هەموو شتێك دەربارەی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا
5 مانگ لەمەوپێش
كاوە ڕەش/ بەریتانیا
هەڵبژاردن لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا
هەڵبژاردنی گشتیی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی چانس بدرێت بە خەڵک لە هەموو بەشێکی بەریتانیا، تا بتوانن كەسێك بۆ پەرلەمانتاری هەڵبژێرن، ئەو کەسە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی ناوخۆیی، (بازنەی هەڵبژاردن) دەکات لە ئەنجومەنی کۆمۆنەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
بە شێوەیەكی یاسایی، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، هەر پێنج ساڵ جارێك و لە مانگی تەمووزدا و لە یەكێك لە ڕۆژەكانی پێنج شەممەی ئەو مانگەدا ئەنجام دەدرێت.
بەڵام لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ٢٠١٦وە، كە بڕیاڕی دەرچوونی بەریتانیا "برێکزت"لە یەکێتیی ئەوروپا درا، ئەوە سێیەمین هەڵبژاردنی پێش وەختەیە كە ئەنجام بدرێت، بەر لە كۆتاییهاتنی خولی پێنچ ساڵەی پەرلەمانیی لەو وڵاتە.
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ پێنج شەممە٤ی تەمووز، چانس دەدرێت بە ملیۆنان دەنگدەر، تا بەشداری بكەن لەوهەڵبژاردنە گشتییەی بەریتانیا.دا دەنگدەران لە هەموو بازنەكان، پەرلەمانتاری ناوخۆیی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی كابینەیی نوێیی حکومەتی داهاتووی بەریتانیا دروستبكریت.
لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەمموز، کاتژمێر ٧یبەیانی بەكاتی لەندەن، ناوەندەكانی دەنگدان دەكرێنەوە تا کاتژمێر١٠ شەو.هەموو ئەوانەشی بەر لە كاتژمێر ١٠ ی شەو، لە ڕیزی دەنگدەران وەستابن دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن بەو مەرجەی لە ڕیزدا بووبێتن بەر لە کاتژمێر ١٠.
بازنەكانی هەڵبژاردن لەم هەڵبژارنەدا بەریتانیا بەسەر ٦٥٠ ناوچەدا دابەشکراوە، کە پێیان دەوترێت بازنەی هەڵبژاردن.
لە هەڵبژاردنی گشتییدا، دەنگدەران لە هەر بازنەیەک دەتوانن تەنها یەك ئەندام پەرلەمان - یان پەرلەمانتارێک - هەڵبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییان بکات لە ئەنجومەنی نوێنەران.
زۆربەی کاندیدەکانیش سەر بە پارتێکی سیاسی دیاریکراون، بەڵام هەندێکیان سەربەخۆن.
هەر بەربژێرێك یەك دەنگدەر دەتوانێ دەنگی پێ بدات، بە پێی سیستەمێک کە پێی دەوترێت "یەکەم لە پۆستەکە تێپەڕیوە"، ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە دەبێتە پەرلەمانتار بۆ ئەو ناوچەیە.
هەروەها ئەو پارتەشی زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە بەشێوەیەکی ئاسایی حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت و سەرکردەی ئەو پارتەش بە زۆرینە دەبێتە سەرۆکوەزیران.
لەم هەڵبژاردنە گشتییەدا، سنووری نوێی بازنەکانی هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێت، کە دووبارە کێشراونەتەوە بۆ ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دانیشتووان و یەکسانکردنی ژمارەی دەنگدەران لەگەڵ كورسییەكانی پەرلەمان.
بەپێی یاسایەكی نوێ دەبێ دەنگدەر لەكاتی دەنگدان، ناسنامەیەكی وێنەداری پێبێت بۆ ئەوەی پشتڕاستی كەسێتی خۆی بكاتەوە.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن چی ڕوودەدات؟
پاش جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەشێوەیەکی ئاسایی پاشای وڵات داوا لە سەرۆکی ئەو حزبە دەکات کە زۆرترین پەرلەمانتاری بەدەست خستووە، ببێتە سەرۆکوەزیران و حکومەت پێکبهێنێت.
هاوكات بەزۆری سەركردەی ئەو پارتەی کە پلەی دووەمی پەرلەمانتارانی هەیە، دەبێتە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن.
لە ئەگەری ئەوەشی كە هیچ لایەنێک نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانتاران کۆ بكاتەوە - واتا نەتوانێت بەتەنها بە پەرلەمانتارەکانی حزبەكەی خۆی حکومەت دروستبکات، ئەنجامەکەی بە پەرلەمانێکی هەڵواسراو دەناسرێت.
هەر بۆیە لەوڕەوشەدا ڕەنگە گەورەترین پارت بڕیاری پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێکی دیکە بدات، یان وەک حکومەتێکی کەمینە کاربکات، پشت بە دەنگی پارتەکانی دیکە ببەستێت بۆ دەرکردنی یاسا.
كەی ئەنجامەكان بەیان دەكرێن؟
ئەنجامی هەڵبژاردن ڕۆژی هەینی بەیان دەكرێت و ڕۆژانی شەممە و یەك شەمە پشووی هەفتەیە لە بەریتانیا، ڕۆژی دوو شەممەش ڕێكارەكانی ئامادەكاری كۆبونەوەی پارلەمانی دەبێت.
پەرلەمانی نوێ بە فەرمی ڕۆژی سێ شەممە لە 9ی تەمموزدا کۆدەبێتەوە.
هەمان ڕۆژ سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن.
پاشان لە ١٧ی تەمموزدا بەکردنەوەی خولی نوێ و حکومەتی نوێ لە پەرلەمان، پادشای وڵات وتارێك پێشكەش دەكات،هاوكات سەرۆكوەزیران، كارنامە و ئەولەویەتەکانی خۆی بۆ پەرلەمان و خەڵك دەخاتە ڕوو.
سەنگی كورد لەو هەڵبژاردنەدا
بە پێی دواین ئاماری سەرژمێریی گشتی لە بەریتانیا، كە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە، ژمارەی كوردەكان بە ١٠٠هەزار كەس خەمڵێندراوە، كە بەسەر هەرێمەكانی، ئینگلاند، سكۆتلاند وێڵس باكوری ئێرلەندا لە بەریتانیادا بڵاوبونەتەوە.
لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە كوردە، چونكە دەنگدەر دەتوانێت تەنها لەك بازنەی داخراودا دەنگ بە یەك بەربژێر بدات، بۆیە ناتوانن هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆ بۆ سەرخستنی هیچ كاندید و پارتێك لەو هەڵبژاردنەدا بدەن.
لەم هەڵبژاردنەش هیچ بەربژێرێكی بە ڕەچەڵەک كورد بوونی نییە.
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوترداهەبوون، نەدیم زەهاوی، لە پارتی کۆنزەرڤاتیڤ، بەڕەچەڵەك كوردەكە توانیبووی لە چەند خولێكی پێشوتر سەربكەوێت،بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە و خۆ دزینەوەی لە باج، لەم هەڵبژارنەدا، پارتەكەی بێبەشی كردووە.
لە بەشداری پێکردنی بۆهەڵبژاردنەوەی.
هەروەها پارتی لەیبەر، كە پێشتر بەربژێرێكی كوردی هەبوو، بەناوی ئیبراهیم دۆگوس ئەویش دوای دووجار شكست لە دەرنەچوونی، لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری پێ نەکردەوە.
لێكدانەوەی مێدیایی بۆ هەڵبژاردن
بە پێی ڕاپرسی و لێكدانەوەی میدیاکانی بەریتانیا، لەدوای دوورخستنەوەی بۆریس جۆنسن لە پۆستی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگاران و نەبردنەسەری چەندین بەڵێنی حکومەتی ڕابردوو، لەوانە قەیرانی ئابوری،سیستەمی تەندروستی، كۆچی نایاسایی، چەندین كێشەی جدی دیكە، ڕێژەی دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتدار دابەزیووە.
پێدەچێ پارتی لەیبەری بەرهەڵستكار بەسەرۆكایەتی "كییر ستامەر" دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام پێ ناچێ زۆرینەی ڕەها بهێنن بەهۆی بوونی پارتێكی نوێوە بەناوی ڕیفۆرم، كە دژایەتی كۆچبەران دەكات و پێیان وایە دەبێ بەریتانیا بخرێتەوە دەست خەڵكە ڕەسەنەكەی خۆی،وەك ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن.
پارتی ڕیفۆرم "ناجێڵ فراج" دامەزرێنەریەتی.
ئەم پارتە پارتێکی سیاسی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوە لە بەریتانیا، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بەناوی پارتی برێگزیتەوە دامەزراوە و بانگەشەی بۆ برێگزیتی بێ ڕێککەوتن دەکرد، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ٢٠١٩ لە بەریتانیا، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بە پێی ڕاپرسیەكان پێدەچێ ژمارەیەكی باش كورسی پارلەمانی بەدەست بخات لەم هەڵبژاردنەدا.