دەنگی هەدەپە یەکلارەوەیه و پرسی کورد دەخرێتەوە سەر مێزی دانوستان

2 ساڵ لەمەوپێش



پرسی كورد لەتوركیا، هەرچەندە بەسەرەكیترین پرس دادەنرێت، بەڵام هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا، بەكارهێنراوە، تاوەكو ئێستاش بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەش نزیكبوونی دەنگەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردۆغان هەردوو كاندیدە بەهێزەكە، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بردنەوەی یەكێك لەكاندیدەكان و جارێكی تریش پرسی كود دەبێتەوە بەباسی سەر مێزی دانوستانەكان.

باسكردنی چارەسەری پرسی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، تاوەكو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و بەتایبەتی تاوەكو سەردەمی تورگوت ئوزاڵ لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو، بەهیچ شێوەیەك نەبینراوەو یەكەم جار كەدەسەڵاتی توركیا لەگەڵ لایەنی كوردی بەمەبەستی چارەسەری پرسی كورد دەستی بەدانوستان كرد، حكومەتەكەی تورگوت ئوزال بوو كەدواتر بەمردنی گوماناوی ئوزاڵ، كۆتایی بەدانوستانەكان هێنراو سەردەمێكی رەش و تاریك لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی تانسۆ چیللەر دەستیپێكرد.

دوای ئەوە سولەیمان دەمیرئەل لەساڵی ١٩٩٢ كەیەكەم كۆبوونەوەی وەزیرانی خۆی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان ئەنجامدا رایگەیاند: لەو شارەدا واتە ئامەد «دان بەڕاستی كورد دەنێین». بەڵام دواتر هەنگاوێكی بەرەو چارەسەری پرسی كورد نەناو رۆژنامەنووس «فیكرەت بیلا» لە ١٧ی ئابی ٢٠٠٥، دوای مردنی دەمیرئەل، چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵیدا بڵاوكردەوە كە دەمیرئەل دەڵێت» مەبەستم لەڕاستی كورد ئەوە بووە، واتە مرۆڤێك بەناوی كورد هەیە، ئێمە ئەوە قبوڵ دەكەین، لەنێو گەلی توركدا، كوردیش هەیە». واتە دەمیرئەلیش ئاشكرا بوو كەپرسی كوردی بۆ بەهێزكردنی خۆی و راكێشانی دەنگی كورد بەكارهێناوە.

پاشان هیچ حكومەتێك هەوڵی نەداوە پرسی كورد لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەربكات و هەمووان پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازیی بردووە، تاوەكو حكومەتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات.

ئەردۆغان لە ١٢ی ئابی ٢٠٠٥دا لەشاری ئامەد بۆ یەكەم جار وتی: « كێشەی كورد كێشەی منە»و دوای ئەوە لەشاری ئەستەنبوڵ لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند:» ١٥ ساڵ لەمەوبەر ئوزاڵ و دەمیرئەلیش هەوڵی چارەسەریان داوەو ئێمەش لەهەوڵەكانمان بەردەوام دەبین».

لەساڵی ٢٠٠٥ەوەو تاوەكو ساڵی ٢٠١٥، چەندین كۆبوونەوەی نهێنی و ئاشكرا لەنێوان حكومەتی توركیاو پەكەكە، بەنێوەندگیری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچوون و جۆرێك لەكرانەوە بەڕووی كورددا هاتەئاراوە كە لەمێژووی توركیادا بێوێنە بوو.

رادیۆو كەناڵی فەرمی سەر بەحكومەت بەزمانی كوردی كرانەوە، زمانی كوردی لەزانكۆكاندا وەك زمانی هەڵبژاردە دەخوێندرا. چەندین شاندی ئاشتی لەقەندیل، مەخمورو ئەوروپاوە گەڕانەوە توركیاو لەو ١٠ ساڵەدا، توركیا پێشكەوتنێكی گەورەی لەڕووی، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، گەشتیارییەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر ئاشكرابوو كەئەگەر كێشەی كورد لەو وڵاتە چارەسەربكرێت، كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی دیكە هەیە، لەسەروبەندی ئەوەی  داری چارەسەر بەربگرێت، مێزی دیالۆگ قڵپكرایەوەو ئیدی حكومەتی ئاكەپە ١٨٠ پلە گۆڕاو جگە لەشەڕی ناوخۆ، دەستی بەئۆپراسیۆنەكانی دەرەوەی سنور بۆ نێو باشورو رۆژئاوای كوردستان كرد، تائێستاش كەنزیكەی مانگ و نیوێك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ماوە، دۆخی شەڕو ئاڵۆزی بەردەوامە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، جارێكی دیكەو لایەنێكی دیكە بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكاندا، خۆی لەكورد نزیككردووەتەوە كەئەویش هاوپەیمانی گەلە بەسەرۆكایەتی كەمال كلچدارئۆغلۆ.

كلچدارئۆغلۆ كەكوردێكی عەلەوی خەڵكی شاری دەرسیمەو كاندیدی هاوبەشی پارتەكانی نێو (هاوپەیمانی گەل)ە بۆ سەرۆكایەتی لە ٢٠ی ئازاردا (ئەم مانگە) دوای چاوەڕوانییەكی زۆر سەردانی هەدەپەی كردو لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كۆبووەوە.

دوای كۆبونەوەكە كەنزیكەی كاتژمێرێكی خایاند، كلچدارئۆغلۆ بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەكو ئاشتی هەبێت، هیچ واتایەكی شەڕ نییە. پرسی كورد لەپەرلەمان چارەسەر دەكەن. هەروەها ئاماژەی بەقەدەغەی سەر زمانی كوردی كرد كەبۆچی وەك زمانێك كە «لێی تێناگەن» پێناسەی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو رادیۆو كاناڵی فەرمی دەوڵەتیش بەكوردی پەخشی خۆیان دەكەن.

قسەكانی كلیچدارئۆغڵۆ لەشەقامی توركیاو سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی زۆری بۆكراو چەند رۆژ دوای ئەوەش، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپ) رایانگەیاند: كەكاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی نابێت. هەرچەندە ئاماژەیان بەوەنەكرد كەدەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە رێككەوتنی ژێربەژێر ئەنجامدرابێت و  بەرەی كوردو چەپەكانیش لەدژی ئەردۆغان، هەوڵی سەرخستنی كلچدارئۆغلۆ دەدەن. ئاماژەیەكی دیكەش بۆ راستی ئەم بۆچوونە ئەوەیە كە پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو كەهەموو هەوڵێكیان كۆیاییهێنانە بەدەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆمار.

لەكاتێكدا كەدیارە كێشەی كورد لەتوركیا، كێشەیەكی دەستووریەو چوار خاڵی سەرەتای دەستووری بنەڕەتی توركیا كەباسی « یەك وڵات، یەك نەتەوە، یەك ئاڵاو یەك زمان» دەكات، رێگرە لەوەی زمان و نەتەوەی كورد بەفەرمی لەو وڵاتەدا دانی پێدابنرێت، بەڵام لایەنی كوردی، بەناچاری و بەهۆی فشارەكانی چەندساڵی رابردووی ئاكەپە لەسەر كوردو نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی دەسەڵات بۆ چارەسەری كێشەی كورد، دەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، كەئەویش بەفەرمی هیچ پرۆسەیەكی بۆ چارەسەری نییە و لەكارنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلیشدا كەساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەست بۆ هیچ خاڵێكی دەستووری نەبراوە كەپەیوەندی بەكێشەی كوردەوە هەبێت.

بەو پێیەش وەها دەردەكەوێت كە هەدەپەو هاوپەیمانەكانی، بیانەوێت لەقۆناغی سەرەتای نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆماردا، هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژن و دواتر خۆیان بۆ كێبڕكێیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كلچدارئۆغلۆ ئامادە بكەن كەیەكێكیان پارتی باشە بەسەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر.

ئاكشەنەر كەیاریدەدەرێكی باوەڕپێكراوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی سەرەكیترین دوژمنی كورد بوو، لەئێستادا بەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی گەلەو بەئاشكرایی رایگەیاندووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت كلچدارئۆغلۆ داواكاری هەدەپە بێنێتە سەر مێزێك كەئەوانی لەسەربن.

لەئێستادا، پرسە سەرەكییەكە، پرسی هەڵبژاردنە لەتوركیا كەئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی كردووەتەوەو رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەكانیش، لەبەر رۆشنایی ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، دیارە. دوایین زانیاری لەسەر رێژەی دەنگی لایەنەكان لەلایەن محەمەد عەلی كولات سەرۆكی كۆمپانیای ماك-ی تایبەت بەڕاپرسییەكان ئاشكراكرا.

محەمەد عەلی كولات لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سوزجو)ی نزیك لەپارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رێژەی دەنگەكانی هاوپەیمانی كۆمارو هاوپەیمانی گەل نزیكن لەیەكەوە، واتە هەردووكیان نزیكەی ٤٥٪ بەدەستدەهێنن و ١٠٪ی دیكەش دەنگی هەدەپەیەو هاوپەیمانەكانیانە.

بەپێی قسەكانی كولات بێت، هەدەپە لەم نێوەندەدا، دەتوانێت بەئارەزووی خۆی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی لایەنێك یەكلایی بكاتەوە. یەكەم مەرجی هەدەپەش، چارەسەری پرسی كوردو دیموكراسییە لەتوركیا كەدەسەڵات هیچ پرۆژەیەكی بەو شێوەیەی نییەو وەها دەردەكەوێت كەهەدەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆكایەتی كلچدارئۆغلۆ یەكلایی بكاتەوە كە بەزارەكیش بێت، بەڵێنی چارەسەری پرسی كورد لەپەرلەمان و هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر زمانی كوردی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی داوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار