لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق: سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سیاسییە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکیان لەبارەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی خوێندەوە و تیادا ئاماژە بەوەکرا، کە سزاکە سیاسییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تیادا هاتبوو، "رۆژی 2ی تەموز، لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد, ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەراگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوەو بارگرانی زۆریشی بۆ هاوڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردووە".
ئاماژە بەوەکرا، "لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیەو ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسییە".
لیژنەکە لە بەیاننامەکەدا داوایکرد، ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکەیان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگەی دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فرۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق.
بڕیار وابوو 22.12.2023 قەدەغەی ئاسمانی سلێمانی بۆ گەشتی فرۆکەی هێڵی ئاسمانی و ئەو فڕۆکانەی ئاسمانی تورکیا بۆ سلێمانی بەکاردەهێنن هەڵبگیرێت، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و تا 22.6.2024 قەدەغەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکرایەوە بۆ جاری دووەم تا 7.12.2024 قەدەغە درێژکرایەوە.