بی بی و پرسی ئاشتی
12 مانگ لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
لەدەستپێکی جەنگی غەزەوە چاودێریەکی وردی بارودۆخی ئەو جەنگە دەکەم، تاکە شتێک کە تێبینیم دەکرد نەبوونی شیکاری ورد و ڕامانبوون لەسەر دونیابینی ئیسرائیلەیەکان و بەتایبەت خودی بنیامین ناتانیاهۆ کە لەناو لایەنگرانی بە (بی بی) ناسراوە. ئایا چۆن ئەم جەنگە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟، بەتایبەت لە دووبارە داڕشتنەوە نەخشەی ناوچەکە. بەڕاستی وەڵام دانەوەی پرسیارێکی لەو چەشنە ڕەنگە ئاستەم بێت لەم نوسینەدا جێگەی بکەینەوە، بەڵام دەکرێت کەمێک شیکاری دوونیابینی بنیامین ناتانیاهۆ بکەین لە بەرامبەر پرسەکانی ئاشتی و تیرۆر. بۆ ئەو مەبەستە گرنگە بنیادەم کاتێک دەیەوێت تێبگات دەبێت زانستیانە شەن و کەوی بابەتەکان بکات نەوەکو ئەوەی کە لەمیدیا عەرەبی و کوردیەکانەوە دەخرێنە بەرباس کە سەرجەمیان پڕن لە لایەنداری و هەڵڕشتنی سۆز و عاتیفە کە بەڕاستی من پێم وایە ئەمە عاتفیبوونە لە جیهانی سیاسەتدا شتێکی تەواو گاڵتەجارانەیە!.
ژیانی سیاسی بنیامین ناتانیاهۆ، پڕ لە هەوراز و نشێوی و ململانێ کە ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە لێی ئاگادار نەبین ئەم کارەکتەرە سیاسیە چۆن دروستبووە؟! و نەیارەکانی لەناوخۆی ئیسرائیل کێبوون؟. دەستپێکی کاروانی ژیانی سیاسی ناتانیاهۆ بە مەرگی براکەی “یۆناتان” دەستپێدەکات، کە لە ئۆپەراسیۆنی ئینتێبی لە ١٩٧٦ لە میانەی ڕزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن" تیرۆریستە فەلەستینییەکان" (لە ڕوانگەی ئیسرائیل و ڕۆژئاواییەکان) و ئەڵمانییەکانەوە دەکوژرێت. ناتانیاهۆ کاتێک مەرگی براکەی دەبیستێت بڕیاردەدات چیدی لە ئەمریکا نەژی و بگەڕێتەوە ئیسرائیل. مەرگی براکە دەبێتە هاندەری تاکو شەڕی تیرۆربکات لە هەمان ساڵدا دامەزراوەی دژە تیرۆر دروست دەکات و گرنگی بە داڕشتنی سیاسەت و کارنامەی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردەکات لە جیهاندا و کتێبک دەنوسێت لە ١٩٨٦ بە ناونیشانی “تیرۆریزم، چۆن ڕۆژئاوا دەتوانێت بیباتەوە” کتێبەکە بە جۆرێک سەرنج ڕاکێش دەبێت ئەو سەردەمە لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسیەکاندا کە ڕۆناڵد ڕیگن سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا وەزارەتی دەرەوە ڕادەسپێرێت لە میانەی داڕشتنی سیاسەتی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی سودی لێوەرگرن!. ناتانیاهۆ سەرباری کاری سیاسی، یەکێکە لە نوسەرەکان و خاوەنی ٨ کتێبکی پڕبایەخە کە ئێمە لەمیانەی ئەم نوسینەماندا لەسەر یەکێکیان ڕادەوەستین و دەیخەینە بەرباس بە ناونیشانی “ جێگرەوەی قودس: نمایندەی ئەخلاقێتی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل” لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ بڵاوکراوەتەوە و وتارەکانی یەکەمین لوتکەی قودس لەخۆدەگرێت، لەوانە وتارەکانی بنیامین ناتانیاهۆ،ڕیچارد پێرلی، ئالان کیس، دانیال پایپس. ئێمە زیاتر لەسەر وتەکانی ناتانیاهۆ دەوەستن لەم کتێبەدا کە ڕەنگدانەوەکانی تاکو هەنوکەش لە وتار و پەیامەکانی دەبینرێت لەمەڕ جەنگی ئیسرائیل-فەڵەستین، ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و جەنگی دژ بەتیرۆر و پرسی ئاشتی.
کتێبەکە شیمانەی گرفتێکی قوڵی مێژووی دەکات ئەویش جەنگی نێوان عەرەب ئیسرائیلە، کە لێرەدا هەوڵدەدەین بە چەند خاڵێک شیکاری و ڕانانی بۆ بکەین:
١.کتبەکە بەوردی بەدواداچوون بۆ ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ململانێکانی نێوان عەرەبی و ئیسرائیل دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەو گرژییە قووڵە ئایینی و سیاسیانەی کە ناوچەکەیان بۆ ساڵانێکی زۆر لە قاڵب داوە. ناتانیاهۆ دەڵێت “ململانێکان بەتەنها ناکۆکی نییە لەسەر خاک، بەڵکو پێکدادانێکە لە نێوان دوو جیهانبینی جیاواز لە بنەڕەتدا. هەروەها “نەخێر'ی عەرەبی لەبەردەم بوونی ئیسرائیلدا، بەربەستی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی بووە. ناتانیاهۆ پێی وایە کاتێک پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە دروست دەبێت کە نێوەندگیری لایەنی سێیەم بوونی نەبێت کە هەمیشە عەرەبەکان داوای نێوەندگیریان کردووە و لایەنی سێیەمیش بەرژەوەندی خۆی لە پێشتر داناوە، نەوەک خودی سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی.
٢. وتارەکانی کتێبەکە شیمانەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بێ چەکدار دەکات. وڵاتێک بێ هیچ سوپا و هێزی ئاسمانی. چونکە ئەگەر فەڵەستین وەک دەوڵەت بەهێزبوو ڕەگوڕیشەی ئاینی بێ مەرج دەکاتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و پێدانی ڕەوایەتی بۆ کوشتنی بە کۆمەڵی جووەکان، هەر وەک ئەوەی نازیەکان کردیان لە ڕابردوودا.
٣.پرسی سنورە کێشە لەسەرەکان لەنێوان ئیسراائیل و فەڵەستین لەم کتێبەدا بەوردی خراوەتەبەرباس کە دەکرێت لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا ئەم سنورە کێشە لەسەرانە بەڕێگای دانوستانی سیاسی بڕیاربدرێت لەسەر یەکلاکردنەوەیان. بەو مەرجەی کە ئیسرائیل سەروەری خاک و سەرجەم ئیمتیازاتەکانی وەک دەوڵەت پەیڕەوبکات. هەروەها قودس وەک پایتەختێکی یەکگرتوو بناسێنرێت و شوێنە پیرۆزەکانیش لەژێر کۆنترۆڵی و چاودێری نێودەوڵەتیدابن.
٤.بەشێکی تایبەت لەم کتێبەدا تەرخانکراوە بۆ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی PFO، کە چۆن بەردەوام هەوڵیانداوە ئاسایشی ئیسرائیل تێگبدەن و مافی بوون لە ئیسرائیل زەوتبکەن بە ڕێگای تێکدانی ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکە و پاڵپشتی تیرۆر. سەرجەم باسەکان بەهێنانەوە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەوڵەمەندکراود. هەروەها بەوردی لەسەر پرسی ئاوارەکانی فەڵەستین وەستاوە لە کەرتی غەزە، کەناری ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن و وڵاتانی عەرەبی. کەچۆن PFO هەژموونی خۆی بەسەردا زاڵکردوون بەردەوام وەک کارت بەکاریهێناون لەبری ئەوەی خزمەتیان بکات. هاوکات لەسەر پرسی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان ناتانیاهۆ پێی وایە کە دەبێت گەڕانەوەیەکی سنورداربێت و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و ڕێکەوتنی دوولایەن بێت.
٥.پرۆسەی ئاشتی و ویست بۆ ئاشتی ئیسرائیل زۆر بەوردی باسکراوە لەم کتێبەدا و ناتانیاهۆ بەڕوونی دونیابینی خۆی خستۆتەڕوو بۆ چارەسەر ئەو جەنگە مێژوویە قوڵەی کەتاکو ئیمڕۆش بەردەوامی هەیە. ئەو بەڕوونی ئاماژە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و پێویست بە دانپێدانانی یەکتردەکات کە هاوئاهەنگبێت بە دانوستانی ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بێ سەربازی بە پاڵپشتی ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.هەروەتر بەشێکی تایبەتی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئیسرائیل لە جیهان و ناوچەکەدا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پپێشخستنی تەکنەلۆجیا. ئەوەشمان بیرنەچێت لە میانەی کارکردنی ناتانیاهۆ وەک سەرۆک وەزیران لە ١٩٩٣ پرۆگرامی “یۆزمای” ڕاگەیاند بۆ پێشخستنی پرسی کارسازی تەکنەلۆژی بۆ گەنجان و هامدانی وەبەرهێنی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە عەقڵ و داهێنانی تەکنەلۆژی لاوانی ئیسرائیلی کە ئێستا وای لێ هاتووە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی لەنموونەی مێتا و گوگڵ و مایکرۆسۆفت و ئەپڵ، کادری دەرچووی پرۆگرامی یۆزما وەک کارمەندی پلە باڵا بەڕێوەیان دەبەن!.
لەکۆتایدا ئەوەی من پێی گەیشتم لەم کتێبە ئەوەیە کە چی دەبوو سەرکردەکانی ئێمەش بیان توانیایە وەک بنیامین ناتانیاهۆ ڕاستگۆیانە سیاسەتی خۆیان بکردایە و گوتارەکانیان ڕوون و جێ باوەڕبوونایە؟!. لەخەمی پڕکردنی گیرفان و وەبەرهێنانی دەرکی نەبوونایە. ئەو کاتە هەر قەیرانێک ڕووی لێبکردینایە بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە بەرگریان بکردایە و زاڵبوونایە بەسەریدا نەوەکو وەک ئێستا بەسەر دوو زۆندا دابەشبووین کە تەنانەت هیچ جۆرە هاوسۆزیەک نایبین لە شتێک کە ناوی سیاسەتی یەکگرتوو، ئاسایشی و ئابووریەکی نیشتیمانی یەگرتووبێت! تەنانەت ڕەشبینی تاکی کورد بەئاشکرا دەبینرێت و بێ باکە لە هەرجۆرە بەرگریەک چونکە سەرکردەکان بەڕاستگۆ و خەمخۆریان نابینن!.
ئیسڕائیل ڕاستە کە لەم جەنگدا بێ بەزەین بەڵام ئەوان دواجار دەوڵەتێکن بەر ئازاری ئاوشوێس و قڕکردن و ڕەتکردنەوە بوونەتەوە بە درێژای مێژوو، کە ناکرێت ڕەچاونەکرێت و کوێرانە تاک بڕیاری لەسەربدات بەبێ قڵبوونەوەی پێشوەختە لە تەواوی پاشخانە پەیوەندیدارەکان!.
سەرچاوەی کتێب:
The Jerusalem Alternative: Moral Clarity for Ending the Arab-Israeli Conflict.