وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە ، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
لەراگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکادا هاتووە، کراوە "لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پێشنیازى راگرتنى شەڕ لە کەرتى غەززە کراوە".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات "وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە بزووتنەوەى حەماس بەبێ هیچ دواخستنێک رازى بێت بە راگرتنى شەڕ لە غەززە".
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزى کۆنفرانسی دابینکردنی هاوکاریی و وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ غەززە ئەنجامدرا، کە لە ئوردن بە ئامادەبوونی دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتان لەنێویشیاندا سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
شەوى رابردوو ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێشنیازەکەى ئەمریکاى لەبارەى ئاگربەستى غەززەوە پەسەند کرد. پێشنیازەکەى ئەمریکا داواى راگرتنى شەڕ لە کەرتى غەززە دەکات و نوێنەرى ئەمریکا لە ئەنجوومەنەکە رایگەیاند "ئەمڕۆ دەنگمان بۆ بەرژەوەندیى ئاشتییە".
لەکۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیدا 14 وڵات دەنگیان بە پێشنیازەکەى ئەمریکا بۆ ئاگربەستدا.
پێشنیازی ئاگربەست لە 31ی ئایاردا لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندرابوو، پێشنیازەکە داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکات دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئاگربەست پەسەند بکەن