کۆمۆنیستەکان لەئازادیی سیاسی دەترسن

2 مانگ لەمەوپێش



حەمەڕەشید فاروق

چەند رۆژێک لەمەوبەر کاکە شوان (شوان ئەحمەد)، لەماڵەوە سەردانی کردم و چەندین دیاری بەنرخی بۆ هێنابووم، یەکێک لەو دیارییە بەنرخانە، چەند کتێبێکی خۆی بوو، دووان لەو کتیبانە بەناوەکانی «کۆمۆنیستەکان لەشۆڕش دەترسن»، ژان پۆڵ سارتەر لەوەرگێڕانی شوان ئەحمەد، کێشەی ئازادیی سیاسی، د.زەکەریا ئیبراهیم، وەرگێڕانی شوان ئەحمەد، هەردوو کتێبەکەش لەلایەن رێکخراوی ئازادبوونەوە چاپ کراون. بەڵام من ناونیشانی هەردوو کتێبەکەم لە «کۆمۆنیستەکان لەئازادیی سیاسی دەترسن» جێکردووەتەوە.

لەکتێبی «کێشەی ئازادیی سیاسی»دا کەکتێبێکی قەوارە نیو ئەی فۆری ١٠١ لاپەڕەییە، دیدو بۆچوونی چەندین بیرمەندی لەسەر ئازادی تێدایە، بۆ نموونە(سپینۆزا، جۆن لۆک، شارل دی مۆنتسکیۆ، جان جاک، رۆسۆو جۆن ستیوارد میل). لەکاتی خوێندنەوەی ئەم دوو کتێبەو سەرجەم کتێبەکانیدا، هەست بەوردیی و سەلیقەیی و زمانەپاراوەکەی کاکە شوان دەکەیت، هەر ئەوەش زیاتر سەرنجت بۆ خوێندنەوەی رادەکێشێت، شوان یەکێکە لەو وەرگێڕە بەتوانایانەی لەخوێندنەوەی بەرهەمەکانیدا بێزارو جاڕس نابیت.

بەبڕوای سپینۆزا دەوڵەت بۆی نییە هیچ بیروباوەڕێک بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێنێت و تەنیا شتێک کەدەبێت بیکات، ئەوەیە داوا لەهاووڵاتیان بکات کار بەیاساکانی بکەن و خۆیان لەهەموو ئەو شتانە بەدوور بگرن کەدەبنە مایەی هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە. ئازادیی رادەربڕین لەگەڵ سیستمی کۆمەڵایەتیدا ناکۆک نییە، لەڕاستیدا هیچ شتێک هێندەی سەرکوتکردنی ئەقڵ و رادەربڕین و بیروڕا، هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر قەوارەی دەوڵەت نییە (ل ١٤-١٥).

گەر ئەو چەند دێڕەی سەرەوە، لەگەڵ دیدو بۆچوونی جۆن لۆک دا بەروارد بکرێت، پەی بەوە دەبەین کەچەند بیرۆکەی ئازادییان بەگرنگ و ژیوەری وەرگرتووە، بۆ نموونە جۆک لۆک پێیوایە؛ «مرۆڤ بەئازادی لەدایک دەبێت و وەک بوونەوەرێکی ئاقڵیش بەئەقڵەوە دێتە دنیاوە (١٩ -٢٠)»، ئیدی لێرەوە لەگەڵ هۆبز جیادەبێتەوە کەپێیوایە؛ «مرۆڤ بەخەسڵەتی سرووشتیی خۆی بوونەوەرێکی شەڕانگێزە»، ئەمە لەکاتێکدا بوونی مرۆڤ بەگشتی لەئازادیدا کورت دەبێتەوە. لێرەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەکەی کەمرۆڤ نەک هەر بەسرووشت شەڕەنگیز نییە، بەڵکو گەر ئازادیی لێبسەنرێتەوە، هەم دەبێت بەبوونەوەرێکی دڕندە، هەم بەکەسێکی ملکەچ و خۆچەمێن.

بۆیە لەخۆڕا نییە مرۆڤی کورد لەدەرئەنجامی ئەو داگیرکارییەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەسەریدا سەپێنراوەو لەپێواری ئازادیدا، لەلایەکەوە بەرامبەر بەخودی خۆی بووە بەدڕندە، لەلایەکی دی بەرامبەر بەداگیرکەرانی بووە بەبوونەوەرێکی ملکەچیی خۆچەمێنی بچووک (ئەوەش پێویستی بەگەلێک توێژینەوەی زانستی و دەروونی و سۆسیۆلۆجی هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەو دەردە تێبگەین و لێی رزگاربین)، بۆیە گەر لەم روانگەیەوە بوونی ئازادی بکەین بەپێوەری مرۆڤبوونمان، ئیدی لەنەبوونەکەی دەگەین کە چ ماڵوێرانییەکی لێدەکەوێتەوە، لەوەش تێدەگەین بۆچی هەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان لەئازادی دەترسن و بەمەرگی خۆیانی دەزانن.

شایانی باسە ئازادی لەلای رۆسۆ هەم ئەرکە، هەم مافیشە. شتێکی بەزۆر سەپێنراو، یاخود بارێکی قورس نییە بتوانین خۆمانی لێ قوتاربکەین، بەڵکوو بەشێکی ئۆرگانی و سەرەکیی کەسایەتیمانە. لەبەرئەوەیە دەڵێت: «دەستبەرداربوونی مرۆڤ لەئازادییەکانی، واتە دەستبەرداربوون لەخەسڵەتی مرۆڤبوون و مافەکانی مرۆڤ و ئەرکەکانی مرۆڤیش... دەستبەرداربوونیش لەو شتانە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ سرووشتی مرۆڤدا ناگونجێت... سەندنەوەی ئازادی لەئیرادەمان، واتە سەندنەوەی هەموو خەسڵەتێکی مۆراڵی لەڕەفتارو کردەوەکانمان». کەواتە هیچ پەیمان و گرێبەستێک نابێت، ئەگەر گۆڕینەوەو ئاڵووێر نەبێت، واتە بەکارهێنانی ئازادی نەبێت بۆ گەیشتن بەجۆرێک لەڕەزامەندی هاوبەش و پێکەوەیی (ل ٥٣).

گەر ئەو وتانە لەگەڵ دیدو بۆچونی هانا ئارێنت بەراورد بکەین، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت ئەو دوو بۆچوونە چەند لەیەکەوە نزیکن، ئارێنت دەڵێت؛ «لەساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٤٣ پەیوەندیم بەکۆمەڵەی زایۆنییەوە هەبوو کە بەدڵنیاییەوە ئەوەش بەهۆی هیتلەرەوە بوو، چونکە دەبوو وەک جوو بەرگری لەخۆم بکەم، نەک وەک مرۆڤ، بەبۆچوونی خۆم هەڵەیەکی گەورە بوو، کاتێک وەک جوو رووبەڕووی هێرش دەبیتەوە، دەبێ وەک جوو بەرگری لەخۆت بکەیت، ناتوانیت بڵێیت: «داوای لێبووردن دەکەم، من جوو نیم؛ من مرۆڤم». ئەمەش کارێکی گەمژانەی هیچوپوچە. بەو پروپووچییە دەورەدرابووم. هیچ ئەگەرێکی دیکە نەبوو، بۆیە تێکەڵ بەکایەی سیاسەتی جوولەکە بووم، نەک سیاسەت (التفكیر الحر، حنە أرندت، مالك سلمان. ص507).

لێرەوە روون دەبێتەوە کەزەوتکردنی ئازادی مرۆڤ بەرەو چ ئاکارێک دەبات و چۆن لەمرۆڤبوونی دەخات، ئیدی هەر لەم روانگەیەوە ئارێنت سیاسەت بەوتەو کرداری ئازاد دادەنێت و لەپێواری ئەو دوو پایەیەشدا شتێک نامێنێتەوە ناوی سیاسەت بێت. ئەمەش بەو دەرئەنجامەمان دەگەیەنێت، کاتێک مرۆڤ ئازادی لێ زەوت دەکرێت، دەبێ وەک مرۆڤ بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام ئێمەی کورد جارێک وەک کورد مافەکانمان زەوت دەکرێ و دەبێ هانا وتەنی بەناچاری وەک کورد بەرگری لەخۆمان بکەین، جارێکیش وەک مرۆڤ، ئەوا ئەرکەکەمان زۆر قورسترو سەختتر دەبێت.

کتێبی «کۆمۆنیستەکان لەشۆڕش دەترسن» دیدو بۆچوونی ژان پۆڵ سارتەرە دەربارەی بزوتنەوەی خوێندکارانی ٦٨. کتێبەکە ١٣١ لاپەرەی نیو ئەی فۆرە. لەم کتێبەدا سارتەر پەنجە دەخاتەسەر توانای گەنجان لەسەر رووداوەکە و شێوازی بیرکردنەوەو رەفتاریان، هەروەها بەجۆرێک لەجۆرەکان باس لەخیانەتی حزبی کۆمۆنیستیش دەکات لەو بزووتنەوەیە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ئایندەی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا.

سارتەر بەپێچەوانەی دیدگا نەرێنییە زاڵەکەی ئەو کاتە دەربارەی گەنجان، دیدگایەکی زۆر ئەرێنی لەسەر گەنجان هەیە، ئەوەتا زۆر بەڕاشکاوی باس لەئاستبەرزی خوێندکاران دەکات و پێیوایە زۆر دەخوێننەوە ئاگاداری رووداوەکانی دنیان، تەنانەت دان بەوەشدا دەنێت کەخۆی لەو تەمەندا ئەو زانیاری و پەرۆشییەی نەبووە تا گرنگی بەڕووداوەکانی جیهان بدات و پێیوابێت هەر شتێک لەوپەڕی دنیادا رووبدات، گرنگی و بایەخی تایبەتی لەژیانی ئەواندا هەیە، هەروەها لەو باوەڕەدایە بەدەستی ئەنقەست گەنجان لەسیاسەت دوور دەخرێنەوە، ئەوەتا دەڵێت؛ «ئەوەش کاری رێکەوت و هەوانتە نییە کەدەڵێن گەنجان بایەخ بەسیاسەت نادەن، مانای وایە ئەوەی ئەو قسەیە دەکات خوازیارە گەنجان هەر بەڕاستی گرنگی بەسیاسەت نەدەن و کاریش بۆ ئەوە دەکات هەنگاوێکی دیکە لەسیاسەت دوور بکەونەوە».

هەروەها دەڵێت؛ «جەخت کردنەوەی بەردەوام و بێ ماندووبوون لەسەر پێشکەشکردنی وێنەیەک دەربارەی گەنجان کەکەسانێکی پووچگەراو نابەرپرسیارن و لەڕووی سیاسییەوە هیچ کەڵک و کاریگەرییەکیان نییە، هاوکات وەها نیشانی بدەن کەئەوە وێنەیەکی خەمهێنەر و مایەی حەسرەتە» (کۆمۆنیستەکان لەشۆڕش دەترسن، ل١٨). بەڵام ئەو گەنجانە بە یاخیترو ئازادیخوازتر دەزانێت، وەک لەوەی لەو وێنەیەدا هەیە. هەر لەم روانگەیەوە گەر لەدۆخی خۆمان بنوارین، زۆر بەئاسانی لەوە تێدەگەین (بەجیاوازی هەردوو سەردەمەکە) بۆچی تاسەر ئێسقان دژایەتی گەنجان دەکرێت و لەڕێی بەرنامەیەکی رێکخراوەوە گەنجان پەراوێزدەخرێن، تەنیا دەرگا بۆ گەنجانی گوێڕایەڵ و بەڵێگۆ ئاواڵەیە بۆ ئەوەی خزمەتی خۆیانی پێبکەن و رووی جوانی خۆیانی پێ نیشانبدەن و لەگوتەو چاوپێکەوتن و بۆنەکاندا وەک دەسکەوت بیفرۆشنەوە، بەڵام بەپێچەوانەی خواستی ئەوانەوە، هەمیشە رۆحی ململانێ و خەبات و تێکۆشان لەنێو گەنجاندا روو لەهەڵکشانە، هەروەکو سارتەر دەڵێت؛ «بتانەوێت یان نا ئێوە سیاسین و هەڵوێستی سیاسیی ئەمڕۆشتان بەدیاریکراوی تەعبیرە لەناسیاسیبوون» (ل٢٣).

هەروەها سارتەر باس لەدیالۆگ و رەخنەگرتن دەکات، بەتایبەتی لەنێوان مامۆستاو خوێندکاراندا، بەکۆڵەکەی سەرەکی فێربوونی دەزانێت، بۆ ئەوەش نموونە لەسەر وانە وتنەوەی خۆی دەهێنێتەوە و رەخنە لەو ئوستادانە دەگرێت لەپشتی مێزو کورسییەوە وانە دەڵێنەوەو هەرگیز بەخۆیاندا ناچنەوە، بۆیە پێیوایە دیاکۆگ و رەخنەگرتن تاکە شێوازە بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بەمرۆڤ.

سارتەر لەکتێبی کۆمۆنیستەکان لەشۆڕش دەترسن، باس لەوە دەکات کەچۆن کۆمۆنیستەکان خۆیان لەبریاردان و هەڵوێست وەرگرتن دەدزنەوەو چۆن خیانەتیان لەبزووتنەوەی خوێندکاران کردووە و هاوکاری دەسەڵاتیان کردووەو خوێندکارەکانیان شەرمەزار کردووەو بەتەنیا جێیانهێشوون، یەکێک کەهۆکاری ئەو هەڵوێستەشیان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کەبڕیاری سیاسی لەلای خۆیان نەبووەو لەدەرەوە ئاراستە کراون.

رەنگە ئێمەی کورد باش لەو هەڵوێستە تێبگەین، ئەوەش کاتێک لەساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا کەزۆربەی خەڵکی عێراق شیوعی بوون، بەعەرەب و کوردەوە، کەچی ئەو حزبە بوێری گرتنە دەستی دەسەڵاتی تێدا نەبوو، ئەویش زۆر بەسادەیی لەبەرئەوەی بڕیار لەدەرەوەی حزب و لەشوێنێکی دی دەدرا، هەروەها لەئێستادا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم سەرەڕای ئەو هەڕەشەیەی کە لەسەر خۆیان هەستی پێدەکەن، بەڵام ناتوانن هەڵوێستە راست و دروستەکە بنوێنن، چونکە بڕیار لەلای خۆیان نییە.

ئەو دوو کتێبە زۆر لەمە زیاتر هەڵدەگرن و پێویستە هەڵوەستەی زیاتریان لەسەر بکرێت، بۆیە دواجارو جارێکی دی دەستخۆشی لە شوان ئەحمەد دەکەم بۆ دیارییە بە نرخەکەی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار