لاهور شێخ جەنگی: ئەو ساختەكارییانەی بۆ هەڵبژاردنەکان کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لاهور شێخ جەنگی:

- تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکان بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات.

- ساختەکارییەكان گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان.

- پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ.

 

لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل  و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری رایانگەیاند ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی.

لاهۆر شێخ جەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری هەولێر، پێشوازیمانکرد لە مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری  ولە دیدارێکی دۆستانەدا، پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە.

وتيشى: هەردولا هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیشمان کردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و  شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات.

رونیكردەوە لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دوپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار