كورته مێژووییه‌كی كـوردو بیری ماویزم
12 مانگ لەمەوپێش
ژیلوان عەبدوڵا هەڵەدنی
پێشه‌كی
له‌سه‌روبه‌ندی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی (1939-1945) بیری چه‌پ و ماركسییه‌ت چه‌ندین ئاڕاسته‌و شێوازی وه‌رگرت، سه‌رمایه‌داری له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه بۆرژوازی له‌وڵاتانی ناسراو به‌جیهانی سێیه‌م به‌باڵی راست و چه‌پییه‌وه ده‌ست به‌سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ده‌كات، ناكۆكی ناوخۆیی بلۆكی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی په‌ره‌ده‌سه‌نێ و به‌تایبه‌تی قڵشتی نێوان سۆڤیه‌ت و چین دروستده‌بێت و ماویزم وه‌كو مۆدیلێكی تر‌و جیاواز لهكۆمۆنیزمی بلۆكی سۆڤیەتی سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌م جۆره ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند مۆدیلی دیكه لهكۆمۆنیزمی رهخنهگرو ناكۆك بهكۆمۆنیزمی رووسی له‌ئاستی دنیادا، له‌به‌شێكی به‌رچاوی دنیادا به‌تایبه‌ت ئه‌مریكای لاتین و ئه‌و به‌شه‌ی دنیا كه‌پێی ده‌ڵێن جیهانی سێیه‌م، بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌پی رادیكاڵ روو لهمهیدانداری و نه‌شونما ده‌كات، له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌گوته‌ی مه‌نسوور حیكمه‌ت له‌ئاستێكی به‌رفراوانی جیهانیدا بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌ناو سۆسیالیستی به‌تایبه‌ت ماویزم و خهڵكگهرایی ناسیۆنالیستی، كە هه‌ركامیان به‌جۆرێك ستراتیژی ناسیۆنالیستی و ریفۆرمیستی له‌وڵاتانی ژێرده‌سته‌دا نوێنه‌رایه‌تی دهكردو ماتریاڵی پێویست بۆ نه‌خشاندنی سیمای سیاسی و تیۆری ئه‌م چه‌په نوێیه‌ی فه‌راهه‌م ده‌كرد، هه‌ر له‌م رێڕه‌وه‌دا خودی شۆڕشی چین به‌ڕابه‌ری (ماوتسی تۆنگ 1893_1976) له‌جیهاندا بره‌و په‌یداده‌كات و به‌م هۆیه‌شه‌وه ماوو ماویزم(1) به‌تایبه‌تی چه‌پیش به‌گشتی له‌جیهاندا بره‌و په‌یداده‌كات(2).
خۆ گرێدان له‌گه‌ڵ ماویزم هه‌م بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن بوو له‌ئه‌زموون و رێباز و بره‌و پهیداكردنهكهی، هه‌م هه‌وڵێك بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ئه‌م بلۆكه به‌هێزه تازه پێگرتووه، له‌هه‌مانكاتدا تیۆرییه‌كانی ما‌و له‌گه‌ڵ مه‌رام و ئامانجه‌كانی ئه‌م ره‌وته ناسیۆنالیستییه تازه‌یه ده‌گونجا، هه‌م ناوی چه‌پی له‌سه‌ر خۆی دانابوو و قسه‌یه‌كی بۆ شارنشینی و كرێكار و خوێنده‌وار هه‌بوو، هه‌م پڕاوپڕ ناسیۆنالیستی و بابه‌ت و ماڵی ئه‌وه‌بوو كه له‌باره‌ی كاریگه‌ری بیری ماویزمه‌وه نه‌رمین عوسمان ده‌ڵێت:
ئه‌و گرووپه ماركسیانه، له‌داوی 1968 به‌ره‌و هه‌ڵكشان رۆیشتن له‌ڕووی ژماره‌وه جگه له‌شه‌پۆله جیهانییه‌كه هه‌موو دنیای گرتبووه‌وه، هه‌ندێك هۆكاری ئیقلیمی و ناوخۆیی هه‌بوو كه‌كاریگه‌ریان له‌سه‌ر زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه كردبوو، له‌وانه:
یه‌كه‌م: كاریگه‌ری سازمانی ئینقلابی ئێران (گرووپێكی ماركسی لینینی –ماوی بوون و له‌حزبی توده‌ی ئێران جیابووبوونه‌وه) گرووپێك له‌وانه تازه له چین گه‌ڕابوونه‌وه، روویان له‌كوردستان كرد‌و هاتنه لای باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ره‌تا له‌به‌كره‌جۆ بوون، له‌وانه: خه‌سره‌وی سه‌فائی (دكتۆر قوباد)، ئیسماعیل فه‌زائی، سه‌فا، دكتۆر جه‌لال ( كۆرشی لاشایی)، ئیبراهیم (عه‌لی سادقی)، ئه‌وانه رۆژانه كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌و سیمیناریان بۆ كه‌سانی ناو ئه‌و باڵه (م.س پارتی) ده‌گێڕا، له‌وكاته‌ی ئه‌وان له‌به‌كره‌جۆ بوون، یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان سه‌ر به‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كۆنفرانسێكیان له‌به‌كره‌جۆ ئه‌نجامدا، به‌داوای لێبوردنه‌وه له‌به‌شی زۆری به‌شداربووان، به‌خۆم و هاوڕێیانم (شه‌ماڵ جه‌مال) و ئه‌میر قه‌ساب له‌نزیكه‌ی 80 كه‌س له‌به‌شداربووان، ئه‌م ناوانه‌مان بیرماوه: دارۆی شێخ نووری، شاسوار جه‌لال (شه‌هید ئارام)، فازیلی مه‌لا مه‌حموود، شازاد سائیب، شه‌ماڵ جه‌مال، فازیل ته‌یب، حسێن ته‌یب، ئه‌میر قه‌ساب، به‌كر حسێن، حه‌مه ئه‌مین (پۆڵا)، سالار عه‌زیز، حه‌مه قه‌راغی، سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی، حه‌مه جووجه، ته‌نیا دوو ژنیش له‌سلێمانییه‌وه به‌شداربوون، دره‌خشانی حه‌مه‌ی فهرهجهفهندی و په‌خشانی حه‌مه‌ی فهرهجهفهندی، زۆربه‌ی به‌شداربووه‌كانی تر له‌سلێمانییه‌وه بوون. له‌و ماوه‌یه‌ی كۆنفرانسه‌دا، به‌شداربووان زۆربه‌یان به‌شه‌وانیش له‌به‌كره‌جۆ ده‌مانه‌وه، شه‌و له‌گه‌ڵ براده‌رانی سازمانی ئینقلاب كۆده‌بوونه‌وه‌و باس له‌و ره‌وته ده‌كرا، دوای ئه‌وه هه‌ستده‌كرا كه‌كاریگه‌رییه‌كی باشیان به‌جێهێشتبوو له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه، هه‌موو شه‌وێكیش پێش خه‌وتن سروودی ئینته‌رناسیۆناڵی جیهانیان ده‌وته‌وه، وه‌ك بۆیان گێڕامه‌وه، بۆ نیوه‌ڕۆیه‌ك هه‌موو ئه‌ندامانی كۆنفرانسه‌كه‌یان به تشریبی بامێ داوهتكردووه.
دوای به‌كره‌جۆ، هه‌ر ئه‌و براده‌رانه‌ی سازمانی ئینقلاب، شووقهیهكیان له‌یه‌كه‌م كۆڵانی گه‌ڕه‌كی به‌تاوین دوای گۆڕه‌پانی (گیران) نزیك شه‌قامی (نچال) به‌رانبه‌ر بهكهنیسهی ئه‌رمه‌ن به‌كرێ گرتبوو، ئه‌وانه‌ی له‌وێبوون هه‌ندێكیان ناسراوبوون وه‌ك: خه‌سره‌و سه‌فائی (دكتۆر قوباد)، ئیسماعیل فه‌زائی، سه‌فا، ئه‌وانه‌ی لهئهورووپاش ده‌هاتنه‌وه هه‌ر له‌و شوقه‌یه ده‌مانه‌وه، من خۆم خه‌سره‌ی سهفائیم بینی(3).
نه‌رمن عوسمان ده‌نووسێت: له‌كۆتاییدا پرسیارێك دێته ئاراوه، به‌هانه‌كان چی بوون كه ماویه‌ت زاڵبوو به‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی ناو ئه‌و گرووپه ماركسییانهدا؟ له‌زۆربه‌ی دانیشتنه بێ به‌رنامه‌و بهبهرنامهكان باسی لێوه‌ده‌كرا، له‌وانه: چه‌ند به‌ڵگه‌و هۆكارێكیان ده‌هێنایه‌وه پێشه‌وه:
1.واقعی كوردستان هاوشێوه‌ی حاڵی چین بوو، هه‌ردوولا ناوچه‌یه‌كی نیمچه ده‌ره‌به‌گایه‌تی و نیمچه داگیركراو بوون.
2.هه‌ردوو ناوچه‌كه له‌هه‌مان رووه‌وه دواكه‌وتوو بوون، هه‌م له‌ڕووی ئابووری و هه‌میش له‌ڕووی كولتووری و رۆشنبیرییه‌وه.
3.هه‌ردوولا له‌وڵاتانی جیهانی سێیه‌م ئهژماردهكران.
4.ئه‌زموونی گواستنه‌وه‌ی شۆڕش له‌لادێوه به‌ره‌و شاخ و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و شار كه له‌چین تاقیكرابووهوه، بۆ كوردستان گونجاوترو له‌بارتربوو له‌ڕووی جێبه‌جێكردنه‌وه.
5.پێنه‌گه‌یشتنی پڕۆلیتاریا (چینی كرێكار) له‌ناو شار‌و كه‌میی ژماره‌یان و نه‌بوونی پڕۆلیتاریای راسته‌قینه‌ی شۆڕشگێڕ له‌كوردستان، وایكردبوو كه‌ئه‌زموونی چین په‌سه‌ندتربوو بۆ كوردستان، هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وكردنی رژێمی كۆلخۆزات ( هه‌ره‌وه‌زی كشتوكاڵی)و رۆڵی له‌بونیادنانی وڵاتێكی سۆسیالیست و ده‌یان تاقیكردنه‌وه‌ی تر گونجاوو له‌باربوون بۆلای ئێمه.
ئه‌مانه و هه‌ندێ هۆكاری شكستنی وڵاتانی تر له‌جۆری ئه‌زموونی ماركسییه‌ت وایكرد رێكخراوی ماركسی لینینی، ئه‌ندێشه‌ی ماوی په‌یڕه‌وبكه‌ن. ئه‌مه‌و جگه‌له‌وه‌ی باس له‌وه‌ده‌كات كه خاڵه شه‌هاب بۆ سه‌رچاوه‌ی كتێبه‌كانی ماوتسی تۆنگ و وه‌رگرتنی كتێب، سه‌ردانی سه‌نته‌ری رۆشنبیری چینی ده‌كرد، باڵیۆزی چین زۆر بایه‌خیان به‌و ره‌وته ده‌دا كه‌هه‌ڵگری ئه‌و بیروبۆچوونانه بوون(4).
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه برایم جه‌لال ده‌نووسێت: به‌كره‌جۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بنكه‌و باره‌گای سه‌ره‌كی سه‌رانی باسكی (جه‌لالی) بوو، مه‌ڵبه‌ندی كێشانی نه‌خشه‌و پلانی خۆشكردنی شه‌ڕی ناوخۆیی لایه‌نێكی شه‌ڕه‌كه بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا بووبوو به‌بنكه‌ی داڵده‌ی كه‌سایه‌تییه شۆڕشگێڕه‌كانی ئێرانی و كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌زۆربه‌یان هه‌ڵگرانی بیری چه‌پ و كه‌سایه‌تی ناو حزبه چه‌په جیاجیاكانی ئێرانی بوون، ئه‌وانه كاریگه‌رییه‌كی زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر لاوه چه‌په‌كانی ئه‌و باسكه و په‌یدابوونی بره‌وی چه‌پی كوردستانی و بیری ماركسیزم و بیری ماوتسی تۆنگ(5).
له‌ناو ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئێرانی و كوردیانهدا، كه‌سایه‌تییه‌كانی وه‌ك ( ئیره‌جی كهشكوڵی، خسره‌وی سه‌فایی، مراد، سه‌فاو سیاسه‌تمه‌داری هۆشمهندو خاوه‌ن بیر‌و هۆشیار (كۆرشی لاشایی) بوو، نازناوه‌كه‌ی دكتۆر جه‌لال بوو، ئه‌م پیاوه هه‌ڵگری بیری چه‌پ بوو، یه‌كێك بوو له‌سه‌ركرده‌كانی (سازمانی انقلابی ایران) كه‌دواتر ناوه‌كه‌یان بوو به‌حزبی زه‌حمه‌تكێشانی ئێران، دكتۆر جه‌لال یه‌كێك بوو لهتووندڕهوهكانی حزبی توده‌ی ئێران، كهپهیڕهوانی خه‌تی سۆڤیه‌تی بوون، پاشان له‌ساڵی 1965 له‌به‌ر بێباوه‌ڕی به‌و رێبازهو كارتێكه‌ری سیاسه‌تی چین و بیری ماوتسی تۆنگ، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا له‌حزبی توده جیابوونه‌وه‌و رێكخراوێكی چه‌پیان به‌ناوی (سازمانی انقلابی ایران)، واته رێكخراوی شۆڕشگێڕی ئێران دامه‌زراند، دكتۆر جه‌لال په‌یوه‌ندییه‌كی تووندوتۆڵی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال-دا هه‌بوو، توانی كاریگه‌ری له‌سه‌ری هه‌بێ و به‌مام جه‌لال بسه‌لمێنێ كهخوارووی كوردستان پێویستی به‌ڕێكخراوێكی چه‌پی ماركسی لینینی هه‌یه موتوربهكراوبێ به‌بیروڕای ماوتسی تۆنگ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا كاری ده‌كرد بۆ بره‌ودان به‌ئه‌زموونی چین و لێكچواندنی چین و كوردستان له‌چه‌ندین رووه‌وه.
كاریگه‌ری د.جه‌لال له‌سه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی و په‌یوه‌ندی توندی جه‌لال تاڵه‌بانیش به‌لاوه خوێنگه‌رم و هۆشیاره‌كانی باسكی جه‌لالی و بڕوابوونی ته‌واویشی به‌ئه‌زموونی چین و دیموكراسی گه‌لی شۆڕشی چین، بووه‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بیری چه‌پی ماركسی لینینی بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ له‌ناو لاوه‌كانی سه‌ر به‌و باسكه.
دكتۆر جه‌لال پێی وابوو، كهخوارووی كوردستان زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری له‌دایكبوونی رێكخراوێكی چه‌پی سه‌ر به‌بیری ماوه، به‌مه‌رجێ له‌دوولاوه كاری بۆ بكرێ:
1.بۆ پێكهێنانی هۆیه‌كی راگه‌یاندن جا رۆژنامه یا مانگنامه یان وه‌رزنامه بێت، ببێته مینبه‌ری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوون و بیروباوه‌ڕو هێڵه.
2.ورده ورده ئه‌ڵقه‌ی بچووك بچووكی رۆشنبیری پێكبهێنرێت، تاببێته ناوكی دروستكردنی رێكخراوێكی چه‌پی سه‌ر به‌بیری ماوتسی تۆنگ.
مام جه‌لال قۆڵی لێهه‌ڵماڵی و كه‌وته په‌یوه‌ندی و كاركردن له‌ناو كه‌سانی هۆشیار و رۆشنبیره‌كانی ئه‌وسای باسكی جه‌لالی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ستا به‌ده‌ركردنی گۆڤاری (رزگاری) له 1969 كه له‌چاپخانه‌ی شۆڕش له‌به‌غداد چاپده‌كرا(6).
به‌ڵام حزبی شیوعیی عێراق كه سه‌ر به‌و خه‌ته‌ی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت بوو، له‌بابه‌تێكدا به‌ناونیشانی (تیۆری شۆڕش و چۆنیەتی به‌كارهێنانی لینینیزمانهی له‌ئاوێنه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی ماویزمدا) باسی ماویزم به‌م شێوه‌یه ده‌كات:
سه‌رهه‌ڵدانی ماویزم به‌ناوی رێبازێكی باوه‌ڕگه‌ری و سیاسی تایبه‌تییه‌وه له‌بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی هاوچه‌رخدا شتێكی رێكه‌وت نییه، ماویزم وه‌كو هه‌موو دیارده‌یه‌كی گشتیی تر خاكێكی مهزوعی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
بزووتنه‌وه‌ی شیوعیی جیهان رواڵه‌تی وه‌های لێ دیاركهوتووهو به‌رهه‌ڵستی هه‌موو چه‌شنه ده‌سته‌و تاقم و رێبازێكی كردووه كه له‌ڕیزه‌كانیدا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌و ئه‌وانه‌ی كهویستویانه سیاسه‌تی راستڕه‌وی هه‌لپه‌رستانه، یان سیاسه‌تی چه‌پڕه‌وی به‌رگری گۆشه‌گیر، یان گیانی سه‌ركه‌شی-هێڵی بۆرژوازی بچووكی داپۆشراو به‌چه‌ند رسته‌یه‌كی ماركسیزمانه به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی شیوعیه‌تی جیهاندا بسه‌پێنن، لینین زۆرجار شۆڕشگێرانی له‌م تاكتیكه ئاگاداركردووه كه‌هه‌ندێ ده‌سته‌ی بۆرژوازی بچووك و دۆسته دوودڵهكان و دوژمنه نه‌زانه‌كانی ماركسیزم په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، نووسیویه‌تی: پێگه‌یشتنی بزووتنه‌وه‌ی كریكاران به‌شێوه‌یه‌كی حه‌تمی ژماره‌یه‌كی دیار لهبۆرژوازییه بچووكه‌كان راده‌كێشێته لای خۆی، ئه‌وانه‌ی كه‌باوه‌ڕی بۆرژوازیهت دیلی كردوون و به‌زه‌حمه‌ت توانیویانه خۆیانی لێ رزگاربكه‌ن و ئه‌وانه‌ی كهسهرلهنوێ و جارێك و چه‌ند جارێكی تر‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌كه‌ونه داوی).
مه‌ترسی تێكدان و شێواندنی تیۆری ماركسیزم-لینینیزم به‌هۆی به‌كارهێنانی هه‌ندێ بیروڕای شۆڕشگێڕانه‌ی درۆ‌و به‌ناوی ماركسیزمه‌وه په‌ره‌ده‌سێنێت و زیاتر ده‌بێ، به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌دا كه له‌سایه‌ی زروفی دواكه‌وتنی ئابووریدا تێكۆشانێكی شۆڕشگێڕانه‌یان ده‌ست داوه‌تێ كهچینێكی كرێكار‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرێكارانه‌ی پێگهییویان تێدانییه.
ماویستهكان كه‌خۆیان بهماركسی داده‌نێن و گوایا به‌چاوێكی چینایه‌تییه‌وه سه‌یری رواڵه‌ته‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن هه‌رچی په‌یڕه‌وی شۆڕشگێڕانه‌ی لینینیزم هه‌یه دێنن و له‌ناوه‌رۆكی گرنگ به‌تاڵی ده‌كه‌ن، به‌مه له‌شیكردنه‌وه‌ی چینایه‌تی واقیع دوورده‌كه‌ونه‌وه.
ئه‌مڕۆ سروشتی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا و ناكۆكی و بنچینه‌ییه‌كانی بوونه لهكانگهی ته‌واوی ناكۆكی بیروڕای ماركسییه لینینییهكان و ماویستهكان مه‌به‌ستیانه ته‌نیا له‌ناكۆكی بیر‌و نووسین په‌تی نییه، به‌ڵكو كاكڵی ناكۆكی بیروڕا له‌جۆری تێگه‌یشتنی ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ندی هاوچه‌رخه لهجیهانداو، ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و هێزی چینه‌كان چۆن دابه‌شده‌كرێن و له‌بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی جیهاندا ده‌وریان چییه؟ رۆژبه‌ڕۆژ رژێمی سۆشیالیستی جیهان زیاتر كارده‌كاته سه‌ر ئه‌و زروفه‌ی كه سنوور بۆ په‌ره‌پێدانی تێكۆشانی نێوان كار‌و سه‌رمایه‌دار داده‌نێت له‌و وڵاتانه‌ی كه بۆرژوازیهت زاڵه تیایاندا پارسه‌نگی تازه‌ی هێزه‌كانی جیهان كارێكی گه‌وره ده‌كاته سه‌ر رێگه‌و شێوه‌ی تێكۆشانی پڕۆلیتاریا له‌پێناوی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی سۆشیالیستیدا.
ئه‌مڕۆ سروشتی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا‌و ناكۆكی و بنچینه‌ییه‌كانی بوونه‌ته كانگه‌ی ته‌واوی ناكۆكی بیروڕای ماركسییه لینینییهكان و ماویستهكان، مه‌به‌ستیشمان ته‌نیا له‌ناكۆكی بیر‌و نووسینی په‌تی نییه، به‌ڵكو كاكڵی ناوه‌رۆكی بیروڕا له‌جۆری تێگه‌یشتنی ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ندی هاوچه‌رخه له‌جیهاندا، ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و هێزی چینه‌كان چۆن دابه‌شده‌كرێن و له‌بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی جیهاندا ده‌وریان چییه؟
رۆژبه‌ڕۆژ رژێمی سۆشیالیستی جیهان زیاتر كارده‌كاته سه‌ر ئه‌و زروفه‌ی كه‌سنوور بۆ په‌ره‌پێدانی تێكۆشانی نێوان كار‌و سه‌رمایه‌دار ده‌دانێت له‌و وڵاتانه‌ی كهبۆرژوازیهت زاڵه تیایاندا پارسه‌نگی تازه‌ی هێزه‌كانی جیهان كارگێكی گه‌وره ده‌كاته‌سه‌ر رێگه‌و شوێنی تێكۆشانی پرۆلیتاریا له‌پێناوی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی سۆشیالیستیدا.
ئه‌مڕۆ وا بنكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی شۆڕش فراوان بووه‌و توانای هه‌لی گواستنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه بۆ سۆشیالیست به‌ڕێگای جۆربه‌جۆرو له‌وانه به‌ڕێگای ئاشتیانه زۆر بووه.
ماویستهكان بێ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌شیكردنه‌وه‌ی زانستانه‌ی رووداوه‌كانی جیهانه‌وه ماندوو بكه‌ن و ته‌جره‌به‌ی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی موتڵه‌ق وه‌رده‌گرن، ئه‌وه ده‌چه‌سپێنن كه‌وا بۆ هه‌موو وڵاتێك و له‌ژێر هه‌موو زروفێكدا هه‌ر تاكه رێگایه‌ك هه‌یه، ئه‌م رێگایه‌ش تێكۆشانی چه‌كدارانه‌یه، لایه‌نگیرانی باوه‌ڕی وشك لهپهیكیندا واده‌رده‌خه‌ن كه (شۆڕشی بۆرژوازی شۆڕشێكه تیایدا چینێك كه له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه ده‌ژیت، چینێكی تر لاده‌بات، هه‌تا ئه‌م شۆڕشه‌ش له‌شه‌ڕی خۆ وڵاتیدا رزگاری نابێت و پاشان هیچ شۆڕشێكی پرۆلیتاریا بێ شه‌ڕێكی خۆ وڵاتی ناكرێت)، به‌م چه‌شنه ماویستهكان تووندوتیژیی شۆڕشگێڕانه له‌خه‌باتی چهكدارو ئه‌میش له‌شه‌ڕی خۆ وڵاتی نزیك ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام لایه‌نگرانی كۆنی ماركسیزمی-لینینیزم باری ئه‌مڕۆمان ئەوه ده‌چه‌سپێنێت كه‌شێوه‌ی دیاریكراوی خه‌بات له‌نێوان بۆرژوازیهت و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشاندا، له‌نێوان شۆڕش و شۆڕشی پێچه‌وانه‌دا پارسه‌نگی نێوان هێزه‌كانی چه‌وسانه‌وه و چینی كرێكاران و هاوپه‌یمانانی ئۆردوگای سۆشیالیست له‌دانانی ئه‌م پارسه‌نگییه له‌ڕاده‌ی ناو ده‌وڵه‌تاندا ده‌ورێكی گه‌وره ده‌گێڕێت.
سه‌ركردایه‌تی په‌كین له‌پله‌ی ناكۆكی بیروبڕواوه په‌ڕینه‌وه پله‌ی جموجۆڵی و كار به‌هیوای لێكدانی یه‌كێتی هێزه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی جیهان، تروتسكییهكانیش له‌خوایان ده‌ویست بێن كه‌ڵك له‌مه وه‌رگرن، هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌و وه‌خته ترۆتسكییه‌كان بوژانه‌وه كهچالاكی دووبهركیانه و تێكده‌رانه‌ی ماویستهكان كه‌وته ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی جیهانه‌وه.
ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌بابه‌ت مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕو ئاشتی و شۆڕشه‌وه تاقمه ترۆتسكییه جۆربه‌جۆره‌كانی سه‌ر به (ئینته‌رناسیۆنالیزمی چواره‌م) له‌ساڵانی شه‌سته‌كاندا دایان ناوه به‌ڕوونی ده‌ستنیشانی ئه‌و باره‌ی كردووه كه له‌بزووتنه‌وه‌ی شیوعیه‌تی جیهاندا له‌ئه‌ندامی چالاكیی دووبهرهكییهكانی سه‌ركردایه‌تی پارتی كۆمۆنیستی چین سه‌ریهه‌ڵدا.
ترۆتسكییه‌كان به‌هۆی یه‌كسانی بیروڕایان له‌گه‌ڵ ماویزمدا ده‌یانه‌وێت بگه‌نه ئامانجی خۆیان، ئه‌مان و ئه‌وانیش ئه‌و یاسا مهوزوعییانهی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی پشتگوێ ده‌خه‌ن و هه‌ردوولا له‌سیاسه‌تدا گیانێكی سهركهشانهیان هه‌یه و به‌لایه‌نگری رێبازی ویست (ئیراده) روانینی ده‌روونی تایبه‌تی بۆ ئابووری ناسراون هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه دوژمنایه‌تی كردنی تیۆری ماركسیزم-لینینیزم له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی جیهاندا به‌شداری ده‌كه‌ن(7).
پەراوێزەکان:
1-ماویزم واته ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه ماوتسی تۆنگ له‌مه‌ڕ ستراتیژی شه‌ڕیی شۆڕش و ماركسیزم-لینینیزم و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی گونجاندنی ماركسیزم-لینیزم له‌گه‌ڵ بارودۆخی چیندا هه‌یبوو، یه‌كێك له‌و شته سه‌ره‌كیانه‌ی كه ما‌و و كۆمۆنیسته‌كانی چین له كۆمۆنیسته‌كانی دیكه جیاده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان ناوه‌ندی خه‌باتیان لهشارهكانهوه بۆ گونده‌كان گواسته‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا كه خه‌باتی كۆمۆنیستی له‌ده‌ستی كرێكارانی شارنشیندا بوو، ئه‌مجاره له چین و به‌سه‌ركردایه‌تی ما‌و جووتیارانی گوندنشین خه‌باته‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه گرت، ئه‌مه‌ش هه‌م جیاوازییه و هه‌م وه‌ك خاڵێكیش ده‌ستنیشان ده‌كرێ كه كۆمۆنیسته‌كانی چین به‌شۆڕشی كۆمۆنیستیان زیاد كردووه، بۆیه شۆڕش له‌وڵاتی چین بوو به‌شۆڕشێكی پارتیزانی و ماوو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م شۆڕشه‌ی كرد‌و له‌ساڵی 1949دا سه‌ركه‌وت و سوپاكه‌ی ما‌و كهسوپایهكی جووتیاری بوو یه‌كه یه‌كه له‌هه‌مان ساڵدا شاره‌كانیان گرت.. بڕوانه: گۆڤاری ئایدیا واڵا، ژماره(36)، كانوونی یه‌كه‌می 2012، ساڵی نۆیه‌م، ل137-138.
2-رێبوار ئه‌حمه‌د، مه‌له‌كردن به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆل، به‌رگی یه‌كه‌م، چ1، بێ شوێنی چاپ، 2017، ل36.
3-نه‌رمین عوسمان، له‌به‌ر تریفه‌ی مانگ خه‌ونه‌كانی نیشتمانمان ده‌چنی، چ1، چاپخانه‌ی كارۆ، 2020، ل159-160.
4-نه‌رمین عوسمان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل164-165.
5-برایم جه‌لال، چه‌پكێك له مێژووی كۆمه‌ڵه، چ2، چاپخانه‌ی چوارچرا، 2012، ل14-15.
6-برایم جه‌لال، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل15-16.
7-بڕوانه: بیری نوێ، یه‌ك شه‌ممه، 12/1/1974، ل1-2.