کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆنسێپتێک بۆ ئازاری هەمیشەیی نەوەک سەرەتایەک بۆ مرۆڤسازی

8 مانگ لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ

بەیادی ئەو رۆژگارەی کە لەخوێندنگەی سەرەتایی بووم. هەموو ساڵێک لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەگۆڕەپانی خوێندنگە کۆدەکراینەوە بەڕێوەبەری خوێندنگەکەمان بەحەماسەتێکەوە باسی لەکیمیابارانی هەڵەبجە دەکردو سەرجەم خوێندنگەکە بەوێنەی قوربانییەکانی ئەو کارەساتە لەیاد نەچووە پیشانی خوێندکارەکان دەدرا لەفۆرمی پێشانگای وێنەییدا. هەر بەڕاستی ئەو وێنانە بۆ ئێمە ئەوکاتە جۆرێک بوو لەترس و راچڵەکین کە هەرگیز لەیادم ناچێت. تاکە شتێک لەو فەزایەدا کەفێری ئێمە دەکرا کەڕژێمی بەعس بەرپرسی سەرەکی ئەو تاوانە قێزەونەیە بەبێ باسکردنی ئەو مێژووە بەفۆرمێک کەڕقی تۆڵەسەندنەوە لەئێمەدا دروست نەکات بۆ ئەم ئێستایە. بێگومان ئەو بکەرانی ئەو تاوانە، شایەنی لێخۆشبوون نەبوون بەڵام فێر نەکراین چۆن دونیابینیەکی جیاوازترمان هەبێت، کە وەک تاک لەفۆرمی خۆ بەقوربانی چەق نەبەستین و ئاسۆکانی مرۆڤ سازیمان لێ دیار بێت، کاربکەین کە هیچ هێزێک بوێری ئەوەی نەبێت پلانسازی کارێکی لەو چەشنە بۆ ئایندە ئاوا بکات. مەگەر تاکە وانەی هۆلۆکۆست چی بوو بۆ جووەکان؟ ئەوە نەبێت کەنابێت چیتر جوو لەسەر بنەمای ئایین و رەگەزەکەی جینۆساید بکرێت چی جای بەهەر بیانوویەک بێت. لەماوەی ئەم ساڵانەی کە تێپەڕین من وەک کوردێک جگە لەخۆ بەقوربانی هیچی ترم نەبینی وەک وانەیەک لەکیمیابارانی هەڵەبجە فێر ببین. پارەیەکی زۆر و زەبەند لەم رێڕەوە بەفیڕۆدران، کەچی هێشتا کەقوربانیان بەدەست برینی چەکی کیمیایی و «زەبری دەروونی- Trauma»لەئازار چێشتندان. کێ بەرپرسیارە؟ دەیان و سەدان پاساو یەک لەدوای یەک ریز دەبن. بێئاگا لەوەی کە دەروونت مرۆڤی قوربانی بەجۆرێکە ئاسانتر دەتوانێت پاساوەکان بە نەگۆڕی بهێڵێتەوە ئەگەر دەستێک بۆ یارمەتی و پاڵپشتی بوونی نەبێت.

یەکێک لەو کتێبە زۆر باشانەی کە کۆمەکی واداربوونی کردم بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کتێبی «A poison affair-کارێکی ژەهراوی» لەنووسی هێڵتەرمان بوو، بەسوپاسێکی گەورەوە مامۆستا <محمد حەمەساڵح> بەکوردییەکی زۆر جوان بەکوردی کردووە، کە بەداخەوە هەتاکوو ئێستاش مامۆستا ستایشێک نەکراوە بۆ ئەو کارە پڕبایەخەی. هێڵتەرمان زۆر بە زانستیانە مێژوویەکی لەبیرکراوی لەکتێبەکەیدا خستۆتەڕوو، کە دەبووایە هەر تاکێکی کورد بەتایبەتی هەڵەبجەیەکان بەباش پێی ئاشنا ببن. هێڵتەرمان مێژووی جەنگی عێراق-ئێران و دەستپێکی شەڕەکانی بەوردی باس کردووە کە چۆن عێراق بەپاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوا برەوی بەچەکی کیمیایی داوە. یەکێک لەو راستییە تاڵانەی کە بەوردی لەسەری وەستاوە هەڵوێستی ئەمریکایە، کەتاکوو دوا توانای خۆی پاڵپشتی عێراقی کردووە لەبەرامبەر ئێران لەجەنگەکەدا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بەتایبەت لەشەڕی فاودا، لەئەنجوومەنی ئاسایش ئەو سەر وەختە زۆر بەئاشکرا پاڵپشتی لەعێراق کراوە. تەنیا ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت هەردوو وڵات بوەستن لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی پەیوەست ببن بەپەیماننامەکانی قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ. بەتایبەت پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆلەکانی و ڕێکەوتنامەی چەکی کیمیایی. چیرۆکی ئەم پاڵپشتییەش لەدوای جەنگی دووەمی کەنداو بەکۆتا دێت کاتێک عێراق هێرش دەکاتەسەر کوێت و مەترسی دەخاتە سەر چاڵە نەوتییەکان لەوڵاتانی خلیجدا. پەردە لەسەر تاوانەکانی سەددام حوسێن و رژێمی بەعس لادەبرێت و بەئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کەسەددام حوسێن میللەتی کوردی کیمیاباران کردووە. لێرەدا ئەوە روونە کەهەمیشە هێزە رۆژئاواییەکان بەدەر لەبەهاکانی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە پاڵپشتیان کردوون هەتاکوو ئەو شوێنەی کە بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بوون. هەرچی سەبارەت بەئێرانیشە لەڕێگەی بەرنامەیەکی پتەو ئەمریکا لەسەردەمی شادا پاڵپشتی پرۆژەی ئەتۆمی کرد، لەپاڵ ئەمریکاش ئیسرائیل لەپەرەپێدانی پرۆگرامی مووشەکی بالستیکی هاوکاری ئێرانی کرد.

کاتێک «شای ئێران» رووخا، بێ گوێدانە ئەوەی کە چی چەک و هێزێک بۆ سیستەمێک زەمینە سازکراوە، کەئەمڕۆ لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەدیکتاتۆرو کۆنەپارێز پێناسە دەکرێت، کەڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کە لەڕێگەی کارەکتەرە نادەوڵەتییەکانی لەناوچەکەدا تەواو هێزە رۆژئاواییەکانیان گیرۆدە کردووە، هیچ جۆرە پابەندییەکیشیان نییە بۆ رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان چونکە کارەکتەری نێودەوڵەتی نین. مێژووی ئەم سەوداو مامەڵەیەش بەوردی لەکتێبی «The secret war with Iran - شەڕی نهێنی لەگەڵ ئێران» لەلایەن رۆنێن بێرگمان بەوردی باسکراوە کەخوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. سەربار، زۆرێک لە سیاسییەکانمان ئێستاش لەو بڕوایەدان دەتوانرێت لەگەڵ ئەم سیستەمدا بەئاسانی قەرەبووی تاکی کورد دەکرێتەوە، هێشتاش هەر بەدیدگای فریادڕەسانەش دەڕوانرێتە هێزە نێونەتەوەیەکان، لەکاتێکدا ئەم هێزانە دەبێت زۆر عاقڵانە لەهاوکێشەی سیاسی نەرم سەوداو مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لایەنی سێیەم بەگەڕبخرێت بۆ داوای قەرەبووی زیاتر بۆ قوربانیانی جینۆساید دەرهەق بەتاکی کورد. نموونەی دیاریش بۆ ئەم بابەتە پرسی سکاڵای ئەفریقای باشوورە لە«دادگای نێودەوڵەتی داد ICJ » لەبەرامبەر ئیسرائیل و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززەو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرسی ئەنجامدانی جینۆساید، ئەنجامی ئەم سکاڵایەش تاڕادەیەک کاریگەی هەبوو لەڕوونکردنەوەی هەندێک راستی سەبارەت بەئەنجامدانی جینۆساید لەلایەن ئیسرائیل و حەماسەوە. لەهەوڵی هاوشێوەدا دەکرا ئەم چەند ساڵە سیاسی و دیپلۆماتکارە کوردییەکان لەڕێگەی کەناڵی دیبلۆماسی جۆربەجۆرو دەوڵەتانی ترەوە سکاڵایان بکردایە لە عێراق بۆ بەرپرسیاربوونی لەبەرامبەر جینۆسایدی کورد فەراهەمکردنی خزمەت و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال.

ئەگەر سەرچاوەی نەهامەتییەکان بەوردی دەستنیشان نەکرێت، جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران دەبێت هەروەک کۆنسێپتێک بۆ شیوەن گێڕان تەماشا بکرێت لەڕۆژگاری ئێستادا کەدەکرا زیاتر بناسێنرێت. ئاخر هەر بەڕاستی کارەساتە کاتێک لۆبییەکان بۆ ئەم پرسە لەجانتای سیاسییە هەلپەرستەکان قەتیس ببێت. ئەگەر لە گووگڵ گەڕانێک بکەین بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، ئەنجامێک نابینین کە هەڵگری زمانێکی جیهانی ببێت. فیلمێکی باش نابینیت کەڕووداوەکان بەڕاستی بگێڕێتەوە. کەچی لەبەرامبەردا لەسەر سەدام و دارو دەستەکەی بەدەیان زنجیرەو فیلمی دۆکیۆمێنتاری دەبینی کەهەموویان «ئەدۆلف ئایخمەن» ئاسا کەسەرپەرشتیاری کوشتارگەکانی «ئاوشڤێست» نازییەکان بوو لەجەنگی جیهانی دووەمدا، کە دادگایی کرا گوتی من تەنیا بڕیارەکانمان جێبەجێ کردووە. فەرماندە بەعسییەکانیش کە جێبەجێکاری جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران بوون وەک ئەوەی کە بێگوناهێک بن رووداوەکان لەبۆتە جێبەجێکردنی بڕیارە کارگێڕی و سەربازیەکاندا دەگێڕنەوە، بەجۆرێک کە بکەری راستی بەگوێرەی بەرپرسیارێتیەکان نادیارە؟ ، هاوکات ئەرشیفەکانی ئەم تاوانانە ونن یان مەیلێک نەبووە بەڕاستی کنەو پشکنین بکرێت! لەفۆڕمێکی سەردەمیانەدا بخرێتەڕوو، وەک ماتریاڵێکیش پەروەردەی تاکی پێبکرێت بۆ ئایندەیەک کەخاوەن ئیرادەبێت نەوەک ئایکۆنێک بێت بۆ قوربانی بوونی هەمیشەی.

 

چی بکرێت؟

ئەو راستییە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر روون دەبێتەوە کەسیاسی و دەسەڵاتداری کورد خاوەن ئیرادەو ویستێکی راستەقینە نین کەتاکی کورد لەم گێژاوی خۆ بەقوربانییە دەرباز بکەن. شکست لەدوای شکست دەچنەوە هەر دەمێک و بەپاساوێک. بۆیە لێرەدا گرنگە هەر تاکێکی کوردزمان بەتایبەت ئەو تاکە دەسەڵاتدارانەی کە ئەمڕۆ هەڵەبجەیی و گەرمیانین و پاشگری ناوەکانیانە، سەربەخۆیانە پرۆژەی تاکە کەسی خۆیان پاوە جێ بکەن و لۆبی بکەن بۆ پرسی جینۆسایدی گەلی کورد بەتایبەت بۆ قوربانیانی هەڵەبجە چاوەڕێی دەسەڵاتێک نەبن کە بێباک و لووتبەرزە. ئیتر ئەو پاساوەش با وەلابخرێت کە لێرەو لەوێ دەوترێت تاکی کورد تاکێکە کەپاوانخوازو رەتکەرەوەیە لەناو خۆیدا مەناتی کاری دەستەجەمعی نییە! دوا قسەش لێرەدا ئەوەیە ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێ لەڕێگایە کەپەروەردە نەکرێن بەڕاستی و متمانەیان بۆ دروست نەکرێت لەچوارچێوەی مرۆڤسازیدا، دەبن بەژێر لێشاوی ترێندە جیهانییەکانی ئەمڕۆی بازاڕی نیو لیبراڵیزم و تیکتۆک و ئەو پلاتفۆرمانەی تر کە بوونی تاکی راستەقینەی کوردی تێدا نادیارە، هێندەی ئەوەی کەتاکێکی کوردی دەبینین کەخەریکی قسەی خۆش و گاڵتەو گەپە تێیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار