ژنە فەرماندەیەکی کورد کە فەرماندەی رزگارکردنی رەققەیە، وەک پاڵەوانێک دەخرێتە ناو یەکێک لە پڕ بینەرترین دراماکانی ئەمساڵ

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئارام رەفعەت لە نووسینێکدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی:

ژنە فەرماندەیەکی کورد کە فەرماندەی رزگارکردنی رەققەیە، وەک پاڵەوانێک دەخرێتە ناو یەکێک لە پڕ بینەرترین دراماکانی ئەمساڵ.

بەڵام چ رۆڵێک و چ پاڵەوانێک…؟

زنجیرە دراماکە بەناوی 
The three body problem
واتە سێ کێشەی جەستەیە، کە نووسەری زانستی خەیاڵی چینی لیو سیکسین نووسیوییەتی.

لە دراماکەدا جیهان و مرۆڤایەتی لەلایەن بوونەوەری هەسارەکانی تری گەردوون رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون دەبێتەوە.
زانایان لە پووچەڵکردنەوەی ئەم مەترسییە شکست دێنن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی دەگرێتە ئەستۆ.

بۆ ئەو مەبەستە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سێ پاڵەوان هەڵدەبژێرێت بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی.
یەکەم پاڵەوان پڕۆفیسۆرێکی چینی کە پسپۆڕە لە مێژووی جەنگەکاندا.
دووەم پاڵەوان ژنە شەڕڤانێکی کوردە، بەناوی لەیلا ئاریچ، کە فەرماندەی شەڕی رزگارکردنی رەققەی پایتەختی داعشی بووە.
سێیەم پاڵەوانیش زانایەکی بەریتانییە کە پسپۆڕە لە بواری فیزیا.

دوو پاڵەوانە بییانییەکە پیاون و کوردەکەش ژنە شەڕڤانێکە. کە ئەمەش مانا و مەغزای هەم قووڵ و هەم سیمبۆلیکی هەیە.

لە دراماکەدا، سکرتێری یو ئێن ئاوا پاڵەوانە کوردەکە پێشکەش دەکات:
“خانمی ئاریچ لەجەنگی دژی داعش لە رەققە ناوبانگی دەرکردووە و وە ئەزموونێکی ناوازەی لە بردنەوەی جەنگی نا هاوسەنگدا هەیە.”

گرنگتر لەوە، لەیلا ئارنیچ بە جل و بەرگی گە-ریلا دەچێتە سەر سەکۆی یو ئێن و لە فلیمەکەدا رۆڵ دەبینێت.

نووسەر لە سەر زاری دوو کاراکتەری دیکەی ناو دراماکە، زیاتر ئەم پاڵەوانە کوردەمان پێدەناسێنێت کە ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی خراوەتە سەر شان.

کارەکتەرێکییان دەڵێت ئەو ژنە ژەنەڕاڵە خاوەن ئەزموونێکی گەورەی جەنگە. ئەوەی دیکەشییان دەڵێت ژنە پاڵەوانێکی کوردە.

ئەو ژنە پاڵەوانە کوردە کێیە…؟

ئەگەر هەموو شتێکی ناو ئەم فلیمە خەیاڵی زانستییە خەیاڵ بێت، پاڵەوانە کوردەکەی ناو دراماکە خەیاڵ نییە و کاراکتەرێکی واقیعییە.

پاڵەوانەکە رۆژدا فەلاتە.

رۆژدا فەلات کێیە..؟
رۆژدا فەلاتی ٤٤ ساڵە کچی قاميشلۆیە و ئادابی عەڕەبی لە زانکۆی حەسەکە خوێندووە. یەکێکە لەو یەکەمین ژنانەی کە لەسەرەتای شۆڕشی رۆژاڤا پەیوەنی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، کردووە.

رۆژدا بۆ یەکەمجار لە ٢٠١٢-٢٠١٣دا لە شەڕی رزگاری حەسەکە بەشداری کردووە. 

رۆژدا لە جەنگی کۆبانی و لە بەرەی مشتەنوور بەشدار بووە. بەرپرسی ئەو یەکینەیە بووە کە ئارین میرکانی ئەفسانەیی خۆی بە تانکی داعشدا تەقاندەوە.
لە جەنگەکانی رزگاری شەدادی، تل حەمیس، گرێسپی، مەنبەج و تەبقەدا رۆڵی کاریگەری  هەبووە.

رۆژدا لە جەنگی رزگاری رەققەدا دەبێتە فەرماندەی ١٥ هەزار شەڕڤان و بە فەرماندەیی ئەو پایتەختی تاریکی و مۆڵگەی دڕندەترین کائینی ئەم سەردەمە رزگار کرا.

رۆڵی قارەمانانە و مەزن و سەرکەوتووی رۆژدا لە رزگاری رەققەی پایتەختی خەلافەتی داعشدا بووە جێگای سەرسامی  چاودێران لە سەرتاپای جیهان.
 
لە فیلمی دۆکومێنتاری من شۆڕشم، کە هی دەرهێنەری ئیتاڵی بینیدیتا ئارگێنتەرە چیرۆکی سێ ژن دەگێڕێتەوە کە لە سێ وڵاتدا رۆڵی فەرماندەیی دەبینن، یەکێک لەو سێ ژنانە رۆژدایە، کە لە فلیمەکەدا بە پۆشاکی یەکینەکانی پاراستنی ژن دەردەکەوێت.

لە درامای سێ کێشەکانی جەستەدا، ئەکتەری ئەمریکی بە رەگەز سوری، سالەم مۆرفی، رۆڵی لەیلا ئارنیچ دەبینێت. دراماکە لە نێتفلیکس، پەخش دەکرێت و تا ئێستا ریکۆردی شکاندووە لە بینین. 

دراماکە دۆبلاژ کراوە بۆ تورکی و تورکەکان بەفراوانی بینییویانە. 
چاوەڕوان دەکرێت تورکەکەکان رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی شەکرە و پەستانی خوێن و تەنانەت جەڵتەی دڵ و مێشک ببنەوە. 

لەسای شەڕڤانانی ئازادیدا هەموو رۆژێک کوردبوون شانازییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار