ئەنجومەنی سووریای دیموکرات نیگەرانن لە پەرەسەندنی جەنگەکانی باکووری سووری
8 كاتژمێر لەمەوپێش
هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای حەلەب نیشانەیەکی مەترسیدارە.
حکومەتی دیمەشق بەهۆی ڕەتکردنەوەی هەموو دەستپێشخەرییەکان بەرپرسیارێتی هەیە.
ئامادەکردنی هاوڵآتی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات، (جاندا محەمەد) هۆشداری دەربارەی پەرەسەندنی دۆخی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەردەبڕێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستتێوەردان بکات.
جاندا محەمەد ئاماژەی بە کردەوە سەربازییەکانی دژی کورد لە ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت کرد و ڕایگەیاند، کە هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای حەلەب نیشانەیەکی مەترسیدارە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هەردوو لایەنی تورکیا و حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرس دەزانێت لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە. تورکیا بەرپرسیارە لە پەرەسەندنی جەنگەکان، لەکاتێکدا حکومەتی دیمەشق بەهۆی ڕەتکردنەوەی هەموو دەستپێشخەرییەکان بەرپرسیارێتی هەیە.
جاندا محەمەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکە.