حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکات

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ دەستپێدەکات و بودجەی پێویست بۆ بانکەکان نێردراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە.

وه‌زاره‌تی دارایی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2023، به‌شی ژمێریاری وەزارەتی دارایی ده‌ستیكردوه‌ به‌ ناردنی بودجه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگی 11. هەموو مانگێک حکومەتی عێراق لە 20-25ی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرەکانی دابەش دەکات. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێم تا ئێستا چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆن و هێشتا گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە نەگەشتووەتە هەرێمی کوردستان.

دوێنی دووشەممە پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە وتی،"بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان" کە بڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بکرێت.

تا ئێستا روون نییە کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 چ میکانیزمێک بەکاردەهێنرێت بۆ دابەشکردنی مووچە و حکومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێکی نەداوە کە قەرزی تر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشتر نەمرین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن چونکە "گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجام دەدرێت."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر رێککەوتنێکی نوێ ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار