تورکیا؛ کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان زۆرترین مشتومڕی لێدەکەوێتەوە
هەدەپەو هاوپەیمانەکانی باس لە کاندیدی ژن بۆ سەرۆکایەتی دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هێرش جەلال
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا كەبڕیارە لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجامبدرێن، پرسی كاندیدی لایەنە سیاسییەكانیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی گفتوگۆی زۆری لەسەر دەكرێت و بووەتە باسی میدیاو رای گشتی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەیە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەگەڵ پێنج لایەنی سیاسی هاوپەیمانی هەیە ژنێك كاندید بكات، هاوكات لەناو لایەنەكانی هاوپەیمانی (گەل)ی ئۆپۆزسیۆن باس لەچەند كاندیدێك دەكرێت، ئەوەی زۆرترین مشتومڕی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و لەسەر ئاستی دەوڵەتیش دروستكردووە جارێكی تر كاندیدكردنەوەی ئەردۆغانە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەڵێن، بۆی نیە خۆی كاندید بكاتەوەو بەرەی دەسەڵاتیش كە لەپارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێكدێت پێیان وایە هیچ گرفتێكی دەستوری و قانونی لەو رووەوە نیە.
كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، ئاشكرای كرد كە لە ١٣ی شوباتدا، كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن ئاشكرا دەكرێت و ئەگەر لایەنەكان نێو هاوپەیمانی گەل رازی ببن، خۆی كاندید دەكات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە میدیاكانی توركیا بڵاوی دەكەنەوە، مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش زیاتر مەیلی بەلای ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنقەرەیە. جاروباریش باسی عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن دەكرێت، بەڵام ئەگەری كاندیدكردنی باباجان زۆر لاوازە.
ئەگەر هەیە كاندیدی هەدەپە ژن بێت
بەرپرسانی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كە لەپارتی دیموكرایتی گەلان (هەدەپە) و پێنج لایەنی چەپڕەو پێك دێت، زۆر جار باسی كاندیدێكی ژن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا دەكەن.
ئوزگور پاكسوی رۆژنامەنووسی ئاژانسی میزۆپۆتامیای نزیك لەهەدەپە ئاماژەی بەوەكرد كەهاوپەیمانی رەنج و ئازادی، گفتوگۆ لەبارەی كاندیدكردنی، سەباحەت تونجەل سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە) کەئێستا لەزینداندایە، گولتەن كشاناك سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانی ئامەد كەئەویش لەزینداندایە، شەبنەم كۆرور فینجانجی سەرۆكی یەكێتی پزیشكانی توركیا كەماوەیەك لەمەوبەر لەزیندان ئازادكرا، نووسەر زولفو لیڤانلی، ئایلین كۆتیل سیاسەتمەدار، ساروخان ئولوچ سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە لەپەرلەمانی توركیاو گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد، دەكەن، بەڵام ئەگەری هەیە سەباحەت تونجەل یان گولتەن كشاناك یاخود شەبنەم كۆرور فینجانجی ببنە كاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانێتیەكە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە چەندین جار پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە ئاماژەی بەوەكردووە كە كاندیدەكەیان ژن دەبێت.
پرسی كاندیدكردنەوەی ئەردۆغان هەرا دەنێتەوە
هاوپەیمانی كۆمار هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە دەكات كە كاندیدەكەیان جارێكی دیكە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری ئێستاو سەرۆكی گشتی پارتی دادو گەشەپێدان ئاكەپە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سێیەم جار ئەردۆغان خۆی كاندید دەكاتەوە، ئۆپۆزسیۆن ئەردۆغان و دەسەڵات بەپێشێلكردنی دەستووری بنەڕەتی توركیا پێشێل دەكەن.
ماددەی ١٠١ی دەستووری توركیا تایبەتە بەپرسی كاندیدی سەرۆكایەتی كە لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن ئاكەپەو مەهەپەوە هەمواركراوەتەوە. لەماددەكەدا ئاماژە بەوەدەكرێت كەنابێت هیچ كەسێك سێ جار پۆستی سەرۆكایەتی بەدەستبهێنێت. ئۆپۆزسیۆنیش پێی وایە كەئەردۆغان دوو جار بووەتە سەرۆك و مافی خۆكاندیدكردنەوەی نییە، بەڵام دەسەڵات ئاماژە بەوەدەكات كەیەكەم جار ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠١٤ دا بووەتە سەرۆككۆمارو دواترو لەساڵی ٢٠١٧دا ماددەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو بەگوێرەی ماددە نوێكە، یەك جار ئەردۆغان بووە بەسەرۆك، بۆیەش مافی ئەوەی هەیە بۆ جاری دووەم خۆی هەڵبژێرێتەوە.
لەم بارەیەوە، مستەفا شەنتۆپ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەڵێت، پرسی خۆكاندیدكردنەوەی ئەردۆغان دەستبەسەرداگرتنی كورسی نییە، بەڵكو یاساییەو دوای ٢٠١٨ یاساكان گۆڕاون و بەگوێرەی یاسا نوێیەكە ئەردۆغان دەتوانێت بۆ دووەم جار خۆی كاندیدبكاتەوە.
خۆدی ئەردۆغانیش لەبارەی پرسەكەوە دەڵێت: «لایەنەكان دەڵێن نابێت خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام گەلەكەم هەم رێگەم دەدات، خۆم كاندید بكەمەوەو هەم جارێكی دیكە وەك سەرۆككۆماریان هەڵدەبژێرنەوە.
ئۆپۆزسیۆن: ئەردۆغان دەستوور پێشێل دەكات
لەم بارەیەوە كورشاد زۆرلو وتەبێژی پارتی باش، رایگەیاند، كاتێك كە ئەردۆغان بەفەرمی سەردانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كرد، پێویستە كۆمسیۆن بەئاشكرا پێی رابگەیەنێت كەهەنگاوەكەی نایاساییە، بەڵام هەمووان چاوەڕێی كۆمسیۆن دەكەن كەچی وەڵامێكی دەبێت.
لەلایەكی دیكەوە ئیدریس شاهین گوتەبێژی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤا) لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد، پێویست بوو كاتێك مادەی ١٠١ی دەستووریان لەساڵی ٢٠١٧دا گۆڕی ئاماژەیان بەوە بكردایە كە بەگوێرەی سیستمی نوێ، هەموو شتێك لەسفرەوە دەستپێدەكات، واتە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ئەردۆغان سفر دەبێتەوە، بەڵام شتێكی بەو شێوەیە لەیاساكەدا نییەو خۆكاندیدكردنی ئەردۆغان نایاساییە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش لەتویتێكدا لەبارەی خۆكاندیدكردنەوەی ئەردۆغان بۆچوونی خۆی دەربڕی. دەمیرتاش ئاماژەی بەقسەیەكی ئەردۆغان كرد كەوتبووی، « یاساكانی پێشووی لەكاتی گۆڕینی هەندێك لەماددە دەستوورییەكان سفر بوونەتەوە» و وتی، « ئەردۆغان باسی سفر بوونەوەی یاساكان دەكات، بەڵام خەڵكی توركیا لەڕۆژی هەڵبژاردنەكاندا سفری دەكەنەوە.»
كاندیدی سەرۆكایەتی، بەگوێرەی دەستووری توركیا پێویستە ٥١٪ی كۆی دەنگەكان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی پۆستەكە بەدەستبهێنێت، بەڵام بەگوێرەی راپرسییەكان كاندیدی هیچ لایەنێك ناتوانێت، ٥١٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە خولی دووەم و كاندیدی یەكەم و دووەم دەمێننەوەو لێرەدا ئەو دوو كاندیدە پێویستە پشتگیری لایەنەكانی دیكە بەدەستبهێنن كە لەخولی یەكەمدا لەپێشبڕكێكە چوونەتە دەرەوە كەگرنگترینیان هاوپەیمان رەنج و ئازادییەكانە كەدەتوانێت هاوكێشەكە بەتەواوی بگۆڕێت.