ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی دەنگدەرانی توركیاوە دەیەوێت ئەردۆغان بخات
ئەردۆغانو كلیچدار ئۆغلۆ كێبڕكێكانیان بۆ كورسیی دەسەڵات توندتر بووەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ كورسی دەسەڵات سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەكلاییدەبێتەوە، هەرچەندە ئاژانسەكان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كەچانسی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی سەرۆك كۆمار زیاترە بەراورد بە كلیچدار ئۆغلۆ، بەڵام هێشتا ئۆپۆزسیۆن هیوای ماوە بۆ كەوتنی ئەردۆغان.
سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغلۆ دەستپێدەكات كەبڕیارە رۆژی یەكشەممە 28ی ئایار ئەنجامبدرێت.
لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیادا 88% دەنگدەران بەشدارییان كردبوو، چاوەڕواندەكرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە 85% دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن.
چوار رۆژی دیكە (یەكشەممە ٢٨ی ئایار)، دوای ١٤ رۆژ لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، هاووڵاتیانی توركیا دەچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان، هەڵبژاردنی ئەم جارە لەڕووی تەكنیكیەوە ئاسانترە، بەڵام لەڕووی كێبڕكێ و ركابەرایەتیەوە یەكێكە لەسەخترین هەڵبژاردنەكان لەمێژووی توركیادا.
هاووڵاتیانی توركیا لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا دوو رێگەیان لەبەردەمدایە، یان كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن، یانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری پێشوو و كاندیدی دەسەڵات هەڵدەبژێرن.
لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەردۆغان زیاتر لە ٤٩٪ی دەنگەكان و كلیچدار ئۆغلۆش نزیكەی ٤٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو و بەم شێوەیە هیچیان رێژەی یاساییان بەدەستنەهێنا كە ٥٠ +١ی كۆی رێژەی دەنگەكانە. لە پلەی سێیەمدا سینان ئۆغان دێت كەئەویش ١٧.٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
ئەردۆغان لەگەڵ سینان ئۆغان رێككەوتووەو ئەوەش شەقامی توركیای هەژاندو چەندین رەخنەی توند رووبەڕووی سینان ئۆغان بووەتەوە، بەشێكی كەمیش لەدەنگدەرانی پشتگیریان كردووە.
چاوەڕوان دەكرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) و سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا دەنگی 50 زائید یەك ببات و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار.
لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغلۆ هەوڵێكی زۆریاندا كەدەنگەكانی دەنگدەرانی سینان ئۆغان بەدەستبهێنن، بەڵام ٢٢ی ئەم مانگە لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا سینان ئۆغان بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان ئاشكرا كردو داوای لەدەنگدەرانی كرد، دەنگ بەئەردۆغان بدەن.
هاوپەیمانیی ئاتا هەڵوەشایەوە
هەرچەندە سینان ئۆغان پشتگیری لەئەردۆغان دەكات، بەڵام ئەو دەنگانەی كە لەخولی یەكەمدا پێی دراون، تەنیا دەنگی لایەنگرانی ئەوو پارتەكەی نین، بەڵكو دەنگی چەندین پارتی دیكەیە كە لەژێر ناوی هاوپەیمانی ئاتا كۆببوونەوە. لەئێستادا پارتی سەركەوتن و پارتی دادپەروەری ناڕەزایەتیان بەهۆی بڕیارەكەی سینان ئۆغان دەربڕیوەو رایانگەیاندووە كە رای ئەوان جیاوازە. پارتی دادپەروەری بەئاشكرا رایگەیاند پشتگیری لەئەردۆغان دەكات و پارتی سەركەوتنیش لەئان و ساتدایە كە پشتگیریەكەی بۆ كلیچدار ئۆغلۆ رابگەیەنێت.
بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئاتا كە ١٧.٥٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە لەخولی یەكەمدا، بەسەر دوو لایەندا دابەشبووە و بەئەگەرێكی زۆر دەنگەكانی بەسەر كلیچدار ئۆغلۆ و ئەردۆغاندا دابەشببێت.
پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بە کلیچدار ئۆغلۆ دەکاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بەشێوەیەكی زۆر توند رەخنەیان لە سینان ئۆغان گرت و چەندین هەواڵ و راپۆرت لەبارەی هۆكاری پشتگیریكردنی ئۆغان لە ئەردۆغان بڵاوكرانەوە.
بەگشتی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت:» سینان ئۆغان هەرچەندە باسی ئەوە دەكات كەچەندین مەرجی هەبووە بۆ ئەوەی دەنگ بەكاندیدێك بدات، بەڵام بەتەواوەتی خۆی فرۆشتووەو پارەیەكی زۆری لە ئەردۆغان وەگرتووە».
هەروەها هەندێك هەواڵیش بڵاوكرانەوە كە ئۆغان لەسەر راسپاردەی ئیلهام عەلیەف سەرۆكی ئازەربایجان پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە، بەهۆی ئەوەی سینان ئۆغانیش بەڕەچەڵەك ئازەریە».
راپرسیەك: زۆربەی دەنگدەرانی سینان دەنگ بە كلیچدارئۆغلۆ دەدەن
كۆمپانیای سۆدەڤ كە لەبواری لێكۆڵینەوەو راپرسی كاردەكات، راپرسیەكی لەنێو ئەو كەسانەدا ئەنجامدا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە.
كۆمپانیای سۆدەڤ ئاماژەی بەوەكرد كەپرسیار لەهەزارو 906 دەنگدەری پێشووی سینان ئۆغان كراوە كە لەخولی دووەمدا دەنگ بەكام كاندید دەدەن؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بووە: كلیچدار ئۆغلۆ ٤٠%، ئەردۆغان ٢٢.١%، دەنگ نادەم ٢٨.٦% و ٤.٣ی دەنگدەرانی پێشووی ئۆغانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە.
هەروەها لەزۆربەی ئەو راپرسیانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرەوڕوو لەشەقامەكاندا ئەنجامدەدرێن، هاووڵاتیانی توركیا رەخنەی توند لە سینان ئۆغان دەگرن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە.
ماڵپەڕی ئارتی گەرچەكی نزیك لەهەدەپەش لەهەواڵێكی رایگەیاند، تەنیا لەتویتەردا زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس، وەك كاردانەوەیەك لاپەڕەی تایبەتی ئۆغانیان ئەن فۆڵۆ كردووە.
هاوپەیمانی ئاتا کە لە ٪٥،١٧ ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە خولی یەکەمدا لە نێوان کلیچدارئۆغلۆو ئەردۆغاندا دابەشبووە
پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بەكلیچدار ئۆغلۆ دەكاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە
پەرلەمانتارێكی هەدەپە بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات كەژمارەی كورسیەكانی پارتی چەپی سەوز بۆ 65 كورسی لەپەرلەمانی توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەكەنەوە كە لەخولی دووەمیشدا دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەدەن بۆ سەرۆكایەتی توركیا.
حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتەكەی لەسەر پارتی ناوی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەشدارییان كرد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بەهۆی ئەو سكاڵایانەی پارتی چەپی سەوز كردوونی، ژمارەی كورسیەكانی بەرزبووەتەوە بۆ 65 كورسی».
وتیشی:» تائێستا سوورین لەسەر ئەوەی دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بدەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا».
سەبارەت بەو هەواڵەی گوایە جەهەپە داوای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەئێستا لەزیندانە كردووە ریكلام بۆ كلیچدار ئۆغلۆ نەكات، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە رەتیكردەوەو وتی:»ئەوە بانگەشەی ئاكپارتییەو بەهیچ شێوەیەك راست نییە».
بەوتەی حەسەن ئوزگونەش پارتی چەپی سەوز تانەی لە 193 هەزار سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا داوەو چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت « ژمارەیەك پارتی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغلۆ راگەیاندووەو ئامادەن لەخولی دووەمدا دەنگی پێبدەن، ئەمەش رەنگە ئەنجامەكە بگۆڕێت».
كلیچدار ئۆغلۆ هیوای ماوە
رێژەی بەشداریكردن لەخولی یەكەمی هەڵبژارندەكاندا ٨٨٪ بوو، زیاتر لەملیۆنێك و ٢٠ هەزار دەنگیش هەژمار نەكران.
هەروەها زیاتر لە ٥٠ هەزار دەنگدەری نوێ هەیەو بەم شێوەیە زیاتر لە ١٨٪ی دەنگدەران، دەنگیان بە ئەردۆغان و كلیچدارئۆغلۆ نەداوە.
كەمال كلیچدار ئۆغلۆ تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕیوەو ئەكرەم ئیمام ئۆغلو كەسەرۆكی شارەوانی ئەستانبوڵە كردووەتە بەرپرسی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان.
لەلایەكی دیكەوە دەوترێت نزیكەی دوو ملیۆن دەنگی ئەردۆغانیش نائاسایین و ئەم رێژەیەش دەتوانێت، هاوكێشەی هەڵبژاردن بگۆڕێت و بۆیە تاوەكو ئێستا كلیچدارئۆغلۆ هیوایەكی هەیە كە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت.