ڤایرۆسەکەی دهۆک گەیشتە زاخۆ؛ رۆژانە زیاتر لە 50 منداڵ توشدەبن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەرەتای ئەم مانگەدا ڤایرۆسێکی وەرزی تایبەت بە منداڵان لەشاری دهۆک بڵاوبوویەوە کە رۆژانه 300 منداڵ لەنەخۆشخانەکان داخڵدەکران، چەند رۆژێکە ئەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە زاخۆ و رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ تۆش دەبن و داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024 ئەمیر عەلی وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە هاوڵاتی وت" نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە و وەرزییە، لە زاخۆش رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ توش دەبن و لەنەخۆشخانەی زاخۆ دەخەوێندرێن".
وتیشی، ئەو ڤایرۆسە لەجۆری RSVـیە و زیاتر لە مانگی 10 تاوەکو 3 بڵاودەبێتەوە و توشی سینگی منداڵ دەبێت هاوکات بەشێکی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە، چونکە بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانیان دووچاری هەناسەتەنگی بوون."
ئەوەشی ڕونکردەوە کە زیاتر ئەو منداڵانە توش دەبن کەتەمەنیان لەخوار دوو ساڵەوەیە بە تایبەتیش منداڵانی خوار شەش مانگ.
پێشتریش ِدکتور نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لەشاری دهۆک لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت " یەکێک لە ڕێگەکان بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە کاریگەری لە بەرگری منداڵەکە زۆر نەبێت ئەوەیە دایکان زیاتر شیری خۆیان بەمنداڵەکانیان بدەن وخۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتۆ چونکە شیری دایک بەرگری لەش لای منداڵ بەهێز دەکات".
ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
