لە ستایشی ژیاندا_ ئەزموونی نووسەرێک
11 مانگ لەمەوپێش
ڕەفیق سابیر
بەشی دووەم
ژیان لە سایەی شەڕدا
١
کودێتای ١٤ی تەمووز و ژیاندنەوەی توندوتیژی
بەیانییەکی هاوین دوای نانخواردن، بۆ فولکەی سەرەتای شەقامی سەرەکیی قەڵادزێ چووم، کە لە پشت ماڵی ئێمە و لەبەردەم دایرەی پۆست و ماڵی باپیرم بوو. زۆر ڕۆژ لەوێ لەگەڵ جەلالی خاڵە حەسەنم و هاوڕێکانم یاریمان دەکرد. لە دوورەوە هاوار و دەنگە دەنگ هات. لە سیلەی کۆڵانەکەمان دەرچووم و فولکەکە دەرکەوت، خەڵکێکی زۆرم بینی لەوێ کۆ بووبوونەوە. بەشێکیان بەدەم چەپڵەڕێزانەوە گۆرانییان دەوت، چەندان کەسی تر هاواریان دەکرد. ئەوە یەکەم جار بوو ڕووداوی لەو جۆرە ببینم. لە تەواوی ئەو بەزم و هاتووهاوارەی ئەو ناوەی پڕ کردبوو، ئەوەندە تێگەیشتم کە مەلیک کوژراوە و شۆرش کراوە. بە ڕاکردن گەڕامەوە ماڵ، بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە بە دایکم بگەیەنم. چونکە دایکم هەندێک جار، کە ناوی مەلیک دەهات، بە هەیبەتەوە باسی دەکرد و دەیوت نەوەی پێغەمبەرە. لە دەرگاوە هاوارم کرد:
دایە مەلیک کوژراوە!
دایکم کە لەو باوەڕەدا بوو، کەس ناتوانێت ئازار بە نەوەی پێغەمبەر بگەیەنێت، وتی:
کوڕم وا مەڵێ گوناهت دەگاتێ!
وتم: دایە گوناهی چی؟ خەڵک لای ماڵی باپیرم کۆ بوونەتەوە دەڵین مەلیک کوژراوە، لە خۆشییان گۆرانی دەڵێن و شایی دەکەن.
دوای ئەوە بە ڕاکردن گەڕامەوە بۆ لای فولکەکە.
ئەو ڕۆژە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بوو، مانگێک بوو پشووی هاوینەی قوتابخانە دەستی پێ کردبوو، من بۆ پۆلی سێیەمی سەرەتایی دەرچووبووم.
شۆڕش، یان کودێتای سەربازیی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم، ڕووی دا. لە ئەنجامدا مەلیک و چەند کەسی بنەماڵەکەی، لەوانە عەبدولئیلا، کە خاڵی مەلیک بوو، بە ناڕەوا کوژران. سەرۆکوەزیر نووری سەعید، کە لە دیارترین سیاسەتمەداری ناوچەکە بوو، لە لایەن ئاپۆڕەی بەلەسەبووی خەڵک، بە جۆرێکی دڕندانە لەناو برا. تەرمەکەی بە ئۆتۆمبێل، لە شەقامەکانی بەغدا ڕاکێشرا و پارچە پارچە کرا.
ئەو توندوتیژی و کوشتارەی کودێتاکە لەگەڵ خۆی هێنای، سەرەتای نەخشەی سیاسیی نوێی عێراقی بە خوێن کێشا. لە هەمان کاتدا، کولتووری کوشتن و توندوتیژی، کە لە کۆنەوە بە قووڵی ڕیشەی بە کۆمەڵی عێراقدا ڕۆچووە، ژیاندەوە.
هیچ شتێک لە نەبوونەوە نایەت. کوشتنی مەلیک و کەسانی بنەماڵەکەی و نووری سەعید و تێکرای ئەو تاوانە مەزن و کوشتارە کەموێنانەی دواتریش بە ناوی شۆڕشەوە، لە عێراقدا کران، بەرهەمی مێژووی خوێناویی سەدان ساڵەی کۆمەڵی عێراقن، کە هەمیشە مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەناوبردن بووە.
ناوچەکانی عێراقی عەرەبی كهوتونهته نێوانی دورگهی عهرهب و ئێران. ئەو ناوچانە لە کۆنەوە ئامانجی خێڵه به دووهكانی دوورگەی عهرهب بوون، کە بۆ تاڵانی، غهنیمهت و پهیداكردنی لهوهڕگا بۆ ماڵاتهكانیان، ڕوویان تێدهكرد. له سهردهمی پەلامار و غەزوی عهرهبیی ئیسلامیدا، ئهو ناوچانه كرانە بنکەی سەرەکیی لەشکری بەدووەکانی عەرەب، تا بەرەو ئێران و دوورتر بڕۆن. دواتریش ناوهندی دهسهڵاتی ئیسلامی گوێزرایەوە عێراق. شاری كوفه كرایه جێگای (بیت المال)ی مسوڵمانان. خێڵه بهدووهكانی عهرهب، کە بە توندوتیژی و تاڵانچێتی ناسراون، تا سەرەتای سەدەی بیستەم، به پۆل ڕوویان لە ناوچەکە کرد، کولتووری بەخوێنئاودراوی خۆیان تێدا چەسپاند. زۆرترین کوشتار، کێشە و شەڕە خوێناوییەکانی نێوان گروپە جیاوازەکانی مسوڵمانان، لە سەردەمی جیاوازدا، لەو ناوچانە ڕوویان دا، بۆ نموونە:
له سهردمی خهلافهتی ئومهویدا (٦٦١-٧٥٠) خهڵكی مسوڵمانی ههردوو ویلایهتی كوفه و بهسره، لایهنگری عهلی کوڕی ئەبو تالیب بوون، حوکمڕانیی ئومهوییهكانیان به ناشهرعی دهزانی. ئومهوییهكان پهلاماریان دان و زیاتر له ههشت ههزار كهسیان لێ كوشتن. حهجاج، كه والیی ئومهوییهكان بوو له عێراق، له ماوهی ٢٠ ساڵی حوكمڕانیدا ١٠٠ تا ١٢٠ ههزار مسوڵمانی عێراقی كوشت. دوای مردنی کە دهرگای زیندانهكان كرانهوه ٨٠ ههزار مسوڵمانی زیندانیكراویان لەناودا بوون، كه ٣٠ ههزاریان ژن بوون. کاتێک عهباسییهكان (٧٥٠-١٢٥٨) دهسهڵاتی ئومهوییهكانیان لهناو برد، نزیكهی ٦٠٠ ههزار كهسیان له ئومهوییهكان و لایەنگرانیان كوشت. حوسێن و بهشێك له ڕابهرانی ڕۆحیی شیعهكان له عێراق شههید كران. هزر و مەزهەبی شیعە، ئهلخهواریج، ئهلموعتهزیله، ههروا بزاڤی ڕهشهكان، قهرامیته، ئهلغولات، زهندیقهكان، لهو ناوچانە دهركهوتن. دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بە توندی پەلاماری ئەو بزاڤانەی دا و کوشتاری زۆری لێ کەوتەوە. بۆیە یاخیبوون له دەسهڵات و پهنابردن بۆ توندوتیژی و لەناوبردن، بوونە دیاردەیەکی ئاسایی و بهشێک له كولتووری سیاسیی دەسەڵات و خهڵكی ئهو ناوچانه پێی ڕاهاتن. كهچی بۆ نموونه خهڵكی سووریا لەو جۆرە کێشە و ناکۆکییانە بەدوور بوون، ئەوان گوێڕایەڵ و ملكهچی حوكمڕانانی ئیسلام بوون.[1]
ئەو کوشتارانە دەتوانن بۆمان ڕوون بکەنەوە بۆچی گۆڕینی سیستمی مەلەکیی عێراق بۆ سیستمی کۆماری، لافاوی خوێنی لەگەڵ خۆی هێنا. کەچی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە لە وڵاتانی تری ناسراو بە عەرەبی، بێ کوشتن و خوێنڕێژی ڕوویان دا. بۆ نموونە ساڵی ١٩٢٠ لە سووریا مەلیک فەیسەل لابرا و نێردرایەوە بۆ ئوردون. ساڵی ١٩٥٦ چەند ئەفسەر لە میسر، بە ڕابەری جەمال عەبدولناسر، بە شۆڕش، یان کودێتا، مەلیک فارووقیان لابرد. مەلیک و خێزانەکەی بۆ ئیتالیا نێردران. ساڵی ١٩٦٢ مەلیکی باکووری یەمەن و ساڵی ١٩٦٩ مەلیک محەمەد ئیدریس سنوسی لە لیبیا، بە کودێتای سەربازی لابران، خۆیان و بنەماڵەکانیان بە هێمنی دوور خرانەوە و دەوڵەتی مەلەکی گۆڕدرا بە کۆماری. لە تێکڕای ئەو وڵاتانە، مەلیک و بنەماڵەکەی، بە بێ خوێنڕشتن، بە کەلوپەلی پێویستەوە، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
شۆڕشی تەمووز سەرەتا ئازادیی سیاسی، هزری، مافی ڕادەربڕین و خۆپێشاندانی لەگەڵ خۆی هێنا. بۆ یەکەمین جار حزبی شیوعیی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی بەعس و حزبی تری عێراقی، ئازادانە و بە جۆرێکی قانوونی، دەستیان بە کار و چالاکیی سیاسی و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب کرد. ڕێکخراوی پیشەیی لاوان، قوتابیان، ژنان، سەندیکای مامۆستایان، پارێزەران، کرێکاران و جووتیاران...تاد، پێکهێندران.
گرینگترین دەستکەوتی شۆڕشی ١٤ی تەمووز بۆ کورد ئەوەبوو، لە دەستووری کاتیی عێراقدا، کە لە ٢٧-٧-١٩٥٨ دەرچوو، دان بە ماڤی نەتەوەیی کورد لە عێراقدا نرابوو. لە مادەی سێیدا هاتبوو: (قەوارەی عێراق لەسەر بنچینەی هاوکاریی نێوان تەواوی هاووڵاتیان و ڕێزگرتنی مافەکانیان و پاراستنی ئازادییان دامەزرێندراوە، عەرەب و کورد لەم وڵاتەدا هاوبەشن و ئەم دەستوورە دان بە مافە نەتەوەییەکانیاندا دەنێت، لە چوارچێوەی عێراقدا).[2]
ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراق و ناوچەکەدا، ئەم مافە دەستوورییە بە کورد بدرێت. چونکە لە دەستووری ساڵی ١٩٢٥ی عێراقدا، کە بریتانییەکان بۆ عێراقیان دانابوو، تەنانەت ناوی کورد نەهاتبوو. کەچی تەنیا سێ ساڵ پێش ئەو دەستوورە، لەشکری بریتانی بەزەبری تیرۆر و بۆردمان و هێزی سەربازی و مورتەزەقەی بیانی، مەملەکەتی کوردستانی ڕوخاند، ئاڵای مەملەکەتی کوردستانی داگرت و شاری سلێمانی وێران کرد. مەلیک مەحموودی زیندانی کرد و باشووری کوردستانی بەعێراقەوە لکاند. کەچی پاش ئەو کارەساتانەی بریتانیا بەسەر گەلی کوردستانی هێنا، پێی زۆر بوو ناو و مافی گەلی کورد لە دەستووری عێراقدا بنووسرێت. ئەمەش هەڵوێستی نامرۆڤانەی ئینگلیز بەرانبەر بە کورد و ڕۆحی شەڕانگێزیی ئەوان دەردەخات، کە غەدر و ڕەزالەت و تاوان، بەشێکە لە بوون و کولتووریان.
ئەو مافە نەتەوەییەی لە دەستووری نوێی عێراق بە کورد درابوو، تورکیا، ئێران و سووریای هەراسان کردبوو. ئەوان دەترسان گەلی کورد لە وڵاتەکانیاندا، داوای مافی دەستووریی لەو جۆرە بکەن. لەبەر ئەو هۆکارە و بە هۆی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی بریتانییەکان لە عێراق، ئەو وڵاتانە و بریتانیا، لە سەرەتاوە دژایەتیی دەوڵەتی کۆماریی عێراقیان کرد و ویستیان بە هەر شێوەیەک بێت، تێکی بشکێنن. شایەنی وتنە تا ئەمرۆ لە دەستووری تورکیا، ئێران و سووریادا، تەنانەت دان بە هەبوونی گەلی کورد لەو وڵاتانەدا نەندراوە.
شۆڕش یان کودیتای تەمووز و عاقیبەتەکانی، ژیان و چارەنووسی گەلانی عێراقیان گۆڕی. ئازادیی سیاسی، هزری و ڕادەربڕین، لە سایەی نەبوونی کولتووری دیموکراتی، کێشە و ناکۆکیی لێ کەوتەوە. پێش ١٤ی تەمووز، خەڵکی قەڵادزێ تەبا دەژیان. کەچی دوای ئەوە، خەڵکەکە بوونە دوو بەرەی جیاواز و دواتر پێک ناکۆک، بەرەی حزبی شیوعی و بەرەی پارتی. زۆرینەی خەڵکی شارەکە بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بوون. قسە و لێدوانی سیاسی لە ماڵان، قوتابخانە، چایخانە، کۆڵان و شەقام بەرگوێ دەکەوتن. پارتییەکان یەکتریان بە هەڤاڵ ناو دەبرد، شیوعییەکان بە هاوڕێ بانگی یەکتریان دەکرد. شیوعییەکان وشەی (گەنج)یان بەکار دەهێنا و پارتییەکان وشەی (لاو). هەر لایەنەیان دروشم و هوتاف و سروودی خۆی هەبوو. ڕەنگی زەرد و سوور بوونە سیمبولی دوو گروپ و دوو بەرەی جیاواز. هەر حزبە لە بۆنەی گشتی، یان بۆنەی تایبەتی خۆیدا، ئاهەنگی ساز دەکرد، لایەنگران و خەڵکی تری بانگ دەکرد. تەنانەت ئاهەنگی نەورۆز، هەمان ڕۆژ لە دوو جێگای جیاواز دەگیرا، هەر حزبەی بە جیا ئاهەنگەکەی ڕێک دەخست و لایەنگرانی خۆی کۆ دەکردەوە. نەورۆزی ١٩٦٣ کە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم، شیوعییەکان لە گردی حوسنی ئاهەنگیان گێرا. نەجات مەلاخدر، سنەوبەر زاهیر ڕەشید، نەزیرە شەفیق مامە و من، لەگەل چەند قوتابیی تر، شایی شێخانیمان کرد و گۆرانیمان وت. جەمال محەمەد (سوارە قەڵادزەیی) پێشتر، چەند ڕۆژ پراوەی پێ کردین.
لەهەندێک بۆنە و ئاهەنگدا دەمبەدمە لەنێوان لایەنگرانی هەردوو حزبدا دروست دەبوو، یان ڕەفتاری سەیر و گاڵتەجاڕانە دەبیندران. بۆ نموونە کۆمەڵێک گەنجی سەر بە حزبی شیوعی، پێکەوە بە شەقامی سەرەکی قەڵادزێدا دەهاتنە خوارێ، بەیەکدەنگ هاواریان دەکرد:
هەر دەڕۆین دەڕۆین دەڕۆین بەرەو ئیشتیراکییەت
بە پشتیوانی گەل و ئیتیحادی سۆڤییەت.
دواتر چەند پارتییەک، بۆ گاڵتە و جەفەنگ، بە هەمان شوێندا دەڕۆیشتن و هاواریان دەکرد:
هەر دەڕۆین دەڕۆین دەڕۆین بەرەو مزگەوتی گەورە
بە پشتیوانی فەقێ و مەلایەکی دەنگ گەورە.
پارتییەکان هاواریان دەکرد:
پارتەکەمان پارتی گەلە
پارتی کرێکار و ڕەنجبەرە.
بەڵام شیوعییەکان دەیانوت:
پارتەکەمان پارتی گەلە
سەرۆکمان (مینە قەلە). [3]
ڕۆژێکی هاوینی ١٩٥٩ یان ١٩٦٠ پارتییەکان لە فولکەی لای نەخۆشخانەی قەڵادزێ، خەڵکی زۆریان کۆ کردبۆوە. چەند کەسێک لە سەربانی یانەی فەرمانبەران، کە بەرانبەر فولکەکە بوو، ڕاوەستابوون بۆ ئەوەی قسە بۆ خەڵک بکەن. یەکەم جار حیسامەدین تەیب کۆیی، کە بە (شەعب) ناو دەبرا، لای مایکرۆفۆنەکە ڕاوەستا وتار بدات. هاواری کرد:
ئەی دانیشتوانی شاری قەڵادزێی بێ شەرەف!
ئامادەبووان تاوێک حەپەسان و بوو بە دەنگە دەنگ، وەکوو ئەوەی باوەڕ بە گوێی خۆیان نەکەن. ئەوانەی لە تەنیشت حیسامەدین ڕاوەستابوون، ئاگاداریان کردەوە، بەڵام ئەو خۆی تێک نەدا و هاواری کرد:
عەفوەن عەفوەن بەشەرەف!
خەڵکەکە دەستیان کرد بە هاتوهاوار و فیکەکێشان.
بە کورتی جاران لە ناوچەی پشدەر کێشە و ناکۆکی لەنێوان دوو عەشیرەت، میراودەلییەکان و مەنگوڕەکان، هەبوو. دوای شۆرشی تەمووز کێشەی نێوان دوو عەشیرەتی نوێی سیاسی، پارتی و شیوعی، دەرکەوت.
ئەو کاتە نزیکەی دوو ساڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس، مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم، لە قەڵادزێ بەرپرسی ڕێکخستنی حزبی شیوعی و بەرێوەبەری قوتابخانەی ئاسۆس بوو.
قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە، نزیکی ئێرانە. جاران قەزاکە لە دوو ناحیە، سەنگەسەر و هێرۆ، پێک هاتبوو، لە چوار لاوە بە ٢٧٦ گوند دەورە درابوو، کە هەموویان، جگە لە شێنێ، وێران کران. ١٩٧ گوندیان دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئاوەدان کراونەتەوە، سێ گوندی جاران، ژاراوە، هەڵشۆ و ئیسێوە، کراون بە ناحیە.[4]
زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە بە کشتوکاڵ، مەڕداری و بازرگانییەوە خەریک بوون. خۆراک و پێداویستیی تری خەڵکی قەڵادزێ، لە گۆشتەوە بۆ گەنم، برنج، نیسک، ماش و میوە و تووتن، لەو گوندانە دەهاتنە بەرهەم. بەیانیان زوو جووتیاران لەو گوندانەوە، بە باری کەر و ئێستر، سەوزە، میوە، ماست، پەنیر، ڕۆنەکەرە، شیر و هێلکە و پەلەوەریان بۆ قەڵادزێ دەهێنا و تا لای نیوەڕۆ، لە مەیدانی شارەکە، هەموویان دەفرۆشتن. هەندێک لەو جووتیارانە، بە بێ کەبابخواردن نەدەگەڕانەوە گوندەکانیان. هەندێکی تریان سەردانی خزم و ناسیاوی خۆیان دەکرد. لەو ماوەیەدا وڵاخەکانیان لە مەیدانەکە، یان لە لای ماڵی ناسیاوەکانیان، دەبەستنەوە. یەکێک لە خۆشییەکانی سەردەمی منداڵیم سواربوونی ئەو کەرانە بوو. هاوینان لەگەڵ برادەرانم، دەچووین هەوساری یەک دوو کەرمان دەکردەوە و بە نۆرە غارغارێنمان پێ دەکردن، وەکوو قارەمانی بەیت و حیکایەتە فۆلکلۆرییەکان، بە خۆمان دەنازی و دارێکمان وەکوو شمشێر هەڵدەبڕی. لە ناکاو هاوار و هەڕەشەی خاوەنەکەی، لە دوورەوە دەهات، خێرا هەڵدەهاتین. هەندێک جاریش، پێش ئەوەی خاوەنەکەی بێت، لە سواریی وەڕس دەبووین و لە دەوروبەری مەیدان کەرەکەمان بەجێ دەهێشت.
زۆربەی گوند و زەویی کشتوکاڵیی ناوچەی پشدەر موڵکی میراودەلییەکان و چەند بازرگانی قەڵادزێ بوون. بەڵام چەند گوندێکی باکووری ڕژهەڵاتی قەڵادزێ، لەوانە دەلۆ، مێرتکان، شەروێت، ئاڵییە ڕەشان، سونێ، شێنێ و چەند گوندی تر، ناوچەی خێڵی مەنگوڕ و مامەش بوون، کە ئاغای خۆیان هەبوون. مەنگوڕەکان خێڵێکی گەورەی قسەخۆشی کوردستانن، زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی موکریان دەژین، لای ئەوان و لە گوندەکانی تری پشدەر، ژن ئازادیی تەواوی هەبوو، کچ بە دڵی خۆی مێردی هەڵدەبژارد. ئەگەر کەسوکاری ڕازی نەبوونایە، کچەکە هەڵدەگیرا و دواتر بنەماڵەی بوک و زاوا مەسڵەتیان دەکرد. بۆیە ژنکوژی لە ناوچەکە زۆر زۆر دەگمەن بوو، یان دروستتر بڵێم نەبوو. ڕەدووکەوتن، کە بە بێ گرفت چارەسەر دەکرا، باو بوو. من خۆم لە چەندان کەسی ئەو ناوچەیەم بیستووە، کە وتوویانە ئێمە لەسەر کونە میزێک ئینسان ناکوژین.
جووتیارانی ناوچەی پشدەر لەو گوندانە دەژیان و سەرقاڵی کشتوکاڵ و مەڕداری بوون. ئەوان زۆربەی خۆراکی سەرەکیی خۆیان و خەڵکی قەڵادزێیان دابین دەکرد. لەبری کارەکانیان نیوە، یان بەشێکی بەرهەم و داهاتی زەوییەکانیان بۆ خۆیان دەبوو، ئەویتری بۆ خاوەن زەوییەکان دەچوو. هاوینان کاتی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، کەسانی ڕەنجبەر، کرێکاری کشتوکاڵ، دەچوونە ئەو گوندانە و کاریان دەکرد، بەشێک لەوانە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، کە زۆر کاردۆست بوون.
کێشەی نێوان ئاغا و جووتیار، لە پشدەر و ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق، بەرچاو بوو، چونکە جووتیاران لە لایەن ئاغا و زەویدارانی ترەوە، زوڵمیان لێ دەکرا و دەچەوسێندرانەوە. ئەو کێشەیە بە فراوانی لە کورتەچیرۆکی کوردیدا، ڕەنگی داوەتەوە، چەندان چیرۆکنووسی ئەو سەردەمە، لەوانە عەلادین سەجادی، ئیبراهیم ئەحمەد، شەهید حەسەن قزلجی، شەهید مارف بەرزنجی، مستەفا ساڵح کەریم، کاوس قەفتان و چیرۆکنووسی تر، باسی ستەمی ئاغا و ناکۆکیی نێوان ئاغا و جووتیاریان کردووە. ئەو سەردەمە، کە زۆرینەی خەڵک گوندنشین بوون، ئەو کێشە چینایەتییە گرفتێکی سەرەکیی کۆمەڵی کوردستان بوو.
ساڵی ١٩٣٨ ئیدارەی حکومەتی عێراق لە قەڵادزێ دامەزرێندرا. دوای ئەوەش میراودەلییەکان دەسەڵاتیان، بە جۆرێکی تر، هەر بەردەوام بوو، بابەکر سەلیم ئاغا، کە سەرۆکی عەشیرەتی میراودەلییەکان بوو، کرا بە قایمقامی قەڵادزێ. بریتانییەکان لە عێراق هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی سەرۆکخێڵەکانەوە، کە دەسەڵاتداری ناوچەکانیان بوون، کۆنترۆلی ناوچە جیاوازەکانی عێراق بکەن. بۆیە پشتگیریی سیستمی فیۆدالی و ئەو سەرۆکخێڵانەیان دەکرد، کە دۆستیان بوون، یان دژایەتیی دەسەڵاتی ئەوانیان نەدەکرد. لە زۆر ناوچە، سەرەتا ئەوانیان بە قایمقام و سەرۆکی شارەوانی دانا. لە پەرلەمانی عێراقیشدا، کۆمەڵێک سەرۆکخێڵی کوردستان و عێراق، بە نوێنەری ناوچەکانیان دیاری کرابوون.
شۆڕشی تەمووز سروشتی کێشەی سیاسی و ژیانی خەڵکی کوردستان و تەواوی عێراقی گۆڕی. تا ئەو کاتە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق، پێکەوە لە دژی حکومەتی عێراق و کۆلۆنیالیزمی بریتانی وەستا بوون. دوای ڕزگاربوون لەوان، ناکۆکی و دووبەرەکێ کەوتە نێوان ئەو هێز و لایەنە نێوخۆییانە. ناسیۆنالیستانی عەرەب و حزبی شیوعی، دوژمانیەتیی یەکتریان دەکرد. هەر لایەنەیان دەیەویست، عەبدولکەریم قاسم و حکومەتی کۆماری، بەرنامە و داخوازییەکانی ئەوان جێبەجێ بکات. هەروا ناسیۆنالیستانی عەرەب لە دژی داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان وەستان. لە کوردستانیش گرژی کەوتە نێوان حزبی شیوعی و پارتی. بریتانیا و ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە، بە تایبەت ئێران، تورکیا و ئەردەن، ئاگری ناکۆکییە نێوخۆییەکانی عێراقیان خۆشتر کرد. دەیانویست حکومەتی کۆماریی عێراق لاواز بکەن و بیڕوخێنن، چونکە عێراق لە کۆلۆنیالیزمی بریتانی ئازاد کرا، پێگەی سیاسی و ئابووریی بریتانیا و ئەمریکا لە عێراق زۆر لاوازبوو. حکومەتی عێراق لەجیاتیان پێوەندیی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆشیالیستی، بەتین کرد. سەرەنجام لە شوباتی ١٩٦٣ کودێتایەکی خوێناوی لە عێراق ڕووی دا و عەبدول کەریم قاسم کوژرا. حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، هەزاران ئەندام و لایەنگری حزبی شیوعی و ئازادیخواز کوژران و گیران. کودێتاچییەکان دڕندانە پەلاماری گەلی کوردیان دا. چەند ساڵ دواتر سکرتیری ئەو کاتەی حزبی بەعس، عەلی ساڵح ئەلسەعدی، وتی:
ئێمە بە شەمەندەفەر (قیتار)ی ئەمریکا گەیشتینە دەسەڵات.
لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووزەوە، دەوڵەتی عێراق و چارەنووسی گەلەکەی کەوتنە ناودەستی ئەفسەرانی کودێتاچی و حزبی بەعس. چارەنووسی گەلی کوردستانی عێراقیش، کەوتە نێو بەرداشی دەسەڵاتی عیراق و سەرانی هێزی چەکداری کورد، کە هەردوو لایان، بە ڕادەی جیاواز، پەنایان بۆ گرتن، ئەشکەنجەدان، کوشتن و تیرۆر دەبرد. سەرەنجام کولتووری شەڕانگێزی و توندوتیژی بەهێزتر بوو، تا ئەمڕۆش عێراق، بە کوردستانیشەوە، سەقامگیری، تەبایی و دیموکراتیی بەخۆیەوە نەدیوە.
[1]- بۆ زیاتر بڕوانە: هادی العلوی، فصول من تاریخ الاسلام السیاسی، نیقوسیا، قبرص، ١٩٩٥ ص ٣٩ هەروا ڕەفیق سابیر، ئیمپراتۆریای لم، سوێد ١٩٩٨ ل٣٢
[3]- مینە قەل خزمەتکاری شێخ محێدینی بنەوشان بوو، وا بزانم دواتر کوژرا.
[4]-ئەو زانیارییە لە کتێبێکی بڵاونەکراوەی مامۆستا مۆفەق میراودەلی، لەبارەی ناوچەی پشدەر، وەرگیراوە.