قاچاغچییەكان لەتوركیا كڕین‌و فرۆشتن بەكۆچبەرانەوە دەكەن‌و دەیاندەنە رێبەری بیانی

هاوڵاتی  بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی كۆچی نایاسایی لەڕێگەی توركیاوە دەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هەناو بابارەسوڵ

بەشێك لەگەنجانی كورد تەنانەت خێزانەكانیش بەپارەیەكی زۆر یاخود چاوپێكەوتن ڤیزای توركیا وەردەگرن، ئامانجی سەرەكیشیان ئەوەیە لەتوركیاوە بەیەكێك لەڕێگا قاچاغەكان خۆیان بگەیەننە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكی زۆر لەچاوەڕوانی و چارەنووسێكی نادیاردا دەمێننەوە.

زۆرێك لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە دەچنە توركیا روودەكەنە ئەستەنبوڵ بەدیاریكراویش ناوچەی «فاتیح» و ئاكسەرای كە ئەو شوێنە بەشێكی زۆر لەقاچاغچیەكان و رێبەرەكانیان تێیدا دەمێننەوەو نەفەر بۆ رێگا قاچاغەكانیان كۆدەكەنەوە.

ئەیوب كەریم، بەخۆی و خێزانێكی چوار كەسییەوە كە سێ منداڵی پێییە رووی كردووەتە ئەستەنبوڵ و چاوەڕێی ئەوەیە بچێتە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، ئەوان جارێك بەڕێگای وشكانیدا هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بەپێ رۆیشتن پۆلیسی یۆنان دەستگیریكردوون و گەڕاندوونیەتیەوە بۆ توركیا، جگە لەوەی وەك خۆیان دەڵێن پۆلیسی یۆنان چییان پێبووە لێیان سەندوون.

وەك ئەیوب بۆ هاوڵاتی باسیكرد، سەرەڕای ئەوەش كۆڵیان نەداوەو لەچاوەڕوانیدابوون تا بەڕێگای ئاو یان رێگایەكی دیكە بگەنە یۆنان یان ئیتاڵیا، بەڵام بۆ ئەو گەیشتنەش دەبێت چاوەڕوان بن و نازانن دەردەچن یاخود نا، بۆ ئەوەش دەبێت پارەیەكی زۆر بدەن بەقاچاغچیەكان تا ئیتاڵیا، پێشیان وتوون لەئەگەری دەستگیركردنیان لەئاوەكانی یۆنان رەنگە دیپۆرت بكرێنەوە یاخود بۆ ماوەیەكی زۆر لەكەمپدا بن لەیۆنان و سەرەڕای ئەوەش پەنجەمۆریان پێبكرێت، لەوحاڵەشدا نیوەی پارەكەیان دەڕوات.

پەیامنێری هاوڵاتی لەكاتی گفتوگۆی نێوان ئەیوب و رێبەری یەكێك لەچاغچیەكان بەناوی (هەرێم) ئامادەبوو وەك نەفەر خۆی ناساند، رێبەری قاچاغچیەكە باسی لەوەدەكرد كە یەختەكەیان 34 مەترەو تەنها (200) كەسی تێدەكەن، بۆ ئەوەش دەبێت بۆ هەر نەفەرێك هەشت هەزارو پێنجسەد دۆلار بدەن و بۆ منداڵەكانیش نیوەی پارەكە بدەن.

وەك رێبەری یەكێك لەقاچاغچیەكانی توركیا باسی كرد، لەئەگەری گەیشتنیان بەیۆنان و گیرانیان ئەگەر دیپۆرت نەكرانەوە نیوەی ئەو پارەیەیان دەوێت.

لەناوچەی ئاكسەرای كەبۆ زۆرێك لەو كەسانەی بەقاچاغ چوونەتە ئەوروپا یاخود چاوەڕێن بچن ناوێكی ناسراوە، دەیان رێبەرو قاچاغچی رۆژانە مامەڵە دەكەن لەگەڵ نەفەرەكان و بەشێكیان نەفەرەكان دەبەنە شوقە یان شوێنی مانەوە كە خۆیان بەكرێیان گرتووە تا نەفەرەكان دەردەچن.

لەبەدواداچوونەكانی هاوڵاتیدا دەركەوت زۆرێك لەقاچاغچیەكان وەك كاڵا مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران دەكەن، واتە بەشێك لەكۆچبەران دەفرۆشرێن بەڕێبەری (روس و تورك و پاكستانی) واتە ئەوان تەنها مامەڵەكە دەكەن و دواتر بەبڕە پارەیەك ئەو كۆچبەرانە دەدەنە دەست رێبەری دیكەو خۆیان تەنانەت ناچنە سنورەكانیش بۆ بەڕێكردنیان.

هەرچەندە توركیا رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەیە كەڕێگربێت لەوەی بەقاچاغ كۆچبەران بگەنە ئەوروپا، بەڵام جدیەتێكی زۆر لەو رێككەوتنە بەدیناكرێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو بەشێك لەو كەسانەی بەو رێگایانەدا رۆیشتوون دەڵێن پاسەوانی سنورەكانی توركیا بەڕێگای وشكانی بەرەو یۆنان هیچ ڕێگرییەك ناكەن تاكۆچبەران بپەڕنەوە بۆ یۆنان.

یەكێكی دیكە لەو كەسانەی پەیامنێری هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كرد، ناوی (كاروان)ە، ئەو خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو، وەك خۆی ئاماژەی پێدا نزیكەی 40 رۆژە لەتوركیایەو شەش جار بەڕێگای وشكانی هەوڵیداوە بپەڕێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام هەوڵەكانیان سەرینەگرتووە، سەرەڕای ئەوەش دەڵێت بەردەوام دەبن و كۆڵ نادەن.

بەوتەی ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئاگرەكانی یۆنان  مەترسییەكی دیكەیە  بۆ سەر كۆچبەران، لەمانگی تەمموزدا كاتێك شەپۆلێكی گەرمای درێژخایەن یۆنانی گرتەوە و پلەی گەرمی لە باشوور (٤٦) پلەی سەدی تێپەڕاند، چەندین ئاگر لەدارستانەكان كەوتەوە، كەمەترسیدارترینیان لە دوورگەكانی ڕۆدس لە دەریای ئیجە لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەو كۆرفو لەدەریای ئایۆنی لەباكووری رۆژئاوای یۆنان روویداوە بووە هۆی چۆڵكردنی هەزاران ناوچە لەدانیشتووان.

وتیشی: لەسەرەتای وەرزی هاوینەوەو ئاگركەوتنەوەكان لانیكەم (٢٥) كەس گیانیان لەدەستداوە كەدەسەڵاتداران  تەرمی (٢٠) كەسیان دۆزیوەتەوە لە نزیك شاری ئەلێكساندرۆپۆلی و رایانگەیاندوە كە بەئەگەری زۆرە كۆچبەرن.

ئاری جەلال دەشڵێت زۆرێك لەكۆچبەران بەتایبەتی لەگوندە سنوورییەكانی توركیا دوای بەزاندنی رووباری ئێڤرۆس پێیدا تێدەپەڕن، بەو پێیەی بەشێكی زۆریان ناچارن بۆ ماوەی چەندڕۆژێك لەڕێگا لاوەكییەكاندا بەپێ بڕۆن و خۆیان لەدارستانەكاندا بشارنەوە لە ترسی ئەوەی پۆلیس دەستگیریان دەكات و بە زۆر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ توركیا.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە رۆژی هەینی یەكی ئەیلولی ئەمساڵ دەسەڵاتدارانی یۆنان  رایانگەیاند، گروپێكیان رزگار كردوە كە  لە (٢٥) كۆچبەر پێكهاتبوون، تەواوی كۆچبەران لەهاووڵاتی سوریاو عێراق و لوبنان  پێكهاتبوون.

رۆژانە لەمیدیاكانی یۆنان و ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستانیش هەواڵی خنكان یان رزگاركردنی كۆچبەران لەخنكان لەئاوەكانی یۆنان و ئیتاڵیا بڵاودەكرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی دەزگای لوتكە لەهەفتەی سەرەتای مانگی تەمموزی 2023 دا  ٢٦ حاڵەتی گەڕانەوەی بەلەمەكان لەئاوەكانی یۆنان بۆ توركیا  تۆماركراوە، كە ٨٢١ پیاوو ژن و منداڵ بوون ، كەتەنها لەو هەفتەیەشدا  ٨٠ بەلەم توانیویانە بپەڕنەوە بۆ ئاوەكانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنانیش توانیویانە بەشێوەیەكی نایاسایی ٢٦ بەلەمیان بەهەمان رێگەدا ناردووەتەوە بۆ توركیا.

سەرەڕای ئەوەش هەر بەپێی زانیاریەكانی ئەو دەزگایە لەو هەفتەیەی سەرەتای تەمموزدا، بەشێوەیەكی گشتی  زیاتر لەهەزارو 300 پیاوو ژن و منداڵ بەسەلامەتی گەیشتوونەتە دوورگەكانی یۆنان  .

وەك دەزگای لوتكە ئاماژەی پێدەكات هاتنی تۆماركراو لەدوورگەكانی یۆنان بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ١٤٠% زیادیكردووە، هاوكات ژمارەی بەلەمەكانی گەیشتن بەدوورگەكانی یۆنان لەشوباتی ٢٠٢٠ەوە زیاتربووە.

لەیۆنانیش ژمارەی كۆچبەران لەكەمپەكانی ئەو دوورگانە بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا واتە لە 2020 ەوە زیاتر لەهەشت هەزارو 220 كەس ناویان تۆماركراوە، كەزۆرترین ژمارەی ئەو كەسانە تۆماركراون لەدوورگەكانی یۆنان لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ بووە.

*ئەو ناوانەی هاوڵاتی لەڕاپۆرتەكەیدا بەكاریهێناون واتە ناوی كۆچبەرو رێبەرەكان سەرجەمیان ناوی خوازراون.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار