zhyr

کۆمیسیۆن: کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەناو وێستگەکانی دەنگداندا ئەنجام بدەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا چەند ڕێنمایی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژی دەنگدان دەرکرد و دەڵێت، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەناو وێستگەکانی دەنگداندا ئەنجامبدەن جگە لەو بنکانەی ڕێگەیان پێدراوە.

کۆمیسیۆن دەشڵێت، بە هیچ شێوەیەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییە بچنە ناو کابینەی دەنگدان یان وێنەی ئەوە بگرن کە لەناو کابینەکەدا دەگوزەرێت.

ئاماژەیە بەوەشکراوە، لە ڕۆژی دەنگداندا دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەنێو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا بۆیان نییە هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی (کامێرا، ئامێرەکانی تۆمارکردن) هەڵبگرن، هەروەها دەبێت مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، جگە لەناو ئەو بنکانە نەبێت کە پێشوەختە کۆمیسیۆن دیارییان دەکات.

بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن، دروستکردنی هەر جۆرە ئاژاوەیەک لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە کە سەربکێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگداندا لەناو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا قەدەغەیە.

ئەشخراوەتەڕوو، ڕێکخەری بنکەی دەنگدان و بەرێوەبەری وێستگەی دەنگدان مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن، کە بنکەکە یان وێستگەکە بەجێبێڵن، ئەگەر ڕێساکانی ڕەفتاری تایبەت بە نوێنەری ڕاگەیاندن پێشێلبکەن.

جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار