فەرمانی دەستگیرکردنى نێودەوڵەتی بۆ نەتەنیاهوو دەركرا
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
- دادگەی نێودەوڵەتی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەركرد.
- فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە.
دادگەی نێودەوڵەتی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەركرد.
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویكردەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە، بنیامین نەتەنیاهوو و یواڤ گاڵان، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە و ئەو تاوانانەی جەنگ کە دوای 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024 کردوویانە.
رونیشیكردەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد زێف، کە بەرپرسێکی سەربازیی حەماسە دەرچووە و هۆکارەکەشی بۆ "ژمارەیەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" گەڕاندووەتەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ساڵی رابردوو کردوویەتی.
رۆژی 20ـی ئایاری ئەم ساڵ، کەریم خان، داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان داوای کرد کە جگە لە بنیامین نەتەنیاهوو و یواف گاڵانت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس و یەحیا سینوار، کە دوای کوژرانی هەنییە بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، دەربکرێت.
ئیسماعیل هەنییە لە 31ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا و لە ئابی ئەم ساڵیش، ئیسرائیل رایگەیاند، کە محەممەد زێفیان کوشتووە و حەماسیش رەتیکردەوە کە کوژرابێت. هەروەها لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵیش سوپای ئیسرائیل سینواری لە کەرتی غەززە کوشت. تاوەکو ئێستا نە ئیسرائیل و نە بزووتنەوەی حەماس هیچیان لەسەر بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رانەگەیاندووە.