کاکە حەمەکەی ناخمان
8 مانگ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
کاکە حەمە چەندین ڕۆڵی جیاواز دەگێڕێت لە هەناو کەلتوری سیاسی کوردیدا. لە بنەڕەتدا ڕەنگە ۆرلۆردێکی محەلی بێت کە لە پاشماوەی جەنگاکانەوە درێژەی کێشاوە. یان دەربڕی دۆخی جەمسەرگیریی و شەڕی ناوخۆیی کوردییە، کە کورد وەک خەڵکێک و وەک نوخبەی سیاسی نازانێت و ناتوانێت لێیی دەربازبێت.
بەڵام لە دونیای بینراوی پڕ لە شۆدا، کاکە حەمە زۆرترین کاتی دەدرێتێ لە سەر شاشەکان و دەرباری زۆر بواری ناوخۆیی و جیهانی لێدوان و تیورە دەکات، هەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە هەتا زۆر کێشەی تری ناوخۆ و ناوچەکە.
کاکە حەمە ئاوێنەی مرۆڤی کوردە بە هەموو ڕواڵەتێکەوە. ئەو ئەلترا ئیگۆی زۆرینەیە. خەڵکی لە نێوان سەرسامیی و گاڵتە و جنێو و ستایشدا بەردەوام ئەو وەک خۆی و فیگەرێک و قارەمانێک و نەفرەتلێکراوێک بەرهەم دەهێننەوە.
بەڵام ئەوەی زۆرینە بە دەستیەوە دەناڵێنێت ئەو کاکە حەمەیە کە لە ناخی زۆرینەدایە. ڕۆژانی ڕابوردوو کاکە حەمە و براکەی بوو بە شەڕیان. شەڕی نێوان براکان لە سەر میراتی بۆ کوڕەکانیان و موڵک و سامانیان، وەها دەبینرا کە کارێکی نەکردەیە، یان نەدەبوو ببوایە. بەڵام چونکە خەڵکی بە گشتی توانای بیرکردنەوە و مەعریفەیان نیە، تەنها بە گاڵتە و هەڵچون و جنێو ڕوبەڕوی دۆخەکە دەبنەوە.
ئەمە هەتا ئاستێکی زۆر مایەی مەترسییە، چونکە هەموو ئاماژەکان دەڵێن، دۆخی داهاتوی سیاسی و ئابوری وکوردستان پڕ پڕیەتی لەم جۆرە شەڕانە.
بە کورتی قسە بکەین و چونکە ئەم پرسە ئازاربەخش و درک پێنەکراوە.
یەکەم، شەڕی براکان، چ برا بایولۆژییەکان و چ برا خەیاڵکراوەکان و چ برا مەجازییەکان، بەشێکی هەرە سەرەکی مێژوی ئەفسانەیی و هەروەها مێژوی حەقیقی ئەو ناوچەیە. تەنها دوو نمونە لێرەدا بەسە، چیرۆکی قابیل و هابیل و مێژوی عوسمانییەکان. ئەوەی حەمە و عەبە کردیان، کردەیەکی ئێجگار باو و بڵاوی ناو کەلتور و مێژوی ئێمەیە. تراژیدیاکە لەوەدایە، بە گاڵتە و سوکایەتی ئەم پرسە کۆتایی نایەت. بەڵکو بە دابڕانێکی مەعریفی ڕاستەقینە کە بونی نیە.
دوو، کورد، هەروەها ئەوانی تریش لە ناوچەکە، هەتا سەردەمێکی نزیک لە گروپی بچوک بچوکی پێکەوە ژیاون. لە هەناو ئەم گروپە بچوکانەدا، دەرفەت و توانای عەقڵی دروستکردنی دەزگا و ئیدارە و حوکمداریی نەبوە، بەڵکو هەمیشە کەسەکان لە شەڕ و کوشتنیان وەک ئامرازێکی سەرەکی یەکلاییکردنەوەی پرسەکان بەکارهێناوە.
سێ، ئێستا کە سیاسەتی کوردی دەبێتە سیاسەتی خێزانی، هیچ کام لەو خێزانە سیاسیانە خاوەن کەلتور و دەزگا و مەعریفەی وەها نین بتوانن دەزگا بونیادبنێن بۆ ئیدارەدانی دۆخی دەستاودەستی دەسەڵات، بۆیە هەمیشە، لە کەسێک زیاتر بە مافی خۆی دەزانێت کە دەسەڵاتی بۆ بمێنێتەوە، لە نەبونی هیچ ڕێسایەک، ئەوا هەمیشە هێز و شەڕکردن دەبنە شێوازی سەرەکی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.
بۆ نمونە ئەوەی لە ناو یەکێتیدا ڕویدا جۆرێک بوو لەم پرۆسەیە. لە پاش مەسعود بەرزانیش پارتی ڕوبەڕوی دۆخی سەخت دەبێتەوە لەم ڕوەوە.
هەروەها ئەم دۆخە بۆ هەموو هێزەکانی تریش ڕاستە بەبێ جیاوازی بنەما و دید و ئایدەلۆژیایان.
چوارهەم. کورد ناتوانێت دەزگا بونیادبنێت. چارەکە سەدەی ڕابوری ئەمەی بە زەقی سەلماندوە. ئەمە تاوانی نوخبە و حوکمڕانان نیە، بەڵکو ئەوەی بۆدریو ناوی دەنێت هابیتۆس، ژینگەی کەلتوری و کۆمەڵایەتی کوردی دژ بە بونیادنانی دەزگایە. ئەوەی ئەمەی زیاتر قەیراناوی کردوە، کورد لە پەیوندی بە مۆدێرنەوە، ئالودەی ئایدەلۆژیای سۆشیالیستی و نەتەوەییەکان بوە. یوڤال حەراری دەڵێت: سەدەی بیست سێ ئایدەلۆژیای بە سەردا زاڵبوو، سۆشیالیزم، فاشیزم لە گەڵ لیبرالیزم. سۆشیالیزم و فاشیزم دوو دیوی یەک دراون، سۆشیالیزم بڕوای وەهایە کە مێژوو بریتیە لە ململانێی نێوان چینەکان و پاش سەرکەوتنی چینی پرۆلیتاریا مێژوو کۆتایی دێت. فاشیزم بڕوای وەها کە مێژوو بریتیە لە ململانێی نێوان گەلان، لە ئەنجامدا گەلی باڵا سەردەکەوێت، یان دەبێت سەربکەوێت. بەڵام لیبرالیزم، بە پێچەوانەوە بڕوای بە ململانێ نیە وەک سروشتی مێژوو. بەڵام لیبرالیزم بە دونیای کوردی نامۆیە. بۆیە کودەتا و شۆڕش و سڕینە و زاڵبون و دەرکردن و نەفیکردن خەسڵەتی سەرەکی دونیای سیاسەتی ناوچەکەن. خەڵکیش بە دڵ و بەگیان لە گەڵیدان.
دونیای کوردی هێندە جەنگەڵییە، لە ململانێی نێوان دوو لادا، کاتێک لایەک لاواز دەبێت، هەموو دژایەتی دەکەن یان ئامادەنین پشتیوانی لێبکەن. بەڵام خاوەنی هێز، خاوەنی جەماوەریشە. ئەمەم زۆر بە زەقی لە ململانێی پارتی و پەرلەماندا بینی.