کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 148 رۆژە بەردەوامە

لە دەیان شاری گەورەی وڵاتانی جیهان ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوچو

2 ساڵ لەمەوپێش



سزادان و دەستگیرکردنی چالاکوانان و گەنجانی کورد بەردەوامە و لە یەک رۆژدا سێ کاسبار و کۆڵبەر کوژران و  ناڕەزایەتیی و کاردانەوەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە پێنج مانگ نزیک دەبێتەوە و لە دەیان وڵاتی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو و فەڕەنسا دوای ئازادکردنی هاوڵاتییەکی داوای ئازادکردنی ژمارەیەکی دیکە لە هاوڵاتییانی زیندانیکراوی لە ئێران دەکات.

کوشتن و سزادان لە رۆژهەڵات بەردەوامە

سەڵاح ئازادیی، مامۆستا لە شاری مەریوان بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئەو شارەوە سزای یەک ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

لە شاری بۆکان گەنجێک بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان هەشت مانگ زیندانیی و لێدانی 30 قامچیی بەسەردا سەپێنرا.

تەنها لە یەک رۆژدا کۆڵبەرێک و سێ کاسبکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

پێگەی کۆڵبەرنیوز و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ رۆژی هەینی (10/2/2023) لە شاری کامیاران دو گەنجی کەسبکاری کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەستداوە و هاوکات لە ناوچەی رەبەت سەر بە شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کۆڵبەرێک بەناوی حسێن محەمەدی کە باوکی دو منداڵ بوە، گیانی لەدەست داوە.

لە دەیان شاری وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو

رۆژی شەممە لە پاریس، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا، ئەمریکا، کۆریای باشور، سوید، بەریتانیا، نەرویج، ئیتاڵیا، قوربرس، دانیمارک، نەمسا، بولگاریا، نیوزلەندا، ئیسپانیا جگە لە پایتەختی ئەو وڵاتانە لە زۆربەی شارە گەوەرەکانی دیکەشدا گردبونەوە و خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو.

خۆپیشاندانەکانی چالاکوانانی کورد و ئێران لەو وڵاتانە هاوکات بو لەگەڵ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی.

وتارەکی سەرۆک کۆماری ئێران هاککرا

گروپێکی هاککەر بە ناوی (عەدالەتی عەلی) ئەمڕۆ و لە کاتی وتاردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، پەخشی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتەیان هاک کرد و داوایان لە خەڵک کرد بەشێوەیەکی فراون بژێنەوە سەر شەقامەکان و کۆتایی بە نادادپەروەریی و گەندەڵیی کۆماری ئیسلامی بهێنن.

هاککردنی پەخشی راستەوخۆی ئەو تەلەڤیزیۆنە هاوکات بو لەگەڵ بەڕێوچونی یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

 

ئەڵمانیا 160 سیخوڕی ئێران دەستگیر دەکات

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە ژمارەیەک سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی لە ئەڵمانیا دەستگیر کردوە کە زانیارییان لەسەر ئەو هاوڵاتییانە کۆکردوەتەوە کە بە رەگەزنامە خەڵکی ئێرانن.

رۆژنامەی وێڵ ئەم سۆناتگ(Welt am Sonntag)ی ئەڵمانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە بە رۆژنامەکەی راگەیەنادوە، سیخوڕی و کاری هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادی کردوە.

بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا؛ کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەیان کەسەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی داوە لەسەر ناسنامە و شوێن و پیشەی ئەو کەسانەی نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و بە دیاریکراوی زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردوەتەوە کە خەڵکی ئێران و نیشتەجێی ئەڵمانیان.

مامۆستایەکی کورد و پزیشکێکی چالاکوان ئازاد کران

مامۆستایەکی کورد و پزێشکێکی چالاکوانێکی ئێران دوای نزیکەی 300 رۆژ مانگرتن و پێنج ساڵ زیندانیی ئازاد کرا .

زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندوە؛ دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکەی ئێوارەی هەینی ئازدا کراوە.

محەمەدی کە سەرۆکی رێکخراوی (نۆژین)-ە بۆ چالاکی مەدەنی و کەلتورییەکان پێشتر بە تۆمەتی دروستکردنی رێکخراوی نایاسایی سزایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو کە دوای تێپەڕێنی زیاتر لە ساڵێک لە سزاکەی. ئازادکراوە.

لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە؛ فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مەدەنی کە بەهۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و مرۆیی زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو، لە چواچێوەی لێبوردنێکی گشتیی لە ئێران ئازاد کرا.

فەرهاد مەیسەمی تەمەن 53 ساڵ کە پزیشک بوە، بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیی کراوە و زیاتر لە نۆ مانگ بو دژی لەسێدارەدان لەو وڵاتە مانی لە خواردن گرتبو.

جەستەی پاڵەوانێک دوای زیندانیکردن لە ئێران

رۆژی شەممە وێنەی خالید پیرزادە، خەڵکی شاری ئەهواز لە باشوری ئێران بڵاو کرایەوە کە دوای پێنج ساڵ زیندانیکردن ئازاد کراوە بەڵام وێنەی ئەو پاڵەوانە دەری دەخات دۆخی زیندان و ئەشکەنجەدانی تا چ ئاستێک کاریگەریی لەسەر جەستەی هەبوە.

پیرزادە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی نەیار بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا بوە و لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەدان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن روبەڕوی کێشەی تەندروستیی بوەتەوە.

 

 

فەڕەنسا داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئێران دەکات

فەڕەنسا رایگەیاند؛ هاوڵاتییەکی زیندانیکراوی لە ئێران ئازاد کراوە و باڵیۆزەکەشی لە تاران داوای ئازدکردنی هاوڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی کردوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردوەتەوە؛شەوی شەممە فەریبا عادلخا ، خەڵکی ئێران  کە هەڵگری رەزگەزنامەی فەڕەنسایە دوای سێ ساڵ لە زیندان ئازادکراوە.

سەرچاوەیەک لە کەسوکاری ئەو زیندانییە رایگەیاندوە؛ رون نییە ئەو عادلخا دەتوانێت گەشتی دەرەوە بکات یان نا.. چونکە پێشتر سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و سێ ساڵی لە زیندان ماوەتەوە

فەریبا عەدالخا، توێژەری سیاسیی هاوڵاتیی فەڕەنسا ساڵی 2019 دوای گەشت بۆ ئێران دەستگیرکرا و تۆمەتی سیخوڕیی خرایە پاڵی و لە لایەن دادگایەی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەرپێنرا.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاندبو، باڵیۆزی نوێ ئەو وڵاتە لە تاران داوای لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کردوە کە حەوت هاوڵاتی فەڕەنسی-ئێرانیی ئازاد بکات کە بە تۆمەتی ناڕاست دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئێراندان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار