حوسییەکان لەبارەى داخستنى گەرووی بابولمەندەب هۆشدارى دەدەن

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حوسیەکانی یەمەن ھەڕەشەی داخستنی یەکجاریی گەرووی بابولمەندەب دەدەن و دەڵێن رێگە بە ھیچ کەشتییەکی ئیسرائیلی نادەن لە دەریای سور ھاتووچۆ بکات.

حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین".

 دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت."

ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب  تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن.

لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وای كرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار