کرد و کەمترین کەس لە مێژوی 40 ساڵی ئەو فێستیڤاڵەدا بەشداربون و بڵاوبونەوەی وێنەی کورسییە چۆڵەکانی ناو هۆڵی بەڕێوچونی فێستیڤاڵەکە بوە مایەی سەرنج و توانجی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران.

پیشتر زۆرینەی ئەکتەر و شانۆکار و هونەرمەندانی ئێران رایانگەیاندبو؛ وەک ناڕەزایەتییەک بە کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، بەشداریی لەو فێستیڤاڵەدا ناکەن و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەش پێچەوانەی ساڵانی رابردو رایانگەیاند؛ هاتن بۆ هەمو کەسێک بێبەرامبەرە بەڵام ئەو هەوڵەش بۆ پڕکردنەوە کورسییە چۆڵەکان ئەنجامێکی نەبو.

 

قەیرانی غاز لە دوەم وڵاتی خاوەن زیاترین غازی جیهان‌

ئێران بڕیاربو غاز بە ئەوروپا بفرۆشێت بەڵام هاوڵاتییانی وڵاتەکە غازیان دەست ناکەوێت.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە چەند شار و ناوچەیەکی ئێران قەیرانی نەبونی غاز سەریهەڵداوە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە خاوەنی 17%ی هەمو غازی جیهانە کە بە 33 تریلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێنرێت.

گەندەڵی و نۆژەن نەکردنەوەی سیستمی گەیاندنی غاز لە ئێران هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئەو وڵاتەیە و ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتوەتەوە بەڵام بەرپرسان رایانگەیاندوە؛ بەهۆی سزاکانەوە ئاستی توانای سیستمی راکێشان و گەیاندنی غاز بە بۆری بۆ ماڵان کەمی کردوە.

ڤیدیۆ؛قەیرانی غاز لە شاری جیرۆفت لە پارێزگای کرمان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران

 

بەرپرسانی ئێران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکەن

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تویتەر بڵاوی کردەوە؛ پەرلەمانی وڵاتەکەی ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوە دی سوپای ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە دژی سوپای پاسداران بڕیار دەدەن.

عەبدوڵڵاهیان نوسیویەتی: ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردوە کە حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران ئامادەی بوە و تاوتوێی کاردانەوەکانی وڵاتەکەمان کراوە بەرامبەر سوپای ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا کە دژی سوپای پاسداران هەڵوێستیان وەرگرتوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەسەر بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە سوپای وڵاتانی ئەوروپا و رۆژنامەیەکی کۆماری ئیسلامیش هەڕەشەی راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان دەکات.

محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی کاردانەوەی دژی سوپای وڵاتانی ئەوروپا دەبێت ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.

قاڵیباف رایگەیاند؛ لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا، ئێران رێوشوێنی تایبەت دژی سوپای وڵاتانی ئەندامی ئەکێتی ئەوروپا لە ناوچەکە دەگرێتەبەر و ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوەی گونجاو لەبەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا.

حسێن سەڵامی، فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند؛ وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن لە ئاستی ململانێ لەگەڵ سوپای پاسداراندا بن و وتیشی کۆماری ئیسلامی ئەزمونی شکستدانی زلهێزەکانی هەیە و هەوڵەکانی ئێران لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوروپاوەیەوە بۆ سەپاندنی سزا و گەمارۆدانی وڵاتەکە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار