کوردی ساویکە و خۆبەکەمزان و یادگەلاواز!!
8 مانگ لەمەوپێش
محەمەد خۆشناو
ئەوە سەدان ساڵە دەستدرێژیمان دەکەنەسەر، هەڵیانکوتاوەتە سەر نیشتیمانەکەمان کوردستان و داگیریانکردووە و هەرچی خێروبێری ئەم خاکەیە دزیان، کلتووریان دزی و خاپووریانکرد، دووچاری زیندەبەچاڵکردن و جۆرەها بۆمبابارانکردن بووین کە پێنج بەرابەری ئەو بۆمبە ئەتۆمیەیەیە کە لە «هێرۆشیما و ناکازاکی » ژاپۆن درا لە جەنگی جیهانی دووەم، لەو ناوچەیەی ئێمەدا دووری لەنێوان لۆژیک و گەمژەیی ئەوەندە فراوان نییە، ئەوەی بڕواناکات با بەمێژوودا بچێتەوە، وایانلێکردین کە جۆگەلەکانی جەهەنەم بەچاوی خۆمان ببینین، کەچی ئێمە هەر خۆمان لێیانزیک دەکەینەوە و، داوای پێکەوەژیان و لێبووردەیی لەگەڵیان دەکەین.
ئێمە بێسنوور نەتەوەیەکی لێبووردەیین و دڵمان بۆ هەموو کەسێک دەکەینەوە، ئێمە هەمیشە خۆمان خستۆتە ناو خانەی تاوانبار و، بەهەموو ڕێگا و ئامرازێک بەرگری لەخۆمان دەکەین و کەچی ڕەزیل و سەفیل دەچینە لایان دەست پاندەکەینەوە و داوای لێبووردن لە هەڵویستەکانیان دەکەین و تەنازولیان بۆ دەکەین، کەچی تەنازول بۆ یەکتری و میللەتەکە ناکەن، خاکی ئەو نیشتیمانەمان بۆ باوەشکردن بۆ ئەو دەستدرێژیکارانە کردۆتەوە ، نەتەوەیەکی وا سۆزدارین سۆزمان بۆ هەموو مرۆڤێک هەیە.
هەست بە ئێشوئازاریان دەکەین و کارەساتەکانی خۆمان لەبیردەکەین ، لەڕاپەڕینی 1991 باوەشمان بۆ سەربازە دڕندەکانی ڕژێمی بەعس کردەوە و دەرگای ماڵەکانمان بۆیان کردەوە، دوای ڕووخانی ڕژێم و داعش دەرگای شارەکانمان بۆ سوننەی عەرەب کردەوە و ، ئەو دەسەڵاتە شیعەیەی کە فەرمانڕەوایی ئەو بەناو عێراقە دەکات لەکن ئێمە بوون و برامان بوون و دەمانحاواندنەوە چونکە هەستمان بە چەوساندنەوەیان دەکرد ، ئەمەش بەهۆی ئەو داکرانی لێبوورەدەییەیە کە هەمانە کەچی بزانە چیمان لێدەکرن ؟! بەڵام خەتاکە هی خۆمانە، بزانە ئەو لێکترازان و دابەشبوونە ترسناکەی هەمانە کە بۆتە چەکێکی خۆکوژ بۆمان!! ئێمە هەمیشە کە ئاسۆی شەبەنگێکی ئاشتی بەدیارکەوێت بەهەموو ڕێگا و ئامرازێک باوەشمان بۆ کردۆتەوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی عەرەبی سونە و شیعە کە خاپووریکردین.
ئێمە نەتەوەیەکین خێرا لەبیر دەکەین ، هەوڵمانداوە دەستدرێژی و ستەم و نادادپەروەی و کوشتن…هتد لەبیرکەین و یادگەی «الذاكرة » خۆمان لەسەر هەموو مەرگەسات و ڕووداوە مێژووییە خەراپەکان داخست و ، زۆر بە پارێز بووین لەوەی کەس نەیەت دەرگای یادگەمان بکاتەوە نەبادا ئەو بۆمبانە بتەقنەوە کە بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیری خاپوور بکات، بەڵام ئەوە خۆتان دەبینن کە بەدرێژایی مێژوو و تا دەگاتە ئێستای بۆردومانی موشەک و درۆن و جەنگی ئابووری ، بۆردومانی یادگەمان دەکەن ، ئەوان دەبینن کە دۆخی نێوماڵی کورد چۆن خاپوور بووە کە ئیمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و تەنازولکردن بۆ یەکتری و بۆ گەلەکەمان و وازهێنان لە چێژی پارە و دەسەڵات هەیە، بەتایبەتی لەو دۆخە هەستیارەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و پێویستە سەرکردایەتی کورد خۆی بۆ گۆڕانکاری ئەو قۆناخە و کۆتایی هاتنی جەنگی غەززە ئامادەبکات.
چیتر بە بەڵێنی فریودەرانەی سۆزاوی هەلنەخەڵەتێت و خۆی بەکەمنەزانێت ، کە ئەگەری ئاساییکردنەوەی عەرەب - ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و ئاوەدانکردنەوەی بێ بەشداری رێکخراوی حەماس هەیە، چاودێران پێیان وایە کە وڵاتەیەکگرتووەکان ورەقەکان لەدەست ئێران لە فەڵەستین و عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن ڕادەکێشێت و لەهەمان کاتیش بۆ بەدیهێنانی سەرمایەی سیاسیە بۆ هەڵبژاردنەکانی دادێی ئەمەریکا و ، ئەمە هەلێکی زێڕینیە بۆ کورد کە دەستکەوتی مەزن بێنێتەدی ئەگەر ئێمە بەیەکگرتوویی و دەستلەناودەست بیقۆزینەوە!!!