وەزیری دارایی: هەندێک لەو گۆڕانکارییانەى لە لیژنەى دارایی کراوە پێچەوانەى دەستور و یاسایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیرى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ حکومەتى هەرێم پابەندى رێککەوتنەکەیەتى لەگەڵ بەغداد. دەشڵێت: هەندێک لەو گۆڕانکارییانەى لە لیژنەى دارایی کراوە پێچەوانەى دەستور و یاسایە.

ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گۆڕانکاریەکانی یاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردویەتی لە ئەنجامی جەولەیەکی دورودرێژی دانوستان بوە کە لە 2019 دەستیپێکرد سەرئەنجام یاسای بودجەی 2020 رێککەوتنمان لەسەرکرد بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان، دواتر بۆ یاسای بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و لە پەرلەمان پەسەندکرا، ئەم دو رێککەوتنە پێشکەوتنی بەخۆوەبینی بۆ ئەم رێککەوتنەی دوایی، کە لەسەر بودجەی 2023، 2024 و 2025 رێککەوتین، ئەو رێککەتنە سیاسیەی کرا ئیدارەی دەوڵەتی لێدروستبو کە دواتر حکومەتی پێدروستکرا و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانوایە هەر دەستکاریەک لە پڕۆژەی بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەنادەستوری و یاسایی ناودەبەن، "هەروەها بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە کە هەمو دەستکاریەکی دەقەکانی حکومەت تایبەت بە بودجە لە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی زیادکردن یاخود لابردنی دەقیان نیە".

دەشڵێت: ئێمە پابەندی رێککەوتنەکانی نێوان و هەرێم و بەغدا و پرۆژەیاسای بودجەی 2023 دەبین و لە دەرەوەی ئەوانەش هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە ناسایی دەزانین.

لەبارەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانیشەوە، ئاوات شێخ جەناب وتى،" لەوەى ئەولەویەتى وەزارەتى دارایی دابینکردنى موچەى فەرمانبەرانە، بەڵام ئەوەى پەیوەستە بە پاشەکەوتى موچە ئەوەیە کە ئەو پاشەکەوتە مافە و ئێمە لە ئامانەتەوە کردومانە بە قەرز لەسەر حکومەت بۆئەوەى نەفەوتێت، بەڵام کە بە بڕگەیەک لەلایەن لیژنەى داراییەوە زیادکراوە دەبو دور لە موزایەدەى سیاسى ئەوە بکرایە کە تەخسیساتى بۆ دابنرایە، بەڵام ئەوە نەکراوە، ئەو پارەیە لە کوێ دەهێنرێت؟.

ئاوات شێخ جەناب پەیوەست بەو قەرزەی کە لەرابردودا لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقییەوە کراوە، وتی، "کاتی خۆی داوامان کردوە پێدانەوەی قەرزەکە بکرێتە 10 ساڵ، بەڵام لە بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و کرا بە 7 ساڵ و لە بودجەی 2023 هەمان شت دوبارەکرایەوە بەڵام لە لیژنەی دارایی کراوە بە پێنج ساڵ کە بدرێتەوە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا پشکی کورد کە 12.67% غەدرێکی گەورەیە و بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم کەمکراوەتەوە، ئێمە نایشارینەوە بەومەرجە رازی بوین بە 12.67% کە مانگی 10 سەرژمێری بکرێت کە بەپێی ئامارەکان کورد 14%یە".

ئەوەشی خستەڕو، "سەرەڕای ئەوەی کە هەمو پڕۆسەی نەوتی ئێمە قابیلی پێداچونەوەیە لە رێگەی چاودێری دارایی حکومەتی بەغدا و هەرێم هاتون زیادکردنێکی نامەعەقولیان کردوە کە دەبێت دوای ئەو پڕۆسەیە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی بۆ بکرێت، هەروەها مەرج دانراوە کە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەوا پشکی هەرێم دەبڕدرێت و فەرمانبەران سزادەدرێن کە نەدەبوایە ئەمە بکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار