دژى سانسۆر پشتیوانی ڕۆژهەڵاتییەكانین
6 مانگ لەمەوپێش
ئەنوەر حسێن (بازگر)
سانسۆر و سەركوت، دژی ئازادی ڕاگەیاندن و میدیا، عەقیدە و بەیان، فشار بۆ سەر نوسەران، ڕۆشنبیران، چالاكی سیاسی و مەدەنی، قەدەغەكردنی كۆڕ، كۆبوونەوە، مێتینگ و چاپكراوەكانیان، پەلاماردانی خۆپیشاندەران، لێدان و دەستگیركردنیان.
ئەوانە، سیمای سیستم، حكومەت و دەوڵەتێکە، كە بانگەشەی ئازادی دەكات و باوەڕی پێ نییە، دعایەی دیموكراسی دەكات، سەمفۆنیاى بۆ دەژەنێت، بەڵام لەولاوە پۆپۆلیستانە سەير دەكات.
بۆ (شۆ) لە بەردەم كامێرا و میدیاكان، وەكو ئەرستۆ و ترۆتسكی ..... خۆی نمایش دەكات، بەڵام ڕەفتارەكانی لە هی قەشەی كەنیسەی چاخی تاریك، ستالین و پۆل پۆت دەچێت.
تێناگات لەوەى بلۆكی خۆرهەڵاتی و سیستمی بەناو سۆسیالیستی سۆڤیەتی، هەر لەبەر ئەو فاكتەرانە كەوت و دیوارە زەبەلاحەکەى بەرلین، هەر بۆیە هەپرون بە هەپرون بوو.
پۆل پۆت، چاوشیشكۆ و ستالین، هەر لەبەر ئەم ڕەفتارانەیان بوونە مێژوو، بەڵام مێژوويەكى ناياب نا.
ئازادی، دیموكراسی، پلۆرالیزم، تۆلێرانس، چەمك گەلێك نین، بە گاڵتەوە بانگەشەیان بۆ بکرێت، یان سوكایەتی بە پیرۆزییەكانیان بكرێت بۆ خۆڵ كردنە چاوی خەڵك و جیهانی دەرەوە، بە ماسکەوە خۆت نیشانبدەیت و گەمەیان لەگەڵ بکەیت.
بەڵكو ئەوە ئەتكردنى ئەو چەمک و فەلسەفانەیە، کە بە سەدان هەزار قوربانیان بۆ دراوە، دەبێ ئەوانەى سوکایەتییان پێدەکەن، سەرئەنجام باجیشیان لێوەربگیرێت، مێژوو، ئەوانەى هاوار بۆ ئازادى و خۆشبەختى ئینسانى دەکەن، ناویان بەرز ڕادەگرێت.
پووشکین شاعیرى ڕووسى، بە تەموومژاوى لەلایەن دەسەڵاتى ڕووسیاوە لە (1837) دەکوژرێت، کە پێشتر دووجار لەسەر شیعر و هەڵوێستەکانى ڕەوانەى مەنفا کرا بوو.
بۆ مەرگى پووشکین میخائیل لێرمەنتۆڤ، قەسیدەى (مەرگى شاعێرێکى) نووسى و دەستگیرکرا و ڕەوانەى قەوقاز کرا، کاتێکیش لە (1841) لە تەمەنى (27) ساڵیدا کوژرا، تزار نیکۆلاى حاکم وتى: "سەگ تەنها شایستەى مردنە".
ڕۆماننوس و نووسەرى گەورە دۆستوفیسکى فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەردەکرێت بەهۆى چالاکییەکانییەوە و دواتر حکومەکەى دەکرێتە دە ساڵ زیندانى، مردنەکەشى جێگاى گومانە.
لە (1857) دواى ئەوەى بۆدلێر دیوانى (گوڵە بەدەکانى) بڵاوکردەوە، پەلامارى بۆدلێر درا، لە لایەن خودى وەزیرى ناوخۆیى فەڕەنساوە، بە بیانووى لادانى دینى و ئەخلاقى، بە (50) فرانک سزادرا و شەش قەسیدە لە دیوانەکەى سانسۆر کرا، گۆستاف فلۆبێرى خاوەنى ڕۆمانى (مادام بۆڤارى) تووشى هەمان دەردەسەرى کرا.
لە هەرێمى کوردستانیشدا، سەردەمێک فتواى کوشتنى شێرکۆ بێکەس و ڕێبوار ئەحمەد لەسەر شیعر و بیروڕا درا.
لەسەر دیوانە شیعرى (ستیانى بەفر پڕە لە ڕیشۆڵە) هەڕەشەیان لە قوبادى جەلیزادە کرد و سکاڵایان لە دژ تۆمار کرد و ڕێگایاننەدا کتێبەکەى بفرۆشرێت.
بڕیارى کوشتنى محەمەد موکرى لەسەر ڕۆمانى (سەگوەڕ) لە شاخ و فەرهاد پیرباڵ لەسەر نۆڤڵێتى (مولازم تەحسین و شتى تر) و ڕۆمانى (منداڵباز) ڕووبەرووى هەڕەشە و کوشتن بوەوە.
هیچ سەیر نییە، بۆلشەفییەکان پێش ئەوەى دەسەڵات بگرنە دەست، داواى ئازادى بیڕوڕایان دەکرد، سانسۆریان پرۆتستۆ دەکرد، بەڵام وەکو بەرپرسانى دەسەڵاتى کوردى کە لە شاخ داواى نان و ئازادییان بۆ نووسەران دەکرد، ئێستا هەمان ڕەفتارى بولشەفییەکان دووبارە دەکەنەوە، بولشەفییەکان کە نوێترین سانسۆر و ڕێگرییان لەسەر بڵاوکراوەکان دانا، تا ئەوەى ژمارەیەکى زۆرى نووسەران و شاعیران لە داخى ئەوان سەرى خۆیان هەڵگرت و چوونە ئەوروپا.
ساڵى (1922) دەسەڵاتى سۆڤییەتى چەندین نووسەر، فەیلەسوف و شاعیرى گەورەیان خستە کەشتییەکەوە، کە دواتر ناونرا (کەشتى فەیلەسوفان) و (160) کەسى تێدا بوو لە وڵات دووریانخستنەوە.
لە فەڕەنسا کتێبەکانى ڤۆڵتێر وەکو چەکى شۆڕش سەیر دەکرا و قەدەغە و سانسۆریان لەسەر دانرا.
لە ئەڵمانیاش، کاتێ فاشیستەکان هاتنە سەر حوکم، دەستیان دایە سوتاندنى کتێبەکانى برێخت وەکو دژى خۆیان و دەسەڵاتەکەیان چاویان لێدەکرد.
خەلیفە موقتەدیر، حەللاجى لە خاچدا، بەنگلادیش، تەسلیمە نەسرینى لە وڵاتەکەى دەرکرد، لە چیللى ئەنگۆستۆ پینۆشێ (ڤیکتۆر خارا)ى لە خاچدا و درایە بەر دەستڕێژى گوللە، ئەمانە تەنها هاواریان بۆ ئازادى و عەدالەت بوو.
ستالین تۆمەتبارە بە کوشتنى شاعیرى ڕووسى سێرجى یەسەنین و شاعیرى ڕووسى ئەلیسکەندەر بلۆک، گومان لە ژەهرخوارد کردنى مەکسیم گۆڕکێ دەکرێت.
ئیتر دەسەڵات تاقەتى گوێگرتن لە شیعر، چیرۆک و گۆڕانى نەماوە، تاقەتى لە سەیرکردنى فیلم و شانۆ نەماوە، سەرى دێشێ بە ڕۆمان و نۆڤڵێت، واتا بە هەموو هۆکارە سوودبەخش و پیرۆزەکانى کۆمەڵگە قەڵس و توڕەیە.
تاقەتى نییە، کۆڕ و کۆبوونەوەى بە ئەرزش بگیرێت و مەڕاسیم ساز بکرێت و خەڵاتى نوسەران و ڕۆشنبیران بکرێت، تاقەتى نییە و قەڵس و نیگەرانە لە هەڵپەرکێ، شادى، پێکەنین، سەما و گۆرانى.
ئەگەرنا، خێرە ڕێگا لە کۆڕێکى ڕێزلێنان بگرێت بە بێ بیانوو.
ئێستا لە كوردستان، وردە وردە هەست بە مەترسی سەرەتاكانی ئەم سەركوت و سانسۆرە دەكرێت، تازەترینیش ڕێگرییە لە كۆڕی خەڵاتی ڕێزلێنان لە نوسەر و سیاسەتمەدار مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، لە شاری سلێمانی لەلایەن دامەزراوەکەى (د.تەها ڕەسوڵ)ەوە بۆى سازكرابوو.
جێی پرسیارە، كۆڕێكی ئەدەبی، خەڵاتی ڕێزلێنان لە ئەدیب، نوسەر و وەرگێڕێك، كە پەنجا ساڵی تەمەنی بۆ خزمەتی فەرهەنگ و كتێبی كوردی خەرجكردوە، مانای چییە؟
هیچ مانایەكی مەنتقی نییە، جگە لە بێ مانایی سانسۆر و فشار بۆ سەر هونەر، نوسین و نوسەران، بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە، ئەم سانسۆر و ڕێگرییە، سەرەتاكەی بە ڕێگری لە عەبدوڵڵا حەسەن زادەی شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار، وەرگێر و ئەدیبی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.
دڵنیام ئەوانەى ڕێگرى لە خەڵاتەکەى عەبدوڵڵا زادە (حەیاکى) دەکەن، نایناسن و هیچ کام لە بەرهەمەکانى وەک (حەمەدۆک، کوردستان و کورد، هەقیقەتى مێژوو، سوودەکانى شەڕ، کوا کورتانى کەرەکە، نزا بۆ ئارمێن و گێلە پیاو)ى ئەویان نەخوێندۆتەوە.
سەیرە لە کوردستان وەها مامەڵە لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەن زادە بکرێت، لەوە سەیرتر ئەوەیە جارێک دکتۆراى فەخرى پێدەدەن و جارێک پاسپۆرتەکەى بۆ نوێ ناکەنەوە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو هاوڕێى مێژوويى مام جەلال، قاسملۆ و ئۆجەلانە.
ئەوە یەك مانای هەیە، كوردی ئێران و ڕۆژهەڵاتییەكان، قۆناغێكی نوێ و سەردەمێكی نوێ لە سانسۆر و فشار و ڕاوەدونانتان، لەم مێژوەوە وردە وردە دەستپێدەكات. ئاماژەیە بۆ دووبارەكردنەوەی سیناریۆكانی پێشووتر.
بەڵام بەڕاستی عەیبەیە، بەڕاستی كاری وا و كردەوەی وا ڕوو قایمی دەوێت بەرامبەر ڕۆژهەڵاتییەكان، بۆیە دەبێت هەموومان لە پشتی نوسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، چالاكوانان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بین و ئەم سیاسەت و فشارانە لە قاو بدرێن و بە دەنگی بەرز بڵێین
"پشتیوانی ڕۆژهەڵاتییەكانین"