تڕەمپ بۆ داوای گرینلاند و پەناما و کەنەدا دەکات؟
کارمەند موحسین بایز
2 هەفتە لەمەوپێش
کارمەند موحسین بایز
٢٠٢٥/١/٢٠ دۆناڵد تڕەمپ وەک ٤٧ ەمین سەرۆکی ویلایەیەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەبێت. لە ئێستادا ئەوەی فۆکەسێکی میدیایی جیھانی لەسەرە وێڕای جەمسەربەندی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھان و کشانی چین بەرەو بازاڕی ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەوەری گەرم و گوڕی میدیا جیھانیەکان لەسەر خواستی ترەمپە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ھەریەک لە گرینلاند و پەنەما و کەنەدا.
گرینلاند دورگەیەکی بەستەڵەکی دانیشتوان کەمی دەوڵەمەندە. لە ڕووی سیادی دەوڵەتەوە سەر بە شانشینی دانیمارکە. ژمارەی دانیشتوانی بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٧٠٠٠ کەسە، ئەم دورگەیە لە ساڵی ١٨١٤ لە جیابوونەوەی دانیمارک و نەرویجەوە بەشێک بووە لە دانیمارک. ئەم دورگەیە تائێستا چوار جار ڕیفراندۆمیان بە مەبەستی جیاواز ئەنجامداوە کە گرینگترینیان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی ٢٠٠٨. وێڕای بەدەستھێانی ٧٥٪ ی دەنگەکان بۆ سەربەخۆیی، بەڵام حوکمڕانانی ئەم نیشتیمانە نەیانتوانی گرەوی خۆیان لە دەسەڵاتی دانیمارک ببەنەوە و جاڕی سەربەخۆیی بدەن. لە بەرامبەردا پاشای دانیمارک سەردارانی ئەم دوورگەیەی دەست واڵا كرد لە ھەموو کاروبارە فەرمیەکان و دەسەڵاتێکی زۆری پێبەخشین لە ھەموو ڕوویەکەوە جگە لە سیاسەتی دارایی و سەربازی و سیاسەتی دەرەوە.
لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ چاوی لەم دورگەیەیە، کە ئەمەش جگە لە نیگەرانی دانیشتوانی دوورگەکە و وڵاتی دانیمارک، لە سەرانسەری ئەوروپاشدا ناڕەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتۆتەوە چونکە بەپێی ڕێکەوتننامەیەکی کیشوەری کە لە نێوان ٣٥ وڵاتی ناو کیشوەری ئەوروپادا واژۆ کراوە لە ساڵی ١٩٧٥دا، نابێت گۆڕانکاری لە سنوری جوگرافی ھیچ وڵاتێکدا بکرێت. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا گرنگی ئەم دورگەیە چیە بۆ ئەمریکا و ترەمپ. لە ڕاستیدا وێڕای بە پیتی خاکەکەی کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی لە نەوت و گازی سروشتی، گرنگی جیۆپۆلێتکی دورگەکەیە، ترەمپ دوو ئامانجی سەرەکی لە بەدەستھێنانی ئەم دورگەیە ھەیە.
یەکەم: کۆڵەکەی ئاسایشی ئەوروپا ئەمریکایە، لە ڕاستیدا گەر ئەمریکایەکی بەھێز نەبێت، دەکرێ بڵێین ئەوروپایەکی بەھێزیشمان نابێت. ھەر بۆ ئەو مەبەستەش بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لەسەر ئەم دورگەیە لە ئەرکدایە.
دووەم: بەرزکردنەوەی فەندی وڵاتانی ناتۆ بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی خۆیان کە لە ئێستادا ساڵانە ٢٪ بودجەی گشتیان بۆ ئاسایش تەرخان دەکەن، ترەمپ دەیەوێت ئەم ڕێژەیە بەرزبکاتەوە کە بەلایەنی کەمەوە ببێت بە ٥٪ بودجەی ساڵانەیان.
لە ڕاستیدا ئەم دورگەیە بۆ ئەمریکا ستراتیژە، ئەم داواکردنەی ئەمریکا بابەتێکی تازە نیە، پێشتر لە ساڵی ١٩٤٦ ھاری ترومان ھەمان داوای لە پاشای دانیمارک کردوە و ڕەتکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ شدا، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ پێشنیارێکی گەورەی بۆ کڕینی ئەم دورگەیە خستە بەردەم پاشای دانیمارک و بە ھەمان شێوە ڕەتکرایەوە.
ئەوەی دواجار بڕیار لە یەکلابوونەوەی ئەم بابەتە دەدات دانیشتوانی دوورگەکەیە کە ئایا تڕەمپ دەتوانێ بە چوار ساڵی حوکمی خۆی وایان لێبکات خۆیان داوای جیابوونەوە لە دانیمارک بکەن و بیانەوێ ببن بە ھاوڵاتی ئەمریکی یان نا، کە بە بڕوای من ئەمە کارێکی زۆر ئەستەمە چونکە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و کاتێکی زۆری پێویستە، ھەروەھا یەکێتی ئەوروپا بە گشتی پشتیوانی لە وڵاتی دانیمارک دەکەن و پێم وانیە بتوانرێت بەم ئاسانیە لە لایەن ئەمریکا وە بەیەکجاری کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەوەی دەتوانرێت بکرێت ئەوەیە کە ڕێگری بکرێت لەو کۆمپانیا چینی و ڕووسیانەی کە دەیانەوێت لەم دورگەیە بزنس بکەن.
پەناما یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی کە چاوی تڕەمپ و ئەمریکای لەسەرە. لە بنەڕەتدا پەناما بەشێک بوو لە وڵاتی کۆڵۆمبیا، لە ساڵی ١٩٠٣ بە پشتیوانی وڵاتی ئەمریکا شۆڕشگێڕەکان توانیان شۆڕشێک بکەن و سەربەخۆیی بەدەست بھێنن. دواتر ئەمریکا بڕیاریدا بە دروستکردنی کەناڵی پەناما و ڕێکەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی پەناما واژۆ کرد سەبارەت بە دروستکردنی ئەم کەناڵە و لە بەرامبەردا کەشتی و بارھەڵگرە ئەمریکیەکان لە باج ببەخشرێن یاخود بە ڕێژەیەکی کەم باج لە کەشتیگەلە ئەمریکیەکان وەربگیرێت. لە ساڵی ١٩٠٤ بۆ ١٩١٤ ئەمریکا ئەم کەناڵەی بەسەرکەوتوانە دروستکرد. بۆ چەند ساڵێك پەناما باجی کەمی لە کەشتیە ئەمریکیەکان وەردەگرت تا ئەوکاتەی جێگە و پێگەی خۆیان بەھێزکرد، دواتر ڕێکەوتنەکەیان شکاند و باج و گومرگیان لە کەشتیە ئەمریکیەکان وەک ھەر کەشتیەکی تری وڵاتانی دیکە وەردەگرت.
لە ئێستادا ئەوەی بۆ ئەمریکا جێی نیگەرانیە ئەوەیە کە چین سەرمایەیەکی زۆری لەم وڵاتە وەگەڕ خستوە کە ئەمە بۆ ئەمریکیەکان جێگەی مەترسیە و قبووڵکراو نیە، چونکە بیرمان نەچێت ھەر لەسەرەتاوە سووپای ئەمریکا بوونیان ھەبوو لە پەناما تا ساڵی ١٩٩٩ کە بە ڕێکەوتنێک لەم وڵاتە کشانەوە کە لە ڕێکەوتنەکەدا ھاتبوو؛ نابێت پەناما ھیچ کاتێک ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی.
کەنەدا یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی کە تڕەمپ دەیەوێت بیکات بە ویلایەتی ٥١ ەمینی ئەمریکا. کەنەدا وڵاتێکی دەوڵەمەندی گەورەیە، ڕووبەرێکی زۆری زەوی بەپیت و پڕ خێر و بێری ھەیە. ئەوەی بۆ ئەمریکا جێی نیگەرانیە، کرانەوەیەتی بەڕووی بازاڕی چیندا و چاوتێبڕینی چینە بۆ ئەم وڵاتە. لە ڕاستیدا ئەستەمە ئەمریکا بتوانێت ئەم وڵاتە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە بە ھۆکاری ئەوەی کەنەدیەکان بە ھیچ شێوەیەک نایەنەوێ ببن بە ئەمریکی؛ چونکە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیەکی کەنەدی لە ڕووی ئابووری و تەندروستی و کارو پەروەردەییەوە زۆر باشترە بە بەراورد بە ھاوڵاتیەکی ئەمریکی. ھۆکارێکی تر ئەوەیە کە خەڵکی کەنەدی بە سروشت خۆشەویستییان بۆ ترەمپ نیە. بە گوێرەی ڕاپرسیەک کە لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، لە ٧٩٪ دانیشتوانی کەنەدا پشتگیری کامالا ھاریسیان کردوە و ٢١٪ پشتگیری دۆناڵد تڕەمپیان کردوە. بۆیە ئەستەمە بتوانرێت بە ئاسانی ئەم وڵاتە ڕەگەزە نیشتیمانییەکەی بگۆڕێت. پێشموایە کەنەدا پارێزراو دەبێت تائەوکاتەی دەرگا بە ڕووی چیندا ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەمریکا ئامادەی ھەموو کارێکە لە دژی ئەم وڵاتە گەر ھاتوو ئەم ھەڵە ستراتیژیە گەورەیە بکات چونکە کەنەدا و پێگەی کەنەدا بۆ ئەمریکا جیاوازە بەراورد بە ھەموو شوێنێکی تر.
لە کۆتاییدا، کات ھەموو ئەم ڕاستیانە دەردەخات بەڵام دەبێ ئەوە بزانرێت ئەمریکای چوار ساڵی ئایندە ئەمریکای چوار ساڵی ڕابردوو نیە، ترەمپ و کۆماریەکان ھەموو کارێک دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ھێز بۆ ئەمریکا و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ تاکی ئەمریکی. جگە لەوەش تڕەمپی ئەم جارە بەھێزترە، وردترە پڕ ئەزمونترە. جیھان چاوی لەو گۆڕان و پێشھاتانەیە کە پێویستە ڕووبدەن و چاوەڕێی چاککردنەوەی ئەو ھەڵانەشە کە نەدەبوو ڕووبدەن.